په‌یڤ

ئه‌ڵقه‌ی 40

 

سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد هه‌تا ئیستا چی کورد بۆ کردووه‌ له‌ به‌غدا؟
بۆچی زۆربه‌ی زۆری کورده‌کانی به‌غدا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی دوایی ده‌نگیان به‌ کورد نه‌دا؟

نووسینی: ڤینۆس فایه‌ق

venusfaiq@yahoo.co.uk

 

 له‌و رۆژه‌وه‌ کورد گه‌یشته‌ به‌غدا "چ به‌ یه‌کگرتوویی ، چ به‌ خۆخۆیی" هه‌موو خه‌ڵکی ساده‌  و لاحه‌وله‌وه‌لاقوه‌ چاویان چاوه‌ڕێ و گوێقوڵاغی ده‌ستکه‌وتن ، به‌تایبه‌ت کورده‌کانی نیشته‌جێی به‌غدا ئه‌وانه‌ی ساڵه‌های ساڵه‌ رووبه‌ڕووی ئاگر و ئاسنه‌وه‌ن و ئیستا به‌ته‌مان هه‌ناسه‌ی ئیسراحه‌ت هه‌ڵکێشن .

ئه‌و رۆژه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد به‌ پشتیوانی ئه‌مه‌ریکا ، و ئه‌مه‌ریکا له‌ نێوان دوو که‌وانه‌ی زۆر ره‌شدا ، ئه‌و وه‌خته‌ی ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا هاوڕێیه‌کم هه‌یه‌ وتی : تۆبڵێی سه‌رکردایه‌تی کورد بتوانێت خه‌ونه‌کانی کورده‌کانی به‌غدا  بێنێته‌ دی؟ پێم گوت بۆ خه‌ونه‌کانی کورده‌کانی به‌غدا جیاوازی چیه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ونه‌کانی کورد له‌ به‌شه‌کانی تری باشووری کوردستان؟ وتی : جیاوازیه‌کی که‌می هه‌یه‌ ، جیاوازیه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ نمونه‌ له‌ به‌غدا ژماره‌یه‌کی زۆری کوردی فه‌یلی ئه‌ژین که‌ رژێمی له‌ناوچووی سه‌ددام به‌به‌رچاوی هه‌موانه‌وه‌ ده‌ستی گرت به‌سه‌ر هه‌موو موڵک و سه‌روه‌ت و سامانه‌کانیان که‌ بریتین له‌ زۆربه‌ی زۆری بازاڕ’ گه‌وره‌کانی ناو به‌غدا ، جگه‌ له‌ عه‌قار و زه‌ویوزاره‌کانیان ، له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردن و پاشان هه‌موویانی راگوێزا و ده‌رکرد و ناوی (ته‌عیه‌)ی لێنابوون ..

به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان کورد له‌ به‌غدا ته‌نها 25359 ده‌نگیان به‌ده‌ست هێنا ، که‌ ئه‌وه‌ش به‌ سواڵ و ساقه‌ ته‌نها یه‌ک کورسی پێ به‌ده‌ستهێنرا ، چونکه‌ ته‌نها یه‌ک کورسی پێویستی به‌ 45000 ده‌نگ هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا به‌پێی هه‌موو سه‌رژمێریه‌کانی زه‌مانی سه‌ددام که‌ زۆر به‌ که‌میه‌وه‌ بێگومان دایناوه‌ ژماره‌ی کوردی دانیشتووی به‌غدا زیاتره‌ له‌ 800،000 هه‌شتسه‌دهه‌زار که‌س ، بێگومانم له‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش زۆر زۆری زیاد کردووه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی راگوێزراوه‌کان به‌تایبه‌ت کورده‌ فه‌یلیه‌کان پاش که‌وتنی رژێمی سه‌ددام ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌و 800هه‌زاره‌ چه‌ندی زیاد کردووه‌ جیاوازیه‌که‌ 600،000 شه‌شسه‌دهه‌زار ده‌نگه‌ .. ئایا ئه‌و ژماره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ده‌نگی کورده‌کانی به‌غدا بۆ کوێ رۆشت؟ به‌کێ درا ، ئه‌گه‌ر واشی دانێین 100،000 سه‌دهه‌زاریشی نه‌چووبێت بۆ ده‌نگدان و ده‌نگی نه‌دابێت ، ئه‌ی 500،000 پینجسه‌دهه‌زاره‌که‌ی تری بۆ کوێ رۆشت؟

هه‌رهه‌موومان ئه‌زانین ئه‌و ده‌نگانه‌ چوون بۆ لیستی عێراقی و لیستی ئیئتیلاف ، باشه‌ با واشی دانێین 100،000 سه‌دهه‌زاری رۆحی کوردایه‌تی کزه‌ "که‌من هه‌رگیز رێگه‌ به‌خۆم و به‌که‌س ناده‌م ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ هیچ کوردیێک بوترێت" ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ واش بێت ئه‌ی 400،000 چوارسه‌د هه‌زاره‌که‌ی تر بۆ ده‌نگیان نه‌دا به‌ کورد؟

له‌ زاری زۆربه‌ی زۆری کورده‌کانی له‌ به‌غدا نیشته‌جێن گوایا سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد به‌ گشتی و دوو حیزبه‌ گه‌وره‌که‌ به‌ تایبه‌ت له‌وه‌ته‌ی گه‌یشتونه‌ته‌ به‌غدا له‌ جاران زیاتر خه‌ریکی حیزبایه‌تی و حیزبپه‌روه‌رین زیاتر له‌وه‌ی خه‌ریکی کوردایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ری بن ، ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌ پله‌و پایه‌کانی ناو داموده‌زگا و وه‌زاره‌ته‌کان و په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌ له‌ نێوانیاندا وه‌کوو میراتی دابه‌شیان کردووه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ بازرگانی و گیرفان پڕکردن ، ته‌نانه‌ت هیچ کوردێک به‌تایبه‌ت له‌ نیشته‌جێکانی ناو به‌غدا و هیچ کوردێک له‌ هیچ وه‌زاره‌تێکدا دانامه‌زرێت ئه‌گه‌ر حیزبی نه‌بێت و ئه‌گه‌ر پشتگیری یه‌کێ له‌و دوو حیزبه‌ گه‌وره‌یه‌ی پێنه‌بێت ، ئه‌و میراتیه‌ی له‌ خودا به‌زیاد بێت له‌ به‌عسه‌وه‌ بۆ سه‌رکردایه‌تی کورد ماوه‌ته‌وه‌ ، ئیتر له‌ ته‌زکیه‌ و ئه‌ندامێتی حیزبێک زیاتر هیچی ترت پێویست نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆستێکی باشت بده‌نێ ، خۆ نه‌ ئاستی خوێنده‌واری و نه‌ رۆشنبیری و نه‌ بڕوانامه‌ و نه‌ هیچ شتێکی تر ناخوات..

ئیتر نازانم سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد چی کردووه‌ بۆ کورد له‌وه‌ته‌ی گه‌یشتۆته‌ به‌غدا ، زۆر حه‌ز ئه‌که‌م وه‌ڵام وه‌رگرم ، یان ئه‌وه‌ش وه‌کوو نه‌وت و غاز و کاره‌باکه‌ی هه‌ر نه‌ما له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردن ته‌واو بوو؟؟ ئه‌م پرسیاره‌ بۆ لێپرسراوانی هه‌ردوو حیزبه‌که‌یه‌ ، نه‌ک بۆ خه‌ڵکی ساده‌ ، چونکه‌ خه‌ڵکی ئه‌زانن ئه‌و دوو حیزبه‌ چیان نه‌کردووه‌ ، و دوو حیزبه‌که‌ش نازانن چیان کردووه‌..

 

           

 

02/09/2015