١٦ی ٣ی ١٩٨٨ له‌ یاداشتی خواوه‌نده‌کاند ............

هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین

 

له‌ رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆ بوو، ژن و پیاوه‌کانی هه‌له‌بچه‌، دوور له‌ یاری منداله‌کانیان، روویان له‌ ئاسمان کردبوو و ئه‌پاڕانه‌وه‌.... خودایه‌ بیبارێنی.....ره‌حمه‌تی خۆتمان به‌ سه‌ردا ببارێنی....

فریشته‌یه‌کی سپی دوعاکانی له‌ بوخچه‌یه‌ک کۆکردنه‌وه‌ و به‌ره‌و کۆشکی خودا که‌وته‌ ڕێ.

خودا خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی قورئان بوو، بۆ خه‌لوه‌تی خۆی ده‌رگای له‌ که‌س نه‌کرده‌وه‌، فریشته‌که‌ له‌ هیلاکی چاوه‌ڕوانی له‌ سه‌ر پیپیلکانه‌ی به‌ر ده‌م کۆشک، له‌ پال بوخچه‌ی دوعاکاندا، چاوه‌کانی لێکنا.

فریشته‌ی به‌سته‌زمان به‌ شه‌قی پۆستاله‌کانی (علی حسن مجید) ڕاچلکا، واقی وڕما له‌ ددانه‌ تیژه‌کانی(علی کیمیایی)، کاتێک که‌ بینی بوخچه‌که‌ ئه‌کاته‌وه‌. دوعاکان زه‌رد ببون به‌ لاوازی به‌ رووی (کیمیاویدا) کرانه‌وه‌.

علی کیمیایی یه‌که‌م جار به‌ بزه‌یه‌کی ئه‌هریمه‌نیانه‌ و دوایش به‌ قاقایه‌کی شه‌یتانیانه‌ گوتی:

من ئه‌یبارێنم من.

یه‌که‌م بارین، چۆله‌که‌کانی هه‌ڵوه‌راند.

دووه‌م بارین، به‌ژنی دره‌خته‌کانی له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ئه‌سوتاند.

سێیه‌م بارین، موعجیزه‌یه‌ک بوو، ئه‌رز و ئاسمانی راچله‌کاند.

که‌س نه‌یئه‌زانی ئه‌وه‌ چ رۆژێکه‌! که‌س نه‌یئه‌زانی ئه‌وه‌ چ دیمه‌نێکه‌!

خه‌لکانێک هاتن گوتیان ئه‌وه‌ خه‌وه‌ به‌ سه‌ر ئه‌م شاره‌دا باریوه‌.

ئه‌وانیتر پڕ به‌ ده‌نگ هاواریان ئه‌کرد:

خه‌وی چی ئه‌وه‌ مردنه‌ مردنننننننننن .

وه‌رن زووکه‌ن با گۆڕێک بۆ ئه‌م شاره‌ هه‌لکه‌نین.

شار مردووه‌، شاااااااااااااااااار.

خواوه‌نده‌کانی یۆنان، له‌ ئاسمان شۆڕ بوونه‌وه‌، هه‌ر چه‌ند ئه‌یانکرد په‌رده‌ی ئه‌و کیمیایه‌یان پێ نه‌ئه‌بڕدرا، که‌ به‌ سه‌ر هه‌له‌بچه‌دا درابوووووووو.

خواوه‌نده‌کان هاواریان نه‌ ئه‌گه‌یشته‌ که‌س، تا پێیان بڵێن: لێیان گه‌ڕێن، ده‌ستیان لێ مه‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ خه‌وتوون خه‌وتوون، لێیان گه‌ڕێن هیچ یه‌کێکیان نه‌مردوون.

ئێوه‌ چۆن بڕوا ده‌که‌ن پێنچ هه‌زار که‌س، له‌ یه‌ک کاتدا، له‌ یه‌ک ساتدا، به‌ یه‌که‌وه‌ هه‌ر هه‌موویان بمرن؟؟؟

بۆ ئیزڕائیل چه‌ند ده‌ستی هه‌یه‌؟؟؟ تا بتوانێت ئه‌م هه‌موو روحانه‌ له‌ یه‌ک کاتدا بکێشێت؟؟؟ چه‌ند قاچی هه‌یه‌؟؟؟ تا به‌ هه‌موو مالێک و کۆلانێک رابگا؟؟؟؟

ئه‌وه‌ته‌ نابینن منداله‌کان له‌ شوێنی یاریکردن په‌رته‌یان نه‌کردووه‌!

بۆ نابینن شیره‌خۆره‌کان له‌ باوه‌شی دایکیان خه‌ویان لێکه‌وتووه‌!!!

بۆ نابینن ژنه‌کان له‌ ناو کارکردنی مالیان دان!!!!!

پیاوه‌کان هێشتا هه‌ر له‌ مزگه‌وتان!

ئێوه‌ چۆن بڕوا ده‌که‌ن، له‌ یه‌ک سات، مرۆڤ و گیاندار و بالدار و دره‌خته‌کان، هه‌ر هه‌موویان به‌ یه‌که‌وه‌ بمرن؟؟؟؟؟؟؟

بڕوا مه‌که‌ن، شتی وا هه‌رگیز نه‌بووه‌ و هه‌رگیز نابێ.

ئه‌وانه‌ نه‌مردوون ئه‌وانه‌ خه‌وتوون.

لێیان گه‌ڕێن ده‌ستیان لێمه‌ده‌ن، له‌ خه‌وی شیرینیان مه‌که‌ن.

گۆرانی و شیعر و په‌خشانی ئازادیان بۆ بڵێن.

ئه‌مانه‌ له‌ بێ ئازادیدا خه‌وتوون.

گۆرانی و

شیعر و

په‌خشانی

ئازادیان بۆ بلێن

ئازادی.... ئازادی

ئه‌مانه‌ له‌ بێ ئازادیدا خه‌وتوون.

 

 

 

                                                        ١٦ی ٣ی ١٩٩٣

                                                    

 

           

 

02/09/2015