موناجاتێک له‌ نیوه‌شه‌وا

 

ئومێد موحه‌مه‌د

    به‌ر له‌ ڕژانی هه‌ژانی ووشه‌م

خۆم ڕژام

به‌ر له‌ نوسینی چامه‌یه‌ک له‌ ئازار

ده‌ماو ده‌م غه‌مه‌کانی تۆم وه‌رگرت و

خۆشییه‌کانی خۆم پێ به‌خشیت

هه‌موو گۆرانیه‌کانم بۆ ووتی

بۆ ئه‌وه‌ی

فرمێسکه‌کانت

سنورێک دانێن بۆ ڕژان

هێنده‌م پێکه‌نین

له‌سه‌ر لێوه‌کانت به‌ جێێ هێشت

چه‌توونه‌ جارێکی تر

پێکه‌نینێک

له‌ ڕوخسارما ببینمه‌وه

گازنده‌کانم کرده‌ گووڵ

باخچه‌یه‌ک له‌ وه‌فاو

چارۆکه‌یه‌ک

پڕ له‌ نانی خۆشه‌وویستیم بۆ جێ هێشتی

سه‌مایه‌کم فێر کردی

سه‌مای لێوه‌ ئاڵه‌کانت

له‌سه‌ر کڵۆ قه‌ندی ووشه‌م

هه‌ناسه‌ کریستاڵییه‌کانی منت کرده‌ سه‌راب

چه‌غار له‌ گزنگێکی سووتاوا

ده‌سه‌کانت له‌ که‌مه‌رێک به‌ ردا

که‌مه‌رێک له‌ نه‌خشی ڕۆح

دووای پاسه‌ووانانی مار که‌وتی

دووای ڕاوچیانی قوڵنگ و

دووای لمۆزه‌ خووێناوییه‌کانی یاهودا

ئه‌هریمه‌نت به‌ به‌هه‌شت به‌خشیو و

منت دایه‌ ده‌ست باڵه‌کانی دۆزه‌خ

له‌گه‌ڵ خێڵی ناحه‌زانی ( عه‌نبه‌ر * ) خاتوون وه‌ڕیکه‌وتی

ئه‌م دیرۆکه‌ بۆ مه‌عشوقانی ته‌سه‌وف ده‌گێڕمه‌وه‌

له‌وێ دوو کۆڵان له‌و دیو

شیعری من و ماڵی خواوه‌

له‌ سه‌ر به‌رماڵی ته‌ریقه‌ت

دووعاکانی ‌بازڕه‌بون

له‌ دووتوێی دیوانێکا چاپ ده‌که‌م

به‌ کاڵی ده‌نووسم

موناجاتێک له‌ نیوه‌ شه‌وێکی دۆزه‌خا

منی به‌ قه‌سیده‌یه‌ک به‌خشی و

ماڵکه‌می لێوانڕێژ کرد له‌ ئافات‌

 

 

* عه‌نبه‌رخاتوون ،ئه‌و خانمه‌ بوو بووه هۆی سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی ( مه‌وله‌وی ).‌

 

 

 

 

           

 

02/09/2015