هه‌ناسه‌ی نێرگیز

                                                 

                                                       بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

                                                                                      2005-5- 30

نێرگزی چاو مه‌ست

چ نهێنییه‌ک

له‌ هه‌ناوتایه‌

گشت به‌یانییه‌ک

خوناوی ئه‌شک

ئه‌زێته‌ چاوت

چ جادوویه‌که‌

که‌ به‌یان ئه‌کشێت

بۆ بۆنکردنی

عه‌تری هه‌ناوت

کام شیرینییه‌

 په‌پووله‌ی شه‌که‌ت

دێ بۆ مژینی

هه‌نگوینی خاوت

چ هه‌ڵاڵه‌یه‌ک

له‌ پێلووتایه‌

که‌ ئاپۆره‌ی هه‌نگ

هه‌ڵوه‌دا ئه‌که‌ی

ده‌م بنێته‌ ناو

کانگای پر ئۆخه‌ی

*******

ئه‌مڕۆ له‌ دوینێ

ناسک و نازدارتر

ئه‌شنیته‌وه‌

دیاره‌ سبه‌ینێش

له‌مڕۆ شۆختری

ناز به‌ چوارده‌ورا

ئه‌به‌خشیته‌وه‌

هه‌رچه‌ند ده‌تبینم

هه‌رچی به‌رهه‌می

بیره‌وه‌ریمه

هه‌رچی ئومێدو

به‌خته‌وه‌ریمه‌‌

خواستمه‌ هه‌مووی

به‌ برژانگی چاو

بیانچنمه‌وه‌و

خه‌ڵاتی تۆیکه‌م

بوخچه‌ی ناو ناخم

چی تیایه‌ رۆیکه‌م

هه‌ر له‌ جۆلانه‌ی

مناڵیمه‌وه‌

له‌ ته‌مه‌نی زووی

 چوارساڵیمه‌وه‌

پاکی و بێگه‌ردی

بۆی پێئه‌که‌نی

سروه‌ی بلکیان

که‌ رای ئه‌ژه‌نی

باوه‌شێنی بای

شاخی كه‌ژانه‌

تێکه‌ڵ تانوپۆی

ژیانم بووه‌

یادگاره‌کان پێی

ئاوێته‌و تێره‌

بۆ ناو قووڵایی

نیهادم چووه‌

به‌ کانی و مێرگی

ناوشاخانه‌وه‌

هه‌موو ته‌مه‌نم

گرێدراوه‌

تۆ به‌ خوناو و

منیش به‌و ئاوه‌

ده‌م و چاومان

گه‌ش و پاراوه‌

*****

جا تۆ به‌گڕه‌ی

به‌هاری دره‌نگ

له‌ ده‌ستی ئه‌ده‌ی

ڕوخساری پڕ ڕه‌نگ

هه‌موو نازداریت

 ئه‌ڕواته‌ ده‌م با

منیش نامۆیی

ئه‌م هه‌نده‌رانه‌

ته‌مه‌نی گه‌نجیم

گشت بۆ خۆی ئه‌با

 

 

 

           

 

02/09/2015