کاریکاتێره‌کانی موحه‌مه‌د و پێکدادانی که‌لتوره‌کان |
سه‌ردار عه‌زیز ئه‌وه‌ی ئێستا له جیهانی ئیسلامی‌دا رووئه‌دا، له رێپێوان، سوتاندنی بالیوزخانه‌کان، ئابلۆقه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌وروپیه‌کان، هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگ بۆ رۆژنامه‌نووسان، کۆمه‌ڵه کردار‌و چالاکیه‌کن که هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ روداوێکی تاراده‌یه‌ک هاکه‌زایی. چه‌ند مانگێ له مه‌وپێش، له میانه‌ی ئه‌و بایه‌خه‌ی له‌م دوایانه‌دا به‌رامبه‌ر ئیسلام گه‌شه‌یکردوه له‌رۆژئاوا، نوسه‌رێکی دانیمارکی به نیازی ئه‌وه‌بوو کتێبێک له سه‌ر پێغه‌مبه‌ر موسوڵمانان موحه‌مه‌د بنووسێ. ئه‌م نووسه‌ره بۆ کتێبه‌که‌ی به دوای که‌سێکا ئه‌گه‌را بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی یان نیگارێکی که‌سی موحه‌مه‌دی بۆ بکێشێ، به‌ڵام هیچ که‌س ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و کاره‌ی بۆ ئه‌نجام بدات. هه‌موو له‌ئه‌وه ئه‌ترسان که ره‌نگه ئه‌وه ببێته هۆی کوشتنیان، یان ژیانیان بکه‌وێته مه‌ترسیه‌وه، به تایبه‌ت پاش کوشتنی ثیو ڤان کوخ له ئه‌مستردامی هۆڵه‌ندا. (که ده‌رهێنه‌رێکی سه‌رشێتی سینه‌مایی بوو، فلیمێک کورتی له سه‌ر ئافره‌تێکی موسوڵمان ده‌رکرد که له‌سه‌ر جه‌سته نیمچه رووته‌که‌ی ئایه‌تی قورئان نوسرابوو، سیناریوی فلیمه‌که له‌لایه‌ن ژنێ ره‌ش پێستی سوماڵیه‌وه نوسراوه که ئه‌ندام په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندایه‌و ئێستا له به‌ر هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگ به نهێنی ئه‌ژی). نه‌وێرانی هیچ که‌سێ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ک بۆ نووسه‌ری کتێبه‌که بکێشێ، بو به سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بۆ رۆژنامه‌یه‌کی دانیمارکی. ئه‌م ترسه له‌لایه‌ن هه‌ندێکه‌وه وه‌ها لێکدرایه‌وه، که دانانی سانسۆره له سه‌ر خود وه هه‌روه‌ها پێشێلکردنی مافی ئازادی را ده‌ربرینه. ئه‌مه وه‌های له رۆژنامه دانیمارکیه‌که کرد دوانزه کاریکاتێری موحه‌مه‌د بڵاوکاته‌وه. ئه‌م ده‌رزه‌نه کاریکاتێره به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا بۆ مه‌به‌ستی سوکایه‌تی پێکردن کێشراون. زۆر به ئاشکرا ئه‌و په‌یامه له پشتیه‌وه‌یه که هیچ شتێک پیرۆز نیه، هه‌موو شتێک ده‌کرێ بکرێته مایه‌ی قۆشمه. له لایه‌کی تره‌وه کاریکاتێره‌کان ته‌نها هیرش نین بۆ سه‌ر که‌سایه‌تی موحه‌مه‌د به‌ڵكو له رێی ئه‌وه‌وه هێرشه بۆ سه‌ر ئاینی ئیسلام و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئیسلام؛ بۆ نموونه کێشه‌ی ئافره‌ت، له یه‌کێک له کاریکاتێره‌کاندا پیاوێکی ریشن به خنجه‌رێکه‌وه دوو ژنی سه‌رتاپا به ره‌ش داپۆشراو له پشتیه‌وه‌ن، له یه‌کێکی تردا موحه‌مه‌د سه‌رپێچێکی به سه‌ره‌وه‌یه که بۆمبێکی تیایه. ئه‌م کاریکاتێرانه چه‌ند مانگێک له‌مه‌وپێش بڵاو بوونه‌وه، تا هیندێکیش به‌بێده‌نگی تێپه‌رین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌های کرد کێشه‌که سه‌رله‌نوێ سه‌رهه‌ڵداته‌وه ئه‌و گۆڤاره نه‌رویجیه بوو که سه‌رله‌نوێ کاریکاتێره‌کانی چاپکردوه‌وه. ئیتر جالیه‌ی ئیسلامی کێشه‌که‌یان گه‌یانده ئه‌زهه‌ر و له‌وێشه‌وه ووڵاتانی تر، ئیتر هه‌ر ووڵاته‌و به پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی کێشه‌که‌ی به‌کارهێنا. (ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌پێکردنه که دونیای ئه‌مرۆ دونیایه‌که که زۆرگرانه دیارریده‌یه‌کی تیا بشاریته‌وه هه‌رچه‌ند ئه‌و دیاریده که‌مم بایه‌خ و بچکۆله‌ش بێت. جاران یان سه‌ده‌کانی پێشوو کاری وه‌ها ئاسانبوو. بۆنموونه کاتێک که ڤۆڵتێر شانۆنامه‌که‌ی ناونا موحه‌مه‌د، بگره تارۆژگاری ئه‌مرۆش زۆرینه‌ی خه‌ڵكی موسوڵمان بێ‌ئاگان لێی، وه هه‌روه‌ها ئه‌و په‌ره‌گرافانه‌ی که له کۆمیدیای خواوه‌نده‌که‌ی دانتیا هاتووه، که پاشان دێینه‌وه سه‌ریان). ئه‌م به خراپ به‌کارهێنانه، شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ببێته وانه‌یه‌ک بۆ موسوڵمانانی ئه‌وروپا؛ که ووڵاته ره‌سه‌نه‌کانیان به هیچ جۆرێ بایه‌خ به کێشه‌کانی ئه‌وان ناده‌ن به‌ڵکو له هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌دان چۆن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاریبهێنن. ئه‌وه‌ی له سوریا‌و لوبنان روویدا؛ تا هیندێک مایه‌ی پێکه‌نینه. سوریا له‌و رێپێوانه‌ی دیمه‌شق و هێرشکردنه سه‌ر باڵوێزخانه‌کان مه‌به‌ستێکی هه‌بوو، وه له رێپێوان و سوتاندنی بالوێزخانه‌ی دانیمارک له به‌یروت (که له‌لایه‌ن سوریاوه رێکخرا؛ زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌سگیرکراون سورین) مه‌به‌ستێکی تری هه‌بوو. له رووداوی دیمه‌شق مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو په‌یامێک بۆ ووڵاتانی رۆژئاوا بنێرێت که گوایه ئه‌گه‌ر هێرش بکه‌نه سه‌ر سوریا و رژێمه‌که‌ی بگۆرن ئه‌وا ئه‌م جۆره خه‌ڵكه دێنه سه‌ر حوکم، که ته‌رو ووشک پێکه‌وه ئه‌سوتێنن. (دیاره ئیخوان موسلمین به‌هێزترین باڵی ئۆپۆزسیونن له سوریا) له رووداوی به‌یروت مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو بڵێت به رۆشتنی سوریا لوبنان بووه‌ته گۆره‌پانی پێکدادانه ئاینی مه‌زهه‌بیه‌کان وه حکومه‌تی لوبنانی بێتوانایه له به‌رێووبردن ووڵاته‌که‌یان. با بگه‌رێنه‌وه سه‌ر کێشه‌ی وێنه و کاریکاتێره‌کان. یه‌کێک له‌و بۆچونانه‌ی که له ده‌رئه‌نجامه ئه‌م رووداوه هاتوه‌ته ئاراوه که گوایه لای موسوڵمانان به هیچ جۆرێ وێنه یان هێڵکاری پێغه‌مبه‌ر ناکێشن و بگره نه‌کێشراوه. ئه‌م بۆچونه تاراده‌یه‌ک جێی گومانه. لای شیعه هه‌رده‌م وێنه‌ی موحه‌مه‌د و به زۆری عه‌لی هه‌بووه. نزیکه‌ی ده‌ساڵ له‌مه‌وپێش له گوندێ بچکۆله‌ی له ئازه‌ربانجانی ئێران له ماڵه تورکێکی شێعه‌دابووم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ کوردی ترا که تیایاندا چه‌ند ئه‌ندامێکی گه‌وره‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامیش هه‌بوو، به دیواری ئه‌و ژووره‌ی که ئێمه‌ی لێ دانیشتبووین، وێنه‌ی لاوێکی ئه‌سمه‌ری خوێنگه‌رم به دیواره‌که‌وه بوو کابرای خاوه‌ن ماڵ پێی ووتین ئه‌وه وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ره. بۆ من مایه‌ی سه‌یربوو. به‌ڵام لای هیچ که‌سێ نه‌بووه مایه‌ی مشتوومر یان پرسیارکردن که نابێ موحه‌مه‌د وێنه‌ی هه‌بێت. دیاره لای هه‌مووان ئاشکرایه ئاینی ئیسلام به هیچ جۆری بایه‌خ به وێنه‌ی که‌سایه‌تیه‌کانی ئیسلام نادات. دیواری مزگه‌وته‌کان به گشتی به‌تاڵن له هه‌موو وێنایه‌ک. هێندێک که توندره‌وانه بیرده‌که‌نه‌وه وه‌های به باش ئه‌زانن به هیچ شێوه‌یه‌ک وێنه‌گرتن نه‌بێت. چونکه ئه‌وه لاساییکردنه‌وه‌ی کاری خودایه. ئه‌مه نه‌ک له‌لای شیعه به‌ڵکو بۆ سه‌رده‌مانێکی زۆر وێنه‌ی موحه‌مه‌د کێشراوه‌و روومه‌تیشی له‌گه‌ڵیا دیاربووه. له کتێبخانه‌ی زانکۆ ئێدنبێرگ وێنه‌یه‌ک هه‌یه که ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساڵی 1585 که له کتێبی (جامع التواریخ) ه‌وه وه‌رگیراوه. له‌م وێنه‌یه‌دا پێعه‌مبه‌ر به‌رده ره‌شه‌که‌ی که‌عبه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه و خه‌ریکه ئه‌یخاته سه‌ر پارچه قوماشێ که چوارلاکه‌ی له‌لایه‌ن چوارکه‌سه‌وه گیراوه. ئه‌م وێنه‌یه له شاری مه‌ککه کێشراوه. به‌ڵام وێنه له گه‌ڵ خۆیدا په‌یامێک هه‌ڵئه‌گرێت. کاریکاتێر ره‌نگه ئه‌و په‌یامه به جۆرێکی زه‌قترو بازاریتر به‌یانکات. ئاشکرایه که چۆن له مێژوودا کاریکاتێر به‌کارهاتووه بۆ مه‌به‌ستی سوککرن و رق لێبوونه‌وه‌ی ئه‌وانی تر؛ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن نازیه‌کانه‌وه به‌رامبه‌ر جووله‌که له ساڵانی سه‌ره‌تای جه‌نگی جیهانی دووه‌م. کاریکاتێره‌کانی رۆژنامه دانیمارکیه‌که له سه‌رده‌م و شوێنکدا هاتوون زۆرگرانه بۆ که‌سێک براوابکات که مه‌به‌ست لێیان ئازادی را ده‌ربرینه. هه‌رچه‌نده له گه‌ڵ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌دا ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵئه‌دا چ جۆره رایه‌ک. دانیمارک ئه‌مرۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌یره. دوو هه‌فته له‌مه‌وپێش دوو هاورێم له کۆپنگاگنه‌وه هاتن بۆ سه‌ردان؛ سیسیلیاو یوهانسن، که هه‌ردووکیان خوێندکاری زانکۆن. له گه‌ڵ خۆشیاندا کچێکی تری دانیمارکیان هێنابوو. به‌رای هه‌رسێکه‌یان دانیمارک ئه‌مرۆ ووڵاتێکه له به‌ر گه‌شه‌ی پارته راستره‌وه‌کان خه‌ریکه ژیان تیایا ده‌بێته ئه‌رکێکی گران.
دانیمارک ووڵاتێکه ره‌نگه به به‌راورد به‌ووڵاتانی تری ئه‌سکه‌نده‌ندنه‌فیا به‌وه ناسرابێت که خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌وه‌نده جیدی نین و ئازادی زیاتر له شوێنانی تر تیایدا به‌رقه‌راره. وه‌ک ده‌ڵێن؛ (بیره‌یه‌ک بێنه، ئه‌وه‌نده شته‌کان ئاڵۆزمه‌که). به‌ڵام ئازادی زیاتر له‌وبوارانه‌دایه که خزمه‌تی مرۆڤ ناکات. دانیمارک تاکه ووڵاته که ئه‌و که‌سه ده‌روون پیسانه‌ی که خوازیاری ئه‌وه‌ن کاری سیکسی له گه‌ڵ مناڵ‌دا بکه‌ن له ژێر ناوی ئازادی به جۆرێک له جۆره‌کان رێ‌یان پێئه‌درێت. له‌م دوایانه‌دا نووسه‌رێکی دانیمارکی ته‌مه‌ن 68 ساڵ له کچه 18 ساڵانه‌که‌یان نووستبوو، وه کتێبێکی ده‌رباره‌ی ئه‌و کاره نوسیبوو. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی پیره‌مێردێکی دانیشتووی ئه‌و شاره وه‌بیر بهێنینه‌وه. ئه‌م پیره‌مێرده ناوی سۆرین کێرکیگارده. که ئه‌مرۆ زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵكی دانیمارک هه‌ر ناشی ناسنه‌وه. ئه‌م فه‌یله‌سوفه له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له کۆپنهاگن ژیاوه؛ پیاوێکی مه‌سیحی بووه به‌ڵام به جۆری جیاواز بۆیه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه مایه‌ی بێزلێهاتنه‌وه بووه. کێرکیگارد له کتێبی ترس و له‌رزینا باس له ئازادی قسه‌کردن و ئازادی بیرکردنه‌وه ئه‌کات. به‌لای ئه‌وه‌وه سه‌یره که خه‌ڵکی داخوازی ئازادی قسه‌کردنن له بری ئازادی بیرکردنه‌وه. له ئاماده‌نه‌بوونی ئازادی بیرکردنه‌وه‌دایه که ئازادی قسه‌کردن که ده‌سته‌به‌ریش ده‌بێ زۆر به ده‌گمه‌ن به‌کاردێت. ده‌بێ چ بایه‌خێک هه‌بێ بۆ قسه‌کردنێک که هیچ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له پشتیه‌وه نه‌بێت. له که‌ناڵی بی بی سی له به‌رنامه‌ی هاردتۆک، له چاوپێکه‌وتنێکا له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی وێنه کاریکاتێره‌کانی کێشابوو، زۆر به‌روونی و ئاشکرا گێلێتیه‌کی بێ وێنه به قسه‌کانی کابراوه ئه‌بینرا. کاریکاتێر شێوازێکی تایبه‌تی کێشانه که کاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بینین و بیرکردنه‌وه‌ی بینه‌ره‌که‌ی هه‌یه. زانستی ده‌مارناسی (نیورۆلۆجی) ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه که مێشکی مرۆڤ له شێوه‌ی کاریکاتێردا وێنه‌ی روومه‌ت و که‌سه‌کان هه‌ڵئه‌گرێت و ئه‌ناسێته‌وه. ئه‌م شێوازه به جۆرێکه مێشک لایه‌نه تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی روومه‌تی بینراو به شێوه‌یه‌کی نائاسایی گه‌وره یان بچوک ئه‌کاته‌وه. هه‌ر ئه‌م شێوازه‌شه له ئه‌ده‌بدا به‌کاردێت؛ ئه‌ده‌ب به‌گشتی بریتیه له هه‌ڵاوسان یان بچوککردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی له‌لایه‌ن مێشکه‌وه وێنابکرێن. لێره‌دا ده‌توانین بپرسین؛ ئایا ئه‌و کاریکاتێرانه‌ی که بڵاوکرانه‌وه، له خزمه‌تی کێدان، یان ئایا خزمه‌تی چی ئه‌که‌ن. ئه‌گه‌ر بێتوو براوش بێنین که ئه‌و کاریکاتێرانه ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی پێکه‌نین کراون، ئه‌وا هه‌ر ئه‌و راستیه ناشارێته‌وه که مه‌به‌ستێکی تر هه‌یه له پێکه‌نین به که‌سێک. کاتێک جوله‌که وه‌ک مه‌یموون وێنائه‌کران و به مناڵانی قوتابخانه‌یان ئه‌ووت ئه‌وان مه‌یموون و لاساییان ئه‌کرایه‌وه بۆ گاڵته پێکردن. له خۆشه‌ویستیا نه‌بوو بۆ جوله‌که به‌ڵكو مه‌به‌ست له مرۆڤ خستنی ئه‌ویتربوو. له هه‌ناوی کاریکاتێره‌کانی رۆژنامه دانیمارکیه‌که‌دا ئه‌و په‌یامه روونه که؛ ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که شوێنهه‌ڵگری که‌سێکی وه‌هان (موحه‌مه‌د) لێره جێتان نابێته‌وه. ئه‌م ترسه به ئاشکرا بۆ تۆقاندنی خه‌ڵك به‌کاردێت. له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ئه‌م دوواییه‌ی دانیمارکا که پارتی خه‌ڵك راستر‌ه‌و 20% تیا به‌ده‌ستهێنا ئه‌م په‌یامه زۆر به‌زه‌قی دیاربوو. کاتێک له ژێر وێنه‌ی کچێکی قژزه‌رده‌وه ده‌نوسرێ (له چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوودا تۆ ئه‌بێته که‌مینه له‌ووڵاته‌که خۆتدا) به ئاشکرا بۆنی ئیسلامۆفۆبیای لێئه‌هات. ده‌کرێ لێره‌دا بپرسین ئایا که‌لتووره که مرۆڤه‌کان له یه‌ک جوودائه‌کاته‌وه و ئه‌یانکاته دوژمنی یه‌کتری، یان ره‌گه‌زپه‌رستی قۆناغه‌کانی تری بریوه ئێستا مرڤه‌کان له سه‌ربنه‌مای که‌لتوره‌که‌یان سوکایه‌تیان به‌رامبه‌رئه‌کرێت. له ساڵی 1993 پرۆفیسۆری زانکۆی هارڤه‌رد سامۆئیڵ هه‌نتیگتۆن له گۆڤاری فۆرن ئه‌فێر بابه‌تێکی نووسی له ژێر ناوی پێکدادانی شارستانیه‌ته‌کان، که له بنه‌ره‌تدا وه‌ڵامێک بوو بۆ بابه‌ته‌که‌ی فرا‌نسیسی فۆکۆیاما. به‌لای فۆکۆیاماوه به رووخانی دیواری به‌رلین، له به‌رده‌م لیبرالیزمدا هیچ به‌ربه‌ستێکی ئایده‌لۆژی نه‌ما. بۆیه رووخانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و کۆتایی شه‌ری سارد بۆ ئه‌و کۆتایی مێژووبوو. به‌ڵای هێنتنگتۆنه‌وه شه‌ره‌کانی داهاتوو له سه‌ر بنه‌مای ئایده‌لۆژی و ئابووری نابن به‌ڵکو له سه‌ر بنه‌مای که‌لتووری شارستانی ده‌بن. رووداوه‌کانی یانزه‌ی سیپته‌مبه‌ر وایان له زۆرینه‌ی خه‌ڵكکرد که بروا به هێنتنگتون بێنن. ته‌ناته‌ت خودی فۆکۆیاما خۆشی به‌جۆرێک له جۆره‌کان په‌شیمان بوویه‌وه، به تایبه‌ت له کتێبی سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. دیاره فۆکۆیاما به هیچ جۆرێ ئاینی ئیسلامی له به‌رچاوو نه‌گرتووه. به بروای ئه‌و ئه‌و ئاینی ئیسلام وه‌ک هه‌ر ئاینێکی تر ناتوانێ ببێته به‌رنامه‌یه‌کی جیهانی چونکه ته‌نها یه‌ک له‌سه‌ر شه‌شی خه‌ڵکی گۆی زه‌وی موسوڵمانن. له کاتێکا په‌یامه‌که‌ی فۆکۆیاما به‌ئاشکرا بۆنی ئاینی مه‌سیحی لێدێت. به‌لای جاک درێداوه؛ جاردان بۆ ئاشتی جیهانی لای فۆکۆیاما هاوته‌ریبه له خیتابی دووه‌م هاتنه‌وه‌ی مه‌سیح؛ که سه‌رده‌مێک ده‌بێت ئاشتی تیایا بۆ هه‌زارساڵ باڵ به‌سه‌ر دونیادا ئه‌کێشێ. (له داهاتوودا؛ له بنه‌ما فه‌لسه‌فی و سیاسیه‌کانی فۆکۆیاما و هێنتنگتۆن ده‌کۆڵینه‌وه، به تایبه‌ت بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر هه‌وڵی ئه‌مریکا بۆ به‌رقه‌رارکردنی ئاشتی له دونیادا).
ئه‌م کاریکاتێرانه‌و پاشهاته‌کانی به‌لای منه‌وه ته‌نها له خزمه‌تی ئه‌وانه‌دایه له به‌دوای شه‌ری شارستانیه‌ته‌کانا ئه‌گه‌رێن. له سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌م دوایه‌ی بۆ دۆبلنی پایته‌ختی ئایرله‌ندی باشور نوم چۆمسکی له چاوپێکه‌وتنێکا ووتی؛ ته‌نها بن لادن و بۆشن به‌دوای شه‌ری شارستانیه‌ته‌کانا ئه‌گه‌رێن. ئه‌م رووداوانه‌ی ئه‌م دواییه؛ کێشه هه‌ره جیدیه‌کانی کۆمه‌ڵگای رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی هێنایه ئاستێکی بازاریه‌وه. ئه‌وه‌ی روویدا جگه له سوکایه‌تی پێکردنی پێرۆزترین پیرۆزی موسوڵمانا هیچی تر نه‌بوو. له هه‌مانکاتدا داکۆکیکردن بوو له سه‌ر ئیرۆسینرالیزم، یان به چه‌ق بوونی ئه‌وروپا. ئه‌گه‌ر به‌لای ئه‌وروپیه‌کان یان دانیمارکیه‌کانه‌وه ئاین بایه‌خی نه‌ماوه؛ ئیتر مانای ئه‌وه نیه که ده‌بێ به‌لای هه‌موانه‌وه بایه‌خی نه‌مێنێ. من به‌ش به‌حاڵی خۆم پێم‌خۆش نیه له ووڵاتێکی ئاینیدا بژیم. به‌ڵام ئاین به‌شێکی گه‌وره‌ی پێکهاته‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی دونیایه. خوا به زۆری شێوازی شاراوه‌وه جیا له بۆنه‌و رووداو سیره‌مۆنیه‌کانا ئاماده‌یی هه‌یه. ته‌نانه‌ت به‌لای میشێل فۆکۆوه لیبرالیزم ره‌گی له راهێنانی خوده‌وه‌یه که له بنه‌ره‌تدا پرنسیپێکی پرۆتستانتیه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌یر که ئه‌مرۆ تێگه‌شتنێکی سوک و پڕ له هه‌ڵه باڵی به‌سه‌ر ناوه‌ندی رۆشنبیری کوردی‌دا کێشاوه ده‌رباره‌ی ئاین. به‌گشتی ده‌توانین بڵێین گۆره‌پانه‌که بوه‌ته دوو به‌شه‌وه به‌شێک بروایان وایه که ئاین به‌سه‌رچووه، رۆژگاره‌کانی ته‌واوبوون، ئێمه پێویستمان به بیرورای مۆدرێن یان ته‌نانه‌ت پۆستمۆدرێن هه‌یه. ئه‌مانه ده‌سته‌ی به‌ختیار عه‌لی و ده‌روێشه‌کانین. له لایه‌کی تره‌وه هه‌ندێکی تر بروایان وایه ده‌بێ بگه‌رێینه‌وه بۆ ئاین و په‌یره‌وه‌کانی ئه‌مانه‌ش فاروق ره‌فیق و موریده‌کانین. هه‌ردوو ده‌سته تابینه‌قاقایان هه‌ڵه‌ن. یه‌که‌م به‌ختیاریه‌کان (مه‌به‌ستم له‌م پۆلێنکردنه ته‌نها بۆ ئاسانکردن و ناسینه‌وه‌یه؛ ئه‌گینا مه‌رچ نیه خودی به‌ختیار عه‌لی به‌مجۆره‌بێت)، بێ‌ئاگان له‌وه‌ی که عه‌لمانیترین فیکری رۆژئاوا ره‌گی قووڵی له ئاینی جوله‌که‌و مه‌سیحیدا هه‌یه. به‌لای ئه‌وانه‌وه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئێمه پرۆسه‌ی رۆژئاوا بهێنین و پیاده‌یکه‌ین. وه به هێنانی ئه‌م پرۆسه‌یه ئاینی ئیسلاممان له کۆڵئه‌بێته‌وه. ئه‌م تێزه پرۆبلماتیکه له کاتێکا فیکری عه‌لمانی له قه‌یرانی قوڵدا ئه‌ژی، به‌رامبه‌ر کێشه‌کانی مرۆڤ. به‌لای کۆژێڤ و فۆکۆیامه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر مێژوو کۆتایی بێت ئه‌وا رۆژگارێک دێت که زۆر بێمانایه. ئه‌ده‌ب، فه‌لسه‌فه، هونه‌ر، هیچ ئاماده‌ییه‌کیان نابێ، مرۆڤ بێزارده‌بێت و ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌می مێژوو. (مه‌به‌ست له‌م ئاماژه‌یه ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر لیبرالیزم یان که‌پیتالیزم سه‌رکه‌وێ به‌وه‌ی کێشه‌کانی مرۆڤ چاره‌سه‌رکات و ئاشتی جیهانی باڵی به‌سه‌ردونیادا بکێشێ) ئه‌م دیاریده‌یه له ئه‌مریکا له هه‌موو شوێنێکی تر زیاتر به زه‌قی دیاره. ساڵانه قوتابی و خوێندکارێکی زۆر له ئه‌مریکاوه دێنه کۆلێژه‌که‌مان من هه‌رده‌م هاورێ زۆرم ده‌بێ له‌گه‌ڵیانا، به تایبه‌ت کچه ئه‌مریکیه‌کان. هه‌رده‌م به‌لامه‌وه سه‌یره که ژماره‌یه‌کی زۆر له‌وان که خوێندکاری کۆلیژه ناسراوه‌کانی وه‌ک بێرکلین بروایان به زانست نیه. به‌لای ئه‌وانه‌وه داروین شه‌یتانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه. دوور نیه ئه‌م شه‌پۆله له بیرکردنه‌وه کاریکردبێته سه‌ر فاروق و ئه‌ویش له‌رێی خۆیه‌وه له بری گه‌رانه‌وه بۆ عیسا گه‌راوه‌ته‌وه بۆموحه‌مه‌د. گه‌رانه‌وه بۆ ئاین شکسته. ده‌سه‌ڵات و پیرۆزی به تایبه‌تی پێرۆزی ئاینی هه‌رده‌م ده‌رئه‌نجامه‌که‌یان له مرۆڤخستنی مرۆڤه. ئاینداره نوێکانی ئه‌مریکا توره‌ن، زمانیان پیسه، هه‌رده‌م هانی جودایی و سوککردنی به‌رامبه‌ر ئه‌ده‌ن. ئه‌م سیفه‌تانه زۆر به‌زه‌قی لای فارق ئه‌بینرێت. گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و بۆ ئه‌فلاتۆن بۆ مه‌به‌ستێکی فه‌لسه‌فی نیه به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه ره‌وایی ببه‌خشێته ده‌سته‌یه‌کی که‌م که شایسته‌ی حوکمکردنن و زۆرینه‌ی خه‌ڵک عه‌وامن و ده‌بێ گۆێرایه‌ڵ بن. که خۆی له خۆ‌یا ئه‌وه‌نده‌ی له ئاینه‌وه نزیکه نیوئه‌وه‌نده له ئه‌فلاتۆنه‌وه نزیک نیه.
کاریکاتێره‌کانی رۆژنامه دانیمارکیه‌که، دیاریده‌یه‌کی نوێ نین له مێژووی فیکر‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری رۆژئاوادا. له کانتۆی ژماره 28ی ئینفێرنۆ یان دۆزه‌خ شاعیری هه‌ره گه‌وره‌ی ئیتالیا دانتی ئه‌لاگێری له سه‌ردانه‌که‌یا بۆ دۆز‌خ موحه‌مه‌د ئه‌بینێت. دانتی ده‌ڵێ؛ موحه‌مه‌د گێنگڵی ئه‌دا، به‌بێ وه‌ستان فرمێسکی ئه‌رشت. ئه‌یوت با عه‌لی له پێش من بروات (مه‌به‌ست له عه‌لی کوری ئه‌بوتالیبه)، روومه‌تی به شمشێرێکی گه‌وره له‌تبووبوو. ئه‌م دیمه‌نه که دانتی له خه‌یاڵیا کێشاویه‌تی له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندێکی سه‌رده‌می رێنێسانسه‌وه به وێنه له دیواری کلێسایه‌ک له شاری بۆلۆنیا له ئیتالیا کێشراوه. (که ماوه‌یه له‌مه‌وپێش ده‌نگی باسی ئه‌وه هه‌بوو که گوایه له لایه‌ن ئه‌لقاعیده‌وه پلانی ته‌قاندنه‌وه‌ی دارێژراوه). بۆچی موحه‌مه‌د له خه‌یاڵی دانتیا که‌سێکی شایه‌ن ئازارچه‌شتنه‌و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه بچێته دۆزه‌خ. چونکه به ئاسانی موحه‌مه‌د وه‌ک دوژمنێ سه‌یرئه‌کرێ. دیاره داستانی دۆزه‌خی دانتی قه‌یرانی زۆری تیایه بۆچی هه‌ندێ که‌سایه‌تی تری ئیسلام ده‌چنه به‌رزه‌خ بۆ نموونه سه‌لاحه‌دین. له کاتێکا به‌رزه‌خ لای دانتی له هه‌مانکاتدا جیاگایه بۆ سوکرات و ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتۆنیش. هه‌ر هه‌مان دیمه‌ن خه‌یاڵی ولیه‌م بلێکی هه‌ژاندوه‌وه له قۆناغی پۆستمۆدرێنیشدا خه‌یاڵی هونه‌رمه‌ندی سه‌رشێتی ئیسپانی سلڤادۆر دالی هێناوه‌ته جۆش. ئه‌وه‌ی له هه‌موو زیاتر له‌م رووداوانه زیانی پێده‌گات ئه‌وانه‌ن که به راستی خوازیاری ژیانێکی مرۆڤانه‌ترن بۆ خه‌ڵکی له کۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌کاندا.
|
|
02/09/2015 |