پرسیار 

  که‌مال ‌میراوده‌لی

 پرسیار: یه‌که‌مین دایکی وه‌ڵامه‌

وه‌ڵام هه‌ڵگرى تۆوی پرسیاره‌

له‌ نێوان من و تۆدا ‌

بيرێك هه‌یه

هاکا له‌ناویدا

بووینه‌ ڕه‌گی وه‌ڵام و

تۆوی پرسیار.

 په‌ستيی 

هه‌ندێ جار بێ هۆیه‌کی ئێستایی

هه‌ستێ تاریك، ده‌ڕژێته‌ ناو قووڵايی,

ناخم ده‌کشێته‌وه‌ ناو خۆی

نازانم هۆی

نازانم بۆ وا له‌ پڕا

ئه‌م خه‌مناکییه‌ سارد و شڕه‌!

ده‌ستم ده‌ستی سڕیی ده‌گرێ و

قه‌ڵه‌م سه‌رده‌خاته‌ ناو کۆش

دنیای ده‌ورم

ده‌بێته‌ پرسیارێکی بۆش

هه‌نگاو رێگام لێ ون ده‌کا

ونيی ده‌بێته‌ ڕێگاکه‌ی

بۆشيی ده‌بێته‌ جێگاکه‌ی

هیچ مه‌ڵبه‌ندێ ناگاته‌ جێ

هیچ خه‌وگه‌ێك نابێته‌ جێ

چییه‌,چییه‌

نهێنیى ئه‌و نهێنییه‌؟

با یارییه‌که‌ فریویش بێ

هه‌ر قه‌یناکا گه‌ر یارییه‌

به‌ڵام ئه‌م نادیارییه‌؟؟

 

گه‌شت 

تۆم بینی: شاد بووم

تۆم ناسی: شادتر بووم

پێکه‌نیت بۆم: شاگه‌شکه‌ بووم

ئێستا خه‌ون مه‌حاڵ نییه‌

گه‌شتێکمان له‌به‌ره‌

با کراسی مێژوو فڕێ ده‌ین و

به‌ رووتی بچینه‌ ناو جوگرافیاوه‌!

 

پرۆژه‌

ده‌مویست ژیان بکه‌م به‌ گوڵ، به‌ مۆسیقا،

له‌گه‌ڵ شیرینی

له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ونانه‌ی به‌ خۆشه‌ویستیی

ده‌بن و دێنه‌ دی:

پروژه‌ی وشه‌کان.

نه‌ به‌خت ده‌رفه‌تی دام

نه‌ ده‌رفه‌ت به‌ختی پێدام

چنگم پڕ بوو له‌ خۆڵ و خوێن

کاتم بینی

بلوسکه‌ ئاوێك بوو

له‌ چاوی

کچێکی ئه‌نفاله‌وه‌ هه‌ڵده‌ڕژا.

 

 

           

 

02/09/2015