مه‌رگه‌ ساتێك له‌ یادی مه‌رگه‌ ساتێکدا

 

پارێزه‌ر /ڕه‌فعه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

  که‌ هه‌واڵی گوللــــه‌ باران کردنی رێپێوانه‌که‌ی 3/16 شاری هه‌ڵه‌بجه‌م بیست یه‌کسه‌ر ساڵه‌کانی هه‌شتاکانم بیر هاته‌وه‌ که‌ من ئه‌و کات قوتابی قۆناغی دواناوه‌ندی بوم، که‌ ڕێپێوانمان ده‌کرد له‌ لایه‌ن ئه‌من و ئیستیخبارات و جاشه‌کانه‌وه‌  به‌ گوللــــــــــه‌ وه‌ڵامیان ئه‌داینه‌وه‌ و له‌و خۆ پیشاندانه‌دا شه‌هید و بریندارمان ئه‌داو چه‌ند که‌سێکیشمان لێ ده‌گیرا  بۆیه‌ حه‌ق وایه‌ بڵێین :

 ئێوه‌ میراتگری جه‌لادێکن له‌م رۆژه‌یا مه‌رگه‌ساتی له‌م شاره‌یا خولقان  ،ئێوه‌ بایه‌قوشی دوای ڕوخانی وڵاتێکن.

  ئێوه‌ دێوه‌زمه‌ی دوای شه‌وگارێکی  تاریکی دوای ئه‌نفالن ،

ئیوه‌ ئه‌و کاره‌سات خولقێنه‌رانه‌ن که‌ له‌ رۆژی کاره‌ساتدا  کاره‌ساتتان خولقان،

 ئیوه‌ چه‌ته‌ی کاروانه‌  ڕووتاوه‌ کراوه‌کانی دوای کۆڕه‌وو ڕاپه‌ڕینن ،

ئێوه‌ ده‌رچوی قوتابخانه‌ی زه‌برو زه‌نگه‌کانی عۆجه‌کانن ،

ئێوه‌ ده‌نگێکی ناسازن نایه‌ڵن شه‌هیده‌کان ئارام و ئاسوده‌ بنون ،

ئێوه‌ ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ چاوچنۆکه‌ن که‌ 16 ساڵه‌ ده‌رۆزه‌ ئه‌که‌ن که‌چی گیرفانه ‌قوڵه‌کانتان پڕ نابن ،ئێوه‌ ده‌سه‌ڵاتێـــــــــــــــــــــــــکی دکتاتۆرو مرۆڤ کوژی بێ به‌زه‌یین،

ئێوه‌ ئه‌و چه‌قۆ تیژه‌ن که‌ ساڵ نیه‌ برینێکی قوڵ نه‌که‌نه‌ جه‌سته‌ی زامداری ئه‌م شاره‌،

ئێوه‌ ئه‌و جه‌لادانه‌ن که‌ له‌ یادی مه‌رگه‌ ساتی 16ئازار له‌ جیاتی بوکه‌ شوشه‌و دیاری بۆ مناڵه‌ هه‌تیوه‌کانی ئه‌م شاره‌ بهێنن به‌  ڕیژنه‌ی گوللــــه‌ وه‌ڵامی جه‌ماوه‌ری ئه‌م شاره‌تان دایه‌وه‌.

ده‌سا ئێوه‌ ئه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌کان

ئه‌ی ئیداره‌ بێ ئیداره‌کان

ئه‌ی شۆڕشه‌ بێ سترااتیژه‌کان

ئه‌ی ڕه‌ئیس عه‌شره‌ته‌ بێ عه‌شره‌ته‌کان

ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ بێ بنه‌ماڵه‌کان

ئه‌ی حیزبه‌ چه‌کداره‌ بێ سه‌رو به‌ره‌کان ،

دڵنیابن گه‌ر وه‌ک بارانئ به‌هار گوللـــــــــه‌ به‌ سه‌ر خۆ پیشانده‌راندا ببارێنن  ناتوانن به‌ر به‌ بورکانی ڕق و کینه‌ی جه‌ماوه‌ر بگرن ،

ئه‌گه‌ر زیندانه‌ تاریکه‌ به‌عس ئاسا کانتان به‌ گه‌نج و لاوی ئه‌م شاره‌ پڕ بکه‌ن ناتوانن ئیراده‌ی پۆڵایین و بیری ئازادی جه‌ماوه‌ر سه‌لب بکه‌ن ،ئه‌گه‌ر قه‌ڵه‌م و کامێرای ڕۆژنامه‌ بیانیه‌کان بفڕێنن  ناتوانن ڕێ له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌واڵی شه‌هید و برینداره‌کانی 3/16 ئه‌مساڵ بگرن ،ئه‌گه‌ر به‌ ئاگر و ئاسن درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆتان بده‌ن  ناتوانن به‌ر به‌ ته‌وژمی گۆڕانکاریه‌کان و ڕیفۆرم بگرن.

گه‌ر ببنه‌ زنجیرو ده‌می ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی گه‌ل بگرن ،ناتوانن رێ به‌ بیری ئازاد و په‌یڤی بوێر بگرن . گه‌ر به‌ هێزی چه‌کدار هه‌موو شارو شه‌قامه‌کان کۆنترۆڵ  بکه‌ن ،ناتوانن چیتر کوردستان بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆتان قۆرخ بکه‌ن ،چاک بزانن ئه‌وه‌ی بروای به‌ بیری ئازاد و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر  و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت دره‌نگ یا زوو وه‌ک دکتاتۆره‌که‌ی پێشو ده‌چێته‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌

 

           

 

02/09/2015