ئه‌ی شیرین ترین تارمایی، هۆ دۆستی من....

 

         ڕێباز مه‌حموود

          هۆڵه‌ندا

24/02/2005

rebazmahmud@hotmail.com

 

ڕژانی خوێنی ئه‌م کاره‌ساتانه‌و خه‌به‌ر کردنه‌وه‌ی پۆله‌ کولله‌کان،

له‌م خاکه‌ به‌یار و تاریکانه‌ی ئێمه‌دا.....

خه‌تای وه‌ر گه‌ڕانی قافڵه‌کانی نوور و..به‌ شه‌واره‌ بوونی قه‌تار چی یه‌کانی ،

ئومێد نین!

نغرۆ بوونی که‌شتیه‌ دێرینه‌کانی خۆشه‌ویستیمان له‌ زه‌ینی ده‌ریادا،

ئامانه‌تی لای سکێچه‌ نا ئارامه‌کانی نه‌وڕه‌س و

دوکه‌ڵی شینی زۆپه‌ داره‌کانی..ئاوایی به‌رائه‌تمانه‌ !

بێ واده‌ دانیشتوین له‌ سه‌ر کورسیه‌ سارده‌کانی دوو دڵی ،

به‌ دیار چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌رزانه‌ی بێ عاجزی  له‌ یه‌کتر جیا بوینه‌وه‌ و

ئه‌دره‌سی به‌فر و باران و پاوانه‌کانی یه‌کترمان،

له‌ دوو ڕیانه‌کانی ماڵئاوایی دا به‌ یه‌کتر به‌خشی!

که‌ له‌ یاد کردنی نێوان یاسه‌مینێک و هه‌ناسه‌ی حه‌سره‌تاوی به‌هارێک،

فاسیله‌ی ته‌نیا سه‌فه‌رێک بێت!

که‌ هاوڕێ یه‌تی من و ...ئه‌و بارانه‌ی هامو شۆی دێبه‌ره‌ ،

بێ ڕتووشه‌کانی دڵمی ئه‌کرد؛

وه‌ک و گژوو گیایه‌ک له‌ قه‌راغی مه‌سافه‌ دوور و درێژه‌کانی فیراقدا زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا..!

حه‌یف دۆستی من،

فه‌سڵه‌کان هه‌موویان بوونه‌ جه‌نگاوه‌ره‌ به‌ وه‌فاکانی ئافات..

له‌ ناو چرۆی هه‌ر نیازێکا ... په‌تای غه‌درێک له‌ که‌میندایه‌

له‌ پشت په‌رده‌ی زۆر پێکه‌نینی نه‌رمه‌وه‌ ، ڕه‌شماره‌کانی کینه‌ په‌پکه‌یان،

خواردووه‌ !

له‌ ناو کتێبی میانڕه‌وانه‌ی زۆر قه‌ناعه‌تدا..حه‌قیقه‌ت وه‌ک په‌پووله‌یه‌کی ووشک کراوه‌ ،

له‌ ناو به‌ینی په‌ڕه‌کانیدا مردووه‌ !

له‌ ناو ژووره‌کانی کۆشکی هه‌موو به‌ڵێنه‌ نارنجیه‌کانا، ده‌ست و پلی خوێناوی و

لاشه‌ی هه‌لا هه‌لا بووی پاشه‌ڕۆژ  شاردراوه‌ته‌وه!

له‌ ئاوڕ دانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ورێک له‌ بیابان و

ڕاوه‌ستانی هه‌ر بارانێک له‌ ناو گله‌یی یه‌ وشکه‌کانی هاوینا ،

 کۆدێتای زۆنگاوێك له‌ ناو خوێنی زه‌مه‌ندا هامو شۆ ئه‌کات.....

گه‌شبینی باخچه‌ ، هیچ له‌ قه‌له‌قی له‌قله‌ق که‌م ناکاته‌وه‌ ،

بۆ به‌ جێ مان !

سه‌وزیی..که‌ له‌ هه‌رێمی سنه‌وبه‌ره‌کاندایه‌ ، ته‌نیا ماکیاجی حازر به‌ ده‌ستی سرووشته‌ ،

بۆ ئارایشت دانی میوان دارێتی خۆی !!

ڕۆح سووکی یه‌که‌ی جارانی ئێمه‌ش،توحفه‌یه‌کی وونه‌ و

مۆزه‌خانه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌ چه‌قاوه‌سوانه‌ی بۆ مه‌گه‌ڕێ!

له‌ ناو ئه‌م مێژووه‌ قه‌مووره‌دا و

له‌ خوار ڕای کورسی حوکمی ئه‌م مۆته‌که‌ سه‌رده‌میانه‌وه‌ ،

جوانتر وایه‌ :

له‌ سه‌ر ڕه‌فه‌ تۆز لێ نیشتووه‌کانی بیره‌وه‌ریدا ، کتێبێك له‌ مناڵی داگرم و

به‌ دیار دامرکانه‌وه‌ی ئاگره‌کانمه‌وه‌ سه‌ری خۆم کز که‌م!

جوانتر وایه‌ :

  ده‌ست به‌ پاکیزه‌یی شمشاڵێکه‌وه‌ بگرم ، که‌ لاولاو به‌ گریانیا هه‌ڵ ئه‌زنێ و

چیدی خۆم له‌ ختووره‌ی وه‌همی خۆش خۆشه‌وه‌ نه‌‌ئاڵێنم ..

که‌ بێ ده‌نگیم له‌وه‌ ته‌نگه‌ به‌ر تربێ..جێگای ده‌عوه‌تی

ئه‌و هه‌موو په‌یامه‌ درۆزنانه‌ی تیا بێته‌وه‌ ..‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ دێن،

که‌ له‌ ئه‌سڵا ،

مایه‌ی سه‌غڵه‌تی من و باخچه‌ و ئاسمان و خودان !!

  له‌ سوچێكی خۆمدا، ده‌ست به‌ ناشتنی

  ئه‌ و ڕێحانانه‌ ئه‌که‌مه‌وه‌ که‌ دایکم ،له‌ دێراوه‌کانی مه‌حه‌به‌ت،

                    بۆی لێ ئه‌کردمه‌وه‌‌ .

له‌ دوور ترین شوێن له‌ سکاڵاشه‌وه‌ ،

  ئه‌م برینه‌ ته‌ڕانه‌ی خۆم که‌ گوله‌ی بێ مروه‌تیی ئازیزانی تیا جێ ماوه‌ ،

له‌ گله‌یی ئه‌ستێنمه‌وه‌ و ئه‌یانسپێرم به‌ قه‌له‌نده‌رییم !

  له‌ پشت ڕاڕاییمه‌وه‌ ،

سه‌کۆیه‌ک له‌ مانگ قه‌رز ئه‌که‌م و

له‌ سووچێکی شه‌وا،

به‌ ده‌م خواردنی ترێ ڕه‌شه‌ی حیکمه‌تی تاریکی یه‌وه‌ ..

له‌ ڕووت بوونه‌وه‌ی بێ ده‌نگی و گۆرانی وتنی ڕۆحی خۆم و

 له‌ کاروانی پرسیاره‌ قاچاخ و عه‌جوولوکان وورد ئه‌بمه‌وه‌ !

                                عه‌رشێک له‌ په‌پووله‌ ئه‌خوازم،

به‌ به‌ر فراوانی خه‌نده‌یه‌کی ڕاستگۆ و شیرین..

   ئه‌م ڕێگا توولانی یه‌ ئاسنینه‌ش جێ ئه‌هێڵم بۆ خه‌ونه‌ حه‌سووده‌کان !

دۆستی من،

ئه‌ی زیندوو ترین تارمایی ..تۆش ،

مادام ئه‌م ڕۆحه‌ گڕۆزه‌م ، وڕکی له‌ گاگۆڵکێ یه‌کی نوێ گرتووه‌ ،

لێی گه‌ڕێ .. با مناڵ بێته‌وه‌ !

لێی گه‌ڕێ ، با مناره‌ و قه‌ڵا سه‌خته‌کانی میهره‌بانیت فه‌تح کا

له‌ گۆشه‌یه‌کی دووره‌ ده‌ستی ئێواره‌کانی ئه‌م مانفایه‌دا..

که‌ نازانین،

له‌ چ په‌ڕه‌ گرافێکی خۆش ، یان ناخۆشدا ، قه‌ده‌ر..قسه‌ به‌م ئاوه‌ ئه‌بڕێ

که‌ بۆ موشتاقی گوێ ڕادێرانی چه‌مه‌نزارێک ئه‌ دوێ؟!

جڵه‌و شل که‌ ،

له‌ په‌نای مردنه‌کانه‌وه‌ ، خۆمان له‌ یه‌کتریدا حه‌شار ده‌ین...

 له‌ هه‌ورازه‌کانی دڵنیا بوونا ، سه‌ر له‌ بن تاوێره‌ به‌رده‌کانی گوماندا به‌رز که‌ینه‌وه‌ ..

   جوان گوێ هه‌ڵخه‌ین، له‌ پشته‌ بانی گریانه‌کانماندا

دڵمان ژوانی بۆ هیچ درۆیه‌ک دا نه‌نابێت..

ئاه.. دۆستی من، ئه‌ی شیرینترین تارمایی

سه‌یر که‌ ، سه‌یر:

ئه‌مه‌ش تێکه‌ڵاو بوونی ڕه‌نگه‌کانی ناو،

زه‌خره‌فه‌ی هه‌ندێ جار تووڕه‌و هه‌ندێ جار ڕووخۆشی منه‌ ..

جار جاره‌ له‌ قه‌ڵبه‌زه‌کانی مه‌ینه‌تی و زوڵمه‌ته‌وه‌ فوارره‌ ئه‌که‌م و

هه‌ندێ جار له‌ پلوسکی لایلایه‌کانی دایکمه‌وه‌ ئه‌ڕژێمه‌ خوار...

چنگت بگره‌وه‌ ،

  ئه‌و ساته‌ی چه‌ند دڵۆپێک شه‌ونم و

جۆگه‌له‌یه‌ک ئاوازی ڕوون و

هه‌ڵوژه‌یه‌کی ناو باخه‌کانی سه‌مه‌رقه‌ندم..!

بمڕێژه‌ ئه‌گه‌ر زانیت ،

قوڕاوێکم له‌ چڵپاوی که‌لتوور

له‌ ناو مشتی نیازه‌ په‌مه‌ییه‌کانتدا .

به‌ڵام تۆش تۆزێك مناڵیم زیاتر به‌ش به‌ ، هۆ شیرینترین تارمایی ،

ئه‌ی دۆستی من !

با بشێ خۆم موتوربه‌ی ، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی تۆ و

چاو داگرتنی نازه‌نینانه‌ی لاولاوێک له‌ به‌یانی .. بکه‌م!

پیاسه‌یه‌کم بده‌رێ؛

له‌و دیو په‌رژینه‌کانیه‌وه‌ ، هیچ له‌شکرێکی ڕاڕایی خۆی مات نه‌دابێت..

  فانۆسێكـم له‌ ڕۆشناییه‌کانی خۆت پێ بده‌ ،

ئه‌م دڵه‌م خۆی له‌به‌ردا بگۆڕێت و .. بڕواته‌ حزووری

مه‌رقه‌ده‌کانی ئاوڕدانه‌وه‌ !

بۆ ناو گۆڕستانی شته‌ جوانه‌کانی ڕابوردووم..

ڕوخسه‌تم پێ بده‌ ، بچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌برانه‌ی

ئاوا بوونی ڕۆژه‌ دڵسافه‌کانی تێدا خه‌وتوون....

بهێڵه‌ گۆڕه‌کانم یه‌ک به‌ یه‌ک هه‌ڵده‌مه‌وه‌ ،

  که‌ پڕن له‌ ئێسک و پروسکی نیازه‌ شه‌رمنه‌کان!

بچـم ،تووی وه‌ریوی نیاز پاکی،

له‌ به‌رماڵانی ئه‌فسوسدا کۆ که‌مه‌وه‌ ..

وه‌ک زووم ، به‌رده‌ ورده‌ هه‌ڵده‌مه‌ ناو حه‌وزی مزگه‌وته‌وه‌

تا تێکه‌ڵ به‌ داڵغه‌ی ماسییه‌کان بن..

به‌ ناو بیشووی چڕو پڕی عه‌زێته‌کانی باوکمدا بڕۆم

دڵۆپه‌ی ڕژاوی عاره‌قه‌کانی هه‌ڵبگرمه‌وه‌  و

بیانهێنم بیانخوێنمه‌وه‌ ..!

به‌ چاوی ڕۆح ،

سه‌رنج بده‌م له‌و ده‌روێشه‌ی ،

خوا، دا ئه‌به‌زێته‌ ناو زیکره‌کانی و

ده‌ست ئه‌هێنێ به‌سه‌روو چاوی سه‌ماکانیا..!

وورد ببمه‌وه‌ ،

له‌و ته‌پ و تۆزه‌ی له‌ دووره‌وه‌ دیاره‌ ، منی تیا خاپوور ئه‌بێ ..

له‌و دوکه‌ڵه‌ی ئاشکرایه‌ ، له‌ هه‌رێزه‌ سه‌وزه‌کانی یادگاریم و

گونده‌ ڕه‌نگین و ساده‌کانی ڕابوردووم به‌رز ئه‌بێته‌وه‌ ..

له‌م سه‌رده‌مه‌ ئاسنینه‌دا،

هۆ شیرین ترین تارمایی،

ئه‌ی دۆستی من..

كه‌پرێک له‌ سۆزم بده‌رێ؛ تیایدا نیشته‌ جێ بم !

ڕێگایه‌کم بده‌رێ؛ وه‌ک گفت و به‌ڵێنه‌کانی ئه‌وێنده‌ر،

ئاخریه‌که‌ی گرێ کوێره‌ی تێ نه‌که‌وتبێ !!

که‌ ، من ئه‌زانم به‌م هه‌ڵه‌مووتی غوربه‌ته‌وه‌

به‌م به‌رزاییانه‌ی عاسی بوونه‌وه‌ ؛

ڕێگای دابه‌زین ..به‌فری ئه‌سته‌مه‌کانی مێژووی به‌سه‌ردا باریوه‌ !

تازه‌ ناگه‌مه‌وه‌ قه‌د پاڵه‌کانی مناڵی و

به‌ چڵێ هه‌ڵسه‌وه‌ ،

یاری له‌گه‌ڵ ڕوومه‌تی به‌هاردا بکه‌م ..!

تازه‌ به‌رچنه‌ی ڕۆشنایی ئه‌وسام به‌ به‌تاڵی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ .

تازه‌ عانه‌ی دڵخۆشیم ، له‌ فه‌قیانه‌که‌ی دایکما به‌ جێما ..

هۆ شیرینترین تارمایی،

ئه‌ی دۆستی من؛

من پاشماوه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌م ،که‌ جه نگ و شکان

مێژوویه‌کمی تیا شه‌ل و کوێر کرد..

که‌ سه‌فه‌ر به‌ به‌ر چاو هه‌یببه‌تی نیشتمانه‌وه‌ ؛

به‌ ویقاره‌وه‌

بۆ دوا جار له‌ خۆمی دزیم..

 

 

 

           

 

02/09/2015