یه‌زیدییه‌کان په‌راوێز مه‌که‌ن

 

کاوه‌ ئه‌مین

kawaamin@passagen.se

کۆمه‌ڵگایی کوردستان یه‌کێکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگا فره‌ کولتوورییه‌کانی جیهان، به‌ تایبه‌تی له‌ نێو نه‌ته‌وه‌یی کوردا، چه‌ندین ئاین و ئاینزایی جودا، زاره‌وه‌ی جودا و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌رێمایه‌تی، کۆمه‌ڵگایی کوردییان ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه‌. یه‌زیدییه‌کانیش که‌ به‌ شێکی دانه‌بڕاوی نه‌ته‌وه‌یی کوردن و ده‌کرێت بڵێم که‌ زمانی کوردیی له‌ نێو ئه‌واندا له‌ هه‌موو توێژو چینه‌کانی تری کورد نرخی بۆدانراوه‌ و گرنگی پێدراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئاینه‌که‌یان به‌ زمانی کوردییه‌، واته‌ په‌یووه‌ندی نێوان ئه‌وان و خوا به‌ زمانی کوردییه‌. یه‌زیدییه‌کان توانیوییانه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌دان ساڵدا که‌ زۆریینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئاینی ئیسلامیان قبوڵکردووه‌، دینه‌که‌ی خۆیان بپارێزێن‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ وه‌کو به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌ نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ هه‌موو گۆرانکارییه‌کاندا به‌شداری چالاکانه‌یان کردووه‌، سه‌ره‌رایی هه‌ندێک زه‌خت و توندوتیژیی به‌ دژیی یه‌زیدییه‌کان که‌ داگیرکه‌ران و کۆڵۆنیالیسته‌کان ده‌ستییان تێدا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌.

له‌ دوای روخانی رێژیمی عێراق، جۆره‌ ئازادییه‌ک ئه‌گه‌رچی سنوورداریش بێت ناوچه‌که‌ی گرتۆته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی فیدراڵی و هه‌وڵدانی سه‌رکردایه‌تی دوو زلحیزبه‌که‌ بۆ به‌ده‌ستخستنی پۆستی گه‌وره‌ له‌ به‌غدا و په‌راوێزکردنی پارته‌ کوردستانییه‌کان که‌ زۆربه‌یان هاوپه‌یمانی پارتی و یه‌کێتی بوون له‌ شه‌ڕ و ئاشتیدا هه‌ڵبه‌ته‌(فیفتی – فیفتی)، ئه‌وا ئێستا هه‌ندێک چین و توێژیی کوردی به‌ ئاشکرا به‌دژیی ئه‌و په‌راوێزکردنه‌ی پارتی ویه‌کێتی هه‌م له‌ به‌غدا و هه‌میش له‌ کوردستان که‌توونه‌ گازنده‌ و گله‌یی، که‌ هه‌قی خۆیانه‌، له‌ نێویاندا یه‌زیدییه‌کان. به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێک وڵاتی رۆژئاوایی بۆ مه‌به‌ستی داگیرکاریی خۆیان تا ئێستاش وازیان له‌ سیاسه‌تی "په‌رتکه‌ و زاڵبه‌"ی کۆلۆنیالیستانه‌ی خۆیان نه‌هێناوه‌، پیاده‌کردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ نێو کوردا که‌ خاوه‌نی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ نییه‌ ره‌نگه‌ بۆیان ئاسانتر بێت. ئه‌وه‌تا چه‌ند ساڵێکه‌‌ هه‌ندێک به‌ناو "ڕۆژهه‌ڵاتناس" و "زانستکار" ده‌یانه‌وێت کورد هێنده‌ی تر پارچه‌ پارچه‌ بکه‌ن به‌وه‌ی گوایه زازاکی کوردیی نییه‌ و هه‌ورامی کورد نیین و یه‌زیدی کورد نین و له‌لایه‌ن کورده‌ موسڵمانه‌کانه‌وه‌ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و زۆر شتی تر. له‌ وڵاتێکی وه‌کو سوێد چه‌ند کوردێکی زازاکی که‌و‌توونه‌ته‌ ئه‌و داوه‌وه‌ و زازاکی وه‌ک زمانێکی جودا له‌ کوردی و زازاش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، له‌ ژێر ناوی کولتووردا، ئاسانکاریان بۆ ده‌کرێت. تورکیاش گه‌لێک جار زازاکی وه‌کو که‌مینه‌یه‌کی جودا له‌ کورد ده‌ستنیشان ده‌که‌ن. له‌ ئه‌ڵمانیاش هه‌ندێک یه‌زیدی به‌هه‌مان شێوه‌ خه‌ریکه‌ ده‌که‌ونه‌ نێو ئه‌و گه‌مه‌یه‌وه‌ و ئه‌ڵمانیا وه‌کو ده‌وڵه‌ت هاوکارییان ده‌کات که‌ ئه‌ویش ته‌نها مه‌به‌ستیان پارچه‌پارچه‌کردنی کورد و دژایه‌تی ئیسلامه‌ و هیچی تر.

یه‌زیدییه‌کان مافی خۆیانه‌ که‌ هه‌م له‌ حکوومه‌تی کوردستان و هه‌میش له‌ حکوومه‌تی عێراقدا پۆستی گرنگ وه‌ربگرن‌ و ته‌نانه‌ت ده‌کرێت یه‌کێک له‌ راوێژکاره‌کانی سه‌رۆکی کوردستان (نازانم شتێکی وا هه‌یه‌ یان نا) یه‌زیدی بێت، چوونکه‌ که‌مینه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ کوردستاندا یه‌زیدین و ده‌نگیان داوه‌ و به‌شداری چالاکانه‌یان کردووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ئێستا که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر شاڵاوی عه‌ره‌به‌ شۆڤینییه‌کانی موسڵ و ده‌وروبه‌ریی ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردن. کوردستان پێویستی به‌ پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی گشتگر هه‌یه‌ که‌ مافی هه‌موو تاک و گروپ و چینه‌کانی تیا دیاری بکرێت و به‌ یاسا بپارێزرێن. په‌راوێزکردنی که‌مینه ئاینی و زاراوه‌کانی کوردیی خه‌نجه‌رێکه‌ له‌ پشتی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌درێت و داگیرکه‌ران و وڵاتانی تر به‌ چاکترین شێوه‌ که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرن‌ و دواجار په‌شێمانی دادمان نادات، با سه‌رکردایه‌تی کورد ئه‌م په‌ڵه‌ ره‌شه‌ش نه‌نێن به‌ ته‌وێڵی مێژوومانه‌وه‌. هه‌تاکه‌ی سیاسه‌تی هه‌موو شتێک بۆخۆم و به‌شه‌که‌ی تۆش ده‌خۆم؟

 

 

 

           

 

02/09/2015