خولیای ده‌رکراوێک

مسته‌فا چوارتایی

chuartaiy@gmail.com

ئێواره‌یه‌

خۆر به‌ ئاسته‌م زه‌رده‌ی ماوه‌

بازاڕه‌کان

ورده‌ ورده‌ چۆڵ ده‌بن و

گڵۆپی سه‌ر شه‌قامه‌کان

هه‌ڵکراون

منیش ده‌رگای

په‌نجه‌ره‌ی ژووری ته‌نیاییم ده‌که‌مه‌وه‌

خه‌م به‌ خه‌یاڵ

به‌ره‌و وڵاتی وێرانم

ئه‌مباته‌وه‌

گه‌ر له‌ ڕادیۆکه‌ ببیستم

له‌ وڵاتێک

ته‌قینه‌وه‌یه‌ک ڕوویدابێ

وڵاتی کاولکراوم

شارۆچکه‌ و دێی چۆڵکراوم

ره‌ز و باخی سووتێنراوم

کانیاوی کوێرکراوم

به‌ روونی بیرده‌خاته‌وه‌

کۆنه‌ زامی

برینی سه‌ختی چه‌ند ساڵه‌م

به‌ ئازار ده‌م ده‌کاته‌وه‌

دڵ پڕ ده‌بێ

فرمێسک له‌ چاوه‌کانما

خۆناگرێ

شه‌و تا به‌یان

له‌ خوێناوی

خه‌می ئازاره‌کانما

ئه‌تلێمه‌وه‌

به‌و هیوایه‌م

که‌ رۆژێک بگه‌ڕێمه‌وه‌

وڵاتی خۆم

بگه‌ڕێم له‌ که‌ژ و کێوان

بچمه‌وه‌ ناو بێشه‌ی شێران

له‌گه‌ڵیانا

هێرش به‌رم

بنه‌ڕێنم

بۆ ده‌ره‌وه‌

داگیرکه‌ران

.........   .............   .............

 

 

           

 

02/09/2015