هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌یه‌

کاوه‌ ئه‌مین

له‌ ده‌ورووبه‌ری (١٦/٣) ێی هه‌موو ساڵێکدا، یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێته‌ مانشێتی ڕۆژنامه‌ و گۆڤارو تێڤێکانی حیزبه‌کان، به‌رپرسه‌کان قاته‌ ئوتووکراو و بۆینباخه‌ ڕه‌شه‌کانیان ئاماده‌ ده‌که‌ن و ماشێنه‌کانیان له‌سه‌ر ئاخر مۆدێل ده‌ڕازیننه‌وه‌ یانیش به‌ ڕانکوچۆغه‌ی شاڵ و کڵاشی هه‌ورامانییه‌وه‌، هه‌ریه‌که‌و خواخوایه‌تی میکرۆفۆنێکی رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆنه‌کانی به‌ چنگ بکه‌وێت تا له‌ به‌رده‌م‌ شاشه‌کاندا فرمێسکی تیمساحیانه‌ی درۆزنانه‌ بۆ ئه‌وه‌ شاره‌ هه‌ڵبڕێژن، ئه‌وه‌یش هه‌ر چه‌ند کاتژمێرێکه‌و هیچی تر. له‌ کاتێکدا کورد یادی ١٨ ساڵه‌ی کاره‌ستای هه‌ڵه‌بجه‌ و ١٥ ساڵه‌ی‌ ڕاپه‌رین ده‌کاته‌وه‌، هێشتا باسی ساوایی حکومه‌ت و داو ده‌ستگاکان ده‌کرێت، که‌ چی به‌رپرسانی ئه‌و حکوومه‌ته‌ ساوایه‌ هه‌ر به‌ کاڵ و کرچی به‌روبوومی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌یان ڕنییه‌وه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بوو ئێستا نه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڵکو هه‌موو کوردستان شوێنه‌واری شه‌ڕیی پێوه‌دایار نه‌مایه‌،‌ ده‌بینین هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر به‌ ئازاره‌کانییه‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌ و برینه‌کانی هێشتایش خوێنیان لێ ده‌چۆرێت، ژینه‌گه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ هێشتا بۆنی کیمیاویی پێوه‌ ماوه‌.

جیاوازیی یادی ئه‌مساڵی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ ساڵانی تر له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌ندێک له‌ خوێندکاران و لاوانی ئه‌و شاره،‌ بڕیاریان داوه،‌ پێشه‌نگایه‌تی خۆپیشاندانێک بکه‌ن له‌و ڕۆژه‌دا‌ که‌ نه‌هێڵن به‌رپرسان سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ بکه‌ن، ئه‌وه‌ جاری یه‌که‌مه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی وا ده‌کرێت، بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ به‌رپرسان ئارامییان لێهه‌ڵگیراوه‌ و ته‌نانه‌ت باسی ناردنی هێزی چه‌کداری زیاتر ده‌که‌ن بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌وه‌ش هه‌مان سیفه‌تی ده‌سته‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کانه‌، ئاخر دیکتاتۆره‌کان ئه‌گه‌ر چه‌کداریان له‌ پشت نه‌بێت له‌به‌ر ڕقی خه‌ڵک خۆیان ناگرن، باشترین نموونه‌ ڕاپه‌ڕینه، ئه‌ی مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ نه‌بوو سه‌ددام و به‌عسییان ڕاونا‌، وه‌ک ده‌بینین ئێستا هه‌ندێک به‌رپرسی درۆزن ده‌یانه‌وێت خۆیان بکه‌ن به‌ پاڵه‌وان و ئه‌ندازیاریی ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١.

ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵدارانی کوردستان دڵسۆزی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بن، لێده‌گه‌ڕین خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ بۆخۆیان به‌بێ ئاماده‌بوونی ئه‌وان ئه‌و یاده‌بکه‌نه‌وه‌، با خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ خۆیان پێشوازی له‌ نوێنه‌ره‌ بیانییه‌کان بکه‌ن، ئاخر ئه‌وان له‌ هه‌موو که‌س باشتر ده‌زانن له‌بن کام به‌رد و دار و بنچکه‌گیادا، ته‌رمی منداڵانی ئه‌و شاره‌، نێژراون. ئاخر به‌ چ ڕوویه‌که‌وه‌ به‌رپرسه‌کان پێش نوێنه‌ری هێرۆشیما ده‌که‌ون و چی پێده‌ڵێن، شارێکی وێران و بێکاره‌با، بێخزمه‌تگووزاری، لێگه‌ڕین با هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ساتێکیش بێت داخی دڵی خۆی هه‌ڵڕێژێت.

پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵکانی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادییخواز پشتیوانی له‌‌م هه‌ڵوێسته‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌ن، ئه‌مه‌ش نابێت وه‌کو دژایه‌تی و رووخانی ده‌سته‌ڵاتی کوردیی لێکبدرێته‌وه‌ که‌ هه‌ندێک له‌ به‌رپرسان خێرا ده‌که‌و‌نه‌ کاوێژکردنی، به‌ڵکو مانای گۆڕانی ده‌سته‌ڵاته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه‌ و مه‌ده‌نییانه‌، حه‌ره‌که‌تێکی وا له‌ یادی کاره‌ساتێکی وا گه‌وره‌دا له‌هه‌ر وڵاتێکی تر بکرایه‌، حكوومه‌ت بۆخۆی ده‌ستی له‌کار ده‌کێشایه‌وه‌. پێم وانییه‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی کورد بووه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام دڵنیام ئاره‌قی خه‌جاڵه‌تییان لێ ده‌تکێت له‌و ڕۆژه‌دا.

 

 

           

 

02/09/2015