بزمارێکی موسڵمان ................................... خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 

دوای ئه‌وه‌ی‌ موسڵمانانی دونیا له‌ ڕێگه‌ی راگه‌یاندنی ڕه‌سمی ووڵاته‌کانیانه‌وه‌ زانیان بڵاوکراوه‌یه‌کی دانیمارکی له‌ڕێگه‌ی کاریکاتوره‌وه‌ سوکایه‌تی به‌‌ قودسیه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ئه‌کات. هه‌موو به‌یه‌ک ده‌نگ و به‌یه‌ک ڕه‌نگ ڕژانه‌ سه‌رجاده‌کانی به‌غداو دیمه‌شق و ئیسلام ئاباد و تاران زۆربه‌ی زۆری پایته‌خته‌ ئیسلامیه‌کان ته‌نانه‌ت هه‌ولێرو سلێمانیش بۆ مه‌حکوم کردنی ئه‌و کاره‌و هه‌تا مو‌قاته‌عه‌‌کردنی په‌نیرو شیری نیدۆو هه‌موو مه‌نتوجاتێکی تری ئه‌و ووڵاته‌ش بوو به‌شوعاری ره‌سمی خۆ پیشان ده‌ران‌. ناهه‌قیشیان نه‌بوو چوونکه‌  سه‌رۆک بۆش و تۆنی بلێری گاوریش نه‌یان توانی ئیدانه‌ی ئه‌وکاره‌نه‌که‌ن مه‌لاو شیخه‌کانیش هه‌رچی علومی شه‌رعی و ئیلاهیان لابوو و چه‌ند ساڵ له‌مه‌و به‌ر خوێندبوویان هه‌موویان وه‌بیر خۆیان ‌هێنایه‌وه‌و به‌هێزترین ووتاریان له‌ نوێژی جومعه‌یا‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌خوێنه‌وه‌و هانیان ئه‌دان به‌جۆش وخرۆشتربن تاوه‌کو نیشانی به‌‌ن که‌ یاری کردن به‌ موقه‌ده‌سات ئاگرێکه‌ ئه‌گه‌ر بکه‌وێته‌وه‌ ئاوی دونیا نای کوژێنێته‌وه‌. له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌و خۆ پیشاندانانه‌یا که‌له‌ دژی دانیمارکی کافر ئیجرا ئه‌کرا . ئیسلامی سوننی گومه‌زی دوو پیاوی موقه‌ده‌سی شیعه‌ی به‌ تی ئێن تی به‌سه‌ر چه‌ند دانه‌یه‌ک له‌ کتێبی خوایا له‌ هێنایه‌ خواره‌وه. ئیسلامی شیعیش له‌ تۆڵه‌ی ئه‌وا سی چل مزگه‌وتی سوننه‌ مه‌زهبیان له‌گه‌ڵ ده‌یه‌ها کتێبی ئاینی موقه‌ده‌س له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ قورئانه‌ روخان و گڕ تێ به‌ردا و چه‌ن دانه‌یه‌ک له‌ مه‌لا کانیش له‌وانه‌ی که‌ به‌رده‌ست که‌وتن کوشت. ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ ئه‌گه‌ر له‌ مه‌رته‌به‌ی ته‌قدیسا سه‌یری بکه‌ین ئه‌بێ قورئان و ماڵی خوا له‌ هه‌موو شته‌کانی تر باڵا تربن. به‌ڵام له‌ هیچ شوێنێکی عاله‌می ئیسلامیا چوارکه‌سمان نه‌دی بێنه‌‌ سه‌ر جاده‌ بو ئیدانه‌کردنی ئه‌و بێڕێزیه‌ که‌ موسڵمان خۆی به‌ موقه‌دساتی خۆی ئه‌یکا. تۆ بڵێی هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ئاینی  بۆی هه‌بێ چه‌ندی بوێ بێ حورمه‌تی به‌ موقه‌ده‌ساتی خۆی بکا مادام به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆی وا ئه‌ خوازێ؟ بڵێی سوننه‌و شیعه‌ موقاته‌عه‌ی په‌نیری یه‌کتریان نه‌کردبێ؟ به‌ڵام واوه‌یلا به حاڵی غه‌یره‌ دینێ ئه‌گه‌ر به‌ڕێبواریش توخنی یه‌کێک له‌و موقه‌ده‌سانه‌ بکه‌وێ.‌ ئێستاکونێ لێم مه‌علوم بوو بۆ ئێمه‌ی مسوڵمان ‌هه‌ر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ئه‌چین وغه‌ربیش به‌ره‌دوا.

 

           

 

02/09/2015