که‌رکوک له‌ نێوان چه‌قۆی مێژوو و ده‌ستوردا

 

نووسینی :عه‌لی که‌رکوکی

کاتێک ویژدان له‌ مێژوو ده‌کۆڵێته‌وه ، ده‌بێ پێنووس چۆن پێویسته‌ به‌ ڕه‌نگی ڕه‌شی دێڕه‌کانی مێژوونامه‌ ڕه‌ش بکاته‌وه‌ ،به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش ده‌بێ  ڕووی نوسه‌رو مێژوونوسان سپی بکات .

وه‌ کاتێکیش که‌ پێنووس ویژدان خامۆش ده‌کات ، نه‌ک ڕه‌نگی په‌ڕاوه‌کانی مێژوو  ، به‌ڵک و ڕووی نووسه‌رو مێژوونووسانیش ڕه‌ش ده‌کاته‌وه‌ .

مێژووی که‌رکوک هه‌میشه‌ به‌رامبه‌ر نووسه‌ران و مێژوونوسانی بێ ویژدان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ ، که‌ویستویانه له‌ کوردستانی داببڕن و به‌ پێنووسه‌ هه‌ڵه‌کانیان بیخه‌نه‌ سه‌ر مێژووی پڕ هه‌ڵه‌ی خۆیان .

سه‌رژمێره‌کانی کۆن و نوێ له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و عێراقی تازه‌دا ئه‌و ڕاستی یانه‌یان ده‌رخست که‌ ئه‌م شاره‌ نه‌ک کوردستانی یه‌ به‌ڵکو ڕاستر وایه‌ بڵێین کوردی یه ، چونکه‌ ئه‌مه‌ مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی که‌رکوکه .

ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بڵێین که‌ هیچ که‌سێک ناتوانێت ڕاستی ‌مێژوویی خاک و نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌که‌دار بکات وه‌ یاخود شوێنێک به‌ زۆر بکات به‌ مۆرکی شوێنێکی تر ،ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شی کرد ، ئه‌وا ئه‌و مێژووه‌ خوێناوی و ناڕێک و نادرووسته .

وه‌ک و ده‌ڵێن .. ده‌توا‌نرێت گوڵێک بوه‌رێنرێ و پارچه‌ پارچه‌ بکرێت ، به‌ڵام ناتوانرێت بۆنه‌که‌ی له‌ناو ببرێت .

به‌درێژایی ساڵانی ڕابوردوو له‌دوای ئه‌وه‌ی که‌ کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕه‌وا دوور له‌ هه‌موو ویژدانێکی مرۆڤایه‌تی یانه‌ دابه‌ش کرا به‌سه‌ر ووڵاتانی ده‌وروپشتی یه‌وه‌ ، هه‌ر یه‌ک له‌م ووڵاتانه‌ش هه‌وڵێکی زۆریان داوه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌کی نامرۆڤایه‌تی یانه‌ ناسنامه‌ی کوردی خاک و نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌کێنن ، بۆ نموونه‌ کوردستانی باشوور که‌ ئێستا به‌ باکوری عێراق ده‌ناسرێت ، ڕژێمه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی ئه‌م ووڵاته‌ به‌تایبه‌تی 35 ساڵی ڕابوردووی ڕژێمی دکتاتۆری سه‌دام به‌ هه‌موو چه‌کێکی قه‌ده‌غه‌کراوی نێوده‌وڵه‌تی که‌وته‌ گیان خاکو نه‌ته‌وه‌ی کورد .

به‌تایبه‌تی هه‌وڵدانێکی زۆر بۆ به‌ عه‌ره‌ب کردنی ئه‌و ناوچانه‌ی  که‌ نه‌وت و سامانی سروشتی تێدایه‌ وه‌کو موسڵ و که‌رکوک و خانه‌قین ، به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته‌ گه‌ر ئامانجی خۆیشی پێکابێت ، نه‌یتوانیوه‌ ناسنامه‌ی کوردستان بوونی ڕه‌ش بکاته‌وه‌ .

سه‌یر له‌وه‌یه‌ دوای ڕوخانی ئه‌م ڕژێمه‌ دکتاتۆره‌ی سه‌دام ، ئێمه‌ی کورد چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بووین که‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو مافه‌ لێزه‌وتکراوه‌کانی کوردو ، گه‌ڕانه‌وه‌ی باری دیموگرافی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشوودا ده‌ست کاری کرابوو و قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ، داوای لێبووردن له‌ گه‌لی کورد بکات ، که‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داکۆکی له‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وتانه‌ ده‌که‌ن که‌ دژ به‌نه‌ته‌وه‌ی کورد کراوه‌‌ .

جێ ی داخه‌ سه‌رکردایه‌تی کورد وه‌کوو پێویست نه‌یتوانیوه‌ خواسته‌کانی کورد بوێرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌بی شۆفینیزم داوا بکات ، چونکه‌ ئه‌بوایه‌ له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ڕزگار کردنی عێراقدا ، کورد هه‌موو مافه‌کانی خۆی بکردایه‌ به‌مه‌رجی هاوبه‌شی ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد فاکته‌رێکی گرنگ و به‌هێز بوو بۆ زووتر ڕوخاندنی ڕژێمی دکتاتۆری سه‌دام به‌ زیانێکی که‌متر .

که‌رکوک و کوردی دانیشتوانی که‌رکوک ، تا ئێستاش زۆر نیگه‌رانن به‌رامبه‌ر به‌و گۆڕانکاری یانه‌ی که‌ له‌عێراقدا ڕووده‌دات ، چونکه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌نجومه‌نی فه‌رمانڕه‌وایی عێراق و دوای ئه‌وه‌ش حکومه‌تی عه‌لاوی و به‌دوای ئه‌ویشدا حکومه‌تی جه‌عفه‌ری هیچ کامێک له‌مانه‌ ئاوڕیان له‌ خه‌ڵکی که‌رکوک نه‌داوه‌ته‌وه‌و کێشه‌ی که‌رکوک وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌ .

له‌شه‌ڕی ده‌ستوردا به‌هۆی ئه‌و ده‌نگدانه‌ به‌ جۆشه‌ی کوردستانییانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات که‌ سه‌نگێکی باشی هه‌بوو بۆ لیستی کوردستان ، سه‌رکردایه‌تی کورد توانی هه‌ندێک له‌ مافه‌کانی گه‌لی کورد له‌ده‌ستوردا بچه‌سپێنێ ، له‌مه‌ش بۆ که‌رکوک بڕگه‌ی 58 که‌تاهه‌ندێک دڵخۆشکه‌ر بوو بۆ کورد به‌گشتی و کوردی که‌رکوک به‌ تایبه‌تی .

به‌ڵام تا ئێستا چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێ کردنی ئه‌م بڕگه‌یه‌ین که‌له‌ده‌ستوردا هاتووه‌ ، ئه‌م چاوه‌ڕوانی یه‌ درێژه‌شه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر کوردی نیگه‌ران کردووه‌ .

 

ده‌لێن لیژنه‌ی ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارو دۆخی که‌رکوک‌ ئاماده‌یه‌ ، به‌ڵام چاوه‌ڕێ ی ئه‌و بودجه‌یه‌ ده‌کات که‌ حکومه‌تی عێراق مه‌رجه‌ بینێرێت .

به‌ڵام ئه‌گه‌ر کێشه‌که‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ بێت ،بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌هه‌ردوو ئیداره‌ی یه‌کگرتووه‌وه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی کوردستان ئه‌م کێشه‌یه‌ی که‌رکوک چاره‌سه‌ر ناکات ؟.

ئه‌ی که‌رکوک قودس و ....دڵی کوردستان نی یه‌ ؟؟؟؟؟؟  ‌ ‌‌‌‌ ‌

 

 

           

 

02/09/2015