له‌پێناوی ئازادیدا پشتگیریمان له‌ د.که‌مال کردووه‌
له‌ پێناوی د.که‌مالدا پشتگیریمان له‌ ئازادی نه‌کردووه‌
!

                                                          گۆران عه‌لی
goranmad@hotmail.com 
02/02/06  

                                                                  

 ((بۆ پێشه‌وه‌ پێشمانکه‌وه‌ جاسوس و نه‌زان و ترسنۆک ، بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی پیاوکوژ ، نێچیرڤان به‌رزانی مرۆڤێکی هه‌تا بڵێیت بێئاست و ناڕاستگۆ و بێکلتوره‌ ، ئه‌م بنه‌ماڵه‌ دزه‌ ، مه‌سعود به‌رزانی تۆ به‌ ده‌یه‌ها ملیارد دۆلاری دزراوته‌وه‌ ، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی پیاوکوژ ؟؟ چه‌ند به‌شێک له‌ ووتاری وه‌ڵامێک بۆ مه‌سعود بارزانی، د.که‌مال سه‌ید قادر له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان،بڕوانه‌ کوردستان پۆست 10/2/2005)).

((ئه‌و خه‌ته‌ره‌ی له‌ سه‌ر من و که‌سانی وه‌ک منه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵکو له‌ لایه‌ن شه‌خس و حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌وه‌یه‌ ، سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ گه‌ڵ ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا نه‌بووه‌ که‌ ڕوویدا ، من تووشی داوێک کرام ، تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌ بووم و لێپرسراوێتی هه‌ڵه‌که‌ هه‌ڵده‌گرم و سزای خۆشم خوارد له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ، من داوای لێبوردن له‌و که‌س و لایه‌نه‌ ده‌که‌م که‌ من کرامه‌ هۆیه‌ک بۆ جنێودان پێیان ؟؟!! چه‌ند به‌شێک له‌ لێدوانی د.که‌مال سه‌ید قادر له‌ زیندانه‌وه‌ به‌ ته‌له‌فۆن له‌ گه‌ڵ ژووری پاڵتۆکی کوردستان یونایتد ، بڕوانه‌ کوردستان نێت 24/1/2006)).

هه‌رکه‌سێک که‌مترین به‌راورد بکات له‌ نێوان ئه‌و دوو په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ناتوانێت وه‌ک هه‌ڵوێستی یه‌ک که‌س چاوی لێبکات ،جیاوازی هه‌ڵوێست و په‌یامی   پێش و پاش زیندانی د.که‌مال، وه‌ک جیاوازی ڕه‌نگی هه‌ردوو په‌ره‌گرافه‌که‌یه‌‌ ، ئه‌م لێدوان و په‌یامه‌ی دوایی د.که‌مال نائومێدی و شۆکێکی گه‌وره‌ بوو بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ نه‌سیمی ئه‌نتی (پارتی/بنه‌ماڵه‌) خه‌ریکبوون شه‌ن و که‌وی خه‌رمانی ئازادی ڕاده‌ربڕین بکه‌ن و به‌ ئومێدی ئه‌و نه‌سیمه‌وه‌ خزابوونه‌ ناو به‌ره‌ی خوازیاری (ئازادی بێبه‌ندو به‌ست)!.

به‌ڵام بۆ به‌ره‌یه‌ک که‌ له‌ پێناوی ئازادی ڕاده‌ربڕیندا داکۆکی سه‌رسه‌ختانه‌ له‌ ئازادکردنی د.که‌مال ده‌کات نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ به‌ هه‌ند وه‌رناگیرێت که‌ د.که‌مال له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان چی نووسیوه‌و ، له‌ناوه‌وه‌ی زیندان به‌ ته‌له‌فۆن چ ده‌بێژێت ؟! ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و نیگه‌رانی به‌ره‌ی ئازادیخوازییه‌ ، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دادگاو ده‌سه‌ڵاتی پشتی دادگایه‌ که‌ خاوه‌نی داهات و ڕۆژنامه‌و و کادیرو نووسه‌رو پێنووس و tv و دروشمی سه‌وزو زه‌ردی دیموکراسییه‌، به‌ڵام خاوه‌نی زمانی باوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نییه‌ بۆ دیالۆگ و له‌سه‌ر 30 دێڕ نووسین 30 ساڵ زیندانی ده‌سه‌پێنێت به‌ سه‌ر نووسه‌ره‌که‌یدا!!

من په‌یامی پێشووی (د.که‌مال)م به‌ پاڵه‌وانێتی نه‌زانیوه‌ تا په‌یامی دوایی به‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک وه‌رگرم و به‌ لامه‌وه‌ سه‌یر بێت! به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ من هێشتا ئه‌و دوو هه‌ڵوێسته‌ی دادگای هه‌ولێر به‌ سه‌یرتر ده‌زانم که‌ له‌ یه‌که‌میاندا 30 ساڵ زیندانی ده‌دات به‌ سه‌ر د.که‌مالدا له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ‌ 2 لاپه‌ڕه‌ نووسین به‌ مه‌ترسی ده‌زانێت بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌نفلۆنزای گه‌نده‌ڵی و شه‌ڕو باڵنده‌و سه‌رکوت و ده‌مکوت به‌ مه‌ترسی نازانێت بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم ، که‌چی له‌ هه‌ڵوێستی دووه‌میاندا ئه‌م بڕیاره‌ به‌ ته‌عه‌سوفی ده‌زانێت ده‌رهه‌ق به‌و که‌سه‌ مه‌ترسیدارو تێکده‌ری ئاسایشه! ، ئه‌گه‌ری ئازادبوونیشی ڕاده‌گه‌یه‌نێت! من خوازیاری ده‌ستبه‌جێ ئازادبوونیشیم ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش به‌ به‌رهه‌می ئاڵ و گۆڕێکی فیکری و یاسایی دادگاو ده‌سه‌ڵات نازانم، چونکه‌ مێژووی دادگاو ده‌سه‌ڵات و دام و ده‌زگاکانی ئاسایش و پۆلیس له‌ ئێراقدا، له‌ دامه‌زراندنی یه‌که‌م حکومه‌ته‌وه‌ تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت ، مێژوویه‌که‌ پڕ له‌ ته‌عه‌سوفیه‌ت و تووندڕه‌وی ، ئه‌گه‌ر ئێستاش ئه‌م دام و ده‌زگانه‌ بوونه‌ته نه‌رمڕه‌و و ڕه‌خنه‌گری میتۆدی ته‌عه‌سوفیه‌ت ، ئه‌وه‌‌ به‌رهه‌می فشاری ڕاسته‌وخۆی به‌ره‌ی ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانی هه‌نده‌ران و ژماره‌یه‌کی که‌م له‌ نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی نا‌وه‌وه‌یه ، ئه‌گه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ و توانیویه‌تی وێنه‌یه‌کی ته‌ڵخ و ته‌ماوی له‌ سه‌ر نووسه‌ران و ڕۆشنبیران دروست بکات و بێده‌نگی یان هێزی پێنووسه‌کانیان لێبکڕێت و مێژووی ته‌عه‌سوفیه‌تی پێدرێژ بکاته‌وه‌ ، ئه‌وا خۆشبه‌ختانه‌ خۆری به‌ تین و گه‌شی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی له‌ هه‌نده‌ران، ده‌خوازێت به‌سته‌ڵه‌کی ته‌عه‌سوفیه‌ت بتوێته‌وه‌و ته‌مه‌نی کورت بێته‌وه‌ ، جێگای ده‌ست خۆشی و ده‌ست گووشینه‌‌.

د.که‌مال کاتێک ئازادبوو هه‌رچی نووسێبێت ، هیچ له‌و ڕاستییه‌ که‌مناکاته‌وه‌ که‌ ئه‌و ته‌نها به‌ کیبۆردێک و ماوسی کۆمپیوته‌رێک ئه‌و کاره‌ی ئه‌نجامداوه‌ ، له‌و لێدوانه‌ی دووایشدا هه‌رچی وتبێت، دیسانه‌وه‌ هیچ له‌و ڕاستییه‌ که‌مناکاته‌وه‌ که‌ ئه‌و هێشتا له‌ سه‌ر ده‌ربڕینی بیروڕا زیندانییه‌و پێویسته‌ بێبه‌ندو به‌ست ئازاد بکرێت!!

                                                                                                                                            

 

           

 

02/09/2015