له‌مه‌و لا مێژوی کورد  چه‌واشه‌ ناکرێت

پارێزه‌ر ڕه‌فعه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی

ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژوی سیاسی شۆڕشه‌کانی گه‌لی کورد  بکه‌ین زۆر به‌ ڕونی و ئاشکرا  سیمای چه‌واشه‌کاریان پێوه‌ دیاره‌.

هۆکاری جۆراو جۆر زۆرن بۆ ئه‌م چه‌واشه‌ کاریه‌.

گرنگترینیان زاڵ بوونی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های سه‌رانی شۆڕشی کورد به‌ سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردیدا و نزمی ڕاده‌ی  هوشیاری  سیاسی و ڕۆشنبیری جه‌ماوه‌رو هه‌روه‌ها بوونی چینێکی قه‌ڵه‌م فرۆش وویژدان مردوو له‌ خزمه‌ت و ستایشی سه‌ران و ده‌سه‌ڵاتدا. بێ گوێدان به‌ پاراستنی ئه‌مانه‌تی مێژووی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ هه‌موو ڕووداوه‌سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریه‌کانیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی  ده‌سه‌لاتداراندا بۆ نه‌وه‌کانی دوای خۆیان نووسیوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین خیانه‌ته‌ به‌ که‌لتوور و نه‌ریتی مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك .ئه‌گه‌ر  سه‌یری مێژووی سه‌رکرده‌کان و شۆڕشه‌کانی  کورد بکه‌ین  ده‌بینین مێژوو زۆر به‌ تێکۆشه‌رو بێ وێنه‌ باسیان ده‌کات که‌چی ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵ واقعی  کۆمه‌ڵگای  ئه‌و کاته‌ی گه‌له‌که‌ماندا به‌ چاوی بێ لایه‌ن و ویژدانه‌وه‌ هه ڵیان سه‌نگێنین بۆمان ده‌رده‌که‌وێت  ڕووداوه‌ مێژوویه‌کان هه‌موویان چه‌واشه‌ کراون  ته‌نانه‌ت  له‌ بیره‌وه‌ری خۆمدا ئه‌و زوڵم و زۆره‌ی  له‌ شۆڕش و سه‌رانی کورد دا به‌ چاوی خۆم بینیم له‌ هیچ شۆڕشێکی ووڵاتانی ده‌وروو به‌ردا نه‌م بینیوه‌. کام له‌و دوو حیزبه‌ زلهێزه‌، شه‌ڕی ناوخۆو کاره‌ساته‌کانی له‌ مێژوودا  بۆ نه‌وه‌کانی دوا ڕۆژ ده‌نوسنه‌وه‌ ،کامیان ڕوویان هه‌یه‌ باسی په‌ل کێش کردنی  له‌شکری  دوژمن و له‌شکری ووڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد به‌ ڕوون و ئاشکرا بگێڕنه‌وه‌ کامیان ئه‌توانن  به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ سیاسی  و ئیداری و ئابوریه‌ ئه‌مڕۆ له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ به‌ ڕاستی  ودروستی  له‌ مێژوودا تۆماری بکه‌ن .ئه‌گه‌ر  ئه‌مڕۆ ئه‌وان  ڕۆشنبیری  قه‌ڵه‌م فرۆشیان هه‌یه‌ مێژویان بۆ ته‌زویرو چه‌واشه‌  بکات ئه‌وا ئه‌مڕۆ  له‌ سایه‌ی  جیهانگیری  و پێشکه‌وتنی  ته‌کنه‌لۆژیا و هوشیاری  سیاسی جه‌ماوه‌ره‌و هه‌روه‌ها له‌ دایک  بووونی چینێکی دڵسۆز به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌کانی گه‌ل و به‌ ئاگا له‌ واقع  و ڕوداوه‌کانی به‌ ئامانه‌ت  وده‌ست و قه‌ڵه‌مێکی پاکه‌وه‌ ڕوداوه‌ مێژوویه‌کان  بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان  ده‌نوسنه‌وه‌ دوور له‌ ده‌ستکاری  و چه‌واشه‌ کاری ئه‌بێ ڕووداوه‌ مێژووویه‌کان  وه‌کو سومبول خۆیان بدوێن  ئه‌گه‌ر مێژوو ش نه‌بێت  خه‌ڵکی  به‌ ویژدان  نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ بۆ یه‌کتری  ده‌گێڕنه‌وه‌ وه‌کو کاره‌ساتی ئه‌نفال ،کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی  ساڵی    1991  ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991   ته‌نیا  ئه‌و ڕووداوانه‌ به‌ بێ  ده‌ستکاری چه‌واشه‌ کردن ده‌چنه‌ مێژووی بزوتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازی کورده‌وه‌..

 

           

 

02/09/2015