که‌ناڵه‌ ئاسمانی یه‌کانمان له‌ خزمه‌تی کێدایه‌؟!

 

                                                                                هوشیار عوسمان

  جاران ئێمه‌ هه‌موو ئاره‌زوویه‌کمان ئه‌وه‌ بوو،ئێواران به‌ لای ڕادێوکه‌مانه‌وه‌ دابنیشین و به‌ هه‌زار زه‌حمه‌ت،گوێ ڕادێرین بۆ ڕادێوی کوردستان،تا له‌ چالاکی یه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاگادار ببینه‌وه‌،هه‌موومان له‌ بیرمانه‌ چۆن  دوژمن پارازیتی ده‌خسته‌ سه‌ر ڕادێوکه‌،تا نه‌توانین ده‌نگ و باسه‌کان ببیسین،له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  گه‌وره‌و بچوک  به‌ تامه‌زرۆوه‌ تا دوا هاتنی پرۆگرامه‌کان دائه‌نیشتین،ڕۆژی دواتریش بۆ یه‌کترمان ده‌گێڕایه‌وه‌..

به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو شتێک گۆڕاوه‌،سوپاس بۆ خوا  15 ساڵه‌ له‌ باشووری کوردستان ،خۆمان فه‌رمان ڕه‌واین! که‌ناڵه‌

ڕاگه‌یاندنه‌کانمان به‌ ده‌ستی کورده‌وه‌یه‌،له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ ده‌ست و قه‌ڵه‌ممان ئازادو کراوه‌یه‌! ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئه‌مه‌وێت ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م ئه‌وه‌یه‌ > خه‌ڵکانی ناو دام و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن تا چ ئه‌ندازه‌و ئاستێک پسپۆڕو شاره‌زای ئه‌و بواره‌گرنگه‌ی ژیانن؟؟ئایا توانیویانه‌ به‌ ئه‌رکی سه‌ر شانی خۆیان هه‌ستن؟؟ له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی پڕوپاگه‌نده‌ی  ڕاگه‌یاندنیناحه‌زانی کوردوئه‌زموونه‌که‌ی،تاوه‌کو ئه‌مڕۆ چییان کردووه‌؟؟بۆ چینه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌رنامه‌و پلانیان چی بووه‌وله‌ داهاتوودا چی یه‌؟! ئه‌م بابه‌ته‌ خۆێندنه‌وه‌ی زۆری پێویسته‌ هه‌روه‌ها ئه‌بوایه‌‌ له‌ لایه‌ن پسپۆران و لێپرسراوانه‌وه‌ به‌ دواداچوونی بۆ بکرێت..چونکه‌ جیهانی ئه‌مرۆ هه‌موو بنه‌ماکانی خۆی له‌ سه‌ر ڕاگه‌یاندن نیشان ئه‌دا، ئه‌گه‌ر خۆمان پشت گوێ ی بخه‌ین ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ کاروانی پێشکه‌وتن و هه‌نگاو نان بۆدامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی ڕاسته‌قینه‌ سه‌رکه‌وتوو نابین..

لێره‌دا به‌ کورتی  سه‌رنجی خۆم له‌ مه‌ڕ کاناڵه‌  ئاسمانی یه‌کان ده‌خه‌مه‌ ڕوو به‌ ئه‌و ئاواته‌ی له‌ داهاتوودا کاری بۆ بکرێت.

 جیهانی ئه‌مڕۆ له‌ ڕووی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ له‌ ململانێ و جه‌نگێکی گه‌وره‌دایه‌،ئامێره‌کانی ئه‌و به‌ یه‌کدا هه‌ڵچوونه‌ بریتی یه‌ له‌رادێوو ته‌له‌ڤزیون، رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کان،سایتی ئێنترنێت،بۆ گه‌یاندنی دروشم و داواکاری و خواست و ئاره‌زووه‌کان،هه‌روه‌ها دژایه‌تی کردنی هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی که‌ به‌ بیرو کرده‌وه‌، له‌ سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌ردا خۆیان مه‌ڵاس داوه‌،ئه‌بێت خه‌ڵکانی به‌توانا، شاره‌زا،پسپۆڕ،لێهاتوو...له‌ هه‌موو بواره‌کاندا چالاکی بنوێنن.

ئێمه‌ی کورد ئه‌مڕۆ خاوه‌نی که‌ناڵی ئاسمانین،شه‌وو ڕۆژ به‌رنامه‌ی هه‌مه جۆر بڵاو ئه‌بێته‌وه‌،تا ئێستا لێپرسراوانی کورد، له‌خۆیان پرسیوه‌ یان لێکۆڵینه‌وه‌یان کردووه‌ که‌ تا کوێ توانیومانه‌ له‌م سه‌نگه‌ره‌دا به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنانمان سه‌رکه‌وتوو بین؟!ئایا  لاوه‌کانمان به‌ مۆسیقای کوردی نزیکن؟هونه‌ری کوردی له‌  چاوی کاناڵه‌کانمانه‌وه‌ چۆن وێنا کراوه‌؟ئازارو ناهه‌مواری،نه‌خۆشی یه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کان، گه‌نده‌ڵی و بێ یاسایی،ترس و نائومێدی،خۆشی و ناخۆشی یه‌کان، به‌ کورتی و کوردی له‌م مه‌یدانه‌دا ئێمه‌دۆڕاوین یان دوژمن؟؟!!

به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی ئێمه‌ براوه‌ین،چونکه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هێرش و شاڵاوانه‌ی که‌ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوازێک ڕووبه‌ڕوی بوینه‌ته‌وه‌،ئێستا سه‌رۆک کۆماری کورد،سه‌رۆکی کوردستان،حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کورد له‌ ئارادایه‌،به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوه‌روانیمان ده‌کرد له‌ به‌رهه‌می خه‌بات و خوێنی شه‌هیدان،به‌ داخه‌وه‌ که‌سانێکی  دوور له‌ هه‌ستی کوردایه‌تی ونیشتمان په‌روه‌ری، ئه‌مڕۆ له‌م بواره‌دا یاری به‌ فه‌رهه‌نگ و کولتور و هونه‌رو ڕاگه‌یاندنی کوردی ده‌که‌ن،له‌ هه‌ر گۆشه‌یه‌که‌وه‌ بڕوانینه‌ به‌رنامه‌کان کاڵی وکرچی،نه‌زان کاری،نزمی توانای گه‌یاندنی  سه‌رنج و ڕاو بۆچوونه‌کان له‌و باسانه‌ی که‌ خه‌ڵکی به‌ دوایدا ده‌چن. دووباره‌ کردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ووزه‌ خه‌سێن درێژه‌ی هه‌یه‌،بێ ئه‌وه‌ی له‌ بینه‌ران داوای ڕاپرسی بکه‌ن.. که‌ هۆکارو فاکته‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م پاشا گه‌ردانی یه‌ له‌ کاناڵه‌کانمادا ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی له‌ لایه‌ن که‌سانێک که‌ ته‌نها به‌ پله‌ی حیزبایه‌تی و خزمایه‌تی، گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و جێگه‌یه‌!!ئه‌وه ی به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت،ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی هزرو بیروجه‌سته‌و ده‌روونی تاکی کورده‌..

ئه‌مانه‌ له‌ جیهانی ڕاگه‌یاندن ته‌قه‌ی سه‌ریان دێت!!سه‌یری ده‌ورو پشتی خۆیان ئه‌که‌ن،له‌ فه‌ڕاشێکه‌وه‌ تا به‌رێوه‌به‌ری دام وده‌زگاکانی تر،هه‌موی له‌ سه‌ر بنه‌مای خزم و حیزب داڕێژراوه‌،ته‌نانه‌ت خۆشی له‌و کاناڵه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌م کورسی یه‌ ئاسمانیه‌!!ئیتر چۆن و له‌کوێوه‌ بزانێت به‌رنامه‌ی مناڵان،لاوان،ژنان،کۆمه‌ڵایه‌تی،ڕامیاری،ئابوری،هونه‌ری،زانستی ، وه‌رزشی و...

چی پێویسته‌ و چی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌رانی به‌ تامه‌زرۆوه‌ به‌ دوای به‌رنامه‌کاندا بچن.

به‌ بڕوای من ئه‌گه‌ر هه‌رچی زووتر له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌ چاوێک نه‌خشێنن  به‌ناو کارگێڕان و به‌ڕێوه‌به‌رانی

کاناڵه‌ ئاسمانی یه‌کاندا و له‌ خه‌ڵکانی به‌ ئه‌زموون و پسپۆر که‌ڵک وه‌رنه‌گرن،ئه‌وا له‌م کاره‌یشدا ئه‌زموونی کوردیمان

ده‌که‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسی یه‌کی زۆر گه‌وره‌،که‌ دوژمنان و ناحه‌زانمان ئه‌گه‌ر  خۆیان کاری وایان بکردایه‌ بۆ له‌ ناوبردنمان،هه‌رگیز وا سه‌رکه‌وتوو نه‌ده‌بوون...که‌واته‌ به‌رده‌وام بوونی به‌م شێوه‌ له‌ خزمه‌تی کێدایه‌؟؟!!

 

 

           

 

02/09/2015