بزمارێکی به‌لاش

خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 

زۆر به‌ی زۆری لێکۆڵه‌ره‌وه‌ سیاسیه‌کان  ئه‌وانه‌ی که‌سه‌ریان له‌ کێشه‌ی دێرینی فه‌له‌ستین ده‌رئه‌چێ ‌،‌ راماڵینی زۆربه‌ی کورسیه‌کانی پارله‌مان له‌م هه‌ڵبژادنه‌ی دوایی ئه‌نجومه‌نی یاسا دانان له‌ لایه‌ن باڵی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی رادیکاڵی ئیسلامی حه‌ماسه‌وه‌(75 کورسی بۆ حه‌ماس به‌رانبه‌ر به‌ 43 بۆ فه‌تح که‌ نزیکه‌ی 40 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئاگری مقاوه‌مه‌تی له‌دژی داگیر که‌ری ئیسرائیلی هه‌ڵگیرساند) ئه‌گێرنه‌وه‌ بۆ ئه‌وگه‌نده‌ڵییه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی به‌ هه‌ردوو گوێوه‌ تێی که‌وتووه، به‌ جۆرێک که‌ زۆر له‌ لایه‌نگیرانی بزوتنه‌وه‌ی فه‌تح له‌به‌ر نائومێد بوون له‌ چاک بوونی باری ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، په‌نایان بۆ به‌دیلی ئیسلامی بردووه‌ ره‌نگه‌ باوه‌ریشیان به‌ پرۆگرامی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ نه‌بێ به‌ڵام له‌داخی  به‌تاڵان بردنی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی که‌ ووڵاتانی ئه‌وروپی بۆ گه‌لی فه‌له‌ستینی ئه‌نێرن  و له‌لایه‌ن دیناسۆره‌کانی سوڵته‌وه‌ حول ئه‌درێن ، ده‌نگیان به‌ حه‌ماس داوه‌. ‌لێره‌وه‌ ئه‌توانین بڵێین‌ ئه‌گه‌ر حیزبه‌ ده‌سه‌ڵات داره‌کانی کوردستان نه‌که‌ونه‌ خۆیان و به‌رنامه‌یه‌کی نیشتمانی بۆ دیموکراتیزه‌کردنی دروست کردنی بڕیار و پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ته‌شریعی و ته‌نفیزی و قه‌زائی پیاده‌ نه‌که‌ن و ‌گه‌ر پارله‌مانیش نه‌بێته‌ ده‌زگایه‌کی کاریگه‌ر بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و خراپی به‌کار هێنانی ده‌سه‌ڵات ، دڵنیابن که‌ زۆربه‌ی زۆری ده‌نگده‌رانیان له‌سه‌ر سینیه‌کی ئاڵتون پێشکه‌شی حه‌ماسی کوردستان ئه‌که‌ن و کاتێکیش په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ که‌ که‌س  په‌شیمانیان به‌پولێک لێ ناکڕێ.     

 

           

 

02/09/2015