بایۆگرافیای قه‌یره کچێ له‌وێ

 

سه‌ردار عه‌زیز

ئه‌مرۆش هه‌ر وه‌کو دوێنێیه

نامه‌وێ ئاور له دۆێنێ بده‌مه‌وه. بێزارم له سبه‌ینێ. سبه‌ینێ: هه‌نگاوێ تره به‌ره‌و کۆتایی. من جله دڵته‌نگه‌کانم له‌به‌رئه‌که‌م و چاوه‌رێ ئه‌که‌م پاسێک بمبا بۆ سه‌ر ئیش. بۆنی پێکه‌وه‌بوون له ژێرملم ئه‌‌په‌رژێنم. هه‌ندێک تیله‌ی چاوم تێئه‌برن، به‌ڵام که‌س وام لێناکات زه‌رده‌خه‌نه‌یه به لێوه‌ هه‌رده‌م ته‌ره‌کانم بناسێنێ.                                           

 حه‌زناکه‌م سبه‌‌ینێ بێت. رۆژانێکی زۆره ئه‌م سیزفیه‌ته به‌رده‌وامه. من بێ ئه‌وه‌ی له هیچ که‌سێ، له هیچ خوایه یاخی بووبم، بێ ئه‌وه‌ی بزانم بۆ: سزائه‌درێم. گه‌وره‌ئه‌بم و روومه‌تی خۆم ناناسمه‌وه. زه‌مانێکه له گه‌‌ڵ ئاوێنه‌دا به‌ینم باش نیه.                             

منیش وه‌ک میرسۆلی کامۆ بێ دایکم.

گه‌وره‌بوون گوناهه. گه‌وره‌بوون به ته‌نیا گوناهێکی گه‌وره‌تره. ئه‌م شاره که‌س که‌سی خۆشناوێ. که‌س نازانێ چۆن یه‌کتریان خۆشبووێ. حه‌زئه‌که‌م له ڤه‌ڵه‌نتاینی داهاتوودا، دڵم له پارکێکا هه‌ڵواسم.  ئه‌ترسم له هه‌ناسه‌ی درۆ، له بۆنی خیانه‌ت. له مینه‌کانی پێکه‌وه‌بوون. له پشیله چڵێسه‌کانی حه‌ز.     

 وه‌ک خه‌ندانی' ئێواره‌ی په‌روانه' بچکۆله‌م. هێنده‌ی باڵای خۆم زیاتر کتێبم خۆێندوه‌ته‌وه. حه‌زم له کورێکه بمناسێنێ به خه‌ون، به درومانی ژیان. کورێ وه‌ک له‌تێ لیمۆ بمگوشێ؛ له بیرمباته‌وه که ته‌نهام.                                              

 ئه‌ترسم بمرم و ئه‌م شاره جێنه‌هێڵم. پره له تاریکی ئه‌م شاره. کاره‌با و خۆشی هه‌تابێت که‌م ئه‌بن، هه‌تابێت کزئه‌بن.

جار جارێ نامه‌یه کورت بۆ هاورێیه‌کم ئه‌نوسم؛ باسی مه‌نفای دڵمی بۆ ئه‌که‌م. حیکایه‌تی بارانی بۆ ئه‌گێرمه‌وه. چونکه ئه‌و روومه‌تم نابینێ له ئه‌فسانه‌کانم تێناگات. به‌ڵام ئه‌و ئه‌زانی ئه‌فسانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه په‌یره‌و بکرێ.

ئه‌وه زیاتر له چاره‌که سه‌ده‌یه‌که له گه‌ڵ ئه‌م جه‌سته‌یه‌دام؛ هێشتاکه رۆژوم له ماچ نه‌شکاوه. ئه‌م ژیانه ناچارم ئه‌کات بیرکه‌مه‌وه. بیر له که‌سێکی وه‌ک کافکا؛ 'خه‌ریکه ته‌سلیم ئه‌بم به له‌ز‌‌تی ئازارچه‌شتن". بیر له‌و دێره‌ی جارێکیان فۆکنه‌ر له‌ده‌می ترازا؛ 'من له نێوان ئازار و به‌تاڵیا، ئازار هه‌ڵئه‌بژێرم'. بیر له خۆم، جوگرافیای مێینه‌یم له‌م شاره‌دا.

(بۆ ئه‌و کچه‌ی که بێزاره له نیشانه‌ی پرسیار و د‌‌ه‌سته‌واژه‌ی سه‌رسورمان)

 

 

 

           

 

02/09/2015