کچێکی تارمایی

 

که‌مال میراوده‌لی

بینيوتانه‌ کچێکی تارمایی

وه‌کو هه‌ور به‌م ده‌ڤه‌ره‌دا ده‌گه‌ڕێ

جار جار وه‌ك باران ده‌بارێ

جار جار وه‌ك گه‌ڵا ده‌وه‌رێ

 

جار جار وه‌ک په‌لکه‌ زێڕینه‌

که‌مه‌ربه‌ندیی ئاسمان ده‌کا

جار جار زڕیانه و ره‌هێڵه‌

کوشکی دڵان وێران ده‌کا

 

جار جار وه‌کو گر‌کانی خه‌م

له‌ چاوی دایکێکدا ده‌کوڵێ

جار جار وه‌ك گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ

له‌ژێرخاکه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ

 

بینیوتانه‌ کچێکی تارمایی

له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌هات، ده‌چوو

نه‌ له‌ هیچ که‌سێکتان جیاواز بوو

نه ‌له ‌هیچ کامێکتان ده‌چوو!!

 

           

 

02/09/2015