ڕاپه‌ڕین و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ

شێرزاد خه‌راجیانی

 

 ڕژێمی به‌عس بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ و كۆتایی هێنان  به ململانێ‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ شۆڕشی باشووری كوردستان( هه‌ڵه‌بجه) ی كرده سه‌ره‌تا و به (ئه‌نفاله‌كان) یش كۆتایی جه‌نگی هه‌ردوو به‌ره‌ی ( ئێران و كوردی) به سه‌ركه‌وتنی عێراق كرده ئاهه‌نگی كۆتایی جه‌نگ.


كۆتایی جه‌نگ ده‌وڵه‌تی به‌عسی ڕاكێشایه ناو گێژاوی جۆربه‌جۆرو
 داپۆشراوی نێو ( هه‌‌‌موو شتێك له‌پێناوی سه‌ركه‌وتن).  لاوازی ئابووری و بێكاری و كێشه‌‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌كان دوو له‌به‌هێزترین ئاكامه‌‌قورسه‌كانی شه‌ڕ بوو كه ڕژێمی به‌عس ڕووبه‌ڕووی بوه‌وه.
 داگیركردنی (كوه‌یت) گر‌ه‌وێكی دۆڕاوی  تری سه‌دام بوو له‌سه‌ر خۆپاكردنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی بۆ هه‌ڵسانه‌وه ‌‌و به‌رزبونه‌وه‌ی توانای ئابووری داڕووخاوی شه‌ڕی ئێراق - ئێران.


ڕاپه‌ڕینی
 خه‌ڵكی كوردستان له‌ئاكامی شكان و پاشه‌كشه‌ی سوپای ئێراق له به‌ره‌ی كوه‌یتدا، ڕمان و ڕووخانی یه‌كه‌م شورا و په‌رژینی(كۆماری ترس)و به‌زین و هه‌ڵهاتن وخۆبه‌ده‌سته‌وه ‌دانی سوپای تۆقین و دڕ و هاری ( ئه‌نفاله‌كان) بوو كه‌كوردستانی كردبووه دوورگه‌یه‌كی دابڕاوی جیهان و ده‌وروبه‌ر و ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كیشی تیا خنكاندبوو.
كۆڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستان
 گه‌رچی پاشه‌كشه‌ی ڕاپه‌ڕین بوو به‌ڵام كۆتایی نه‌بوو.  تراژیدیای ( كۆڕه‌و) به‌و ئێش و ئازار و ژانه‌وه  كه مه‌رگه‌سات وكاره‌ساتێك چاوه‌ڕوانی بوو جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ناچاری هاوكاری و یارمه‌تی كرد و ئه‌م به‌هاناهاتنه‌وه‌ش به‌ها پیرۆزه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی كرده فه‌رشی ڕاخراو بۆ هێز و ڕێكخراوه ئه‌وروپی و ئه‌مریكی‌یه‌كان.
ڕاپه‌رین
  دووباره‌ی نه‌ورۆزێكی تر بوو له‌باشووری كوردستان گه‌رچی بازووی ڕاپه‌ڕین نه‌بووه كێردی گه‌ردنی ئه‌ژده‌هاكی به‌غداد، به‌ڵام پایه و كۆڵه‌كه‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ئێستا وده‌وڵه‌تی كوردستانی داهاتووی  له‌سه‌ر وه‌ستاوه.
ڕاپه‌رین پاش پانزه ساڵ ناكرێت وه‌ك
 ساڵانی سه‌ره‌تا نمایش بكرێت و بخوێنرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ڕاپه‌رین و كۆڕه‌و مێژووی كوردستانی دابه‌شی دوو سه‌رده‌می جیاواز كردوه، به‌ڵام ‌ئێستاو  پاش ڕووخانی یه‌كجاری به‌عس له‌نیسانی 2003 دا ڕاپه‌ڕین له‌ده‌ره‌وه‌ی ( یادكردنه‌وه) كه شانازی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی‌یه‌كی پیرۆزی هه‌موومانه. ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتی كوردی شوێن وه‌ڵامی پرسیاره زۆر و جیاوازه‌كانی خه‌ڵك و به‌تایبه‌ت( نه‌وه‌ی ئیمڕۆ) بكه‌وێت‌و مه‌ستی ڕابردوو نه‌بێت به‌ته‌نیا. ئیمڕۆ و نه‌وه‌ی ئیمڕۆ به‌كه‌شكۆڵێك گله‌یی و ڕه‌خنه و بێ‌نازی له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی سه‌رگه‌ردانی پرسیاره‌كانی ووڵاتێكی كاسه‌پڕی پڕ كێشه‌یه. ده‌نا چی واده‌كات گله‌یی و گازنده له گه‌نده‌ڵی لایه‌نه جوانه‌كانی ( سه‌ربه‌خۆ بوونی)  لاكاڵ بكاته‌وه و دایپۆشێت.
ڕاپه‌ڕین
  و كۆڕه‌و  تابلۆی  هاوبه‌شی  لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكی كوردستانه جا با ڕه‌نگه‌‌كانی كاڵ و تێریش بێت.

 

 2006-03-07
 

 

           

 

02/09/2015