ئه‌و وێنه‌ کاریکاتێریانه‌ی
که‌ وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامی پیشاندا !!

                           مه‌نسوری هه‌لاج
 mansorihalaj@hotmail.com

 

بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌کی کاریکاتێری(ته‌نها کاریکاتێری!) له‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی دانیمارکیدا دونیای ئیسلام ده‌هه‌ژێنێت و توانای ئیسلام بۆ دایالۆگ له‌ مه‌نگه‌نه‌ ده‌دات و له‌ پانتایی ئیسلامدا ده‌نگێک ، دروشمێک ، بڵندگۆی مزگه‌وتێک ناهێڵێته‌وه‌ که‌ بانگه‌وازی له‌ (مه‌رگ!!) که‌متر بکات بۆ کاریکاتێریسته‌که‌و ڕۆژنامه‌که‌و ئازادی ڕاده‌ربڕین!

له‌ ڕاستیدا ئه‌و وێنه‌ کاریکاتێریه‌ی که‌ بۆمبێکی له‌ عه‌مامه‌ی ئیسلام و په‌یامبه‌ره‌که‌یدا چاندووه‌ نه‌ بوختانه‌و نه‌ سوکایه‌تییه‌ به‌ باوه‌ڕی موسڵمانان و نه‌ داهێنان و دۆزینه‌وه‌یه‌کی تازه‌شه‌! له‌ چه‌ندین ئایه‌تی جیاوازی قورئان و دێڕه‌کانی قورئاندا ده‌توانیت له‌ چه‌شنی ئه‌م وێنانه‌ بدۆزیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌رده‌ی ترسێک نه‌ده‌یت به‌ سه‌ر گلێنه‌کانتا {قاتلوا الذین لا یؤمنون بالله‌ و بالیوم الآخر ولا یحرمون ما حرم الله‌ و رسوله‌ و لا یدینون دین الحق من الذین اوتوا الکتاب حتی یعطوا الجزیه عن ید وهم صاغرون .التوبه‌} یان { امرت ان اقاتل الناس حتی یقولوا لا اله‌ الا الله‌.صحیح البخاری الجلد الرابع}.

 ئه‌وه‌تا قورئان و په‌یامبه‌ری ئیسلام خۆی بانگه‌وازو وێنای ئه‌و بۆمبه‌ ده‌کێشێت له‌ ناو دێڕه‌کانێدا ، ئیتر ئه‌م هات و هاوارو نه‌فره‌ته‌ی دونیای ئیسلام وه‌ک هات و هاوارو نه‌فره‌تی که‌سێک وایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئاوێنه‌یه‌ک که‌ حه‌قیقه‌ت و دیرۆکی تاڵه‌ سپییه‌کانی سه‌ری و ڕیشه‌ ماش و برنجییه‌که‌ی ده‌رده‌خات و ، پێیوایه‌ ئاوێنه‌که‌ سوکایه‌تی به‌ هه‌ست و نه‌ستی ده‌کات کاتێک مووه‌کانی سه‌رو ڕیشی به‌ سپێتی نیشان ده‌دات !!

ئه‌م ئایه‌ت و فه‌رموودانه‌و چه‌ندینی تریش هه‌موویان بۆمبی گڕتێبه‌ردراون و له‌ناو  عه‌مامه‌ی ئیسلامییه‌کانی کوردستان و عراق و ئه‌فغانستان و میسر و جه‌زائیردا‌ن ، له‌ میترۆکان و قوتابخانه‌کان و بازاڕه‌ گشتییه‌کان و مه‌یدانی کرێکاراندا ، خه‌ڵک شه‌ڵاڵی خوێن ده‌که‌ن و ده‌ست و قاچ ده‌قرتێنن و سه‌ر له‌ لاشه‌ ده‌که‌نه‌وه‌!!

ئه‌و‌ی ئه‌و وێنه‌ کاریکاتێریانه‌ی کێشاوه‌ کاریکاتێریسته‌که‌ نییه‌و ، ئه‌و ته‌نها وه‌ک ڕیالیستێک وێنای واقعێکی کردووه‌ که‌ هه‌یه‌و ڕۆژانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ئێوه‌ خۆتانن که‌ مرۆ ده‌که‌ن به‌ گه‌وره‌ترین مه‌سخه‌ره‌و کاریکاتێری دڵته‌زێن و سه‌رو لاشه‌ به‌ جیا فڕیده‌ده‌نه‌ شه‌قامه‌کانه‌وه،‌ بێسڵکردنه‌وه‌ له‌ هه‌ست و نه‌ست و باری سایکۆلۆژی منداڵ و براو خوشکه‌ موسڵمانه‌کانتان که‌ ئه‌و وێنانه‌ی به‌رچاو ده‌که‌وێت!!

ئێوه‌ ته‌ماشای ئه‌و وێنه‌ کاریکاتێریانه‌ بکه‌ن که‌ کێشاوتانه‌و ده‌یکێشن له‌و شوێنانه‌ی که‌ باڵاده‌ستن ، له‌ ئه‌فغانستان یاساغی هه‌ر دیارده‌یه‌کی مرۆیتان کرد که‌ له‌ دوای ساڵه‌کانی 40/50 هیجریه‌وه په‌یدا بووبێت ، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نانه‌ت یاساغی‌ دۆمینه‌و پێکه‌نین به‌ ده‌نگی به‌رزتان کرد ، نازناوی جه‌زائیری یه‌ک ملیۆن شه‌هیدتان گۆڕی به‌ جه‌زائیری یه‌ک ملیۆن سه‌ربڕاو ، به‌راوردێک بکه‌ن له‌ نێوان ئێرانی ئه‌وساو ئێرانی ئێستای ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام ، ئه‌وه‌ش عێراقی سیستانی و سه‌دره‌‌ که‌ وه‌ک ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ که‌س نازانێت چۆن و له‌ چ وڵاتێکه‌وه‌ تووشی عێراق بوون ، سه‌رتاشخانه‌و ده‌م و چاو هه‌ڵگرتن یاساغه‌و ژنێک بۆ ئه‌وه‌ی قژی ببڕێت یان ده‌موچاوی لا ببات ده‌بێت قاچاغچی بگرێت ، بۆ لای ساڵۆنێکی نهێنی!!

ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت له‌مه‌ودوا کاریکاتێرتان له‌ سه‌ر نه‌کرێت و ئه‌مه‌ به‌ سوکایه‌تی ده‌زانن بۆ سه‌ر خۆتان ،ئه‌وا بفه‌رموون و کۆتایی به‌ بانگه‌وازو په‌یامه‌ کاریکاتێریه‌کان بهێنن(له‌ گه‌ڵ ڕێز بۆ هونه‌ری کاریکاتێری)، و میتۆدی خۆکوژی و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌و سه‌ربڕین و سوکایه‌تی کردن به‌ ژنان ڕه‌تکه‌نه‌وه‌و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ی که‌ ڕه‌خنه‌تان لێده‌گرێت ، ئێوه‌ش هه‌ر قه‌ڵه‌م به‌ کار ‌بهێننه‌وه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌‌!!

 

                      

           

 

02/09/2015