مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌نێوان کولتووری |
حه‌مه‌غه‌فور که گوێم له‌هاواری مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی بوو بۆ ئازادی له‌ناو ئه‌و شوێنگه‌یه‌ی که خۆی ورۆحی سێ ویژدانی په‌پوله‌یی وباڵای خه‌می دایکێکی تیا حه‌شارداوه له‌ترسی فه‌نده‌مینتالیزمی ئیسلامی، خۆمم هاته‌وه به‌رچاو نیوه‌ی دووه‌می هه‌شتاکان سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی وه‌یشومه‌ی به‌عسییه‌کان. به‌ڵام ئه‌فسوس تراژیدیتر له‌و شانۆییه‌ی من وده‌یانی وه‌کو من وکۆمه‌ڵگایه‌ک ئه‌کته‌ری نمایش‌کردنی بووین، خه‌ریکه له‌قیافه‌ی مه‌ریوان وخێزانه‌که‌یدا دووباره‌ده‌بێته‌وه. ئه‌وه کام هێزه، کامه یاسا وڕێسایه، کام ویژدان وئه‌خلاقی سیاسیه ڕێگاده‌دات ئینسانێک ناچاربکرێت به‌هۆی بیکردنه‌وه‌یه‌وه، به‌هۆی ده‌ستبردنی بۆ قه‌ڵه‌مه‌که‌ی وخستنه‌ڕووی چه‌ند گۆشه‌ی واقعی وپراتیککراوی فیکر وئایدیۆلۆژیایه‌کی کۆنی وه‌کو ئیسلام، بۆ به‌رگری له‌ژیان وله‌ویژدان وله‌قه‌ڵه‌می ئازیزترین که‌سه‌کانی خۆی زیندانی بکات! له‌مافی ژیان وگه‌مه وشادی وپێکه‌نین دایانبڕێت! سێ ڕیشاڵی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی مه‌ریوان و سێ خونچه‌ی به‌هاری ژیان وئازادی ویژدانی ژانی دایکێک له‌ترسی هه‌مه‌جیه‌تی ئیسلامی له‌بناگوێی ده‌سه‌ڵاتێکدا که خۆی به‌عه‌لمانی هه‌ڵده‌خات، له‌ناو زیندانی دڵه‌ڕاوکێ وترس ومه‌رگ وناسۆردا دیلبکرێن؟! مه‌ریوان وه‌ک منی به‌سه‌ر هاتووه. له‌گه‌ڵم بن بۆتان بگێڕمه‌وه! پاشان خۆتان سه‌رپشکن کام حوکم ده‌ده‌ن به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا که مه‌ریوان وسێ په‌پوله ودایکیانی به‌به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه له‌به‌ر ده‌می شمشێری فه‌نده‌مینتالیزمی ئیسلامی‌دا ڕه‌هاکردووه! هه‌ق له‌کوێیه؟ ویژدان له‌کوێ خه‌ویلێکه‌وتووه؟ کامه‌یه ئه‌و ئازادیه‌ی ڕۆژانه هه‌ڵای بۆ سازده‌درێت؟ کامه‌یه دیموکراسی؟ کوانێ عه‌داله‌ت؟ میدیا ونووسه‌رانی بۆ ده‌نگیان نایه؟
له‌ژێر گوشاری ئه‌من وئیستیخباراتی به‌عسیدا به‌هاری 986 به‌شێوه‌یه‌کی کت‌وپڕ وناچاری له‌ناو یه‌کێک له دوکانه‌کانی حاجی که‌یخه‌سره‌ودا که کاری خۆشنووسی وهونه‌ریم تیاده‌کرد، بڕیارمدا هه‌ڵه‌بجه جێبهێڵم وخۆم بگه‌یه‌نمه سلێمانی. ئه‌مه له‌کاتێکدا بوو هه‌ڵه‌بجه ببوه لانه‌ی خۆشاردنه‌وه‌ی موخالیفانی سیاسی ڕژێم! دایکم ودوو مناڵی بێ‌دایک وباوکی براکه‌مم له‌گه‌ڵدایه. ئه‌وسا من له‌ناوجه‌رگه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه وفه‌زای سیاسی وڕادیکاڵیدا له‌پاڵ کاری خۆشنووسی وهونه‌ریدا دوکانه‌که‌م شێوه‌ی ته‌وه‌ری ناوه‌ندێکی سیاسی چه‌پ وڕادیکاڵی به‌خۆوه‌گرتبوو. له‌توێی ویژدانی گه‌نجانی هه‌ڵه‌بجه دوور له‌چاوی به‌عس فه‌زایه‌کم پێکه‌وه‌نابوو ببوه کوانووی ناوه‌ندێکی ڕۆشنبیری وئه‌ده‌بی وهونه‌ری وسیاسی. به‌جۆڕیک که‌چالاکیم که‌وته ژێرچاودێری پیاوانی ڕژێمه‌وه ونه‌ک خۆم به‌ڵکو ئه‌ندامانی ئه‌م فه‌زا وناوه‌نده ژیانیان به‌هۆی منه‌وه که‌وتبووه مه‌ترسییه‌وه. سه‌رسوڕهێنه‌رانه توانیم سه‌رده‌ربازکه‌م وخۆم بگه‌یه‌نمه سلێمانی. چونکی هه‌ر چه‌ند کیلۆمه‌تر ده‌ڕۆیشتی وله‌نزیکی هه‌ر مه‌عه‌سکه‌ر‌ێکه‌وه، له‌سه‌ر چه‌قی چوونه‌ژووره‌وه وده‌رچوون له هه‌ر گوند وشارۆچکه‌یه‌کیش، خاڵی پشکنین وکۆنترۆڵێکی نازیئاسا به‌شه‌و وبه‌ڕۆژ له‌گه‌ڕدابوو. ئه‌و ده‌مانه کوردستان مه‌یدانی جه‌نگێکی سرف بوو. هه‌ر درز وجێگایه‌ک ئازادی هه‌ناسه‌ی لێوه‌بدایه به‌پۆستاڵ وزرێپۆش سواخده‌درا. له‌ته‌نیا ژوورێک-تابڵێی سارد زستان، وهه‌تا دڵیش حه‌زکات گه‌رم هاوینان-ی حه‌وشه‌یه‌کی گه‌ڕه‌کی شێخمحێدیندا نزیک گۆڕستانه‌که گیرسامه‌وه. ئه‌و ڕۆژانه چڵه‌پۆپه‌ی حوکمی ڕه‌شی به‌عسییه‌کان بوو. ووڵات بۆنی ترس ومه‌رگ وخوێنی لێده‌هات! هه‌موو شتێک، هه‌ر جێگایه‌ک، هه‌ر هه‌ناسه وهه‌ناوێک سه‌حنه‌ی بێسه‌روبنی جڕتوفرتی فاشییه‌تی به‌عسییه‌کان بوو. شه‌و وڕۆژ جمه‌ی بێنه‌وبه‌رده‌ی خه‌ڵکی کوردستان وده‌سه‌ودایه‌ره‌ی ڕژێم بوو. زرمه‌ی پۆستاڵ وشریخه‌ی چه‌کڕاکێشان هه‌ر تاوناتاوێک له‌بنگوێ وسه‌ردڵی دایکێک ده‌گیرسایه‌وه. رۆح وعه‌شق وترپه‌ی دڵ، هه‌ق و ویژدان وئینسانییه‌ت له‌نێوله‌پی ده‌ستی ترسێکی بێئه‌ندازه تۆقێنه‌ردا خۆی حه‌شاردابوو. کتێبه‌کانم له‌گه‌ڵ خۆم هێنابوون. پڕ دوو گونیه ویه‌ک دوو کارتۆنی گه‌وره. به‌نرخترین سه‌رمایه‌م بوون، ولێشم ببونه به‌ڵا. ووشه وبه‌سه‌رهات وتێکست وتیۆریه‌کان وفه‌لسه‌فه ده‌میان دورابووه‌وه. تازه به‌ڕێکه‌وت له‌سه‌فه‌رێکی کورت‌دا بۆ قه‌ڵاچوالان له‌داوی جاڵجاڵۆکه‌ی کۆنترۆڵی ده‌روازه‌ی ئه‌زمڕ وه‌کو پۆڕی خوراوم به‌سه‌رهاتبوو. گه‌ڕامه‌وه کارگه. له‌کا‌رگه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی دروستکردنی نانه‌قه‌یسی دوو شێفت کارمده‌کرد. هێلیکۆپته‌رێک ئێواره ووتی سبه‌ی له‌سه‌عات حه‌وتی به‌یانییه‌وه که‌س له‌ماڵده‌رناچێت مه‌نعه‌ته‌جه‌وله! ماجه‌رای سبه‌ینێکه‌ی مه‌نعه‌ته‌جه‌ولی 987ی سلێمانی قه‌سابخانه‌که‌ی حه‌مامی سه‌رچیمه‌ن وشانۆی ئیعدامی هه‌ق وئازادی، ویژدان وئه‌خلاق له‌حه‌وشه‌ی خه‌سته‌خانه‌ی ته‌واریه‌که له‌گه‌ڵ کاروانی لوولدرانی سه‌ربازانی باڵبه‌سراوی هه‌ڵاتوو بۆتانده‌گێڕێته‌وه!
به‌هاری 988 به‌ر له‌ژاراوبارانکردن بۆ کاروباری سیاسی گه‌ڕامه‌وه هه‌ڵه‌بجه. هه‌میشه به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی بۆ کاری ڕێکخستن ده‌چوومه‌وه هه‌ڵه‌بجه. ئه‌مجاره‌یان بێئه‌وه‌ی به‌خۆم بزانم له‌ناو هاوار وتاسه‌ی په‌نگخواردووی هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌ناو گازی سیانید وخه‌رده‌لدا خۆم دیته‌وه. شارێک پڕله‌عه‌شق، وووڵاتێک له‌په‌پوله‌ی نه‌رجسی ژاراوی به‌عسی نوقمی ترس ومه‌رگ وژانی کرد. به‌ڕێکه‌وت خۆم وکوڕه بچکۆله‌که‌م ده‌رچووین وله‌ئۆردوگایه‌کی ئێرانه‌وه بیرم له‌گه‌ڕانه‌وه ده‌کرده‌وه. پاش دوو مانگ گه‌ڕاینه‌وه سلێمانی. له‌یه‌کێک له‌خانوه کۆن وقوڕینه‌کانی ته‌نیشت مزگه‌وتی دووده‌رگا له‌ئه‌سحابه‌سپی ده‌ژیام. به‌هۆی جموجووڵی سیاسیه‌وه سه‌رله‌نوێ که‌وتبوومه‌وه به‌رچاوان. له‌ڕێگه‌ی یه‌کێک له‌دۆسته هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانمه‌وه (که‌دۆستی ڕه‌وتی کۆمۆنیست‌یش بوون وخۆشم ئه‌ندامی بووم) هه‌واڵیان پێدام که ده‌سنیشانکراوم له‌لایه‌ن ئه‌منه‌وه. هه‌واڵه‌که‌ش له‌بنده‌ستی موسته‌شارێکی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌وه دزه‌یکردووه وناوی من وچه‌ند که‌س له‌هاوڕێیانی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئێمه‌ی تێدایه. ده‌بوو ئه‌و شوێنه به‌خێرایی جێبهێڵم. نیوه‌ڕۆیه‌کی گه‌رمی مانگی ئاب989 گواستمه‌وه بۆ کارێزه‌ووشک. ژێرمان گه‌رمنه‌ببووه‌وه که شۆفێری ئه‌و سه‌یاره بارهه‌ڵگره‌ی ماڵه‌که‌ی منی گواستبۆوه دای له‌جه‌ڕه‌سی ده‌رگا. به‌په‌له خۆیکرد به‌ژووردا و ووتی، ئه‌وه خاوه‌نماڵه‌که‌ی پێشووت هه‌ڕه‌شه‌یان له‌من کردووه که ده‌بێت شوێنی ماڵی تۆیان پێ‌بڵێم، ده‌نا ده‌مده‌نه ده‌ست ئه‌منی رژێم. منیش ئه‌و کاره‌م نه‌کردووه، وبه‌ڵام له‌وانه‌یه کرێکاره‌کان ناچاربکه‌ن بتدۆزنه‌وه. ده‌زانم سیاسیت له‌دژی ڕژێم تێده‌کۆشیت ویژدانم پاڵیپێوه‌نام بێم وئاگادارت بکه‌مه‌وه. کابرام ماچکردو له‌باوه‌شمگرت. ووتم خه‌مت نه‌بێت ده‌گووێزمه‌وه لێره‌ش. هه‌ربه‌دوای ئه‌ودا دایکم ومناڵه‌کانم به‌تاکسیه‌ک نارد بۆ ماڵی خوشکم وخۆشم په‌یوه‌ندیم به‌هاوڕێیانه‌وه‌کرد. هه‌ر ئه‌و شه‌وه هاوڕێانێک ماڵه‌که‌یان گواسته‌وه. دوای جێگیرییه‌کی کاتی وتاڵ وسه‌خت، به‌نرخی زیندانیکردنی دایکم ومناڵه‌کان له‌چواردیواری ماڵدا چه‌ند مانگێک گوزه‌را، له‌چاڵه‌که‌ی زه‌رگه‌ته شوێنپێیان هه‌ڵگرتبووم. له‌وێش گواستمه‌وه بۆ گه‌ڕه‌کی ئازادی نزیک شه‌ستیه‌که. جه‌نگی یه‌که‌می که‌نداو ده‌ستیپێکردووه وسه‌ره‌ڕای ئیستیبداد وسه‌رکوت که‌له‌ڕاستیدا هیستریایه‌کی بیلفیعل بوو له‌ترسی ناڕه‌زایه‌تی ونه‌فره‌تی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان، گرانییه‌کی بێسه‌روبنیش باڵیکێشابوو به‌سه‌ر عێراقدا. تووندبوونه‌وه‌ی ئیستیبداد وبێزاری ونه‌فره‌تی خه‌ڵکی عێراق به‌گشتی وکوردستان به‌تایبه‌تی ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون! هه‌ڵسووڕان وچالاکی ڕێکخراوه چه‌په‌کان که‌ناوه‌ندیان له‌ناو شاره‌کاندابوو په‌ره‌یگرتبوو. خه‌ڵکی ده‌یانووت (ڕه‌وتی کۆمۆنیست)له‌گه‌ڵ ڕژێم که‌وتۆته شه‌ڕه‌وه. ڕژێمیش به‌شوێن سه‌ره‌داوێکدا ده‌گه‌ڕا بۆ زه‌ربه‌دان له‌چه‌په‌کان. ده‌زگا جاسوسیه‌کانی ڕژێم به‌داخه‌وه دزه‌یانکردبووه ناو ڕیکخستنه‌کانی ڕه‌وته‌وه. به‌هۆی سیخوڕێکه‌وه ڕژێم په‌لاماری بۆ سه‌ر کۆمۆنیسته‌کان وچه‌په‌کان به‌گشتی ده‌ستپێکرد. ده‌یان که‌س له‌هه‌ڵسووڕاوانی ده‌سگیرکران. خۆشبه‌ختانه له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی ئازاری 991دا هه‌موو ئازادبوون.
له‌مانگی ئابی 989وه هه‌تا به‌هاری 991 دایکم وکوڕوکچه‌که‌م ته‌نها به‌و هۆیه‌وه که‌مه‌حکومبوون به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من ژیانبکه‌ن، منیش وه‌کو کۆمۆنیستێک بۆ به‌رگری له‌ژیان وئازادی سیاسه‌تم هه‌ڵبژاردبوو، به‌هۆی حوکمی فاشیزمی به‌عسیه‌وه جوانترین ساته‌کانی هه‌ست وسۆزیان، گه‌رمترین هه‌ناسه‌ی رۆح و ویژدانیان قه‌ده‌غه‌کرابوو. نه‌دایکم ده‌یتوانی به‌ئازادی له‌ماڵ ده‌رچێت، نه‌مناڵه‌کان ده‌یانتوانی ته‌نانه‌ت بچنه‌به‌رده‌رگا وکایه‌بکه‌ن. له یه‌ک ساڵی خوێندندا له پێنج قوتابخانه گواستمنه‌وه. ژیانی ئاسایی خێزانێک نه‌ده‌ژیان. ئه‌گه‌ر یاسا وڕێسای فاشیزمی به‌عسی باعیس بوو بۆ ژیانی من ودۆخێکی نامرۆڤانه که‌سه‌پێنرابوو به‌سه‌ر دایکم ومناڵه‌کانمدا. ئه‌وسا کۆمه‌ڵگا له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی قه‌ترانیی به‌عسییه‌کاندا گۆڕابوو بۆ زیندانێکی گه‌وره وهاووڵاتیانیش له‌زه‌جرێکی ئه‌خلاقی و ویژ‌دانیدا به‌سه‌ریان ده‌برد. ئه‌ی ئێستا چی شتێک باعیسی دڵه‌ڕاوکێی مه‌رگی موحه‌قه‌قی مه‌ریوان وهه‌ڵقرچانی هه‌ست وسۆزی هاوسه‌ر ومناڵه‌کانییه‌تی؟! به‌هه‌ق ئایا به‌شوێن هه‌ره‌سی ڕژێمی به‌عسدا قوربانییه‌کانی بۆچی ده‌بێت هه‌روا گیرۆده‌ی یاساکانی به‌عس بن! تۆ بڵێی کوردستان پاش نه‌مانی ڕژێم نه‌بووبێته به‌شێک له‌ئه‌فغانستان وده‌سه‌ڵاتدارانی فۆتۆکۆپی پێکه‌نیناوی تاڵیبان نه‌بن!؟ ئه‌گه‌ر وانییه بانگێشه‌ی بارگاوی ئازادی ودیموکراسی ومافی مرۆڤ به‌لۆژیک وفیکری ئیسلامی له‌لایه‌ن میدیای ڕه‌سمی ونیـمچه‌ڕه‌سمیه‌وه، کامه وێنا له‌ماف وبنه‌مایاساییه‌کان ده‌رده‌هاوێت بێجگه له فاشیزمێکی سه‌دله‌سه‌دی ئیسلامی!؟ شووره‌ییه‌کی گه‌وره نییه له‌کاتێکدا کتێبه‌که‌ی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ڕوخسه‌تی یاسایی پێدراوه که‌چی ئێستا ئه‌و یاسایه خراوه‌ته ژێر مه‌نگه‌نه‌ی ئیسلامییه‌وه وده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان شانیان بۆ تاریکی ئیسلامی شلکردووه به‌کامی دڵی خۆیان شمشێر له‌دژی ئازادی بیروڕا وقه‌ڵه‌م ومافی ژیان ڕاوه‌شێنن!؟ به‌ئاشکرا فتوای کوشتنی مه‌ریوان ده‌ده‌ن به‌پێش چاوی کۆمه‌ڵگاوه وده‌سه‌ڵات تاماشاچییه. چاره‌نووسی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی و هاوسه‌ر ومناڵه‌کانی بۆچی ده‌بێت بکرێته قوربانی ساتوسه‌ودا وسازشی ناسیونالیزمی کوردی وحیزبه‌کانی له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی‌دا؟ ئه‌م هاوکێشه‌یه یاریه‌کی ترسناکه به‌ده‌ستی هه‌ردوولاوه(ئیسلامی سیاسی وناسیونالیزمی کورد) بۆ به‌ته‌سلیمکێشانی کۆمه‌ڵگای مۆدێرنی کوردستان له‌ژێرپێی کۆنه‌په‌رستی ودواکه‌وتوویی وئیسلامی وقه‌ومیدا! ئه‌م دوو به‌ره‌یه یه‌کته‌واوکه‌ری یه‌کترین وپێکه‌وه ژیانیان گرێدراوه به‌حه‌رامکردنی ئازادیه‌کانه‌وه! ڕه‌هابوونی ئازادیه‌کانیش به‌نده به‌دانیشانه‌وه‌ی ئه‌وان له‌جێگای خۆیان. ئیسلامی سیاسی بۆ ناو ڕیش وسنگی ڕۆحانییه‌کان وژێر عه‌مامه ومزگه‌وته‌کان، ناسیونالیزم ونه‌ته‌وه‌په‌رستیش بۆ په‌راوێزی کۆمه‌ڵ وده‌سه‌ڵات ویاسا. بۆیه به‌رگری له ژیان وله‌ئازادی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ئه‌مڕۆ پانتاییه‌کی گرنگه له‌م ڕاستایه‌دا هه‌ر ویژدانێکی باگا نابێت بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت. 17-2-2006
|
|
02/09/2015 |