فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم:
کورد له دیدی عه‌ره‌بدا وه‌ک دوژمن ده‌بینرێن |
هه‌ڤپه‌یڤین: نزار جاف ئه‌گه‌ر باس له که‌سایه‌تی ناودار و، خاوه‌ن رۆڵی کاریگه‌ر له میدیای عه‌ره‌بیدا بکه‌ین، ئه‌وا که‌س ئه‌و ناوبانگ و کاریگه‌رییه‌ی "د. فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم"ی له‌و بواره‌دا نییه و، له‌و چه‌ند ساڵه‌ی که له که‌ناڵی"الجزيرة"دا، کاری کرد، توانی وه‌ک رووخسارێکی هه‌میشه‌یی خۆی له زۆرینه‌ی ماڵه‌کاندا بسه‌پێنێت. ئه‌لقاسم توانی له میانه‌ی شێوازێکی تایبه‌تی مۆدێرنه‌وه، سه‌رنجی کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی به لای خۆیدا رابکێشێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه نه‌ک ته‌نها ئه‌و شێوازه‌ی نه‌دیبوو، به‌ڵکو له‌ژێر کاریگه‌ری ره‌وشی راگه‌یاندنێکدا بوو، که ته‌نها بۆچوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌رجه‌سته ده‌کرد. فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم له میانه‌ی به‌رنامه ناوداره‌که‌یدا"ئاراسته‌ی جیاواز "، توانی سه‌رنجی زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌ته‌کانی ناوچه‌که بورووژێنێت و، ته‌نانه‌ت کاریش گه‌یشته ئه‌وه‌ی وه‌ک رووخسارێکی"تاڵ"له‌لایه‌ن زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بییه‌کانه‌وه ته‌ماشا و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که جۆره ناکۆکییه‌کی دیاریکراو هه‌یه له ناو میدیای عه‌ره‌بیدا سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی ته‌ماشاکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی"ئه‌لقاسم"، که‌چی له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌توانین ئه‌وش بڵێین که ده‌ستی زۆر کۆشک و، ده‌زگای هه‌واڵگری ناوچه‌که له‌و مه‌سه‌له‌دا هه‌یه. به‌ڵام، ناکرێت نکوڵیش له‌و راستییه بکه‌ین که ناوبراو نماینده‌ی هێڵێکی فیکری ـ سیاسییه و، ژماره‌یه‌کی دیاریکراو له نه‌یارانی به‌رجه‌سته‌ی چه‌ند دژه بۆچوونێکی دیکه ده‌که‌ن. ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی هه‌ندێک له بۆچوونه‌کانی د. ئه‌لقاسم ده‌که‌ین که له‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا خستوویه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه که، ناوبراو نوێنه‌رایه‌تی هێڵێکی پان و به‌رینی شه‌قامی میللی عه‌ره‌بی ده‌کات و، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و راستییه‌ش، به باشمان زانی که بۆچوونه‌کانی ده‌قاوده‌ق وه‌ک خۆی بۆ خوێنه‌ری کورد بگوێزینه‌وه، تا له نزیکه‌وه ئاشنابێت به دژه بۆچوونه‌کان و، ته‌نها وانه‌زانێت که رۆشنبیری عه‌ره‌ب ئه‌و که‌سه دیاریکراوانه‌ن که میدیای کورد بۆچوونه‌کانیان بۆ خوێنه‌ری کورد ده‌گوێزێته‌وه. پرسیار: فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم، چۆن خۆی به خوێنه‌رانی کورد ده‌ناسێنێت و، هه‌ست به چی ده‌کات کاتێکی رووی ده‌می ده‌کاته خوێنه‌ری کورد؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: من هاووڵاتییه‌کی عه‌ره‌بی سوریم، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دکتۆرام له ئه‌ده‌بی ئنگڵیزی له زانکۆی"هیڵ"ی به‌ریتانی. هه‌شت ساڵ، وه‌ک ئاماده‌که‌ر و ده‌رهێنه‌ر و پێشکه‌ش که‌ری زۆربه‌ی به‌رنامه سیاسی و رۆشنبیرییه‌کانی BBC ی، کارم کردووه و، ئنجا دوو ساڵ له ته‌له‌فزیۆنی BBC ی عه‌ره‌بی کارم کرد، پاشان چوومه که‌ناڵی ئاسمانی"الجزيرة"که ده ساڵه له‌وێ ده‌ست به کارم. هه‌ڵگری خه‌م و خه‌فه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌مم، به‌و پێیه‌ی که که‌سانی نزیکت، پتر شایه‌نی ئه‌وه‌ن که چاکه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌یت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که هه‌واداری ره‌گه‌زێک بم له بری ره‌گه‌زێکی دیکه، چونکه هه‌موومان له خه‌م و خه‌فه‌تدا یه‌کسانین، چ رۆژهه‌ڵاتی یان عه‌ره‌ب یان کورد یان هه‌ر ره‌گه‌زێکی تر بین. سباره‌ت به هه‌ستم کاتێک ده‌یاندوێنم، ئه‌وا هه‌ستێکی پڕ له سۆز و هاوکارییه له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌دا که چیاکان له‌تاو سته‌ملێکردنیانه‌وه ده‌ناڵێنن. ئه‌و له هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌که پتر سته‌می پێ گه‌یشتووه، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا، ترسم له‌سه‌ر ئه‌م گه‌له سته‌مدیده‌یه له سه‌رکردایه‌تییه‌کانی که هیچ له مێژوو فێر نه‌بوون و، له رێگه‌ی گومڕاییاندا به‌رده‌وامن و، سته‌م له دوای سته‌م ده‌ده‌ن به‌سه‌ر شانی کوردا. هه‌روه‌ها هیوادارم که برایانی کورد دوور نه‌ڕۆن له نه‌ته‌وه پرستیاندا هه‌روه‌ک چۆن هه‌ندێک له عه‌ره‌ب به‌رجه‌سته‌یان کرد، چونکه هه‌موومان له ناوچه‌یه‌کدا ده‌ژین و، له‌وانه‌یه بتوانین مێژوو بگۆڕین به‌ڵام ناتوانین جوگرافیا بگۆڕین. پرسیار: به‌رنامه‌ی"ئاراسته‌ی جیاواز"، ئه‌زموونێکی نوێی نائاسایی له دیالۆگ له نێوان دوو لایه‌ن یان چه‌ندین لایه‌ن له دۆزێکدا، خسته‌ڕوو، ئه‌م ئه‌زموونه له‌لایه‌ن شه‌قامی عه‌ره‌بییه‌وه نه‌ناسراوبوو، زۆریش سه‌باره‌ت به لایه‌نه باش و خراپه‌کانی ئه‌م به‌رنامه‌یه وترا، ئه‌گه‌ر داوامان له د. فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم کرد خۆی بخاته بارێکی بێلایه‌ن و، ئه‌م به‌رنامه‌یه هه‌ڵبسه‌نگێنێت، چی ده‌ڵێت؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: بێ گومان گه‌واهی من رووشێنراوه سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌که، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم که بزافێکی سیاسی و رۆشنبیری بێ وێنه له گۆڕه‌پانه‌که‌دا هێنایه‌ئاراوه. کار له‌لایه‌ن هه‌ندێک له توێژه‌ره‌وان و ئه‌کادیمییه‌کان گه‌یشته ئه‌وه‌ی که مێژووی راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی بکه‌نه دوو به‌شه‌وه، به‌ر له"ئاراسته‌ی جیاواز" و پاش ئه‌و. ئه‌م دابه‌شکردنه به‌سه بۆ زانینی نرخ و بایه‌خی به‌رنامه‌که. پرسیار: فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم، چۆن راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت؟ ئایا ده‌توانێت رۆڵێکی کاریگه‌ر ببینێت که شان به شانی میدیا جیهانی بڕوات؟ له‌م میانه‌شدا، که‌ناڵی"الجزيرة"له‌کوێدایه؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: راگه‌یاندنی فه‌رمی عه‌ره‌بی به ده‌گمه‌ن له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی دیکه جیاوازی هه‌یه، راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی هه‌روه‌ک چۆن شاعیر"ئه‌حمه‌د مه‌ته‌ر"وه‌سفی کرد له خزمه‌تی خاوه‌ن شکۆدایه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جیاوازی له‌نێوان وڵاتێک و وڵاتێکی تردا به‌دی ده‌کرێت، راگه‌یاندنی مه‌غریبی ئازادتر و پێشکه‌وتووتره له راگه‌یاندنی تونسی یان لیبی. راگه‌یاندنی میسری به چه‌نده‌ها گێم به‌سه‌ر راگه‌یاندنی سوریدا زاڵه و، به‌و هه‌موو که‌م و کوڕییه‌ی که هه‌یه‌تی هێشتا ده‌توانێت جۆرێک له رای گشتی له میسردا دروست بکات. له کاتێکدا، رۆژنامه‌گه‌ری عه‌ره‌بی له چه‌ندین وڵات‌دا ته‌نها که‌ڵکی ئه‌وه‌ی هه‌یه که، زه‌وی چێشتخانه‌کانی پێ بسڕیت. ده‌رباره‌ی راگه‌یاندنی که‌رتی تایبه‌ت، ئه‌وا تا راده‌یه‌ک له ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌کان ئازادبوو، به‌ڵام هێشتا به‌سراوه‌ته‌وه پێیان، ده‌شتوانم راگه‌یاندنی تایبه‌ت وه‌ک باڵنده‌یه‌ک وه‌سف بکه‌م که گرێدراوه به ده‌زوویه‌که‌وه و، ده‌توانی زۆر به‌رز بفڕێت، به‌ڵام ده‌زوو به ده‌سته‌که، ده‌توانێ بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی هه‌ر کاتێک بخوازێت. سه‌باره‌ت به که‌ناڵی"الجزيرة"، ده‌توانم زۆر به شانازی و سۆزه‌وه بڵێم که به گه‌واهی خودی رۆژاواییه‌کان بووه که‌ناڵی یه‌که‌م له جیهاندا، چونکه وه‌ک ناودارترین پێنجه‌مین مارکه‌ی بازرگانی جیهان و، یه‌که‌مین مارکه‌ی راگه‌یاندن خه‌ڵاتی پێ به‌خشرا. ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه راده‌گه‌یه‌نێت، ئێمه ده‌توانین کاری نائاسایی ئه‌نجام بده‌ین ئه‌گه‌ر ئیراده له ئارادا هه‌بوو. پرسیار: راگه‌یاندنی پێشکه‌وتوو رۆڵێکی گه‌وره و هه‌ستیاری هه‌یه له پێکهێنان و ئاراسته‌کردنی رای گشتی، هه‌ندێک له لێکۆڵه‌ره‌وان پێیان وایه که، راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن شه‌قامی"میللیه‌وه به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی"، ئاراسته‌کراوه و، راگه‌یاندنێکه ماستاو بۆ هه‌ردوو لایه‌نی یارییه‌که"فه‌رمی و میللی"خاوده‌کاته‌وه، راستگۆیی ئه‌م بۆچوونه تا چ راده‌یه‌که به تێڕوانینتان؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: بۆچی ته‌نها راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی تۆمه‌تبار ده‌که‌ین به خۆڕێکخستن له‌گه‌ڵ شه‌قامی عه‌ره‌بیدا؟ ئایا راگه‌یاندنی ئه‌مریکی خۆی رێک ناخات له‌گه‌ڵ شه‌قامی ئه‌مریکی، هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی به‌ریتانی و فه‌ره‌نسیش خۆیان له‌گه‌ڵ شه‌قامه‌که‌یاندا رێک ناخه‌ن؟ ئایا ده‌توانێت شه‌قامی رۆژاوا له ئاراسته‌کانی شه‌قام دربچێت، بێگومان نا. ئه‌و نه‌خشه‌ی ده‌کێشێت و خۆیشی له‌گه‌ڵیدا رێک ده‌خات، هه‌مان شتیش به نیسبه‌ت راگه‌یاندنی عه‌ره‌بییه‌وه، ئاراسته ده‌کات و خۆی رێک ده‌خات، رۆڵی راگه‌یاندنی له جیهاندا به‌و شێوه‌یه، جیاوازیش نییه له نێوان سیسته‌مێکی گشتگیر و دیموکراتی. ده‌رباره‌ی ماستاوخاوکردنه‌وه‌ش بۆ حکومه‌ته‌کان، ئه‌وه تۆمه‌تێکی ره‌تکراوه، چونکه ناوی منیان له‌سه‌ر زۆرینه‌ی لیسته ره‌شه‌کانی جیهانی عه‌ره‌بی داناوه و، ناتوانم بڕۆمه ناو زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان و، سه‌رباری ئه‌وه‌ی که هه‌ندێک له وڵاته‌کان باڵوێزه‌کانی خۆیان به هۆی"ئاراسته‌ی جیاواز"وه، له قه‌ته‌ر کێشایه‌وه. پرسیار: چاوپێکه‌وتنتان له‌گه‌ڵ چه‌ندین که‌سایه‌تی ناوداری جیهانیدا ئه‌نجامدا، شێوازی تایبه‌تیتان له ئاراسته‌کردنی پرسیار و، به‌دواداچووندا، مایه‌ی نیگه‌رانی زۆرینه‌یان بوو، هه‌ندێکیشیان وه‌ک"فیدل کاسترۆ"، ده‌ستی به سنگیدا هێنا کاتێک پرسیاره‌کانتان کۆتایی هات، له‌وانه‌شه هه‌گبه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی دکتۆر ئه‌لقاسم به‌سه‌رهاتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی له‌خۆگرتبێت، ئایا ده‌توانن په‌رده له‌سه‌ر هه‌ندێکیان لابده‌ن؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: راسته من شێوازێکی رۆژاواییم له دواندنی سه‌رکرده‌کاندا، گرته‌به‌ر، چونکه له ساتی یه‌که‌مه‌وه خستمنه ناو قه‌فه‌سی تۆمه‌تبارکردنه‌وه. له بیرمه، کاتێک کاسترۆ هات بۆ چاوپێکه‌وتنه‌که، به بارێکی ده‌روونی گونجاوه‌وه بینیم و، له‌سه‌ر کورسییه‌که دانیشت و خۆی لێ راکێشا، به‌ڵام کاتێک پرسیاره‌کان ده‌ستی پێ کرد، دانیشتنه‌که‌ی گۆڕی و، له‌سه‌ر لێواری کورسییه‌که نیشته‌جێ بوو وه‌ک نیشانه‌یه‌ک له‌سه‌ر نیگه‌رانی و وریابوونی له پرسیاره گڕاوییه‌کانم، به‌ڵام له کۆتاییدا، دانی به‌وه‌دانا که یه‌کێک بوو له چاکترین ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ی که به درێژایی ژیانی ئه‌نجامی داوه و، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ش، به‌ڵکو فه‌رمانیدا به دووباره‌کردنه‌وه‌ی چه‌ندین جار له که‌ناڵه ناوخۆییه کوبییه‌کاندا. به هه‌مان شێوه سه‌رۆکی فه‌نزوێللا چافیز ره‌فتاری کرد. دێته‌وه یادم، سه‌رۆکی پێشووی ئێران محه‌مه‌د خاته‌می، هه‌ستی به بێزارییه‌کی ته‌واو ده‌کرد کاتێک گوێی له پرسیاره تێکده‌ره‌کانم. به‌ڵام، سه‌رۆک وه‌زیرانی پاکستان نه‌واز شه‌ریف چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ته‌واو نه‌کرد و، له بری ئه‌وه‌ی یه‌ک کاتژمێرم له کاته‌که‌ی پێ ببخشێت، ته‌نها بواری ده خووله‌کی پێ دام. هه‌روه‌ها، بیرمه"سه‌دام حسێن"ده‌ستی کرد به ته‌ماشاکردنم به جۆره نیگایه‌کی ترسناک کاتێک من دابوومه به‌ر لێزمه‌ی پرسیاره تیژه‌کانم، هه‌ر بۆیه وام هه‌ست کرد له‌و کاته‌دا، که ساتی ماڵئاواییم له ژیان نزیک بووه‌وه. له یادیشمه، له هه‌وڵێکیدا بۆ سووککردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری پرسیاره‌کانم له‌سه‌ری، داوای لێ کردم سه‌باره‌ت به جوانی و کیژوڵه‌کان پرسیاری لێ بکه‌م، وه‌ک جۆره گاڵته‌کردنێک، به‌ڵام من هه‌ر به‌رده‌وام بووم له پرسیاره ناره‌حه‌تکه‌ره‌کانم و، هه‌ڤپه‌یڤینه‌که به ئاشتییانه کۆتایی هات. پرسیار: به‌و پێیه‌ی که پێوه‌ندیتان به زۆر لایه‌نه‌کانی دۆزی کورد و، ده‌ره‌نجامه‌کانی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی ناوچه‌که ، هه‌بووه، چۆن ته‌ماشای ئه‌م دۆزه ده‌که‌ن و، چۆن باری ئاڵۆزی ئێستای و، ئاسۆی ئایینده‌ی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: به داخه‌وه، دۆزی کورد له بیسته‌کانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه و، تا ئێستا هێشتا له ده‌ستی بێگانه‌دایه و، هێشتا ئه‌م گه‌له بێ ده‌سه‌ڵاته قوربانی پلانه‌کانی بێگانه و، سیاسه‌ته ناوچه‌ییه‌کانه و، له بری ئه‌وه‌ی سوود له هه‌ڵه‌کانی رابردوو وه‌ربگیرێت، ده‌بینم سه‌رکردایه‌تییه‌کانی کورد له ته‌ڵه‌یه‌که‌وه ده‌رده‌چن تا بکه‌ونه ته‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌وه. په‌لاماردانی ئه‌مریکا بۆ عێراقیش بووه هانده‌رێک بۆ ئاڵۆزکردنی بابه‌ته‌کان. گومان له‌وه‌ش نییه که کورد که‌مێک که‌ڵکیان له بارودۆخی تازه وه‌رگرت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی درێژخایه‌ن زیانیان پێ ده‌گات هه‌روه‌ک چۆن هه‌میشه زیانیان کردووه. له ساتی یه‌که‌م کاتێک ئه‌مریکییه‌کان له عێراق ده‌چنه ده‌ره‌وه، ئه‌وا ده‌ره‌نجامه‌کان بۆ سه‌ر کورد زۆر خراپ ده‌بێت و، به‌های زیاده‌ڕه‌وی هه‌ندێک له سه‌رکرده‌کانیان ده‌ده‌ن که، رازیبوون به گۆڕینه‌وه‌ی رۆڵه‌کان بۆ ماوه‌یه‌ک و، رۆڵی قوربانییان به هی جه‌للاد گۆڕییه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی کورد و، دۆزه ره‌واکه‌یان ناگونجێت. پرسیار: هه‌ندێک له که‌ناڵه کاریگه‌ره‌کانی میدیای عه‌ره‌بی، گرێدانێک له نێوان دۆزی کورد و زایۆنیزمدا ده‌کات و، هه‌ندێکیش پێیان وایه که سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان وه‌ک دامه‌زراندنی ئیسرائیلێکی دووه‌مه له ناوچه‌که‌دا، ئێوه وه‌ک پسپۆڕیکی خاوه‌ن ئه‌زموونێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و، وه‌ک رۆشنبیرێکی عه‌ره‌ب که ئاگاداری له گرنگترین و هه‌ستیارترین کێشه‌کانی ناوچه‌که، ئایا جۆره گرێدانێک له نێوان دوو ئه‌زموونی کورد و ئیسرائیلی هه‌یه؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: هیچ پێوه‌ندییه‌ک له نێوان دۆزی کورد و زایۆنیزمدا نابینم، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که زایۆنیزم بزافێکی کۆڵۆنیالیزمه و دۆزێک نییه. به‌ڵام ده‌ست تێکه‌ڵی کورد له‌گه‌ڵ ئیسرئیل له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردوو، زۆرینه‌ی پاڵ پیوه نا که، به چاوی گومان و نیگه‌رانییه‌وه ته‌ماشای دۆزی کورد بکه‌ن و، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که زۆر له هاوسۆزی له ده‌ست بدات. ئاشکراشه که ئیسرائیل سوود له کورد وه‌رده‌گرێت نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، چونکه به هۆی هه‌ندێک له سه‌ردکرده بێ سه‌ر و به‌ره‌کانیان، ئیسرائیلییه‌کان گه‌یشتنه باکووری عێراق و، مه‌ترسییه‌کیان له‌سه‌ر ناوچه‌که پێکهێنا، هه‌ر بۆیه کورد له دیدی عه‌ره‌بدا وه‌ک دوژمن ده‌بینرێن نه‌ک سته‌م لێکراو. ده‌شتوانم جه‌ختت له‌سه‌ر ئه‌وه بۆ بکه‌م که ئیسرائیل ناخوازێت کورده‌کان له کیانێکی تایبه‌تیدا سه‌ربه‌خۆبن، چونکه ئیسرائیل ته‌نها کیانی ره‌گه‌زپرستییه له ناوچه‌که‌دا و، نا‌یه‌وێت به ته‌نیایی بمێنێته‌وه له ناوچه‌که‌دا، هه‌ربۆیه نه‌ته‌وه و که‌مایه‌تییه‌کان هان ده‌دات بۆ جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوون. به قسه‌یه‌کی تر، هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ندێکدا، بابه‌تێکی ره‌وایه له رووکه‌شدا و، ناڕه‌وایه له ناوه‌رۆکدا. پرسیار: هه‌روه‌ک ده‌زانن زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که پاش هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌مه‌وه دامه‌زران، له‌ژێر چاودێری و سه‌رپرشتی وڵاتانی رۆژاوادابوون، ئه‌مه راستییه‌که و، ده‌توانرێت چه‌نده‌ها نموونه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گری ده‌رباره‌ی بهێنرێته‌وه، پرسیاره‌که، بۆچی شه‌قامی عه‌ره‌بی ئه‌و مافه ده‌به‌خشێت به ته‌یموری رۆژهه‌ڵات و دوورگه‌کانی مۆرۆ له فیلپین و ناوچه‌ی فه‌تتانی له تایله‌ند، به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته به نۆکه‌رایه‌تی و خیانه‌ت داده‌نێت کاتێک مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ست ده‌بێت به گه‌لێکه‌وه که ژماره‌ی پتر له40 ملیۆن که‌سه وه‌ک گه‌لی کورد، هۆی ئه‌وه چییه؟ بۆچی رزگاربوونی هه‌ندێک له گه‌لان به پشتیوانی رۆژاوا ره‌وایه، که‌چی ئازادبوونی گه‌لی کورد به پشتیوانی رۆژاوا بابه‌تێکی ره‌تکراوه له هه‌موو روویه‌که‌وه، ئایا دووفاقه‌ییه‌ک له مه‌سه‌له‌که‌دا به‌دی ناکه‌یت؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: ئایا باوه‌ڕ به‌وه ده‌که‌یت که رۆژاوا سه‌ربه‌خۆیی بۆ کورد ده‌وێت تا لۆمه‌تی عه‌ره‌ب بکه‌یت؟ بۆچی لۆمه‌تی تورکه‌کان ناکه‌یت که دژ له هه‌موو هه‌وڵێکی سه‌ربه‌خۆیی کورد ده‌وه‌ستن؟ بۆچی لۆمه‌تی ئێران ناکه‌یت؟ ئایا ئێران و سوریا به ته‌نیا رێگرن له سه‌ربه‌خۆیی کورد؟ ئایا بیرت چوو چۆن هێزه کۆڵۆنیالیزمه‌کان چۆن یارییان به خه‌ون و داخوازییه‌کانی گه‌لی کورد ده‌کرد"و ده‌که‌ن"؟ پرسیار: ئایینده‌ی دیموکراتی له ناوچه‌که‌دا چییه؟ ئایا ره‌تکردنه‌وه‌ی دیموکراتی رۆژاوایی وه‌ک ئاراسته‌یه‌کی پان و به‌رینی شه‌قامی عه‌ره‌بی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن، کارێکی دروسته، یان جۆره ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی سۆزدارییه که هیچ جۆره بنچینه‌یه‌کی واقیعی نییه؟ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لقاسم: ڤۆلتێر ده‌ڵێت، نا‌توانیت سه‌ربه‌ست بیت ئه‌گه‌ر نه‌خوازیت. کاتێک گه‌لانی ناوچه‌که واتای سه‌ربه‌ستی و ئازادی ده‌زانن، ئه‌وا به ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نێن به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت. ئه‌و دیموکراتییه‌ی ئێستا خراوه‌ته‌ڕوو، گه‌مه‌ی سیاسی ئه‌مریکییه بۆ مه‌به‌ستی هیچ و پووچ که پێوه‌ندی به دیموکراتییه‌وه نییه. هه‌روه‌ها کۆششی هه‌ندێک رژێم بۆ خۆده‌رخستن له به‌رگی دیموکراتیدا، ئه‌وا ته‌نها بۆ نماییشکردنه. پێم وانییه شه‌قامی عه‌ره‌بی دیموکراتی به شێوه رۆژاواییه‌که‌ی ره‌تده‌کاته‌وه، به‌ڵکو به گومانه له‌و پڕۆژه رۆژاواییانه‌ی که له ژێر ناونیشانی بڵاوکردنه‌وه‌ی دیموکراتییه‌تدا به‌ڕێ ده‌کرێن. تێبینی: 1ـ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه راسته‌وخۆ ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌ڵکو پرسیاره‌کان"وه‌ک د.فه‌یسه‌ڵ خواستی"بۆی ره‌وانه‌کرا، هه‌ر بۆیه وه‌ڵامه‌کانی هیچ جۆره به‌دواداچوونی نییه. 2 ـ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه هاوکات له گۆڤاری"گوڵان" له کوردستان و، له هه‌فته‌نامه‌ی"په‌یامی ـ کورد" له ئه‌ڵمانیا بڵاوکرایه‌وه.
|
|
02/09/2015 |