راپه‌رينی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی يه‌کێتی و پارتی دايه‌وه‌ که‌ باس له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ ئه‌که‌ن....!

                                                     ئه‌کره‌م عبدوڵا

   ده‌سه‌ڵاتدارانى کوردستان هه‌موو ساڵێک له‌ 16/3دا يادى کيميا بارانه‌که‌ى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌که‌نه‌وه‌ ، هه‌موو ساڵێک له‌و ياده‌دا سه‌رانى ئه‌و دوو حيزبه‌ ئه‌که‌وتنه‌ رشتنى فرمێسکى تيمساحاوى بۆ خه‌ڵکى ئه‌وشاره‌. به‌ڵام ئه‌م ساڵ خه‌ڵکه‌که‌ى نه‌يانهێشت وا به‌ ئاسانى به‌سه‌رياندا بروات ، بۆيه‌ ماوه‌يه‌ک پێش ئه‌و ياده‌ به‌ ئاشکڕاو به‌ به‌رچاوى ده‌زگا راگه‌ياندنه‌کانه‌وه‌ که‌وتنه‌ خۆ ئاماده‌کردن بۆ رێپێوان له‌و رۆژه‌دا ، به‌ڵام سه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى کوردايه‌تى وه‌ک و هه‌موو جارێک له‌ بێ باوه‌ريان به‌ ئازادى راده‌ربرين به‌ چه‌که‌کانيان که‌وتنه‌ وه‌ڵامى ئه‌و خه‌ڵکه‌ ، که‌ بووه‌ هۆى کوشتن و بريندارکردنى چه‌ند که‌سێک و ده‌ستگيرکردنى ده‌يان که‌سى تر . ئه‌م شاره‌ له‌وه‌ته‌ى حيزبى به‌عس کيميا بارانى کردووه‌ تاک و ئێستا هه‌ر به‌ وێرانه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ ، خه‌ڵکى ئه‌م شاره‌ له‌ بچوکترين پێداويستى ژيان بێبه‌شن ، خانوه‌کانيان هه‌ر به‌ که‌لاوه‌ي ماونه‌ته‌وه‌و نه‌بونى ئاوى خواردنه‌وه‌و کاره‌باو قوتابخانه‌و باخچه‌ى ساوايان و رێگه‌وبان و بێکارى ماوه‌ى 15 ساڵه‌ ته‌نگى به‌م خه‌ڵکه‌ هه‌ڵچنيوه‌ ، مناڵانى ئه‌م شاره‌ بێبه‌شن له‌ قوتابخانه‌و پێداويستى يه‌کانى خوێندن ، زۆرێک له‌و دايک و باوکانه‌ى که‌ دواى خۆيان مناڵه‌کانيان به‌جێ هێشتووه‌ ئێستا له‌وشاره‌ى که‌ يه‌کێتى و پارتى ساڵانه‌ بۆى ئه‌گرين بێخانه‌ولانه‌ن .

ده‌زگا راگه‌ياندنه‌کانى يه‌کێتى و پارتى سالانه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فزيۆنه‌که‌يانه‌وه‌ ليستێک له‌و پرۆژانه‌ ئه‌خوێننه‌وه‌ که‌ ئه‌نجاميانداوه‌  به‌لام ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌ ته‌له‌فيزيۆنه‌کانى خۆشيانه‌وه‌ سه‌يرى هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌يت ئه‌وا راستى و دروستى قسه‌کانيان ئاشکرا ئه‌بێت . پاره‌يه‌کى زۆر بۆ ئه‌م شاره‌ داندراوه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى که‌ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵته‌کانيش ئيمکاناتێکى زۆريان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخان کردبوو ، به‌ڵام سه‌رانى ئه‌م دوو حيزبه‌ فيرعه‌ون ئاسا له‌ نێوان خۆياندا وه‌ک و برا به‌شيان کرد  بزوتنه‌وه‌ى کوردايه‌تى ته‌نها باسى سوتانى ئه‌و مه‌زاره‌ ئه‌که‌ن که‌ سوتێندراوه‌ به‌ڵام باسى ته‌قه‌کردنى هێزه‌کانى خۆيان ناکه‌ن که‌ به‌عس ئاسا به‌ره‌و روى ئه‌و خه‌ڵکه‌ کرديان ، سه‌رانى ئه‌م دوو حيزبه‌ بۆ مردووه‌کانى ئه‌م شاره‌ مه‌راسيم ئه‌گێرن به‌ڵام هيچ قسه‌وباسێک له‌ زيندووه‌کان ناکه‌ن چونکه‌ قسه‌کردن له‌و خه‌ڵکه‌ى که‌ تاک و ئێستا له‌ ژياندا ماون پاره‌ى تێ ئه‌چێت ، بۆيه‌ گۆرانى ووتن و وتار خویندنه‌وه‌ له‌ مه‌راسيم و ته‌له‌فيزێۆنه‌کانيانه‌وه‌ بۆ ئه‌وان ئاسانتره‌و به‌ که‌مترين نرخ خۆيان ده‌رباز ئه‌که‌ن ، وه‌ ئه‌وان ته‌نها ئه‌توانن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بۆ ئه‌و شاره‌ بکه‌ن که‌ ئه‌وان پێى ئه‌ڵێن سوومبولى کوردستان ، هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ سه‌رانى ئه‌م دوو حيزبه‌ بووه‌ته‌ خێرو بێرو بۆ خه‌ڵکه‌که‌ى بووه‌ته‌ نه‌هامه‌تى و له‌ لايه‌ن يه‌کێتى و پارتى يه‌وه‌ وه‌ک و بازارێک به‌کار هێندراوه‌ بۆ که‌ڵه‌که‌بوونى سه‌رمايه‌کانيان . دواى ئه‌م کاره‌ساته‌ى که‌ چه‌کداره‌کانيان خوڵقانديان عيماد ئه‌حمه‌د زۆر بێ شه‌رمانه‌ له‌ ته‌له‌فيزێۆنه‌که‌يانه‌وه‌ ئه‌وه‌ى راگه‌يه‌ند که‌ ئه‌وانه‌ گێره‌شێوێنن و ئه‌بێت دادگاي بکڕێن ، به‌ڵام ئه‌پرسين ئايا ئه‌و خه‌ڵکه‌ نه‌يانهێشتووه‌ له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى رابردودا ئاوه‌دان بکێته‌وه‌؟ کاره‌باو رێگه‌وبان و ئاو و ئاوه‌رۆى بۆ نه‌چێت يان ئه‌وه‌ ئێوه‌ن ئه‌ژاوه‌تان خستۆته‌ کوردستانه‌وه‌و سه‌روه‌ت وسامانى ئه‌و خه‌ڵکه‌تان پاوان کردووه‌و گه‌يانتان به‌م رۆژه‌ ، بۆيه‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ن ئه‌بێت دادگاى بکرێن نه‌ک خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى پێشودا هه‌رساڵه‌ى گه‌ره‌کێکى هه‌ڵه‌بچه‌تان ئه‌وه‌دان بکردايه‌ته‌وه‌ ئێستا ئه‌و شاره‌ هه‌مووى تازه‌ کرابۆوه‌ خه‌ڵکه‌که‌ى له‌ ژيانێکى ئينسانى به‌هره‌مه‌ند بوون ، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه‌ باشيان زانى که‌ گه‌ياندنى خزمه‌تگوزارى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ له‌ قاموسى سياسى ئێوه‌دا نييه‌ بۆيه‌ بريارياندا که‌ له‌و رۆژه‌دا خۆپيشاندان بکه‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنانى داواکارييه‌کانيان . رژێمى به‌عس کيميابارانى کرد يه‌ک جار ئه‌و خه‌ڵکه‌ گيانى له‌ ده‌ست دا به‌ڵام له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى کوردايه‌تيدا هه‌موو رۆژێک ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌مرێت و زيندوو ئه‌بێته‌وه‌ چونکه‌  ئێوه‌ نه‌وه‌ک کارێکتان کرد که‌ خه‌ڵک ئاسه‌وارى ئه‌و کيميابارانه‌‌ى له‌بيرچێته‌وه‌ به‌ڵک و ئاسه‌واره‌که‌ى هه‌ر له‌ به‌رده‌مياندايه‌و رۆژانه‌ له‌ گه‌ڵيدا ئه‌ژين ، وه‌ ته‌نا‌نه‌ت به‌ هۆى پيسى ئاوى ئه‌و ناوچه‌يه‌‌ خه‌ڵکه‌که‌ى توشى نه‌خۆشى ئه‌بێت و مناڵى شێواو له‌ دايک ئه‌بێت که‌چى ئێوه‌ هيچ باکێکتان نييه‌ ، بۆيه‌ ئه‌بێت خه‌ڵک ئه‌و راستييه‌ باش بزانن ته‌نها به‌ هاتنه‌ مه‌يدانى ئيراده‌ى خۆيان ئه‌تانن داخوازيه‌کانيان به‌داست بهێنن و رێگه‌ نده‌ن جارێکى تر مشه‌خۆرانى يه‌کێتى و پارتى بازرگانيان پێوه‌ بکه‌ن و به‌ هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانى راسته‌قينه‌ى خۆيان ئه‌توانن سيماى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆرن.

                                                                 17/3/2006 

  

           

 

02/09/2015