ئازادی و سنووره‌کانی جوانی  . .  !

              

  م . حه‌مید عه‌زیز

               M_Hamidaziz@hotmail.com  

 

ئازادی واتای به‌خته‌وه‌ری هه‌ناسه‌کانی ڕۆحی بوونه‌وه‌ره له‌یه‌که‌م چرکه‌ی هه‌ست به‌بوون کردنی هه‌سته‌کانی که‌بۆی ئه‌مرێ و ‌ بۆی ئه‌ژی وه‌ک چۆن عه‌شقێکی دیل تینووی بارانی په‌ڵه‌ هه‌وری ئازادی یه‌ و ئاماده‌یه‌ بمرێ وبژی بۆ ئه‌و هه‌ناسه‌ی ڕزگاربوونه‌‌ .

ئازادی جوانترین پالیسه‌ بۆ باخه‌کانی گووڵ و ژیان و به‌خته‌وه‌ری  نرخ و گه‌وره‌یی و گرنگی دانه‌ به‌مرۆڤایه‌تی وسه‌عافی" جوانترین په‌رژینه‌ که‌ڕێز له‌داپۆشین و سنوریش بۆ بێ به‌رگی داده‌نێ  .  ئازادی به‌های هه‌سته‌ جوانه‌کانه له‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی له‌دنیای سۆزدا نه‌مردوون و شۆڕشێکن دژ به‌ ئازاردان و کوشتنی خه‌ونه‌ جوانه‌کانی بوونه‌وه‌رن . ‌ ئاده‌میزاد به‌ئازادی له‌دایک بووبێ نامرێ که‌واته‌ ئازادی کتێبێکه‌ به‌ڕوی دیلی دا و تفه‌نگێکه‌ بۆ مردنی بکوژانی هه‌ناسه‌ جوانه‌کانی ئه‌وینه‌ .  ئازادی نانه‌ بۆ گووڵه‌ برسی یه‌کانی مانه‌وه‌و هه‌ڵنه‌وه‌راندن پاکی یه‌ بۆشه‌ونمی به‌یانیانی ڕۆحی مه‌له‌ ئازادو بێ گوناحه‌کان دڵداری گه‌نجانه‌ له‌ناخی سۆزێکی جوانی خودایی و ڕاکردنه‌ له‌ناو خێزاندا که‌ کاتێک ئاسمانی ماڵ زیندانێکه‌و ئازاری ڕۆحی تیا ئه‌درێ بۆیه‌ به‌منداڵی مرۆڤ شه‌یدای ده‌ره‌وه‌یه‌ ‌ چونکه‌ هه‌موو جوڵه‌و عه‌شقه‌ سروشتی یه‌کانی به‌رائه‌تی تێدا کێڵراوه‌ به‌ڵام گه‌وره‌ دڕنده‌کان و ناحاڵی یه‌کان زه‌وتی ده‌که‌ن و ئه‌و هۆرمۆنه‌ خودایی یه‌ تێک ده‌ده‌ن و به‌روبومێکی کاڵ و کرچ به‌رهه‌م دێنن هه‌ر بۆیه‌ مامۆستاکانی قوتابخانه‌ به‌دار دێن بۆ پێشوازی کردن له‌ قوتابی و پێیان وایه‌ زانستیش به‌زۆر ئه‌ڕوێنرێ  هه‌ر بۆیه‌ جوتیارانی نیشتمانه‌ بێنازه‌که‌م گووڵ ئه‌چێنن و مین ( لغم )  ئه‌دورنه‌وه چونکه‌ هه‌ژارو نه‌داری نه‌ته‌وه‌که‌م خه‌و به‌ده‌وڵه‌تێکه‌وه‌ ده‌بینن که‌ سیستمی ڕاستی و عه‌داله‌ت په‌خش بکات بۆیه‌‌ بێبه‌رین له‌ وانه‌ی ئازادی‌ و ته‌نها خزمه‌تی شۆڕش ئه‌زانن و له‌دووایشدا بێ به‌شن له‌ که‌مترین ماف ‌.  له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ مرۆڤ به‌ئازادی له‌دایک بووه‌ به‌ڵام سیستمه‌ خوارو خێچه‌کانی ده‌سه‌ڵات مافه‌کانی لێ زه‌وت ده‌کات له‌پێناوی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆی  هه‌رسه‌رده‌مه‌ی به‌ناوی شتێکه‌وه‌ مرۆڤ چه‌وساوه‌ته‌وه‌و ڕامیاری ووڵاته‌که‌م که‌پێویسته‌ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌م بکات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ فێڵی لێ ئه‌کات و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات .‌

ڕێز گرتنیش به‌شێکی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی به‌رهه‌یوانی ماڵه‌گه‌و‌ره‌ی سیستمی ئازادی یه

ده‌ستێکیشه‌ له‌بینه‌قاقای که‌ڵه‌گاکانی ده‌سه‌ڵات  .  ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌بۆ نه‌ته‌وه‌ی خۆی شێرو پڵنگه‌و ئازاردانی ڕۆحیش بابه‌تی قوتابخانه‌ تاریکه‌که‌یه‌تی و به‌ڵام له‌به‌رده‌م دووژمن ده‌ست به‌سنگه‌وه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ ناڕه‌حه‌ته‌ به‌ ووشه‌ی ئازادی و به‌هێڵی سوری داده‌نێ  .

ئازادی واتای تێکنه‌دان و نه‌شێواندنی جوانی یه‌کانه‌   . .  وه‌ک جوانی بیروباوه‌ڕو جوانی خۆشه‌ویستی و جوانی ئیش کردن و   . .  هتد   ، ‌ به‌واتای ڕێزگرتنه‌ له‌هه‌موو بیره‌ ئازاده‌کانیش وه‌ک . .  مرۆیی ،  مادی  ، مثالی ، نه‌ته‌وه‌یی  . .  هتد .

ئازادی حاڵی بوونه‌ له‌گه‌وره‌یی و نرخی مرۆڤ بۆیه‌ پێویسته‌ له‌یه‌ک حاڵی ببین و ڕێز له‌بیرو بۆچونی یه‌کتر بگرین  .

ئازادی واتای پابه‌ند بوون و ڕێز گرتنه‌ له‌ ناخی مرۆڤ  .  که‌سیش خۆی نه‌کا به‌که‌ڵه‌گا له‌وی تر چونکه‌ خوا ئاده‌میزادی به‌جوانی دروست کردو به‌ ئازادیش هێنایه‌ ژیانه‌وه به‌ڵام مرۆڤه‌کان خۆیان حه‌ز به‌یه‌ک ناکه‌ن و هه‌میشه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا خۆیان بیر ده‌چێته‌وه‌و پێیان وایه‌ نامرن بۆیه‌ ئێستا له‌ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌تاوی خه‌ڵکی هه‌ژار تاریکه‌ و بێ به‌شه‌ له‌ئازادی  .

 

" (سه‌عاف)  په‌لکی درێژی داره‌خورمایه  بۆ سووتان و‌ بۆ په‌رژین به‌کار دێت که‌کاتێ ووشک ده‌بێت ‌ .

 

       ‌

 

           

 

02/09/2015