ژن و پیاو ............ زیندانی و پاسه‌وان

هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین
٧ی ٣ی ٢٠٠٦
handren88@hotmail.com

درۆ له‌گه‌ل خۆ کردنه‌ ، خۆ هه‌لخه‌لاتاندنه‌ ، مانه‌وه‌یه‌ له‌ ناو نه‌زانی کاتێک که‌ پیاوان ته‌مه‌نی خۆیان به‌ پاسه‌وانی کردنی ژنان ئه‌دۆڕێنن . جیاوازی نێوان دیلیه‌تی ژنه‌کان و پاساوانی کردنی پیاوان چیه‌ ؟؟

پیاوه‌کان به‌ فه‌رمانه‌ دینیه‌کان و داب و نه‌ریته‌ خێله‌کیه‌ کۆنه‌کان ژنان له‌ کێ ئه‌پارێزن؟ له‌ کێیان دائه‌بڕن ؟ ئایا پیاو پاسه‌وانی ژن له‌ ژن ئه‌کات ؟؟ یان ژن له‌ ژن دائه‌بڕێت ؟؟ ئایا ئه‌و زیندانی کردنه‌ی ژنان نه‌بۆته‌ هۆی گرفتێکی گه‌وره‌ی پیاوان ؟؟ من چۆن بتوانم وه‌ک مۆڤێکی ئازاد بیژیم کاتێک بسه‌پێندرێت به‌سه‌رم که‌ هه‌موو ته‌مه‌نم له‌ چاودێری کردنی ژن دابم،ژن وه‌ک (دایک ،ژن ، خوشک ، کچ).

پیاوه‌کان به‌رده‌وام درۆ له‌گه‌ل خۆیان ئه‌که‌ن ، ژنه‌کانیش به‌ درۆی پیاوه‌کان باوڕ ئه‌که‌ن کاتێک وا خۆیان ئه‌خه‌نه‌ روو گوایه‌ ئه‌وان پیاون و مرۆی ئازادن ، کام ئازادی ؟؟؟

له‌ هه‌مان کاتدا ژنانێکیش هه‌ن وه‌ک پیاوه‌کان درۆ له‌گه‌ل خۆیان ئه‌که‌ن، پێیان وایه‌ ئازادن و مافه‌کانی خۆیان به‌ده‌ست هێناوه‌ ، به‌و بڕه‌ جیاوازیه‌ی که‌ له‌گه‌ل ژنه‌کانیتر هه‌یانه‌ ، ئه‌وه‌ له‌ کاتێک پیاوانێکی که‌م هه‌ن باوڕ به‌ درۆی ئه‌م ژنانه‌ بکه‌ن .

پیاو یان ژن چۆن ئازاد ئه‌بێ له‌ شوێنێک له‌ کۆمه‌لێک که‌ ئازادی تاکه‌ که‌سی تیا نه‌بێ؟؟ زیاتر له‌ هه‌زار و چوار سه‌د ساله‌ کورد که‌وتۆته‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلام ، ئه‌و ئیسلامه‌ی له‌گه‌ل هه‌موو مافه‌کانی تاک ناکۆکه‌ ، ئیسلام تا ئاستێک خزاوه‌ته‌ ناو کۆمه‌ل که‌ تێکه‌لبوونێکی به‌رچاوی له‌گه‌ل داب و نه‌ریته‌کان هه‌یه‌ ، له‌هه‌مان کات هه‌ر یه‌ک له‌م وولاتانه‌ی که‌ کوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌ش کراون بریتین له‌ وولاتی ئیسلامی و یاسا بنه‌ڕتیه‌کانیان شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌ ئه‌گه‌رچی ئیدیعای علمانیه‌تیش ئه‌که‌ن، ئه‌مڕۆش که‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ پانزه‌ ساله‌ کوردستانی باشور له‌ ژێر ده‌سه‌لاتی پارته‌ کورده‌کان دایه‌ ئه‌و پارتانه‌ی به‌رده‌وام وه‌ک ده‌سه‌لاته‌کانی تری ناوچه‌که‌ ئیسلامیان کردۆته‌ بنامای یاسا و ئیدیعاش به‌ علمانیه‌ت ئه‌که‌ن.

من پێم وایه‌ شتێک نیه‌ پێبگووترێت کێشه‌ی ژن و پیاو ، به‌لکو کێشه‌ کۆمه‌لایه‌تیه‌کان و سیاسیه‌کان و ئابوریه‌کان و فه‌رهه‌نکیه‌کانن دواجار له‌ په‌یوه‌ندی نێوان ژنان و پیاوان ره‌نگ ئه‌ده‌نه‌وه‌‌، بۆیه‌ پێویسته‌ که‌ ژنان و پیاوان به‌ یه‌که‌وه‌ روو به‌ رووی ئه‌م کێشانه‌ ببنه‌وه‌ و ئه‌و دیوارانه‌ بڕوخێنن که‌ دین و یاسا و داب و نه‌ریت ئه‌یخاته‌ نێوانیان.

پێویسته‌ پیاوه‌ ئازادیخوازه‌کان به‌ هیچ شێوه‌ و جۆرێک له‌ هیچ بوار و ره‌هه‌ندێک خۆیان له‌ ژنان جیا نه‌که‌نه‌وه‌ و ژنان له‌ خۆیان جیا نه‌که‌نوه‌ ، به‌ هه‌مان شێوه ژنانیش نابێ به‌وه‌ رازی بن که‌ له‌ پیاوان جیابکرێنه‌وه‌ ، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ ئه‌یبینین هه‌موو پارتێک له‌ کوردستان رێکخراوێکی ژنانی هه‌یه‌ بۆ دیلکردن و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنیان و کۆنترۆل کردنیان به‌ ناوی مافی ژنان یان ئافره‌تان.

ئه‌م رێکخراوانه‌ خراپترین زیندانن که‌ نه‌وه‌ک هه‌ر ژنانی گرتۆته‌وه‌ بگره‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی تریش وه‌ک قوتابیان و (خوێندکاران) و لاوان و مامۆستایان و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و .....هتد

رێکخراوه‌ پیشه‌یی و دیموکراسیه‌کان کاتێک که‌ به‌شێک بن له‌ حیزب ئه‌وا جگه‌ له‌ دیلیه‌تی هیچیتر ناگه‌ینن،ئه‌م راستیه‌ش له‌ کوردستان ته‌واو سه‌لمێندراوه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر لێره‌دا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رفره‌وان باس له‌ هه‌موو ئه‌و رێکخراوانه‌ نه‌که‌ین ، به‌لکو زیاتر تیشک بخه‌ینه‌ سه‌ر رێکخراوه‌کانی ژنان و لێی وورد بینه‌وه‌ بزانین به‌ چ مه‌به‌ستێک دائه‌مه‌زرێن و ئارک و مافی ژنان له‌ ناو ئه‌م رێکخراوانه‌ چین و چه‌ند ئه‌توانن کار بۆ هێنانه‌دی وویست و ئاره‌زوو و داخوازیه‌کانی ژنان بکه‌ن ؟

وه‌ک گووتم دابڕاندنی ژنان و پیاوان له‌ یه‌کتر چگه‌ له‌ قولکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان و له‌یه‌کتر دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ره‌گه‌زه‌ی که‌ ته‌واوکه‌ری یه‌کترن شتێک ترمان پێناگه‌ینێت،دیاره‌ رازی بوونی زۆر له‌ پیاوان و به‌شێک له‌ ژنان به‌م له‌یه‌کترازانه‌ باشترین خزمه‌ت به‌ پارته‌کان ئه‌کات ئه‌و پارتانه‌ی که‌ دروستکه‌ری ده‌ستی پیاوانێکی ماف نه‌ناسن ئه‌وه‌ته‌ میژووی خۆیان گه‌واهی ئه‌وه‌مان بۆ ئه‌دات که‌ هه‌ر یه‌ک له‌م پارتانه‌ چه‌ندین شه‌ڕو کوشتاری به‌رفره‌وانین له‌گه‌ل یه‌کتر کردووه‌ و به‌ هه‌زاران که‌سیان به‌کوشت داوه‌ و هه‌زاران مالیان وێران کردووه‌ ، له‌ پێناو چی؟؟ دوای شه‌ڕه‌کانیش ده‌ست له‌ملانه‌ی یه‌کتر ئه‌بن و ئه‌بن به‌ برای گیانی به‌ گیانی ، زۆر بۆ دواوه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ هه‌ر له‌ سالی هه‌زار و نۆسه‌د و هه‌شتا تا ئه‌مڕۆ سه‌یر ئه‌که‌ین بابزانین کامه‌ یه‌کێک له‌ پارتانه‌ به‌ کۆمه‌نست و سۆسیالست و ناسیونالست دینی و مه‌زهه‌بی و ئیسلامیه‌کان ده‌ستیان سوور نیه‌ به‌ خوێنی یه‌کتر .

ئه‌گه‌ر ئه‌م پارتانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاماده‌یی ئه‌و هه‌موو کوشت وبڕ و مالوێران کردن و دێ سووتان و .....هتد ، هه‌بێ ، یتر مافی مرۆڤ و ئازادی تاکه‌که‌س چۆن ئه‌سه‌لمێنن ؟؟؟ ئه‌وه‌ درۆیه‌ک نیه‌ پیاوان له‌گه‌ل خۆیان ئه‌یکه‌ن ؟؟؟ ئازادی پیاوه‌کان له‌ کوێنده‌ره‌ کاتێک که‌ حیزب ئه‌توانێ له‌ هه‌ر کاتێک بیه‌وێت وه‌ک ئامێرێک بۆ خزمه‌تی خۆی به‌کاریان بێنێت و بیانکات به‌ (مرۆڤ کوژ) و بیگه‌ینێته‌ ئه‌و ئاسته‌ که‌ ده‌ستیان بچێته‌ خوێنی براکانیان و هاوڕه‌گه‌زه‌کانیان که‌ پیاون ،ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ په‌روه‌رده‌ و ره‌وشتی پارته‌کان بێت بۆ پیاوان که‌ به‌م شێوه‌یه‌ پیاوان بکه‌ن به‌ پیاوکوژ ، ئه‌ی چۆن پیاوان نابن به‌ ژن کوژ؟؟؟؟؟

له‌هه‌مان کاتدا ژنان درۆ له‌گه‌ل خۆیان ئه‌که‌ن به‌وه‌ی که‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ پله‌ وپایه‌ی حیزبی یان ده‌وله‌تی بۆ به‌رگری کردن و ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی ژنان ، ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ژنانه‌ی که‌ له‌م رێکخراوانه‌ کار ئه‌که‌ن و له‌ رێگای ئه‌م رێکخراوانه‌ له‌ هه‌ر ئاستێکی حیزبی دابن به‌ ته‌واوه‌تی له‌خزمه‌تی حیزب و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حیزب دان نه‌وه‌ک له‌ خزمه‌تی ژنان ،((((ژنانی رێکخراوه‌کانی ژنان پیاوانێکن له‌ به‌رگی ژنان))))) ، هه‌ر بۆیه‌ش نه‌یانتوانیوه‌ و هه‌رگیزیش ناتوانن ببن به‌ نوێنه‌ری داخوازیه‌کانی ژنان و بتوانن که‌مترین کار ئه‌نجام بده‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رنامه‌ی حیزب ، به‌ واتایه‌کیتر رێکخراوی ژنان درۆیه‌کی گه‌وره‌ی پارته‌کانه‌ به‌ زمان و ره‌نگ و به‌رگی ژنان له‌گه‌ل ژنان ئه‌کرێت ، ئه‌و ژنانه‌ی که‌ به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تاکیه‌کانی خۆیان ئه‌گه‌ڕێن و ئامانجی سه‌ره‌تا و کۆتاییان برژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیانه‌ به‌ر له‌ پیاوه‌کان ئه‌که‌ونه‌ درۆ له‌گه‌ل ژنانیتر و به‌رده‌وام له‌ هه‌ولی چه‌واشه‌کردن دان ...

بابزانین کامه‌ له‌ رێکخراوه‌کانی (ژنان)..(ئافره‌تان) ئه‌ندامێکیان له‌ رێکخراوه‌که‌دا هه‌یه‌ که‌ باوک یان برا یان مێردی ژنه‌که‌ له‌و حیزبه‌ نه‌بێت که‌ دروسکه‌ری رێکخراوه‌که‌یه‌، له‌ چ کاتێک که‌ دوو حیزب له‌گه‌ل یه‌کتر ناکۆک بووبن رێکخراوه‌کانی ژنان گوێیان به‌م ناکۆیه‌ نه‌دابێت و له‌ هاوکاری یه‌کتر بووبن؟؟؟ به‌ ده‌یان نمونه‌یتر.......

به‌ ئاشکرا ئه‌لێم ئافره‌ته‌کانی ناو په‌رله‌مانی کوردستان ده‌نگی ئافره‌تان نین،ده‌نگی حیزبن،ئه‌و ده‌نگه‌ن که‌ نه‌وه‌ک ناتوانن که‌ داکۆکی له‌ ژن بکه‌ن ، تونایان نیه‌ داکۆکی له‌ مندالانیش بکه‌ن ، ژنه‌کانی ناو پرله‌مان و حیزبه‌کان و حوکومه‌ت ته‌نها دیکۆڕێکن و به‌س.

بۆیه‌ من پیم وایه‌ ژنانی ده‌ره‌وه‌ی رێکخراوه‌کان و حیزبه‌کان ئازادترن له‌ ژنانی ناو حیزب و رێکخراوه‌کان ، بۆ؟؟ چونکه‌ ژنانی ماله‌وه‌ نه‌ درۆ له‌گه‌ل خۆیان و نه‌ له‌گه‌ل ده‌وروبه‌ر ئه‌که‌ن دان به‌وه‌ دائه‌نێن که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌لاتی مێرد و باوک و براکانیان دان ، هه‌رچی ژنانی ناو رێکخراوه‌کانن درۆ له‌گه‌ل خۆیان و ده‌وروبه‌ر ئه‌که‌ن به‌وه‌ی نه‌ک هه‌ر خۆیان ئازادن و مافه‌کانیان ده‌سته‌به‌ر کردووه‌ به‌لکو داکۆکی له‌مافی ئه‌وانیتریش ئه‌که‌ن. ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ژنی مال ئازاده‌ ،به‌لام به‌ به‌راورد کردن باسی لێوه‌ ئه‌که‌م، ژن ناتوانێ ئازاد بێت کاتێک که‌ پیاوه‌که‌ی دیل بێت ، به‌ هه‌مان شێوه‌ پیاویش ناتوانێ ئازاد بێت که‌ ژنه‌که‌ی زیندانی بێت ، به‌م واتایه‌ کاتێک که‌ پیاو نه‌توانێ مافه‌کانی ده‌سته‌به‌ر بکات و خۆی ئازادانه‌ بژی چۆن بتوانێ دان به‌ ئازادی ژنه‌که‌ی دابنێ ، هاوکێشه‌یه‌کی نادروسته‌ کاتێک که‌ پیاوانێک باوڕیان به‌ دیلیه‌تی خۆیان هه‌بێ و دان به‌ ئازادی ژنه‌کانیان دا بنێن ، مه‌گه‌ر ببن به‌ دیلی دیل وه‌ک ماموستا هێمن موکریانی ئه‌لێت،(ئه‌سیری بسکی ئالۆزی کچه‌ کوردێکی نه‌شمیلم، ته‌ماشاکه‌ن چ سه‌یرێکه‌ به‌ده‌ستی دیله‌وه‌ دیلم) ،به‌مه‌ ئه‌مه‌وێ بلێم کاتێک که‌ کۆملگا دیله‌ واته‌ ژنه‌کان و پیاوه‌کان ئازادیان له‌ده‌ست داوه‌ ، که‌ ئه‌لێین کۆمه‌ل واته‌ ژن و پیاو یان که‌ ئه‌لێن مرۆڤ واته‌ نێر و مێ ، پیاو(نێر) به‌بێ ژن(مێ) هیچ واتایه‌ک نابه‌خشێ ، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، که‌واته‌ پیاوه‌کان ناتوانن ئازاد بن به‌بێ ئازادی ژنه‌کان ، ژنه‌کانیش ناتوانن ئازاد بن به‌بێ ئازادی پیاوه‌کان، ئازادی کۆمه‌لیش بریتیه‌ له‌ ئازادی که‌سه‌کانی کۆمه‌ل ،که‌سیش ئه‌و کات ئازاده‌ که‌ بتوانێ داکۆکی له‌ مافه‌کانی خۆی بکات .

سه‌رئه‌نجامی ئه‌و قسانه‌م ئه‌وه‌یه‌ تا ژنان له‌ناو رێکخراوه‌کان زیندانی بن تا چین و توێژه‌کانیتری کۆمه‌ل له‌ناو رێکخراوه‌کان زیندانی ده‌سه‌لاتی حیزبه‌کان بن ، ئه‌وا مافی ژنان و مافی کۆمه‌ل و مافی تاکه‌ که‌سی هه‌روا به‌ دروشم ئه‌مینێته‌وه‌ بۆ رازاندنه‌وه‌ی راگه‌یاندنی حیزبه‌کان ، تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌ندامانی ناو ئه‌و رێکخراوانه‌ به‌رده‌وام بن له‌ درۆ له‌گه‌ل خۆ کردن و چه‌واشه‌کردنی خه‌لک ئه‌وا زیاتر زیاتر ئه‌بن به‌کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ له‌ به‌رده‌م ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوو و خێرایی گۆرانکاریه‌کان هێواشتر و له‌سه‌رخۆتر ئه‌که‌ن ، بۆیه‌ تکام وایه‌ له‌و که‌سانه‌ی ناو رێکخره‌وه‌کان به‌ تایبه‌ت ژنانی ناو رێکخراوه‌کانی ژنان که‌چیتر له‌مه‌ زیاتر فێل له‌خۆیان نه‌که‌ن و ژنه‌کانی تر و کۆمه‌ل له‌وه‌ زیاتر فریوو نه‌ده‌ن ،بۆ کار کردن له‌ پیناو ئازادی و ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کان یه‌که‌م هه‌نگاو تێکشکاندنی ئه‌و رێکخراوانه‌یه‌ و خۆ ئازادکردنه‌ له‌ ده‌سه‌لاتی حیزب ، هه‌ر هه‌موو حیزبه‌کان .

با ژنان بتوانن به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ ژووره‌کانی رێکخراوی ژنان تێپه‌ڕ بکرێن راسته‌و خۆ کاری حیزبی بکه‌ن، با ژنان له‌لایه‌ن پیاوانی حیزبی په‌روه‌رده‌ نه‌کرێن ، یان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ژنانه‌ی که‌ پیشتر له‌لایه‌ن پیاوه‌ حیزبیه‌کان په‌روه‌رده‌ کراون ، با پیاوان بیر له‌ئازادی خۆیان بکه‌نه‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی که‌ پاگه‌نده‌ بۆ ئازادی ژنان بکه‌ن ، با پیاوه‌کان بتوانن خۆیان له‌م پاسه‌وانیه‌ رزگار بکه‌ن که‌ ده‌سه‌لات و حیزب و نه‌ریت و دین به‌سه‌ری سه‌پاندووه‌، ئه‌بێ ژنان و پیاوان دان به‌ ئازادی یه‌کتر بنێن تا بتوانن به‌ڕاستی ئازاد بن .

هیچ که‌س ناتوانێ دان به‌ ئازادی به‌رانبه‌ره‌که‌ی بنێت به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌ که‌سه‌که‌ له‌ ناوه‌وه‌ی خۆی ئازاد نه‌بێ ، ئازادی ژن وپیاو به‌یه‌کتر گرێ دراوه‌ ، ئه‌و ئازادیه‌ش له‌ ئازادی کۆمه‌ل به‌گشتی خۆی ئه‌بێنێته‌وه‌ ئازادی کۆمه‌لیش له‌بوونی یاسا و ده‌سه‌لاتێک ده‌بێ که‌ مرۆڤه‌کان بتوانن له‌ناویدا ململانه‌ی خۆیان بکه‌ن پێشبڕکێی خۆیان بکه‌ن ، که‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌م پێشبڕکێیه‌ له‌ کوردستان ئه‌مڕۆ بوونێک ئه‌وه‌نده‌ لاوازی هه‌یه‌ تا ئاستی نه‌بوون .

به‌ هیوای خه‌باتی پێکه‌وه‌یی ژنان و پیاوان ، سه‌ره‌تا به‌ تێکشکاندنی هه‌موو ئه‌و دیوارانه‌ی که‌ ژنان و پیاوانی له‌یه‌کتر ترازاندووه‌ به‌ تایبه‌ت رێکخراوه‌کانی ژنان، به‌ نه‌هێشتنی ئه‌و که‌لێنانه‌ی که‌ دین و نه‌ریته‌ دواکه‌وتووه‌کان خستوویانه‌ته‌ نێوان پیاوان و ژنان ، بۆ هاتنه‌دی ئه‌و یه‌کتر ته‌واوکردنه‌ سروشتیانه‌ی که‌ ژن وپیاو هه‌یه‌تی و له‌ ناویدا ژنان و پیاوان به‌یه‌که‌وه‌ بتوانن ململانه‌ی ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌کانی تاکه‌ که‌س بکه‌ن .

ئیتر چیتر ژنان زیندانی نه‌کرێن و پیاوانیش چیتر نه‌کرێن به‌ پاساوانی ژنان.

 

           

 

02/09/2015