بزمارێکی هه‌رزان

 خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 

نه‌نکم به‌ره‌حمه‌ت بێ زۆر شتی ‌ نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌می شاری سلێمانی  بۆ ئه‌گێرامه‌وه هه‌ر له‌ شۆرشه‌که‌ی شێخ مه‌حموده‌وه‌ تا ده‌شتی ته‌یاره‌ خانه‌که‌و بۆردورمانی سلێمانی تا ئه‌گاته‌ کوشتنی جه‌مال    عیرفان به‌ ته‌حریزی شێخان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌یله‌قوز بووه‌(فه‌یله‌سوف) ووتویه‌تی باران له‌ هه‌ڵمی ئاو په‌یدا ئه‌بێ و هه‌وره‌ تریشقه‌ش قامچی مه‌لایکه‌تان نیه‌ به‌ڵکو لێک دانی دوو هه‌وری ساردو گه‌رمه‌. بێ گومان گرانی گه‌وره‌و بچکۆله‌شی له‌بیر بوو بۆیه‌ هه‌ر پاره‌ی چنگ که‌وتایه‌ له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه‌ گه‌نمه‌که‌ی ئه‌بوایه‌ بکریایه‌. یه‌کێک له‌وشتانه‌ی که‌سه‌رنجی ئه‌وکاته‌ی منی راکێشابوو باسی مریشک دزه‌کانی ئه‌و عه‌یامه‌ بوو . دزی کردن خۆی له‌ خۆیا شتێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌نیه‌ چونکه‌ رۆژانه‌ هه‌زاره‌ها نه‌ک‌ مریشک به‌ڵکو پاپۆریش ئه‌دزرێ . به‌ڵام سه‌یره‌که‌ له‌ وه‌سیله‌که‌یا بوو ئه‌ی ووی ئه‌و دزانه‌ سه‌رو ریخۆڵه‌یان هه‌ڵئه‌گرتوو ئه‌که‌وتنه‌ کۆڵانه‌کانی سلێمانی لام سه‌یر بوو ئه‌م ووت  باشه‌ مریشک دزین ریخۆڵه‌ی بۆ چیه‌! ئه‌ی ووت چۆن بۆ چیه‌تی سه‌رێکی ریخۆڵه‌که‌یان بۆ مریشکه‌که‌ فڕێ ئه‌یاو سه‌ره‌که‌ی تریشیان ئه‌گرت به‌ دمیانه‌وه‌ هه‌رکه‌ مریشکی به‌سته‌زمان سه‌ری ریخۆڵه‌ی به‌ده‌نووک ئاو دیوو ئه‌کرد ئه‌مان فوویان پیا ئه‌کردو ریخۆڵه‌ له‌ قورگی مریشکا ئه‌بوو به‌ میزه‌ڵان و قیره‌و حه‌ره‌که‌ی لێ ئه‌بری. ئابه‌و نه‌وعه‌ مریشکیان ئه‌خسته‌ بن ده‌ستیان بێ ئه‌وه‌ی فرکه‌ فرک له‌م سه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ر راوی نێن و ساحێب مریشک بۆیان ده‌رپه‌ڕێ و قاچێکیان بکه‌ن به‌ هه‌زارو تا شیوی جوله‌کان ئاور نه‌یه‌نه‌وه.‌ ئه‌م نه‌قڵه‌م بۆیه‌ ‌هێنایه‌وه‌ تابگه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و کابرایه‌ی که‌ چوو بۆوه‌ بۆ ووڵات داوای کردبوو بیکه‌نه‌ مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌کان له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆ کان. ئه‌ڵێن بۆچی براده‌ر خۆ له‌ cv که‌تا تیا نیه‌ بڕوانامه‌ی زانسته‌ سیاسیه‌کانت هه‌بێ چۆن ئه‌بیته‌ مامۆستای ئه‌و به‌شه‌ ئه‌ڵێ ڕاسته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ سێ ساڵه‌ له‌سه‌ر پاڵتالک هه‌موو شه‌وێک له‌ هه‌ر ژووره‌ی سێ چاره‌ک موداخه‌له‌ی سیاسیم هه‌یه‌ و شه‌وی زیاتر له‌ دووسه‌د ده‌م خۆشیشم بۆ ئه‌نووسن بێجگه‌ له‌وه‌ش ده‌یان ووتاری سیاسیم له‌وسایته‌ ئه‌لکترۆنیانه‌ بڵاو کردۆته‌وه.‌ ئه‌م به‌رێزه‌ راست ئه‌فه‌رموێ هاتوو هاواری زۆر بوو له‌ کوردستانی سه‌ربه‌خۆی که‌متر نه‌ده‌ویست ره‌خنه‌ی زۆری له‌ حیزبه‌کان هه‌بوو به‌ڵام له‌ناکاو له‌ قیره‌یان خست ئه‌م لا ئه‌و لا دواتر ده‌رکه‌وت که‌ سه‌رێکی ریخۆله‌که‌ی بردووه‌ به‌ده‌ماو ده‌سه‌ڵات داریش نه‌ی کردۆته‌ نامه‌ردی و فوویه‌کی  کوردانه‌ی پیا کردووه‌ ئه‌ڵێن ئێستاکانه‌ له‌ کوردستانه‌ راسته‌ قیڕه‌ی نه‌ماوه‌ و به‌ سیعری مریشک دزراوه‌ به‌ڵام به‌ده‌ردی مریشکه‌کانی ئه‌وسای سلێمانی‌ نه‌چووه‌ باش ئه‌ژی.

 

           

 

02/09/2015