جه‌عفه‌ری و بیر ته‌سکی ڕامیاری و خه‌یاڵی مه‌زهه‌بی  . . .  ! 

به‌شی یه‌که‌م

م . حه‌مید عه‌زیز
M_Hamidaziz@hotmail.com

 کورد وه‌ته‌نی مانگ سه‌ر له‌ئێواره‌ دیاره‌  . هاتنی جه‌عفه‌ری بۆ ده‌سه‌ڵات و  پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران که‌له‌ساڵی پاردا 2005 ڕویدا ببوایه‌ به‌وانه‌یه‌ک بۆ پیاوانی ڕامیار له‌ عێراق و کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر نه‌یانهێشتایه‌ پیاوێکی وه‌ک جه‌عفه‌ری بهاتایه‌ته‌وه‌ سه‌ر شانۆی کاری ڕامیاری له‌عێراق .

له‌وه‌ ئه‌چێ ئه‌و ‌هه‌موو پیاوه‌ ڕامیارانه‌ی عێراق ڕامیار ناس ( السیاسی )  نه‌بن ئه‌گینا ئه‌بێ بزانن له‌گه‌ڵ کێ کار ده‌که‌ن و کێ ڕۆشن فیکره‌و کێ خه‌باتی هه‌یه‌ و کێ ئیسلامی یه‌و کێ عیلمانی یه‌و کێ ڕه‌ش بین و گه‌ش بینه‌ به‌و پڕۆسه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ سیستمی ده‌سه‌ڵاتی نوێدا چی ئه‌که‌یت و له‌گه‌ل کێ کار ئه‌که‌یت  ؟  .

ساڵی پار 2005  ساردی یه‌ک له‌نێوان مام جه‌لال و جه‌عفه‌ری دروست بوو هۆکه‌یشی هه‌موو که‌س ئه‌یزانی که‌ جه‌عفه‌ری ئه‌یویست ده‌سه‌ڵاتی ( صلاحیات ) سه‌ره‌ک کۆمار زۆر نه‌بێت و   هه‌وڵی ئه‌دا که‌ که‌متری بکاته‌وه‌  .

که‌واته‌ ئاشکرایه‌ ڕاو بۆچوونی جه‌عفه‌ری به‌رامبه‌ر به‌کورد چونکه‌ ئه‌وه‌ی کردی به‌رامبه‌ر مام جه‌لال له‌گه‌ڵ کوردی بوو چونکه‌ ئه‌و کوردی له‌مام جه‌لاله‌وه‌ ئه‌بینی . که‌چی به‌هه‌مان هه‌ڵه‌دا پیاوانی ڕامیاری عێراق و کوردستان ڕایان له‌سه‌ر بوو که‌ جارێکی تر جه‌عفه‌ری بێته‌وه‌ سه‌ر شانۆی کارو ڕامیاری خۆی به‌هه‌مان فیکری ڕه‌شی یه‌وه‌ ده‌ست پێ بکات  .

ئه‌بوایه‌ بزانرایه‌ ئه‌م پیاوه‌ چه‌ند ڕه‌شبینه‌ به‌رامبه‌ر ژیان و مرۆڤ چونکه‌ پارساڵ قه‌راری دا که‌هه‌رچی له‌وه‌زاره‌ت کارده‌کات له‌ژنان و ئافره‌تان ئه‌بێ له‌چک بکه‌نه‌ سه‌ریان ( من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم که‌ئافره‌ت له‌چک نه‌کات  ،  من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام که‌ به‌زۆر نه‌بێت چونکه‌ ئاین و بیروباوه‌ر به‌ئاره‌زومه‌ندانه ‌بێت باشتره‌ چونکه‌ ئه‌وه‌ ئاینی خودایه‌ که‌س ناتوانێ به‌زۆر بیسه‌پێنێ به‌سه‌ر مرۆڤدا چونکه‌ خوا خۆی مرۆڤی به‌ئازادی دروست کردووه‌ به‌ڵام مرۆڤه‌کان خۆیان به‌قه‌راری خۆیان  ، خۆیان کردووه‌ به‌ وه‌کیلی خودا ،  مرۆڤی ژیرو تێگه‌یشتوو به‌ئازادی که‌ڵک له‌ ژیان وه‌رده‌گرێ نه‌ک به‌زۆر چونکه‌ ئاینه‌کان زۆرن و یه‌ک خوداشیان هه‌یه‌ ) .

به‌کورت و کرمانج  ویستوو خواستی جه‌عفه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌مان ڕژێمی ئێران بهێنرێته‌ عێراقه‌وه‌و خه‌ڵک له‌سایه‌ی ئه‌و سیستمه‌ تاریکه‌دا بژی ،  چونکه‌ ئه‌وه‌ی فیکری جه‌عفه‌ریش نه‌زانێ ئه‌بێ به‌و ڕیش و پاک و ته‌میزی یه‌ی بزانێ که‌چۆن بیر ئه‌کاته‌وه‌  .

زۆر سه‌یره‌ ئه‌بێ ئه‌و نه‌ته‌وه‌ زوڵم لێ کراوه‌و سته‌م دیده‌یه‌ی عێراق چی بدورنه‌وه‌ له‌سایه‌ی فیکرێکی تاریکی وه‌ک جه‌عفه‌ری که‌هه‌میشه‌ دوواکه‌وتن و بیری تاریک ئه‌چێنێ سه‌رکرده‌کانی کورد به‌درێژایی مێژوو هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون ئه‌گینا پیاو ڕامیار بێت و کاری ڕامیاری بکات ئه‌بێ بزانێ یه‌کێکی وه‌ک جه‌عفه‌ری چۆن بیر ئه‌کاته‌وه‌ ئه‌گینا که‌به‌یه‌کێک ئه‌ڵێن ڕامیار زان ته‌نها هه‌رئه‌وه‌یه‌ درۆی باش بزانێ  ؟ بێگومان نه‌خێر .

که‌واته‌ به‌ڵگه‌ی ناوێ بۆ جه‌عفه‌ری که‌ چی یه‌و چۆن بیر ئه‌کاته‌وه‌ ، بائیتر به‌س بێت بێئاگایی و تۆزێک به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ و نه‌هێڵین خوێنی هه‌زاران شه‌هید به‌فیڕۆ بڕوات و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ له‌بار ببرێت  .  چوونی جه‌عفه‌ری بۆ تورکیا وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ بچێ بۆلای دووژمنی کورد و پیلان له‌دژی بگێڕێ و په‌یوه‌ندی باشیشی له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌و ئه‌وه‌ش هه‌ر پیلانه‌و باتائێره‌ به‌س بێت  .  

 

                                

           

 

02/09/2015