ئه‌وشه‌وانه‌ی بۆنی غه‌م ده‌گرن

• كه‌ژاڵ ئیسماعیل

 

كاتێ شه‌و په‌رده‌ی ره‌ش ده‌كێشێت به‌سه‌ر ژیاندا و
خاك ماڵئاوایی له‌سه‌فه‌ری خۆر ده‌كات..!
ئه‌و شه‌وانه‌ی ئاسمان
لافیته‌ی ئه‌رخه‌وانی هه‌ڵده‌واسن
دونیا بۆنی حوزنێ ده‌‌گرێت
حوزن ده‌بێته‌ سه‌فه‌ر و
به‌هه‌موو دوورگه‌كانی شیعرێكا رێ ده‌كات
هه‌رچی له ‌هه‌گبه‌ی خه‌ڵوه‌تایه‌
ده‌‌یكاته‌ زیكرێ بۆ ماڵئاوایی..!
پێ ده‌چێت
ئه‌و شه‌وانه ته‌نها له ‌ته‌قویمی زه‌مه‌نێكا
هه‌ڵواسرابن..
بۆیه‌ رموزه‌كانیان له‌م ده‌ڤه‌ره ناخوێنرێنه‌وه
ته‌نها له‌و مه‌مله‌كه‌تانه‌ن
كه‌خۆریان قه‌وزه‌ی گرتووه‌ و
ژێرخانه‌كانیان وه‌ك ده‌مامكی شێتێك
ڕووناكیان تێدا ناڕوێت
ره‌نگیش له‌سه‌ر ڕوخساریان چرۆ ناكات!

دیسان شه‌وه و
ئه‌ستێره‌كان. ده‌نك.. ده‌نك..
له ‌د‌ه‌وری ڕوخساری مانگ كۆده‌بنه‌وه
ورشه.. ورشه.. ده‌بارێن
به‌سه‌ر كۆڵانه تاریكه‌كانی ئه‌م كیشوه‌ره‌دا
له‌و دیو په‌نجه‌ره‌ی غوربه‌ته‌وه
حوزن، چركه‌.. چركه‌..
خۆ له ‌دڵره‌قی مرۆڤه‌كان ده‌خواته‌وه
گه‌ڵا، چرپه‌.. چرپه..
خه‌ون به‌گوێی گوڵێكدا ده‌كات و
شه‌ونم، دڵۆپ.. دڵۆپ..
رووخسارێكی پر له ‌سه‌فه‌ر تیفتیفه‌ ده‌‌داته‌وه
شه‌قام، هه‌نگاو.. هه‌نگاو..
وێڵه به‌دوای یاخی بوونی شێتێكا  و
سه‌ر شۆسته‌كان ده‌گه‌ڕێن بۆ پێناسێكی ون
چرا، ترپه.. ترپه..
به ‌باڵای ژوورێكا خه‌ڵوه‌ت ده‌‌گرێ  و
به ‌ته‌نهایی دڵێكا سه‌فه‌ر ده‌‌كات

ئه‌مشه‌و..
بۆ هاوده‌نگی جه‌سته‌ بێگیانه‌كان
رۆمان، وشه.. وشه..
خۆی به‌سیحری دوونیگا د‌ه‌‌سپێرێ  و
سیمفۆنیا، په‌ڕه‌.. په‌ڕه..
به نامۆیی په‌نجه‌كان ڕه‌نگ ده‌كات
ده‌ریا، شه‌پۆل.. شه‌پۆل..
به‌سه‌ر كه‌ناره‌وه سینگ ده‌‌كوتێ و
له‌به‌ر تریفه‌ی مانگدا
دڵنه‌وایی نه‌هه‌نگه سه‌رلێشێواوه‌كان ده‌‌داته‌وه‌!
ئای له‌وشه‌وه ساردانه‌ی
به‌فر، كلوو.. كلوو..
خۆیان به‌ ‌ده‌فته‌ری شاعیرێكا
گه‌رم ده‌‌كه‌نه‌وه..!
دونیا بۆنی هه‌ڵمێكی غه‌مناك ده‌‌گرێت
به‌رزه‌خه‌كان.. پڕ ده‌بن له ‌گوناهـ
رووباره‌كان، گۆلم.. گۆلم..
خۆ به ‌ماته‌می ده‌شتێ ده‌‌شۆنه‌وه و
دارستانه‌كان، هێواش.. هێواش..
له ‌هاواری دێو و درنج هه‌ڵدێن
ئه‌وكات..
كاتژمێرێك، چركه.. چركه..
چمكی شه‌و
ده‌‌گرێت و
خه‌ون
خۆ له ‌گلێنه‌كانی دوو نیگا
هه‌ڵده‌سوێت و

ئارام.. ئارام..
به‌ره‌و بێئاگایی و فه‌نابوونی ده‌بات!

• • •

هۆله‌ندا، 4 - 2 - 2006

 

 

 

 

 

           

 

02/09/2015