چه‌مانه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان
له‌به‌رپێی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامیدا!

تیشکێک بۆ سه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی په‌رله‌مانی کوردستان
ده‌رباره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ کاریکاتێریه‌کانی محمدی ئیسلام

 

حه‌مه‌غه‌فور

دوای بێده‌نگی وخۆلادانێکی کاتیی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان پارتی ویه‌کێتی، سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانی بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌کاریکاتێرییه‌کانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام‌ له‌ڕۆژنامه‌یه‌کی دانیمارکی وپاشان له‌ڕۆژنامه‌ی چه‌ند ووڵاتی دیکه‌ی ئه‌وروپاییدا، سه‌ره‌نجام له‌ژێر گوشاری هه‌ڵتۆقینه‌وه‌ی کۆنه‌په‌رستیی ئیسلامی له‌کوردستان وته‌وژمی هه‌ڵڕشتنی ڕق وکینه‌ی ڕه‌وته‌ ئیسلامییه‌کان له‌ئه‌وروپا له‌دژی ئازادی ده‌ربڕین وئازادی به‌یان وچاپه‌مه‌نیدا، یه‌کێتی وپارتی له‌ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانه‌که‌یانه‌وه‌ به‌به‌رواری 6-2-2006 بێده‌نگیان شکاند  وماهییه‌تی ناسیونال- ئیسلامیی خۆیان خسته‌ڕوو. ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ له‌ کوردستانی نوێ و خه‌باتی ئه‌مڕۆی زمانحاڵی هه‌دوولادا بڵاوبۆته‌وه‌. ناوه‌رۆکی ڕاگه‌یاندنه‌که‌ خۆی به‌ر له‌ هه‌ر ڕه‌خنه‌ وهه‌ڵسه‌نگاندنێک به‌ته‌واوی چه‌مانه‌وه‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌ وبزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی نیشانده‌دات له‌به‌رپێی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامیدا. له‌پاشکۆی ئه‌م ووتاره‌دا ده‌قی ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی په‌رله‌مانی کوردستان بخوێنه‌وه‌.

سه‌رنجێکی خێرا له‌ شێوه‌ی داڕشتنی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ وبه‌راوردکردنی له‌گه‌ڵ به‌یاننامه‌ی یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی له‌کورستان به‌ته‌نها ده‌کرێ وه‌کو به‌ڵگه‌ی دواکه‌وتوویی ودووری ونامۆبوونی ناسیونالیزمی کورد دابنرێت له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌هایه‌کی ئینسانی و ماف وئازادییه سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان وژیانی شارستانی وئه‌مڕۆژیدا. ناکۆکییه‌کی ئاشکرای ناو ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ش له‌ناو ئه‌م بڕگه‌یه‌یدا ده‌بینرێت:" په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای پشتیوانی و داكۆكیكردن له‌ ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین و گه‌یاندنی په‌یامی پیرۆزی رۆژنامه‌یی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌، زۆر به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نامه‌سئولانه‌یه‌ی رۆژنامه‌ی یولاندس بۆستن ده‌كات كه‌ له‌رێی ئه‌و وێنانه‌وه‌ بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌ سوكایه‌تییه‌كی ناڕه‌وا و نابه‌جێی به‌كه‌سایه‌تی خودی حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌ر و ئایینی ئیسلام كردووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌پێویستی ده‌زانین و داوا ده‌كه‌ین رۆژنامه‌كه‌ و به‌رپرسانی بابه‌ته‌كه‌ش رووبه‌ڕووی لێتوێژینه‌وه‌ و به‌رپرسیارێتی یاسای ببنه‌وه‌ و سزا بدرێن. (خه‌ت هی منه‌). ئه‌مه‌ی لێره‌دا خه‌تی به‌ژێرداهاتووه‌ به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌کی ڕاگه‌یاندن ونووسین به‌ته‌واوی دژ وناکۆکه‌ له‌گه‌ڵ ئامانجی ڕاگه‌یاندنه‌که‌دا. په‌یامی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان چه‌مانه‌وه‌ وته‌سلیمه‌ له‌به‌رپێی بزووتنه‌وه‌ی شکستخواردووی ئیسلامیدا له‌کوردستان،که‌ ئێستا خه‌ریکه‌ له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵڕشتنی ڕق وکینه‌ی خۆی له‌دژی (مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی) به‌بۆنه‌ی نووسینی کتێبی(سێکس،شه‌رع وژن له‌ئیسلامدا) ته‌کانێک به‌خۆی بدات وپه‌یوه‌ست ببێت به‌م بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رستیه‌ جیهانییه‌ی ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ که‌له‌ئه‌وروپا به‌ڕێیانخستووه‌.‌له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵخڕاندنی ئه‌حساسی موسڵمانانی کوردستانه‌وه‌ ژاراوی ئیسلامی له‌به‌رامبه‌ر ئازادی ده‌ربڕین وبیروڕادا ده‌ڕژێنن وبه‌ئاشکرا وبێترس له‌مینبه‌ری مزگه‌وته‌کان وده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کگرتووی ئیسلامییه‌وه فتوای کوشتنی مه‌ریوان وهه‌ر ده‌نگێکی ئازاد وهه‌ر قه‌ڵه‌مێکی بوێر ده‌ده‌ن.

 

بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی وحیزبه‌کان وپه‌رله‌مانیشیان هه‌میشه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازادی بیرورا وده‌ربڕین وگه‌یاندنی په‌یامی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا ڕاوه‌ستاون. هیچکاتێک ئه‌و شه‌هامه‌ته‌یان به‌خۆیان ڕه‌وانه‌بینیوه‌ له‌مه‌یدانی به‌رگری له‌ئازادی سیاسی وڕاده‌ربڕیندا خۆیان ببیننه‌وه‌. بۆ دڵڕازیکردنی جمهوری کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی ئێران هێرشی سه‌ربازی ده‌که‌نه‌ سه‌ر باره‌گاکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و 5که‌سیان لێده‌کوژن. به‌زۆری چه‌ک بنکه‌ی سه‌نته‌ی پارێزگاری ژنان ومناڵان داده‌خه‌ن و ده‌یان که‌سی موخالیفی سیاسیان تیرۆر یابێسه‌روشوێن ده‌که‌ن ته‌نها به‌هۆی جیاوازی سیاسی وبیرورایانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیدا. هه‌ر بۆ دڵنه‌واییکردنی ڕه‌وته‌ ئیسلامییه‌کان بڵاوکراوه‌ی بۆپێشه‌وه‌ داده‌خه‌ن که‌ووتارێکی ڕه‌خنه‌یی ڕێبوار ئه‌حمه‌دی بڵاوکردبووه‌وه‌ له‌دژی ئیسلام.هه‌ڵسووڕانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری قه‌ده‌غه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن وڕه‌وت وداروده‌سته‌ی گانگستری ئیسلامی له‌ده‌سه‌ڵات وحکومه‌تیاندا شه‌ریکده‌که‌ن. پارتی بڵاوکراوه‌ی یه‌کسانی داده‌خات بۆ ڕازیکردنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ومه‌لا به‌شیر. پاره‌وپوولی زۆریان بۆ هه‌ڵده‌ڕێژن وبه‌ناوی موقه‌ده‌ساتی موسڵمانانه‌وه‌ زه‌مینه‌ بۆ هێلانه‌کردنیان له‌سه‌ردڵی خه‌ڵکی کوردستان خۆشکردووه‌. به‌ته‌قه‌ وه‌ڵامی خۆپیشاندان وخواستی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ده‌ده‌نه‌وه‌.له‌سه‌ر نووسینی دوو ووتار 30ساڵ حوکمی زیندانی ده‌ده‌ن به‌سه‌ر که‌مال سه‌ید قادردا. ئه‌مه‌یه‌ ناوه‌رۆکی واقعی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی باسی داکۆکیکردن ده‌کات له‌ئازادی بیروڕاده‌ربڕین.

 

به‌هه‌ق ناسیونالیزمی کورد وحیزبه‌کانی به‌م ڕاگه‌یاندنه‌یان سه‌لماندیان که‌له‌به‌ره‌ی دژی ئازادی ودژی خه‌ڵکیدا ڕاوه‌ستاون. بۆ که‌س ولایه‌نێک که‌به‌هه‌ق بڕوای به‌ ئازادی ده‌ربڕین وبیروڕا هه‌بێت، پیرۆزترین دیارده‌ بۆی ئازادی وژیانی ئینسانه‌کانه‌. به‌م ڕاگه‌یاندنه‌‌ شه‌رماوه‌ره‌ی په‌رله‌مانی کوردستان هه‌م هێما پووچه‌کانی ئیسلام به‌به‌های پیرۆزی خه‌ڵکی کوردستان ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م،هه‌م ده‌یه‌وێ بۆ هه‌میشه‌ وه‌کو ته‌وقێک له‌گه‌ردنیان ئاڵابێت. به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێکه‌ کۆنه‌په‌رستانی ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ئاستی کوردستاندا فتوای کوشتنی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ده‌رده‌که‌ن ونه‌په‌رله‌مان ونه‌حیزبه‌کان وورته‌یان له‌ده‌م ده‌رنایه‌ت. ئه‌م دووفاقه‌ییه‌ی سیاسه‌تی ئه‌حزابی کوردی به‌ڵگه‌ی بێمایه‌یی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌ ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌. به‌ڵام ئازادیخوازانی کورستان وبه‌ره‌ی سکۆلاریزمی کۆمه‌ڵگا ڕێگاناده‌ن کوردستان بکرێته‌ مه‌یدانی شمشێربادانی کۆنه‌په‌رستانی ئیسلامی. ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌بنه‌ چه‌ترێک بۆ به‌رگری له‌ ئازادی بیروڕا له‌کوردستان وئازادی بۆ مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی.

7-2-2006

 

به‌یاننامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند كاریكاتێرێك له‌رۆژنامه‌یه‌كی دانیماركدا


PUKmedia هێمن:
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر رۆژنامه‌ی یولاندس بۆستن-ی دانیمارك چه‌ند وێنه‌یه‌كی كاریكاتێری بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌تیایدا سوكایه‌تی به‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام كراوه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌سه‌رئاستی هه‌رێمی كوردستانیش سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ 6/2 به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا رۆژنامه‌ی (یولاندس بۆستن) ی دانیماركی به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ئازادی رۆژنامه‌وانی و بیروڕا، دوور له‌ هه‌موو به‌ها ئایینی و مرۆڤایه‌تییه‌كانه‌وه‌، چه‌ند وێنه‌یه‌كی كاریكاتێری له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی و پایه‌ی پیرۆزی موسڵمانان محه‌مه‌د (د.خ) و ئایینی پیرۆزی ئیسلام بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌بووه‌ مایه‌ی شێواندنی كه‌سایه‌تی و پایه‌ی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ر و سوكایه‌تی كردن به‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام.
بۆیه‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ نامه‌سئولانه‌یه‌ی رۆژنامه‌كه‌ بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری موسڵمانانی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان له‌دژی رۆژنامه‌وانی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتی دانیمارك كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك شوێندا كاری توندوتیژیشی لێكه‌وته‌وه‌.
په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای پشتیوانی و داكۆكیكردن له‌ ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین و گه‌یاندنی په‌یامی پیرۆزی رۆژنامه‌یی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌، زۆر به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نامه‌سئولانه‌یه‌ی رۆژنامه‌ی یولاندس بۆستن ده‌كات كه‌ له‌رێی ئه‌و وێنانه‌وه‌ بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌ سوكایه‌تییه‌كی ناڕه‌وا و نابه‌جێی به‌كه‌سایه‌تی خودی حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌ر و ئایینی ئیسلام كردووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌پێویستی ده‌زانین و داوا ده‌كه‌ین رۆژنامه‌كه‌ و به‌رپرسانی بابه‌ته‌كه‌ش رووبه‌ڕووی لێتوێژینه‌وه‌ و به‌رپرسیارێتی یاسای ببنه‌وه‌ و سزا بدرێن.
له‌هه‌مان كاتدا ته‌ئكید له‌سه‌ر رێزگرتن له‌سه‌رجه‌م ئایینه‌كان و پێغه‌مبه‌رانی خوداو هێما پیرۆزه‌كانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌... پێویسته‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و هێمنانه‌ بێت، دوور له‌توند و تیژی و كاری تێكده‌رانه‌ و نامه‌سئولانه‌ وه‌ك سوتاندنی كه‌نیسه‌و كونسڵیه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا .

 

 

 

           

 

02/09/2015