پۆلیسی چه‌ته… |
عمری
خطاط
ئه‌م به‌شه‌ی عێراق که ناوی کوردستانه‌و پانزه‌ساڵه میلیشیای چه‌کداریی حزبه کوردیه‌کان فه‌رمانڕه‌وایی تیا ده‌کان، زۆر شتی نایاب و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی تیا ڕوو ده‌دات، ژیانی سیاسی، فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی ئام ناوچه‌یه و ته‌نانه‌ت خوونه‌ریت و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵک به‌شێوه‌یه‌ک گۆڕاوه که دیارده‌ی نائاسایی ده‌بێته ئاسایی و پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌روایه. نامه‌که‌ی به‌ڕێز کۆسار شه‌ریفی که ئاراسته‌ی سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ریی په‌نابه‌رانی عێراقی " ڕێبوار عارف" کراوه، و داوای یارمه‌تی و به‌شوێن چوونی کێشه‌که‌ی ده‌کات، به‌شێک له‌و ڕاستییانه ده‌رده‌خات. وه‌ک له نامه‌که‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌دا هاتووه که ئه‌و له لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێکی ئاسایشی هه‌ڵه‌بجه‌وه، به‌بێ هیچ "که‌تن" و"تاوان" ێک ده‌ڕفێنرێت و ده‌برێته شوێنێکی نادیار و به ئارازووی دڵی خۆیان سوکایه‌تی پێ ده‌که‌ن و زۆریشی لێ ده‌ده‌ن!! دواتریش جزدانی پاره‌کای به دوو هه‌زار دۆلاره‌وه ده‌دزن و به‌بێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ک ئازادی ده‌که‌ن!!. ئه‌م کاره، خۆی وته‌نی کاردانه‌وه‌یه‌کی ناخۆشی لای کۆسار به‌جێ هێشتووه، چونکه له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه ئه‌نجام دراوه که "پۆلیس و ئاسایش"ن و قه‌راره ئه‌مانه "سه‌روماڵی" هاووڵاتیان "بپـــــــــــــــارێزن".. ئه‌مه یه‌کێکه له‌و کاره نائاساییانه‌ی که ره‌نگه رۆژانه ئاسایی رووبدات، ئه‌زانن بۆ؟ چونکه ئه‌م وڵاته ساڵه‌هایه نائاسایی ژیان ده‌کات، خه‌ڵکه‌که‌ی نائاسایی به‌یانیان له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستن ونائاسایی ده‌چنه سه‌رکار، نائاسایی عیشق ده‌که‌ن و نائاسایش ده‌مرن! ئه‌م ڕوداوه وه‌ک هه‌موو ڕووداوه‌کانی تر بۆ خه‌ڵکێک که له‌کوردستان ده‌ژی، زۆر ئاسایی ده‌ڕواو پرسیار ناووروژێنێ، زۆر جار کاره‌ساته خوێناویه‌کانیش لای ئه‌م خه‌ڵکه ده‌بنه شتی سروشتی و ته‌نانه‌ت کۆمیدیاش، وه‌ک ئه‌وه‌ی که قازه‌کانی که‌لار بوونه هۆی شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی پارتی و یه‌کێتی!. وه‌ک ئه‌وه‌ی که من وه‌ک خۆشنووسێک له سلێمانی، ساڵانێکی زۆرناچاربووم ڕه‌نگی "زه‌رد" به‌کارنه‌هێنم، چونکه ڕه‌نگێکی "ممنوع" بوو له‌رووی سیاسیه‌وه. وه‌ک ئه‌و "بۆیاخچی"یه نه‌گبه‌ته‌ی که ناچار بوو بینای لقی چوار بکاته سه‌وز که هێزی زه‌رد له سلێمانی نه‌ما، به‌ڵام که‌هاتنه‌وه، بانگیان کرده‌وه و کردیه‌وه به زه‌رد، پاش چه‌ند رۆژێکی تر سه‌وز هاته‌وه‌و کردیه‌وه‌و به سه‌وز و له‌کۆتایشدا نه سه‌وزو نه‌زه‌رد فلسێکیان نه‌دایێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئیسلامی سیاسی کراوه‌ته خاوه‌ن ماڵ وکۆمۆنیسته‌کانیش بوونه‌ته میوانێکی قاچاغ و که‌سیش په‌یدانه‌بوو بڵێ بابه ئه‌م هاوکێشه‌یه دروست نیه‌و نابێ وابێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی که رۆژانه ملیاره‌ها دۆلار ده‌دزرێ و که‌سیش نتقێ ناکات و پێی وا نیه که ئه‌مه پارووی ده‌می مناڵه‌که‌یه‌تی. ئه‌م هه‌موو ژنه به چه‌قۆی پیاوسالاری سه‌ربڕدران و هه‌ر ئه‌و پیاوانه به کۆمه‌ڵگه‌یان ڕاگه‌یاند که ئاساییه، ناڕه‌حه‌ت مه‌بن چون ئه‌وانه بێ ئه‌خلاق بوون. وه ئاسایی قسه‌کانیان لێ وه‌رگیرا!. له وڵاته‌که‌ی مندا کوشتن، تیرۆری سیاسی، ڕفاندن، سی ساڵ زیندانی له‌سه‌ر ڕاده‌ربڕین، که‌رامه‌ت شکاندنی رۆژانه، جنێو، خۆسه‌پاندن به‌چه‌ک، چه‌پاندن، شه‌ڕو ئاشتبوونه‌وه، خستنه‌سه‌رکار به ته‌زکیه‌ی حزبی، ته‌قه‌کردن له خۆپیشاندان، هه‌ڕه‌شه‌و چاوسورکردنه‌وه، شێخ زانا وفه‌توای مه‌لاکان زۆر ئاسایی رۆژانه ڕووده‌ده‌ن و خه‌ڵک ئه‌مانه به‌قه‌ده‌ری خۆی ده‌زانێ. هیچکه‌س نازانێ سکاڵا‌و شکاتی له کوێ بکات. من ئه‌گه‌ر شکاتم هه‌بێ له پۆلیسێک، مه‌سئولێک، سه‌رکردایه‌تی حزبێک، ئه‌بێ ئاراسته‌ی چ ده‌زگایه‌کی "سه‌ربه‌خۆی" بکه‌م، ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تی حزبێک به‌ده‌ست سکرتێره‌که‌یه‌وه دادوبێ دادی بێ، ئه‌بێ "هاووڵاتی" قوڕبه‌سه‌ر به‌ده‌ست ده‌زگای ئیداری هه‌ر ئه‌م حزبانه‌وه چ عه‌زابێکی رۆژانه بچێژێت. له‌م وڵاته‌دا ده‌توانیت به ڕه‌فاقه‌ت یان واسته خه‌ڵک له زیندان ده‌ربهێنیت هه‌روه‌ک چۆن ده‌توانیت، بێ لێپرسینه‌وه خه‌ڵک زیندان بکه‌یت. ئه‌مه وڵاتی قه‌زاوقه‌ده‌ره، ولاتێکه له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوکێشه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه باوه‌کان، هه‌ربۆیه‌ش خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌رگه‌ردانه‌و ده‌سه‌ڵاتیش پانزه‌ساڵه له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رگه‌ردانییه‌ی خه‌ڵک خۆی قه‌ڵه‌وده‌کات. ئه‌گه‌ر کۆسار شه‌ریفی له‌م کرده‌وه‌یه‌ی پیاوانی "ئاسایش" ناڕه‌حه‌ته‌و پێی وایه ئاسایی نییه، ئه‌وا بۆ من و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکی کوردستان، زۆر ئاسایی سه‌یری ده‌که‌ین، چونکه پێمان وایه که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، هه‌رله‌یه‌که‌م رۆژی له‌دایک بوونیه‌وه به‌چه‌ته‌یی ناوکیان بڕی، شیری چه‌ته‌ییان دایێ و بڕیاریان دا که تا ده‌مرێت هه‌ر چه‌ته بێت، بۆیه ئاساییه، که "ئاسایش و پۆلیس" چه‌ته‌یی بکه‌ن، جاش ببێته به‌ڕیوه‌به‌ری قوتابخانه‌و فایلدارو به‌عسیه‌کانیش ببنه وه‌زیر!!. ئه‌گه‌ر لایه‌نێکی نامه‌که‌ی کۆسار، بۆ خودی خۆی یادوه‌ریه‌کی ناخۆش و تاڵه، ئاوا ئاراسته‌ی نامه‌که‌ی بۆ به‌ڕێز "ڕێبوار عارف" و فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی، گه‌شترین لایه‌نی نامه‌که‌یه‌تی. ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که ڕێبوارعارف وڕێکخراوه‌که‌ی ده‌توانن ببنه ئه‌و مینبه‌ره‌ی که خه‌ڵک سکاڵاکانی خۆی ئاراسته بکات، ده‌توانن ده‌نگی خه‌ڵک بن و ببنه ئامرازی ده‌رخستنی هه‌ناسه کپ کراوه‌کان. ببنه ئومێدی خه‌ڵک بۆ به‌دیهێنانی ئازادییه سیاسیه‌کان، پاراستنی حورمه‌ت و شه‌خسیه‌تی ئینسانیان، ئامرازی خه‌بات و یه‌کگرتووکردنیان بۆ باشترکردنی ژیانیان، بۆ ئاسۆدان به دوارۆژی خۆیان و نه‌وه‌کانیان.
31.01.2006
|
|
02/09/2015 |