گه‌شتێک بۆ چیای ئه‌ڵپ

                                             بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

 

له‌ قه‌دپاڵی چیای ئه‌ڵپا

له‌ ناو دۆڵ و که‌ند و به‌نده‌ن

له‌و کوێستانه‌ پاراوه‌دا

سه‌رنجم له‌ سروشت ئه‌دا

له‌ دیمه‌نی نهێنی کێو

کێوی به‌رزی له‌ خۆبایی

کاتێ که‌وا

له‌ره‌ی لقی دره‌خته‌کان

له‌سه‌ر شێوه‌ی

ده‌ست جووڵان بۆ ماڵئاوایی

به‌ڕێیئه‌کرد هه‌وری شێواو

له‌سه‌ر لوتکه‌ی له‌ خۆبایی

پرش و بڵاو

منیش له‌ سه‌ر لوتکه‌ی شادی

به‌ ئارام و دڵنیایی

به‌ڕێمئه‌کرد

ته‌مومژی په‌نگخوراوی

ناو ته‌نیایی

نهێنی کێو لایئه‌برد، خه‌م

هانیئه‌دام بۆ سه‌رکه‌وتن

بۆ به‌رزایی

له‌ نزیکی ترۆپکه‌وه‌

ئا له‌و شوێنه‌ی پاڵه‌په‌ستۆ

هه‌ناسه‌ی پێ سوارئه‌کردم

چه‌ند گوڵێکی کێویله‌م دی

سه‌ریان نابوو به‌ یه‌که‌وه‌

باخچه‌یه‌کی خنجێله‌م دی

به‌ گژ به‌فر و کڕێوه‌دا

ئه‌چوونه‌وه‌

له‌و کێوه‌دا

 

تاسه‌یه‌کی سۆز و ئه‌وین

گوزه‌ریکرد به‌ جه‌سته‌ما

خه‌فه‌ت له‌ناو دڵما نه‌ما

روو به‌ خه‌نده‌ و به‌ پێکه‌نین

ئافه‌رینی کۆڵنه‌دانم

له‌ گشتیانکرد

سه‌یره‌! سه‌رماوسۆڵه‌ی چیا

کار ناکاته‌ سه‌ر پاراوی

ئه‌م گوڵانه‌

که‌ شینبوونیان کۆڵنه‌دانه‌

له‌ که‌شێکی ئاوا سه‌خت

ئه‌م گوڵشه‌نه‌

جێی رامانه‌

سه‌ر سوڕمانه

********

ئینجا خۆمم بیرکه‌وته‌وه‌

هه‌رچی خه‌م و په‌ژاره‌یه‌

ویستیان چۆکم پێدابده‌ن

رووپۆشێکی ته‌ڵخ و دزێو

به‌سه‌ر بووکی

ئیسکسووکی

ناو که‌ژاوه‌ی شادمانی و

تروسکه‌ی هیواما بده‌ن

باڵی نه‌خشینی په‌پووله‌ی ته‌مه‌ن

له‌ بنابکه‌ن

که‌ژاوه‌ گه‌یشت

په‌پووله‌ش فڕی

به‌ره‌و گوڵزار و خوناوی چیمه‌ن

 

*******

 

 

منی ئاواره‌ی ئه‌م ئه‌وروپایه

‌نامۆم به‌ هه‌موو تامێکی ئێره‌

که‌چی گه‌شته‌که‌م بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره

تامێکی جیایه‌

تامی کوردوستان، له‌ دۆل و که‌ندی

چیای ئه‌ڵپایه‌

‌‌

 

           

 

02/09/2015