بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی غه‌در   . .  !

 م . حه‌مید عه‌زیز

ئه‌ی ووڵاته‌  ماندووه‌که‌ی ده‌ستی ڕه‌شی جه‌ورو سته‌م

مه‌حف میووانی جوانیت بوو له‌ کوێریا

خنکانیش ده‌سته‌کانی وه‌حشیه‌ت بوو له‌بینه‌قاقای بوونتا

ڕۆح سوتانیش هێرشی مێژووی وه‌قاس بوو به‌عه‌قڵی شمشێره‌که‌یه‌وه‌

له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ ئه‌وان وابوون شه‌ڕو ئاهه‌نگیان هه‌ر خوێن بووه‌
سه‌رچۆپیشیان ‌تفه‌نگی ترسنۆکی له‌شان بووه‌

له‌جه‌نگه‌ڵی ته‌ته‌ره‌وه‌ گۆشکراون دڕنده‌بن له‌که‌ڵبه‌دا

بۆیه‌ قردێله‌ی سه‌ری کچانی کوردیان ئه‌دڕی

جامانه‌ی جوتیاره‌ هه‌ژاره‌کانی مه‌ملله‌که‌تیان به‌سه‌ره‌وه‌ ئه‌بڕی

زینده‌ به‌چاڵی ساواکان و ژن و پیاویش خه‌ڵتانی خوێن

پیره‌کانیش هه‌ورازه‌کان ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنین و بێ هه‌ناسه‌یی بردنی

ئای له‌و غه‌دره‌ لێمان کرا به‌ڵام ئازاری وه‌ک ده‌سته‌ ڕه‌شه‌که‌ نه‌بوو

له‌هه‌مووی ڕه‌شتر بڕینی مه‌چه‌که‌کان بوو بۆ بازنگێک

بڕینی لوته‌کان بوو بۆ لووته‌وانه‌یه‌ک و په‌نجه‌کانیش بۆ ئه‌ڵقه‌یه‌ک گیرفانه‌کان بۆ پاره‌یه‌ک  . . 
گازی خه‌رده‌ل ته‌نها بۆ هه‌ناسه‌ بڕین نه‌بوو به‌ڵکو شه‌رمیشی بڕیبوو

له‌ویاو له‌وشوێنه‌دا حه‌یا تکا  . .  که‌ملوانکه‌ی خۆشه‌ویستی له‌مله‌کان دائه‌که‌نرا

هیچێک نه‌ما نه‌برێ له‌ تۆ ئه‌ی به‌لقیسی شای ووڵاتم  ته‌نها گرمۆڵه‌یی مردن نه‌بێ

به‌ته‌نهاش لاشه‌یه‌کی به‌جێماو بووی  بۆیه‌ ئه‌وان چنگێک هه‌ناسه‌ی ڕه‌ش بوون له‌خیانه‌ت   . .  سا‌وایه‌کی بێ دایک بووی به‌پۆستاڵ و کڵاشه‌وه‌ گیرفانه‌کانی

برسێتیت ئه‌گه‌ڕان و قۆڵه‌کانی مریه‌میان ئه‌بڕی و به‌رباخه‌ڵی حه‌مه‌یان ئه‌دڕان

بۆیه‌ زه‌وی یه‌کی خنکاوی بریندار له‌ نیشتمانێکی خاڵیدا چرۆی نه‌کرد

چڵێ نه‌بوو ده‌ستی بگرێ و له‌ڕزگاربوونا نیگا بێت بۆیه‌ هه‌موو ده‌ست ڕه‌شه‌کان  دووای خنکانی تۆ  سه‌فه‌ر بوون . .  به‌ره‌و سنور تۆش بێکه‌س وه‌ک نه‌ته‌وه‌که‌م له‌ناوته‌می ژه‌هرا دیمه‌نێک بوویت تابلۆی هه‌ژانی ویژدان بوویت

ئه‌وی پێشتر له‌دنیای زه‌هرو بۆنا کوشتیتی سه‌رچاوه‌ی تاریکترین ڕه‌نگی دنیا بوو

خه‌می ساواکانی نه‌بوو له‌په‌له‌قاژێی هه‌ناسه‌دا مه‌رگیان ده‌رچێ

بۆیه‌ گۆمێ زه‌هری دایتێ و  به‌کوشتنت  خه‌نده‌ی ئه‌کرد

به‌گریانت پێ ده‌که‌نی و سیمای سه‌ماو ته‌پڵی سه‌رکه‌وتن بوو

ئه‌مه‌ی ئێستاش که‌وه‌ستای مه‌چه‌ک بڕینه‌ شینێکه‌ له‌درۆکانی دوێنێ ‌

ده‌ستێکه‌ له‌ چه‌په‌ڵی و چاوێکه‌ له‌ نه‌زانین و دنیایه‌کیش نا‌ڕاستگۆیی

به‌ده‌ستی ڕه‌ش یه‌خه‌ی کراسی نه‌ته‌وه‌که‌ی دڕاند

ده‌ستی ڕه‌ش و چاوی ڕه‌ش و دڵی ڕه‌ش  ‌

ڕه‌شتر له‌ چه‌لوب و ژه‌هردارتر له‌بێگانه

سومبولی نیشتمانه‌کان و به‌هارو جوانیان تیا کوشت

ئه‌ی نیشتمانه‌ بێنازه‌که‌ی سه‌رتاپا ڕه‌ش

له‌شاری باخ و گووڵه‌وه‌ له‌هه‌ناسه‌ی نه‌عناو پونگه‌و نیرگزه‌وه‌

‌بۆ تابلۆیه‌ک گه‌رده‌لولی خۆڵاوی ترسناک  . .  لوول بووی له‌خوێنی خۆتا گه‌وزاو

ئای هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌ی ئه‌و زامه‌ی خوێنت ئه‌تکێ و ووشک نابێ

چی برینی له‌شی دنیا هه‌یه‌ ساڕێژ ده‌بێ ته‌نها  زامه‌که‌ی تۆ نه‌بێ ‌ ‌

خۆتۆ له‌ناسکیا باخێ بووی له‌جوانیا ماڵێ بووی بۆ به‌خته‌وه‌ری

له‌کتێبی برسێتیا ووشه‌ی نان بووی له‌ساته‌کانی تینوێتی ده‌ریایه‌ک بووی له‌سوکنایی‌ به‌هه‌شتێک بووی له‌باخ و قیبله‌و سه‌وزایی

ئه‌فسوس بووی به‌ئامانجی چنگه‌کان  . .  چنگی زوڵم و لێک ترازان

ده‌ستی شه‌ڕو چاوی پیسی لێوان لێو غه‌در

بۆ نیشتمانێکی دووای جه‌نگ که‌سه‌رتاپای ته‌پوتۆزێکی سوتاو بوو‌

هه‌ناسه‌کانی بۆن کڕوزو کۆکه‌ی سیانید و خه‌رده‌ل تێکه‌ڵ به‌یه‌ک ئه‌کران

هه‌موو شتێک مرد ماچی به‌یانیانی کانی ئاشقانیش ته‌واو مۆسیقای ته‌واو بونیان بۆ لێدای تۆ دووای غه‌دریش دایان ماڵیت و گسکیان لێدای  .

 

 

M_Hamidaziz@hotmail.com

 

 

 

           

 

02/09/2015