له‌ سه‌نگه‌ری شاخه‌وه‌ بۆ سه‌نگه ری عێراق !!

                                         

                                                                                             هوشیار عوسمان

 دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، له‌لایه‌ن ووڵاته‌ زلهێزه‌کانی ئه‌و کاته‌،باشووری کوردستان به‌ زۆره‌ ملێ له‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقی ئه‌مڕۆ ماره‌ کرا ، هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه‌ تا وه‌کو ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمان ڕه‌واو ڕژێم وده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م ووڵاته‌ بووه‌،

بێجگه‌ له‌ ئاگرو ئاسن و توندو تیژی ، وێرانکاری و هه‌ژاری و به‌دبه‌ختی ، زیندانی کردن و له‌ سێداره‌ دان وکوشتنی به‌ کۆمه‌ڵ،ئه‌نفال و کیمیاباران ،به‌رهه‌مێکی دیکه‌و ده‌سکه‌وتێکی مرۆڤانه‌یان بۆ ئێمه‌ نه‌بووه‌.

له‌و کاتانه‌ی هه‌ستیان به‌ بێ ‌هێزی ولاوازی کردووه‌ و گڵۆڵه‌یان که‌وتۆته‌ لێژی،په‌یوه‌ندیان به‌ بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێری کورده‌وه‌ کردوه‌و له‌ ڕێگه‌ی دانوستاندن و گفتووگۆ ،ماوه‌یه‌ک ئاگر به‌ستیان ڕاگه‌یاندووه‌، تا  خۆیان باشتر پڕ چه‌ک بکه‌ن و دوا تریش‌ له‌ هه‌موو به‌ڵێن و گفت و په‌یمانێک پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه‌ وله‌ جاران خراپتر شاڵاوی دڕندانه‌یان ده‌ست پێکردوه‌ته‌وه‌.

جێی داخه‌ نه‌ له‌ ڕابوردوودا وه‌ نه‌ له‌ ئێستادا، له‌و ئه‌زموونه‌ تاڵانه‌ په‌ندو ده‌رسمان وه‌رنه‌گرتوه‌و هه‌موو جاره‌کان به‌ خۆمان و ده‌وروبه‌ر ئه‌ڵێین ئه‌م جاره‌یان جیاوازه‌ !! که‌چی له‌ هه‌موویاندا  کوردو کوردستان توشی نسکۆو گلاندن هاتووه‌ . !!

با زۆر نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌، به‌ڵکو ڕووداوه‌کانی دوای ڕماندنی ڕژێمی دیکتاتۆری سه‌دام به خێرایی بخه‌ینه‌ به‌ر چاو.

بزانین ره‌فتار و گوفتاری هێزی ئۆپزسیۆن و ئه‌وانه‌ی  دوێنێ له‌ گه‌ڵ کورددا هاوسه‌نگه‌ر بوون و له‌ کوردستانه‌وه‌ چاویان له‌ به‌عس بز ئه‌کرده‌وه‌ ، ئه‌مڕۆ دوای نه‌مانی سه‌دام به‌ ناوی نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی عێراق ، له‌ ئه‌نجومه‌نی حوکم وهه‌ر دوو حکومه‌ته‌که‌ی عه‌للاوی وجافری دا، له‌ نووسینی ده‌ستوورو کێشه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ ته‌عریب کراوه‌کان و ئاوه‌دانی شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان به‌ گشتی، چه‌نده‌ که‌وتنه‌ گێره‌ شێوێنی و خۆ سوورکردنه‌وه‌ لێمان !! ئه‌مڕۆیش که‌ سه‌ر قاڵی دامه‌زراندنی کابینه‌ی ده‌وڵه‌تی چوار ساڵه‌ن ، تا بۆیان بکرێت مافی کورد و به‌شداری کردنی که‌م و بێ بایه‌خ ئه‌که‌ن .! که‌چی  پێشمه‌رگه‌یه‌کی دوێنی شاخ و ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی ئه‌مڕۆی کورد له‌ چاوپێکه‌وتنی رۆژنامه‌ی( الاتحاد)ی ئیمارات ژماره‌ 11176 ڕۆژی 09/02/2006  ده‌لێت:

 ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق له‌ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌وه‌ دائه‌نێین .  *

به‌ ڕاستی تێڕوانینی سیاسیانه‌ی به‌م شێوه‌ له‌ زاری لێپرسراوێکی کورده‌وه‌ جێگای پرسیارو سه‌رسوڕمانه‌ .؟!

ئه‌مڕۆ جافریه‌کان وسوونییه‌ سه‌له‌فیه‌کان و عه‌ره‌به‌ شۆڤینه‌کان  خۆیان به‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی عێراق ده‌زانن، 

وه‌ ئه‌مانه‌ش به‌رامبه‌ر به‌ کوردو مافه‌کانی، هه‌ر سه‌ددامه‌که‌ی عێراقن و خۆیان بۆیه‌ کردووه‌ ! ئیتر که‌ی ڕه‌وایه‌ و له‌ سه‌رچ بنه‌مایه‌ک لێپرسراوێکی کورد که‌ دوێنێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کورد چه‌کی پێشمه‌رگه‌ی له‌ شان کردووه‌ ئه‌مڕۆ خۆی بکاته‌ پاسه‌وانی عێراق.؟!

 -----------------------------------------

بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و نووسینه‌ کلیکی ئێره‌ بکه‌

 

 

           

 

02/09/2015