منداڵه‌ نێرگز فرۆشه‌کان

کاوه‌ ئه‌مین

له‌ ژماره‌ی ١٩٨ی(رۆژنامه‌ی ئاسۆ) دا، بابه‌تێکم خوێنده‌وه‌ به‌ پێنووسی هاوده‌نگ محه‌مه‌د، له‌سه‌ر نێرگز فرۆشه‌کانی هه‌ندێک گوندی ناوچه‌ی شاره‌زوور، بۆ نموونه‌ قه‌ده‌فه‌ری. ئه‌وه‌ی که‌ به‌ ڕاستی هه‌ژاندمی باسی ئه‌و مندڵه‌ نێرگز فرۆشه‌ی که‌ له‌ کاتی فرۆشتنی نێرگزدا، ده‌که‌وێته‌ ژێر سه‌یاره‌وه‌ و ده‌مرێت. من که‌ باسی ئه‌و منداڵه‌ هه‌ژارانه‌ی وڵاته‌که‌م ده‌خوێنمه‌وه‌، جا بۆیاخچی بن، گوڵه‌به‌رۆژه‌ فرۆش یانیش نێرگز فرۆش بن، یادی منداڵی خۆمم به‌بیر دێته‌وه‌ که‌ له‌دوای مه‌کته‌ب ده‌ستمان ده‌کرد به‌ گوڵه‌به‌رۆژه‌ فرۆشتن یانیش ده‌نکه‌هه‌نار و پاکه‌ت فرۆشتن، یادی بازاری قاچخچییه‌کانی سلێمانیم ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ هاتنی پۆلیس و مغاویره‌کانی رێژیم رامانده‌کرد و هه‌ریه‌که‌و به‌لایه‌کدا تێمانده‌ته‌قاند. هه‌ژاری ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌یی که‌ ده‌ستی له‌ قوڕگی هه‌ژاره‌کانی وڵاته‌که‌م گیرکردووه‌، ئه‌وسا له‌ ژێر ده‌ستی داگیرکه‌ر و پۆستاڵی سه‌ربازانی عروبه‌ و ئێستاش گیرفانقوڵ و تێرنه‌خۆره‌کانی خۆمان که‌ به‌ که‌یفی خۆیان پاره‌و پوڵی ئه‌و میلله‌ته‌ ته‌خشان و په‌خشان ده‌که‌ن.

منداڵان، له‌ هه‌ر کوێیه‌ک بن،  قوربانی یه‌که‌می دێوه‌زمه‌ی هه‌ژارین ، له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌کانی دونیادا به‌ هه‌زاران منداڵ رۆژانه‌ ده‌بنه‌ قوربانی و برسێتی دروێنه‌ی ژیانی سه‌تان هه‌زار منداڵ ده‌کات، رۆژانه سه‌تان منداڵ سووکایه‌تیان پێده‌کرێت و ته‌نانه‌ت وه‌ک سه‌گی به‌رده‌رگای ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان حسابیان بۆ ناکرێت، منداڵان له‌ هه‌رکوێیه‌ک بن که‌ هه‌ژار بن وه‌کو یه‌کن، هه‌زاران منداڵ له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین له‌سه‌ر جاده‌کان ده‌خه‌ون که‌ پێیان ده‌ڵێن "منداڵانی سه‌ر شه‌قام". هه‌زاران منداڵی ره‌شپێستی ئه‌فریقایی له‌ کاتێکدا ده‌میان به‌ سنگی ره‌قوته‌ق هه‌ڵهاتووی دایکانیانه‌وه‌ ده‌نێن پاشان به‌ برسێتی سه‌رده‌نێنه‌وه‌ و ده‌بنه‌ خۆراکی ئاژه‌ڵانی دڕنده‌ و سه‌گی لاکۆڵانه‌کان. شه‌قامه‌کانی دیمه‌شق و تاران و هه‌ولێر و سلێمانی و ده‌یان شاری تری ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌ گرگرتووه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان تیژین له‌ منداڵانی برسی که‌ بۆ چه‌ند قروشێک ده‌ستیان پان ده‌که‌نه‌وه‌ تا بتوانن که‌لێنێکی سکی برسیانی پێ تێر بکه‌ن!. منداڵان، رۆژانه‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر ده‌ستدرێژی جنسی و فیزیکی و نه‌فسی و تا ئێستا ده‌ستگایه‌ک که‌ بتوانێت هاوکاری ئه‌و منداڵانه‌ بکات له‌ کوردستاندا هه‌بوونی نییه‌. ئه‌گه‌ر بیست ده‌رسه‌دی ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ ساڵانه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌کاندا له‌ کوردستان سه‌رفده‌کرێت، ته‌رخان بکرێت بۆ پاراستنی مافه‌کانی منداڵ ئه‌وا به‌شی ژماره‌یه‌کی زۆری ئه‌و منداڵه‌ برسیانه‌ی کوردستانی ده‌کرد که‌ رۆژانه‌ له‌لایه‌ن گه‌وره‌کانه‌وه‌ سووکایه‌تیان پێده‌کرێت و ڕووبه‌رووی توندوتیژیی کۆمه‌ڵگا ده‌بنه‌وه‌.

دزه‌کانی وڵاتی من به‌ هیچ شتێک تێرناخۆن، ته‌نانه‌ت ته‌ماح ده‌که‌نه‌ پاره‌ی چه‌پکه‌ نێرگزێک که‌ گوڵدانی سه‌رمێزه‌کانی شه‌وانیانی پێ ده‌ڕازێننه‌وه‌. تف له‌ هه‌موو دزه‌ سیاسییه‌کانی هه‌موو جیهان، دڵنیام ئه‌گه‌ر ڕۆژێک ئه‌و منداڵانه‌ ده‌ستیان بڕوات، پێکه‌کانی ئه‌و دزانه‌ پڕ ده‌که‌ن له‌ میزیی خۆیان!

 

           

 

02/09/2015