چۆن ئیسلامی راسته‌قینه‌ بناسین ؟؟؟؟

 هه‌ندرێن ح

ئه‌وه‌ پرسیارێکه‌ من و هه‌زاران هه‌زارانی تر نازانین له‌ چ که‌سێکی بپرسین؟ ، به‌لێ من ئه‌و پرسیاره‌م گه‌لێک جار کردووه‌ و گه‌لێک جاریش ئه‌م پرسیاره‌م لێ کراوه له‌ لایه‌ن که‌سانی ئیسلام و نائیسلام ، به‌لام به‌ داخه‌وه‌ تاکو ئێستا وولامێکی یه‌کلا که‌ره‌وه‌م ده‌ست نه‌که‌وتووه‌ .

زۆر به‌ی جار له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م پرسیاره‌ زۆربه‌ی زۆری ئیسلامه‌کان وایان وولام داوه‌ته‌وه‌ که‌ خوا عه‌قلی داوه‌ته‌ مرۆڤ و هه‌موو که‌سێک ئه‌توانێ به‌ ئاسانی له‌ رێگای عه‌قله‌وه خوا بناسێ و بزانێ ئیسلامی راسته‌قینه‌ چیه‌ . به‌لام ئه‌م وولامه‌ خۆی له‌ خۆیدا چه‌ندین پرسیاری تر ئه‌روژێنێ .

ئه‌گه‌ر عه‌قلی مرۆڤ به‌ ته‌نیا بیتوانیبوایه‌ خوا بناسێ ئه‌وا بۆچی خوا په‌یامی خۆی به‌ په‌یامنێره‌کانی بۆ مرۆڤ ره‌وانه‌ ئه‌کرد ؟؟ یان بۆچی له‌ رێگای کتابه‌کاندا خۆی به‌ مرۆڤه‌کان ئه‌ناساند ؟؟؟

ئایا ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ خوا ئه‌زانێ عه‌قلی مرۆڤ به‌ ته‌نیا به‌بێ روونکردنه‌وه‌ و ئاگادار کردنه‌وه‌ و خۆناساندن ناتوانێ خوا بناسێ ؟؟؟

ئه‌وه‌ بۆناسینی خودا ..

دیاره‌ به‌ باوڕی ئیسلامیش خوا دواهه‌مین په‌یامی خۆی له‌ رێگای ئیسلامه‌وه‌ به‌ مرۆڤایه‌تی گه‌یاندووه‌ . ئه‌مه‌ش که‌ له‌ لایه‌ک کۆمه‌لێک کێشه‌ و گرفتی ناوه‌ته‌وه‌ له‌ نێوان دینه‌کانی پێش و پاشی ئیسلام، له‌ لایه‌کیتریش له‌ ناو خودی ئیسلام ناکۆکیه‌کی زۆر هه‌یه‌ که‌ هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ ئه‌م ناکۆکیه‌ سه‌ری هه‌لداوه‌ و تا ئێستاش به‌ره‌و ئاستیکی نادیارتر به‌رده‌وامه‌ .

ئه‌و ململانه‌ی که‌ له‌ نێوان ئیسلام و دین و بیر و باوڕه‌کانی تر هه‌یه‌ تا ئێستا نه‌تواندراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی وا گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ بکرێت که‌ ئیسلامه‌کان هه‌موویان له‌ سه‌ری کۆک بن دیاره‌ ئه‌م جیاوازی بۆچوون و لێکدانه‌وه‌ و شیکردنه‌وه‌ی که‌ ئیسلامی به‌ش به‌ش کردووه‌ وه‌ ئێمه‌ ناتوانین به‌ ئاسانی ئیسلامی راسته‌قینه‌ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو ئیسلامه‌ جیاوازانه‌ بدۆزینه‌وه‌. هه‌ر هه‌مان شت دینه‌کانی تریش پیایدا تێپه‌ڕون و زۆریان تاکو ئێستاش هه‌ر به‌ ناکۆکی له‌گه‌ل یه‌کتر ماونه‌ته‌وه‌.

به‌لام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نیا باس له‌ ئیسلام بکه‌ین و به‌و باوڕه‌ بێینه‌ ناو باسه‌که‌ که‌ ئیسلام دواهه‌مین دینه‌ و به‌ هاتنی ئیسلام هه‌موو دینه‌کانی تر کۆتاییان پێهاتووه‌ ، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی خۆ دزینه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌ک توانای باوڕ پێهێنان یان ساخ کردنه‌وه‌ .

وه‌ک له‌ نووسینێکی پێشتر ئه‌م پرسیاره‌م کردبوو ئایا چۆن تواندرا کتابه‌کانی تری خودا که‌ زه‌بور و ئینجیل و ته‌وراتن ده‌سکاری بکرێن و بفه‌وتێندرێن ؟؟؟؟

به‌ هه‌رحال ئێمه‌ پرسیاره‌کانی خۆمان ئه‌که‌ین و بۆ وولامیش گوێ رایه‌لی هه‌ر که‌سێکین که‌ بتوانێ جؤڕیك له‌ وولامان پێ بگه‌ینێت.

که‌واته‌ جارێکی تر دێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بلێین ئێمه‌ی مرۆڤ به‌ ته‌نیا له‌ رێگای عه‌قلی خۆمان ناتوانین وولامی هه‌موو پرسیاره‌کان بده‌ینه‌وه‌ بۆیه‌ پێویستیمان به‌ پرسیار کردن و گوێ گرتن و گفتوگۆ کردن هه‌یه‌ تا بتوانین وولامه‌ راسته‌کان بدۆزینه‌وه‌ ..

ئه‌وه‌ی لێره‌ پێویسته‌ بگووترێت بکه‌وێته‌ پێش هه‌موو پرسیاره‌کان ئایا پرسیارکردن له‌ باره‌ی ئیسلام حه‌رامه‌ یان پێویسته‌ ؟؟؟

ئه‌گه‌ر پرسیارکردن حه‌رام بێت و هه‌رکه‌سه‌ و ئه‌بێ به‌ پێی عه‌قلی خۆی بگاته‌ باوڕ و ئیسلامی راسته‌قینه‌ بدۆزێته‌وه‌ ئه‌وا گونوحی ئه‌و که‌سانه‌ چیه‌ که‌ عه‌قلیان ناگاته‌ ئه‌و قناعه‌ته‌ و ناتوانن به‌ گوێره‌ی عه‌قلی خۆیان باوڕ به‌ ئیسلام بێنن یان ئه‌و خوایه‌ بناسن که‌ ئیسلام باوڕی پێی هه‌یه‌ ؟؟؟

ئه‌گه‌ر پرسیار کردنیش پێویست بێت و ئه‌رکێک بێت له‌ سه‌ر مرۆڤ بۆ گه‌یشتن به‌ راستی و دۆزینه‌وه‌ی باوڕی ته‌واو ، ئایا ئه‌بێ پرسیار له‌ کێ بکرێت ؟ کێ راستیه‌کانی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ لایه‌ ؟ به‌ کێ بڕوا بکه‌ین و کێ به‌ درۆزن بزانین ؟؟ له‌ کاتێک هه‌ر هه‌موویان پشت به‌ قورئان ئه‌به‌ستن و له‌ رێگای ووته‌کانی په‌یامنێر راستی رێگای خۆیان ئه‌سه‌لمێنن ، له‌ هه‌مان کات بۆچوون و باوڕه‌که‌یان ئه‌وه‌نده‌ له‌ یه‌کتر دووره‌ که‌ زۆر جار یه‌کتر تکفیر ئه‌که‌ن ، ئایا ئه‌وه‌ گرفتێک نیه‌ که‌ ئیسلام له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌زار و چواسه‌د ساله‌ نه‌یتوانیوه‌ جاره‌سه‌ری بکات ؟؟ بۆ نه‌یتوانیوه‌ ؟؟ ئایا رۆژێک دێت بتوانێت ؟؟؟

مێژووی سه‌رهه‌لدانی بیر و بۆچوونی جیاواز و ناکۆکی بیر و باوڕ له‌ نێو ئیسلامدا ئه‌وه‌نده‌ کۆنه‌ که‌ هه‌ندێ که‌س پێی وایه‌ بۆ سه‌رده‌می خودی په‌یامنێر ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، به‌لام په‌یامنێر به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووبێت توانیویه‌تی ناکۆکیه‌کانی نێوان هاوڕێ و یاوه‌ره‌کانی که‌م بکاته‌وه‌ . به‌لام وا دیاره‌ نه‌تواندراوه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌و ناکۆکیانه‌ بن پڕ بکرێن بۆیه‌ له‌ دوای کۆچ کردنی هه‌ر زوو ناکۆکیه‌کان سه‌ر هه‌لئه‌ده‌نه‌وه‌و ئه‌گه‌نه‌ ئاستی سه‌رسوڕ هێنه‌ر ...

وا دیاره‌ ئه‌م ناکۆکیانه‌ش ته‌نها له‌ سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌ بردن و ده‌سه‌لاتی سیاسی نه‌بووه‌ به‌لکو ناکۆکی بیر و بۆچوونیش له‌ نێوانیاندا به‌ ئاستێکی وا هه‌بووه‌ که‌ یه‌کتریان ته‌کفیر کردبێ .

بۆ نمونه‌ له‌ کتابه‌که‌ی (فوئاد مه‌جید میسری) دا (بیری ئسولی ئیسلامی . خوێندنه‌وه‌یه‌کی سوسیۆلۆژی ره‌خنه‌یی) له‌ لاپه‌ڕه‌ ٦٥ و ٦٦ دا به‌ پشت به‌ستن به‌م سه‌رچاوانه‌ . الشافعی .الرساله‌. وه‌ التبڕی . جامع البیان عن تاویل آی القران وه‌ السیو‌‌طی . الاتقان فی علوم القران وه‌ محمد ابو زهره‌. الشافعی، حیاته و عصره‌ و اراءه‌ الفقهیه‌ ..دا ده‌لێ ،

مێژوو نووسان و ئه‌وانه‌ی که‌ قورئانیان ته‌فسیر کردوه‌ ده‌لێن (په‌یامبه‌ر گوتوویه‌ : قورئان به‌ حه‌وت شێوه‌زمان هاتووه‌). ته‌به‌ری پاش هه‌ولێکی زۆر گه‌یشته‌ ئاکامێک که‌ ئه‌و حه‌وت شێوه‌زمانه‌ی په‌یامبه‌ر باسی کردوون پێنچیان هی (هه‌وازن)و دووانیان هی (قوڕه‌یش)و (خوزاعه‌) ن .. ئه‌بوبکر و عومه‌ریش هه‌ریه‌که‌یان له‌ سه‌رده‌می خۆیاندا رێگایان داوه‌ قورئان به‌و شێوه‌زمانانه‌ بخوێندرێته‌وه‌ ..

له‌ درێژه‌یدا ده‌لێ .. خوێنه‌ر مافی خۆیه‌تی که‌ بپرسێ ، ئه‌ی بۆچی ئه‌م ده‌قه‌ی قورئان که‌ ئێستا کاری پێده‌کرێ هه‌مووی به‌ یه‌ک شێوه‌زمان نووسراوه‌ ؟؟

ته‌به‌ری وولامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ و ده‌لێ ، موسلمانان وایان به‌ چاک زانی یه‌ک شێوه‌زمان په‌یڕه‌و بکه‌ن و ده‌ستبه‌رداری شێوه‌کانی تر ببن ..

دوایش السیوطی ده‌لێ .... له‌ سه‌رده‌می (عوسمانی کوڕی عه‌ففان) قورئان کۆکراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر ئه‌ویش فه‌رمانی داوه‌ته‌ ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێسپاردون ، ته‌نها شێوه‌زمانی قوڕه‌یش په‌یڕه‌و بکه‌ن . کاتی خۆشی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه‌ ، تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ر لایه‌نه‌ و ئه‌وه‌یتری ته‌کفیر کرد .

به‌لێ ئه‌گه‌ر خودی سه‌رچاوه‌ مێژوویی و خودی زانایانی ئیسلام ئه‌مامان پێڕا بگه‌ینن که‌ هه‌روا له‌ زووه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ ناکۆکی و ته‌کفیر کردنه‌ له‌ ناو ئیسلامدا هه‌بووبێ و تا ئه‌مڕۆش به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ئالۆزتر به‌رده‌وام بێت ، ئێمه‌ چۆن بتوانین ئیسلامی راسته‌قینه‌ بدۆزینه‌وه‌ ؟ ئێمه‌ش باوڕ به‌ کێ بێنین و کێ ته‌کفیر بکه‌ین ؟؟

له‌ هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ کاتێک هه‌ر لایه‌ن و گروپێک ئه‌وه‌یتر ره‌ت ئه‌کاته‌وه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانن باوڕ به‌ یه‌کتر بێنن ، بگره‌ زۆربه‌یان یه‌کتریش ته‌کفیر ئه‌که‌ن و هه‌ولی له‌ناو بردنی یه‌کتریش ئه‌ده‌ن .

ئایا ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ چه‌ندین ئیسلامی جیاجیا هه‌یه‌ ؟؟

له‌ هه‌مان کاتدا که‌ ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ به‌ ناوی مه‌زهه‌ب و عه‌قیده‌ و ته‌ریقه‌ت و ئیمامه‌ت و زانایی و دینداری و نزیکی له‌ خوا و مه‌رجه‌عیه‌ت و فقیهیه‌ت و.......... هتد ، به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان ته‌فسیر بۆ ئیسلام بکه‌ن ، ئه‌ی بۆ  بۆ که‌سانێکیتر ئه‌و مافه‌ نیه‌؟

ئایا ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئیسلام ئێستا ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ له‌ ناوخۆیان بتوانن یه‌ک قناعه‌ت دروست بکه‌ن و به‌ یه‌ک بیر و باوڕ وولامی ئه‌و پرسیارانه‌ی ئێمه‌ بده‌نه‌وه‌ ؟؟

ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌وه‌یان بۆ ناکرێت و ناتوانن راستی و ناراستی له‌ ناوخودی خۆیان دیاری بکه‌ن و به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بن له‌ ته‌کفیر کردنی یه‌کتر ، ئه‌وا با واز له‌ خه‌لک بێن و له‌وه‌ زیاتر هه‌ره‌شه‌ له‌ که‌سانێک نه‌که‌ن که‌ وه‌ک ئه‌وان بۆچوونی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌ و تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ ئیسلام .

بۆ نمونه‌..ئایا عه‌بدولخالق معروف له‌ کتابه‌که‌یدا ئه‌لێ خوا نیه‌ ؟ یان ئه‌لێ دوو خوا هه‌ن یان زیاتر؟؟ یان گوتوویه‌تی ئیسلام راست نیه‌ ؟ یان چ کفرێکی کردووه‌ ؟؟

هه‌رکه‌سێک که‌ کتابه‌که‌ی ئه‌خوێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ ته‌فسیرکردنی قورئان و هێنانه‌وه‌ی حه‌دیسه‌کانی په‌یامنێر و تێگه‌یشتنی خۆی له‌ باره‌یانه‌وه‌ شتێکی زۆرتری تیادا نیه‌، هه‌ر وه‌کو زۆربه‌ی زۆری ئیسلامه‌کانی تر ، ئه‌ی بۆ کافر کرا و تیرۆر کرا؟ من پێشئه‌وه‌ی که‌ کتابه‌که‌ی فوئاد مه‌جید مسری بخوێنمه‌وه‌ پێم وابوو که‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ ئیسلامی ره‌تکردۆته‌وه‌ یان دینێکی تری له‌ ئیسلام به‌ باشتر زانیوه‌ یان.... یان....یان  هه‌ر شتێکیتر که‌ پێم وانیه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک مرۆڤ له‌ سه‌ر بیر و باوڕ بکوژرێت ئه‌وه‌ وه‌ک بۆچوونی خۆم ،

به‌لام کاتێک هه‌ر دوو کتابه‌که‌ی فوئادم خوێنده‌وه‌ ( بیری ئسولی ئیسلامی ) و (دادگا) زۆر سه‌رم سوڕما له‌ ته‌کفیر کردنی فوئاد و هه‌ره‌شه‌کردن لێی به‌ کوشتن. وه‌ بێ ده‌نگی هه‌ر هه‌موو گروپه‌کانیتری ئیسلامی به‌ هه‌موو مه‌لاکانی کوردستانیش سه‌باره‌ت به‌م فتوایه‌ مانای رازی بوونیان ئه‌گه‌ینێ . له‌کاتێک فوئاد جگه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ی بیر و باوڕی ئیسلامه‌کان و مێژووی ئیسلام له‌ سه‌رچاوه‌ ئیسلامیه‌کان و وه‌رگێڕانی بۆ کوردی هیچ شتێکیتری نه‌نووسوه‌ ..

ئه‌وانه‌ و گه‌لێک نمونه‌ی تر هه‌ن که‌ باسیان لێوه‌ بکرێت و ئه‌وه‌ ساخ بکرێته‌وه‌ که‌ ئێمه‌ش بزانین کفری ئه‌م نووسه‌رانه‌ له‌ کوێنده‌ره‌وه‌یه‌ ؟ یان کێ مافی ته‌کفیر کردنی که‌سانی تری هه‌یه‌ ؟؟ ئه‌مرۆش مه‌ریوان هه‌له‌بچه‌یی له‌به‌ر ده‌م هه‌مان گرفت دایه‌ و ناشزانین که‌ به‌یانی چه‌ندین که‌سانی تر ئه‌که‌ونه‌ به‌ر ده‌م ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ .

له‌ کۆتایدا جارێکیتر ئه‌پرسم:::::: چۆن بتوانین ئیسلامی راسته‌قینه‌ بناسین ؟؟؟؟؟؟؟؟

 

                                       

           

 

02/09/2015