پێرێ
ووتارێكم نوسى و بەهیچ شێوەیەكیش ئەو خواستەم نەزانیوە كە لە هەڵەبجە هەبووە
بۆ خۆپیشاندان لە ڕۆژى ساڵیادى شەهیدەكانمدا بەڵام وەك هەستێكى هەڵەبجەییانە
بۆچونى خۆمم دەربڕى و لە ماڵپەڕەكانیشدا بڵاوم كردەوە ( هەڵەبجە سونبوڵى
گەلێكى ستەمدیدەیە یان ناوێكە بۆ بەكارهێنان ). بەئاشكرا چپەى خۆمم كرد و
دووبارەى دەكەمەوە با تەنیا وەك بیركردنەوەیەك نەبێت كە لە كاتێك و ساتێكى
دیارى كراودا سەردانى بكەین كە هەستى خاوەن شەهیدەكان بكولێنینەوە و وا
نەزانرێت كە تەنیا هۆیەكى گیرفان پڕ كردنە. یادم ناوێت كە تەنیا ئازارم بیر
بێنێتەوە یادێكم دەوێت كە ببێتە سونبوڵى خەباتى گەلەكەم، باڕازاوە بێت
هەڵەبجە، با سەربەرز بێت هەڵەبجە، با بژى هەڵەبجە.. بەم ووتانە پێشبینى
خۆمم دەربڕى، باشە ئەگەر من كە هەمیشە خوم بە دڵسۆزى پلە یەكى مافى چارەى
خۆنوسین زانیوە و لەڕێى یەكێتیشەوە خەباتم بۆ كردووە وام بینیوە ئەى ئایا
ئەوانەى كە چاوڕێى ئەوە بوون كە یادگاریەكەى شەهیدانى هەڵەبجە خانووە
ڕوخاوەكانیان بۆ چاك بكاتەوە چۆنى دەبینن؟ باشە ئەگەر من مینۆمێنتى
هەڵەبجەم لەبرى گۆڕى شەهید هیدایەتى برام داناوە كە پیرۆزیى خۆیى هەیە لام،
ئەى ئایا ئەوانەى كە هەموو ڕۆژێك لەبەرچاویانە و وادەزانن ئەمڕۆ نا بەیانى
هەقیان دەسێنێت چۆنى دەبینن؟ باشە ئەگەر من وەك ڕەمزێكى پێشكەوتن و
بەدونیا ناساندنى هەڵەبجە و مەسەلەى نەتەوەكەمى دادەنێم وام بینیوە، ئەى
وەهابیەكان كە دژى هەموو گۆڕێك و بەتەقدیس كردنێكن چۆنى دەبینن؟ ئەبوایە
ئەم پرسیارانە زووتر بكرایە بەڵام كێ بیكات بێگومان ئەوانەى كە هەست بە
لێپرسینەوە دەكەن، ئەوانەى وەك كاك عیماد ووتى ئاگایان لە خواستى خۆپیشاندان
هەبووە، ئەوانەى كە دڵسۆزن و شوێنى لێپرسینەوەیان هەیە، ئەوانەى كە ئاسایشیان
لەسەرە، ئەوانەى نایانەوێت هەڵەبجە دوو بارە ببێتەوە بە پێگەى وەهابى و
تیرۆریزم... ئەبێت ئەوەش بزانین كە هەڵەبجەییەكان هەرگیز نانخۆرى سفرە دڕ
نەبوون، بەڵام سفرەیەك كە تەنیا ڕۆژنامەیەك بێت هەر فڕێ دەدرێت، ئەى ئەگەر
سفرەیەك ڕۆژنامەیەك بێت و تەنیا بۆ میوانیش دابنرێت ئەوا هەر لەبەردەم
میوانەكەدا لول دەكرێت و دەپێچرێتەوە و فڕێ دەدرێ. كەسانێك هەن وا دەزانن
هەر میوانێكى بیانى بێت بۆ نزارگاى شەهیدان بە گوێنى دۆلاریان هێناوە و
داویانەتە حكومەتى هەرێم بۆ خزمەتكردنى هەڵەبجە، كاتێكیش كە هیچ نابینن ئایا
چۆن بیر بكەنەوە؟ مینومێنتى هەڵەبجە گرنگى خۆیى هەیە ئەبوایە وەكو چاومان
بمانپاراستایە و ئەوانەى ئەو كارەشیان كردووە لە ژێر هەر ناوێكدا بێت كارێكى
بەد و خراپیان كرد و من خۆم وەك خاوەن شەهیدێك كە بە نزارگاى براكەمى دەبینم
دەعوا قەید دەكەم لەلاى ویژدانى هەموو مرۆڤێكى بەویژدان و داواى ئیدانەى
دەكەم، من بەش بەحاڵى خۆم بەم شێوەیەى دەبینم ئەوانەى كە هەڵەبجەیین و لەبەر
بێكارى و برسێتى چاوەڕێى بەڵێنەكانى حكومەتیان كردووە لێیان خۆش دەبم و
داوایان لێ دەكەم جارێكى تر هەستممان بەو شێوە دڵڕەقیە بریندار مەكەن. بەڵام
ئەوانەى كە وەك سیاسەت دژایەتى مینۆمێنتەكەیان كردووە یان ئەوانەى كەوەك
بەعسیەك تەنیا بۆ ئاژاوە دەگەڕێن و وەك تیرۆریستێك دژایەتى حكومەتەكەم دەكەن
لێیان خۆشنابم و داوا لەدادگا و بەرپرسانى هەڵەبجە و حكومەتى هەرێم دەكەم
سزایان بدەن بۆ ئەوەى كارى وا دووبارە نەبێتەوە...هەروەك داوا لە كەسانى
بەرپرس و مەعنیى دەكەم كە ووریاتر بن و ئەوەش بزانن كە هەرچەندە دوژمنى
گەلەكەمان زورە بەڵام ئێمەیش ئەزمونمان پەیدا كردوە. ئەوەى كە كاك عیماد
باسى كرد ئەبوایە زووتر باس بكرایە ئەبوایە ڕاگەیاندنەكانى یەكێتى زیاتر
هەوڵى تەوعیە و بەڕۆشنبیركردنى لەپێش وەخت بكردایە، من بەكاك عیماد دەڵێم من
نامەوێت پاش كارەساتەكە دڵى ئێمە بدەیتەوە، با ئەم كارەساتە ئەزمونێكى تر بێت
كە كاربكاتە سەر كادرانى ڕاگەیاندن، كادرانى ئاسایش، لێپرسراوانى
مەبەستدار. ئاخۆ چاوەڕێى چیتان كرد بێت كە ئەو هەواڵەیشتان زانیوە و بەجدى
نەتان گرتووە؟ |