مریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی و ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ئیسلامی سیاسی

 

 

هێمن ڕه‌ئوف....سویسرا

hemnrauf@hotmail.com

 

ئه‌م به‌رخودان وتێکۆشانه‌ی ئه‌مڕۆ که‌ له‌ خه‌باتی نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ده‌بینرێ هیچی که‌متر نییه‌ له‌و قوربانی دانه‌ی که‌ پێشمه‌رگه‌ دژ به‌ داگیر که‌رانی به‌عس و به‌عسییه‌کان ده‌یانبه‌خشی له‌ باشوری کوردستاندا .  جاران ئه‌وه‌ی دژی به‌عس نه‌وه‌ستایه‌ ده‌یتوانی ژیانێکی ساده‌ بژی،  که‌واته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی دژایه‌تیکردنی به‌عس پێشمه‌رگه‌ هیچ واتایه‌کی نه‌بوو  ئێستاش ئه‌وه‌ی دژی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ئیسلامی سیاسی بوه‌ستێ  ژیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌ ، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ نوسه‌ران و ڕۆشنبیره‌ هۆشیارو ئازادی خوازه‌کان پێشمه‌رگه‌ی سه‌رده‌من و پێنوسو ده‌نگی به‌رزیان ئه‌وچه‌که‌یه‌ که‌ له‌شانی پێشمه‌رگه‌ی چیاکاندا بوو.. ئازادی و دیموکراتی ئه‌و سیمبۆلانه‌ن که‌ خه‌به‌تکاری کوردی له‌ سه‌ره‌تای خه‌باته‌وه‌ کردوویه‌تیه‌ ئامانج، ئه‌وه‌تا تازه‌ به‌تازه‌ له‌ژێر چه‌تری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ ( شێری ماڵه‌وه‌ و ڕێوی له‌کۆڵان) ه‌ ، پێنوسه‌کان ده‌شکێن  . دکتۆر که‌مال سێ ووتاری نوسی ، مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی کتێبێک !!!!!!!. که‌چی یه‌کێک له‌ زیندانه‌کانی پارتێکدا ژیان ده‌باته‌ سه‌ر و ئه‌وی تریشیان له‌ زێدی باو باپیرانی وه‌ده‌رده‌نرێت .. که‌واته‌ گۆڕانکاریی له‌جه‌وهه‌ردا بوونی نییه‌ .هه‌مان تراژیدیایه‌و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ..

ئه‌وه‌ی کاره‌سات دروست ده‌کات ئه‌و بێده‌نگییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌یه‌ که‌ گه‌له‌که‌مانی تیا بزربووه‌ ، تا ئێستاش خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ته‌نها بۆ سوته‌مه‌نی و کاره‌باو ئاو دێته‌ بوون ، ئه‌وه‌ داکۆکی کردن له‌ نوسه‌رێک یان له‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین یان له‌ سیاسه‌تێکی ناشایسته‌ی ده‌سه‌ڵات یان داواکردنی دیاریکردنی سنوری کوردستان و ناساندنی که‌رکوک وه‌ک شارێکی کوردستانی ،ئه‌وانه‌ کڵاوێکی ترن و ده‌ستمان به‌کڵاوی خۆمانه‌وه‌ گرتووه‌ ..

 

 ئه‌گه‌ر به‌ووردی سه‌یرێکی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ ڕسته‌یه‌ بکه‌ین (( ئیسلامی سیاسی کوشتنی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌ڕه‌وا ده‌زانێ ،ئیداه‌ری سلێمانی پشتڕاستی کرده‌وه‌ له‌کاتێکدا باوه‌ڕی به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین هه‌یه‌ . ( عه‌لی باپیر ) هه‌ر به‌وه‌ وه‌ نه‌وه‌ستا کوشتنی ئه‌و کاریکاتێرچیانه‌ی که‌وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیان کێشابوو حه‌ڵاڵ کرد . (مام جه‌لال) په‌نجاو ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ خه‌بات ده‌کات بیری له‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نه‌کردۆته‌وه‌ ،که‌چی له‌ هه‌شتاکاندا له‌سه‌ر عێراقچێتی کۆمه‌ڵێ کادیری یه‌کێتی (تڕۆ)* ده‌کات . له‌کاتی شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی دا( مه‌لا کرێکار ومه‌لا عه‌لی باپیر) پێکه‌وه‌ له‌سه‌نگه‌ری دژی یه‌کێتیدا بوون به‌ڵام ئێستا کرێکاری داماو کون نه‌ما خۆی لێقایم بکات عه‌لی باپیر یش هاوپه‌یمانی مامه‌ گیانه . مه‌لا به‌ختیار له‌وه‌ته‌ی فامی کردۆته‌وه‌ دژایه‌تی ئیسلام ده‌کات ،مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی کتێبێکی نوسی یه‌کسانه‌ به‌ گڕی مه‌شخه‌ڵێک ڕێچکه‌ی ئایدیاکه‌ی ئه‌و ڕۆشن ده‌کاته‌وه‌ ، که‌چی ته‌نها پشتگیرییه‌کی زۆر بچوکی نه‌کرد. سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ به‌غدا پڕۆژه‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد بۆ عێراقی ده‌هاتوو یه‌کێتی ته‌نسیقی نه‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر پرسی پێنه‌کراوه‌ . له‌ ئیسلامدا ئازادی تاکه‌کان و دیموکراتی بوونی نیه‌ که‌چی یه‌کگرتوو باوه‌ڕی پێیه‌تی .  هێشتا فیدرالی له‌کوردستان نه‌چه‌سپاوه‌ ، له‌ولاوه‌ مام جه‌لال ئۆتۆنۆمی ئه‌دات به‌تورکومانه‌کان . لالایه‌کی تره‌وه‌ مۆڵه‌تی ڕه‌سمی ناده‌نه‌ پارتێکی سیاسی کوردستانی که‌ داکۆکی له‌ بیری ئۆجه‌لان ده‌کات و باوه‌ڕی به‌سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌یه‌ .))

 

ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێ ڕسته‌ی بێ بنه‌ماو بێ ته‌نسیقن که‌ به‌شێکی زۆر که‌من له‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌خه‌ڵکی کوردستانی ده‌که‌ن . لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگای  تێڕامان و سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ بڵیین ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌م پشت ئه‌ستورییه‌ بۆ ؟ هه‌تاکه‌ی تاکی کورد له‌و خه‌وه‌ ڕاناپه‌ڕی ؟ ئه‌ی ئه‌و نوسه‌ر وڕۆشنبیرانه‌ی له‌پشت ئه‌م سیاسه‌ته‌وه قه‌ڵه‌مه‌کانیان بووه‌ به‌ تیرێکی کوشنده‌و له‌سنگی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بێدیفاعه‌ی گیرده‌که‌ن هه‌تا کوێ بڕ ده‌که‌ن و ویژدانیان ڕێگه‌یان پێئه‌دات ؟ حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن ووتی هاکا دکتۆر که‌مال ئازاد بوو . دوا به‌دوای ئه‌وه‌ سی ساڵ حوکوم درا  . مهاباد قه‌ره‌داغی ووتی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌کار لاده‌برێت که‌چی هێشتا وه‌زیره‌ و بسکه‌ی سمێڵی دێ ... به‌ڕای من ئه‌مانه‌ گه‌ڵته‌ کردنه‌ به‌ به‌ها پیرۆزه‌کانی تاکی کورد . له‌ شه‌رمه‌زاری زیاتر هیچی تری به‌دواوه‌ نییه‌ .

 

له‌ کۆتاییدا ئه‌مه‌وێ بڵیم دکتۆر که‌مال ئه‌گه‌رچی به‌زۆر و به‌ویستی خۆی نه‌بوو چۆکی بۆ پارتی وبنه‌ماڵه‌ی بارزانی دایا . په‌شیمان بووه‌ وه‌ له‌ هه‌ر دژایه‌تی کردنێکی پارتیی .. ئه‌ی ئه‌بێ چاره‌نوسی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بچه‌یی به‌کوێ بگات ؟ تۆ بڵێی ئه‌ویش ماڵ به‌ماڵ بگه‌ڕێ و له‌ هه‌رشوێنیک کتێبه‌که‌ی خۆی بینی بیسوتێنیو له‌ناویبیات؟ به‌ڵام نا .. ئه‌مه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی پێکه‌نیناوی هیچی تر  . به‌ڕای من خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی به‌و دادگایه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ و کپ کردنی ده‌نگێکی تری به‌دوادادێت باشتر وایه‌ به‌هه‌موومان له‌گه‌ڵ که‌مپین وپشتگیری کردنه‌که‌ی دا کۆمه‌کی بکه‌ین و به‌هه‌ر ڕێگایه‌کدابێت بیگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و روپای ئازادی و دیموکراتی ، دواتریش لێره‌ له‌گه‌ڵ ئازادی خوازانی هاوڕێمان کوردستانێک له‌خه‌یه‌ڵ دروست ئه‌که‌ین و له‌ هۆنراوه‌و  گۆرانی و ووتاری سیاسی چیاکانی پیره‌مه‌گرون و سه‌فین و کوڕه‌کاژاو و هه‌ڵگورد و زاگرۆس و ئارارات و قه‌ندیل بنیات ده‌نێین ..

 

پێویسته‌ له‌سه‌ر یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ به‌رز ڕاگرتنی بیری( ئارام) به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت مه‌ریوان ڕزگار بکات له‌ ده‌ستی دڕنده‌کانی ئیسلامی توندڕه‌و . چونکه‌ مه‌ریوان خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی به‌و ئایدیایه‌ کرد که‌ ئێوه‌ خۆتان پێ ڕاگرتووه‌ . . .‌

________________________________________________________________

 *ووشه‌ی تڕۆ وشه‌یه‌کی بازاڕییه‌و نامۆیه‌ به‌ ئه‌ده‌ب ، به‌ڵام له‌ ده‌می کادێرێکی یه‌کێتی و پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌وه‌فای ڕۆژانی سه‌ختی خه‌باتی شۆڕشی نوێ وه‌ وه‌ک خۆی ده‌ی گێڕمه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ڕێزمدا

 

 

           

 

02/09/2015