هه‌رچی بۆگه‌نی و پیس و پۆخڵێکانی ناو مێژوو هه‌یه‌
 به‌ پیرۆز
به‌ سه‌رماندا ئه‌فرۆشنه‌وه‌

ژیار جاف

 

گه‌ڕان به‌ شوێن راستیدا پێویستی به‌ پشکنینی هه‌موو کون و که‌له‌به‌ره‌کانی ناو مێژوو هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌و شته‌ شاراوانه‌ی که‌ له‌ ناخی مێژوودا حه‌شاردراوه‌ و له‌ خه‌ڵکانی ئاسایی شاردراونه‌ته‌وه‌ ،ئه‌بێ بۆ خه‌ڵکی روون بکه‌ینه‌وه‌،ئه‌بێ خاڵ به‌ خاڵیان بهێنینه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی یه‌که‌می مێژوو تا به‌ خه‌ڵکیان ئاشنا بکه‌ین، به‌م کاره‌یش ئه‌شێ بتوانین راستییه‌کی ساده‌ بۆ خه‌ڵکی روونبکه‌ینه‌وه‌، یاخود وانه‌ ونبووه‌کانی مێژوو په‌یدا بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌و کات کۆمه‌ڵگا سه‌ربه‌سته‌ له‌وه‌ی که‌ بروا به‌م مێژووه‌ ده‌کات یان نا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لیره‌دا گرنگه‌ بگووتری ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رچی بۆگه‌نی و بیس و پۆخڵێکانی ناو مێژوو هه‌یه‌ به‌ پیرۆز به‌ سه‌رماندا ئه‌فرۆشنه‌وه‌، رێگه‌ ناده‌ن ده‌ستنیشانی تاوانه‌کانیان له‌ مێژوودا بکه‌ین، به‌ بیانووی بێڕێزی به‌ ئاین و سیمبووله‌ پیرۆزه‌کانی.

ئه‌وه‌ی جیی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ ئاینه‌ بیڕێزی به‌ موقه‌ده‌ساتی هه‌موو مرۆڤایه‌تی ئه‌کات، نه‌ک نوسه‌رێک که‌ ره‌خنه‌ له‌ ئاین ئه‌گرێت، ئاین بۆ خۆی بایکۆتی عه‌قڵی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌لگای کردووه‌، نیوه‌ی کۆمه‌ڵگای خستووه‌ته‌ په‌راوێزی ژیانه‌وه‌ و له‌ هه‌رجی خۆشی ژیان هه‌یه‌ بێبه‌شی کردووه‌.

 من تێناگه‌م تا که‌ی ئه‌بێ ئه‌م راستیانه‌ له‌ خه‌ڵک بشارینه‌وه، بۆ ئه‌بێ بۆ مه‌لایه‌ک ره‌وابێ له‌ بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه‌ فتوای مه‌رگی نوسه‌ران ده‌ربکات، بۆ چی بۆ نوسه‌رێکی ئازاو بوێر ره‌وا نه‌بێ ته‌نهائه‌و شتانه‌ بڵێته‌وه‌ که‌ له‌ مێژووی پڕ خوێناویاندا ئه‌نجامیان داوه‌، ئه‌و کاره‌ ناشرینانه‌ی که‌ به‌رامبه‌ر با مرۆڤایه‌تی به‌ ناوی خواوه‌ کردوویانه‌.

بێده‌نگ بوونی روناکبیران له‌ ئاست ئه‌م تاوانه‌ی له‌ رێگای دینه‌وه‌ به‌ پێنوسه‌ جه‌ساره‌که‌ی  مه‌ریوان ئه‌کرێت

،ره‌وایی دانه‌ به‌ کوشتنی( عبدالخالق معروف) پشتگیری کردنه‌ له‌و بانگه‌وازه‌ پڕ شه‌رمه‌زارییه‌ی که‌  سۆران عومه‌ر داوا له‌ موسوڵمانان ده‌کات مه‌ریوان له‌ نێو چه‌قی بازاڕدا ئاوه‌کوڵ بکه‌ن واته‌ ئاوی گه‌رمی به‌ سه‌ردا بڕێژن، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ په‌ند بۆ ئه‌نه‌ی به‌ نیازن له‌ سه‌ر ئیسلام و مێژووه‌که‌ی ره‌خنه‌ بگرن.

بێده‌نگ بوونی رۆشنبیران رووبه‌رووی دوو مه‌ترسیمان ئه‌کاته‌وه‌ ، که‌ من بۆ خۆم زۆر ده‌مێکه‌ پێشبینی ئه‌و مه‌ترسیانه‌م کردووه‌، که‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له دوای‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گرتن و کوشتنی مه‌ریوانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئیسلامیه‌ تونڕه‌وه‌کانه‌وه‌ ئه‌و راستیه‌مان بۆ روون ئه‌بێته‌وه‌ که‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ به‌ مه‌ده‌نی کردنی کوردستان داومانه‌ هیج مانایه‌کی نامێنێ، واتا یان هه‌وڵه‌کانمان بێ ناوه‌ڕۆک بوونه‌ یاخود تا ئێستایش کلتوری چاخی به‌ردین هه‌ر کولتوری زاڵه‌ له‌ کوردستاندا، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ بۆ به‌ دیموکراسی کردنی کوردستان کردومانه‌ ، ئه‌مڕۆ ده‌نگێک به‌ ئاشکرا پێمان ده‌ڵێت(دیموکراسی بگاته‌ لوتکه‌یش ئێمه‌ به‌ شمشێره‌که‌ی ئیمامی عه‌لی سه‌ری ئه‌بڕین)، بۆیه‌ تا سه‌ری ئه‌و نیمچه‌ دیموکراسییه‌ی که‌ هه‌مانه‌ نابڕاوه‌ با به‌و دیموکراسییه‌ شمشێره‌کانیان له‌ت و په‌ت بکه‌ین،

مه‌ترسی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ پشت ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌وه‌ که‌ له‌ نوسه‌ران ئه‌کرێت بێگومان پارته‌ ئیسلامێکان وه‌ک تۆڵه‌سێنه‌ره‌وه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ راوه‌ستاون، نابێ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێ که‌ کاره‌ساتی (خێڵی حه‌مه‌)زاده‌ی هه‌مان عه‌قڵییه‌ت بوو که‌ ئه‌مرۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مه‌ریوان ئه‌کات، ئه‌وانه‌ی له‌ خێڵی حه‌مه‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون ئه‌مڕۆ له‌ به‌رگێکی تردا خۆیان پیشان ئه‌ده‌ن، به‌ ناوی مییان ڕه‌ویه‌وه‌ ئه‌یانه‌وێت خه‌لکی کوردستان فریو بده‌ن، به‌لام له‌ راستیدا اوانه‌ هه‌مان ده‌م و چاون که‌ تا دوێنێ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ناوبردنیان لێ ئه‌کردین،

جارێکی تر ئه‌ڵم ئه‌م مه‌ترسیانه‌ی لام دروست بوونه‌ زاده‌ی واقعێکه‌ که‌ له‌ کوردستاندا اماده‌بوونی هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر هه‌مو لایه‌کمان هه‌وڵ و کۆششمان بخه‌ینه‌ یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردن و بنبڕکردنی ئه‌م مه‌ترسیانه‌، ئه‌ویش به‌ پێداگرتن له‌ سه‌ر ده‌رکردنی یاسایه‌ک که‌ چیدێ مه‌لاکان له‌ بڵنگۆکانیانه‌وه‌ فتوای مه‌رگی هیچ که‌سێک ده‌رنه‌ک ،هه‌موو که‌سێک ئازاد بێت له‌ خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی بۆ ئاین، وه‌ نابێ بۆ وڵامدانه‌وه‌ی هیچ راخنه‌یه‌ک په‌نا ببرێته‌ به‌ر چه‌ک و تۆقاندن،

ئه‌گه‌ر ئیمه‌ نه‌مانتوانی کارێکی له‌و جۆره‌ بکه‌ین ئه‌وه‌ ئیتر نابێ گله‌یی له‌ ئیسلامی سیاسی بکه‌ین که‌ کوردستانیان لێ کردین به‌ گۆڕستان...

 

 

بژی ئازادی بیرو ڕا

سه‌رکه‌وتن بۆ مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

ژیار جاف

8/2/2006

 

 

           

 

02/09/2015