کوردوستان کوێ ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ناچێ ؟


‌عه‌باس هه‌مزه‌ باڵه‌ک

هێنده‌ی  ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردوستان خۆی به‌ دیماگۆگی کردنی چه‌مک و ڕه‌هه‌نده‌کانی دیمۆکراسیه‌وه‌ خه‌ریک ده‌کات، ئه‌گه‌ر نیو ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خی به‌ به‌دیمۆکراسی و مه‌ده‌نی کردن و بنیات نانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی کورده‌واری دابا  ئێستا ڕه‌وشی کوردستان له‌ئاستێکی تردا ده‌بوو.

خوێندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد  بۆ دیمۆکراسی و به‌ مه‌ده‌نی کردنی کۆمه‌ڵگا خوێندنه‌وه‌یه‌که‌ که‌ به ته‌نها خواست وئاره‌زوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی تێدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ ، ده‌سه‌ڵاتداری کورد پێی وایه‌ له‌ به‌عس باشتر بوون و نه‌رم تر نواندن مانای ئه‌وه‌یه توانیویه‌تی کۆمه‌ڵگا به‌ ئاراسته‌یه‌کی شێوه‌ دیمۆکرسی دا ببا . گه‌لی کوردوستان  بۆیه‌ به رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلکاریانه‌ی حیزبه‌ کوردیه‌کان بێ ده‌نگه‌ ‌چونکه‌ تا ئێستا هیچ ده‌سه‌ڵات و سیستێکمی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ده‌نی نه‌دیوه‌ تا بڕیار له‌ سه‌ر باش و خراپی بدات و له‌ ڕوی ئه‌وشێوازه‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ی پڕاو پر له‌ گه‌نده‌ڵیه ی ئێستا‌ هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌  .

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردوستان هیچ به‌رنامه‌یه‌ک له‌ ئه‌جنده‌ی داهاتوی خۆیدا شک نابات بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ ده‌دات ،هه‌وڵی به‌پیرۆز کردنی مێژوو ده‌دات مێژویه‌ک که‌ به شی سه‌ره‌کی له‌شکست و هه‌ره‌س ونسکۆکاندا خۆی ده‌خواته‌وه‌‌ .  یه‌کێک له‌ ئه‌رک و کاری ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی بریتیه‌ له‌ به سێکولارکردنی کۆمه‌ڵگاو سنور دانان بۆ هه‌ر یه‌ک له‌ که‌ڵێساو مزگه‌وت  و ڕێگا دان به‌ خۆپیشاندان و ڕێ پێوانی ئاشتیانه‌ و ڕێزگرتن له‌مافه‌کانی تاک و...هتد   ،

که‌چی تازه‌ به‌تازه‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌‌ مه‌لاو شێخ و نوشته ‌نووس پڕ ده‌کرێت ، ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی له‌ پازده‌ ساڵی ته‌مه‌نیدا ئه‌ندامێکی ئۆپۆزیسیۆنی به‌خۆوه‌ نه‌دیوه‌  . ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردوستان که‌م یا زۆر جیاوازی نیه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌ شمولیه‌کانی وه‌ک لیبیاو فه‌نزوێلاو کوباو سوریا ،که‌لتوری مه‌زن کردن وبه‌ سه‌روه‌ری کردن بریتیه‌ له‌ نه‌خۆشیه‌کی کوشنده‌ که‌ خه‌ریکه‌ سه‌رتاپای جه‌سته‌ی مرۆفی کورد داده‌گرێ ،له‌لایه‌کی تریشه‌وه تاک نه‌ک هه‌ر ڕێزی ناگیرێ و مافه‌کانی پارێزراو نیه‌ به‌ڵکو به‌ناشیرینترین شێوه‌ سوکایه‌تی پێ ده‌کرێت . نووسه‌رێک له‌سه‌ر نووسینی وتارێک له‌ زینداندا داده‌ڕزێندرێ. زیندانه‌کانی کوردستان له‌بری زیندانی کردنی پیاوی مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵ ده‌کرێنه‌ مۆڵگه‌ی ڕۆژنامه‌ نووس و رۆشنبیران   .

حیزب له‌ ده‌وڵه‌تی یاسادا له‌ سه‌ر شان وره‌نجی ئابونه‌ی ئه‌ندامه‌کانیه‌وه‌‌ به‌ ڕێوه‌ ده‌چێ و ڕێژه‌یه‌کی که‌م نه‌بێت یارمه‌تی دارایی له‌ده‌وڵه‌ت

وه‌رناگرێت  ‌،،که‌چی له وڵاتی ئێمه‌ حیزب خاوه‌نی ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و سه‌ته‌لایته‌ و به‌ ملیۆن دۆلار له‌ داهاتی نه‌ته‌وه‌ ساڵانه‌  ده‌کاته‌

بودجه‌ی ڕاگه‌یاندنی تایبه‌تی خۆی حیزب ده‌بێ نه‌فه‌قه‌و یارمه‌تی حکومه‌ت بدا.

ده‌سه‌ڵاتێک دوای پازده‌ ساڵ حوکمڕانی نه‌توانێ ،ئاو و کاره‌باو پێداویستیه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ژیان بۆ خه‌لک دابین بکات...ده‌کرێ چاوه‌ڕوانی چی لێ بکرێت .له‌ کاتێکدا ‌ئه‌گه‌رحکومه‌ت  بسته‌ شه‌قامێک قیر بکات ئه‌وا ده‌بێت دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ کیلۆ مه‌ترێک سوپاس و ستایش بۆ حیزب و سه‌رۆکی حکومه‌ت بنێرن .

چاوی کامیڕای ته‌له‌فزیۆنه‌کانی حیزب زۆر وریایه‌ ماڵ به‌ ماڵ بگه‌ڕێ له‌ بری دوو ستونی کاره‌با و نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌‌یه‌ک ده‌یان چاو پێکه‌وتن ساز بدات ، به‌ڵام چاوی کامیراکانی حیزب که‌مپی کاوه‌ی په‌نابه‌رانی کوردستانی ڕۆژ هه‌ڵات نابینێت‌ ،ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ سه‌ر خاکی خۆیان له‌ وڵاتی دایک دا به‌ په‌نابه‌ر داده‌نرێن ،ئه‌وه‌ی چاوی به‌که‌مپی کاوه‌ بکه‌وێت تێده‌گات که‌ده‌سه‌ڵات چه‌ند ویژدان مردوو و بێ ئاگایه‌  ، له‌ کاتێکدا  به‌رپرسه‌ ورده‌کانی حیزب بۆسه‌فه‌رێکی چه‌ند ڕۆژه‌ی ئه‌وڕوپا و قاهیڕه‌ به‌ ده‌یان ده‌فته‌ر  دۆلار خه‌رج ده‌که‌ن ، کێ هێنده‌ی کورده‌کانی ڕۆژ هه‌ڵات داڵده‌ی کۆڕه‌و هه‌ره‌سه‌کانی کوردی باشوری داوه ‌که چی ئه‌مڕۆ له‌ ده‌شتی هه‌ولێر  خه‌لتانی قوڕو زێلاقن و سبه‌ینێش گه‌رمای هاوین ده‌یان سوتێنێ .خۆ ئه‌گه‌ر که‌مپی کاوه‌ زێڕ ڕێژیش بکرێت ناکاته‌ خوێنی ئه‌و کورده ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی که‌ له‌ ساڵی 1991 تا ئێستا له‌ ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا تیرۆر کراون یان ته‌سلیم به‌ئێران کراونه‌ته‌وه‌ . ‌

خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ده‌بێ گله‌یی خزمه‌ت گوزاری له‌ ده‌سه‌ڵات بکه‌ن ، مه‌گه‌رکوردوستان هه‌مووی هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌بێت .کوردستان کوێ ی کام شارو گونده‌ی له‌ بواری خزمه‌ت گوزاری دا جیاوازی  له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه ،ئه‌و‌  ژیانه‌ی خه‌ڵکی گه‌رمیان به‌سه‌ری ده‌بات  هیچ جیاوازی نیه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی دانیشتوانی هه‌ژارترین وڵاتی ئه‌فریقیا ،له‌ کاتێکدا خه‌لکی گه‌رمیان له‌ قوربانی دان و به‌ره‌نگاری و ئه‌نفالدا هه‌میشه‌ سه‌ر قافڵه‌ و پێشه‌نگ بوون.گوند نیه‌ له‌باڵه‌کایه‌تی  به‌عس  بۆ چه‌نده‌مین جار نه‌ی سوتاندبێ ،گا‌ به‌رد نیه‌ نه‌بووبێته‌ سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ ،که‌چی چۆمان وگه‌ڵاڵه‌و قه‌سرێ هه‌رده‌ڵێی ی کابول و قه‌نده‌هارن .  

‌  ‌     

 

           

 

02/09/2015