عومه‌ری خاوه‌ر گوتی:...

به‌ یادی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی 16.3.2006 ی هه‌ڵه‌بجه‌ پێشکه‌شه‌

یاسین بانیخێڵانی

عومه‌ری خاوه‌ر گوتی:

هه‌ژده‌ ساڵه‌ خۆم و کوڕه‌که‌م

دوو سواڵکه‌ری سه‌ر شه‌قامه‌کانی دونیا

دوو بازرگانی به‌ر ده‌رگای ڕێکخراوه‌ خێرخوازه‌کانی

جیهانین

هه‌ژده‌ ساڵه‌ خۆم و کوڕه‌که‌م

باشترین تابلۆی ڕیکلامی هه‌ست بزوێنی مرۆڤایه‌تی

باشترین کارتی درۆی سیاسه‌ت و فریودانین

بمده‌نه‌وه‌

ویژدانی دزراوم به‌نه‌وه‌

ناسنامه‌که‌م له‌ بازاڕه‌کانی بازرگانی

بۆ بێننه‌وه‌

ناسنامه‌‌ی هه‌ڵه‌بجه‌م به‌نه‌وه‌

عومه‌ری خاوه‌ر گوتی:

بۆ تینوێتی هه‌ڵه‌بجه

"کانی کورده" ‌و

بۆ عه‌شقی هه‌ڵه‌بجه‌

"کانی عاشقان" و‌

بۆ چاوی کوژاوه‌ی ئه‌ستێره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌

"گردی شه‌هیدان" مان به‌سه‌

بمده‌نه‌وه‌

ماچی کانی و عه‌شقی کانی و

سۆمای ئه‌ستێره‌کانم به‌نه‌وه‌

گه‌شته‌که‌ی "گۆران"م بۆ هه‌ورامان

گۆرانییه‌کانی "کنا له‌یل...کنا له‌یل...و

"سیاچه‌مانه‌... سیاچه‌مانه‌...

به‌ هه‌شتی عه‌شقه‌ ئه‌م هه‌ورامانه‌"*م

بیر بێننه‌وه‌

چیتان لێ کرد

ئه‌و هه‌موو گۆرانییه‌تان

له‌ کوێ خنکان؟

عومه‌ری خاوه‌ر گوتی:

وێنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌م بیر چۆته‌وه‌

شه‌قامه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ ناناسمه‌

گه‌ڕه‌کی "سه‌را"و "پاشا" نامۆن به‌ من

ڕه‌نگی ئه‌م شاره‌تان

به‌ ده‌ستی کام پاییز

وه‌راند؟

‌ده‌پێم بڵێن:

کێ پێڵاوی مناڵه‌کانی فڕان؟

کێ بزه‌ی له‌سه‌ر لێویان دزی؟

کێ مه‌مکی دایکیانی بڕی؟

کێ په‌نجه‌ی ده‌زگیرانی کچانی قرتان؟

عومه‌ری خاوه‌ر گوتی:

بیهێننه‌وه‌

هه‌ژده‌ ساڵه‌ مناڵه‌کان

چاوه‌ڕوانی پێڵاوه‌کانیانن

چاوه‌ڕوانی بزه‌ی سه‌رلێویانن

بیهێننه‌وه‌

هه‌ژده‌ ساڵه‌ مناڵه‌کان

به‌ بێ شیر

چاوه‌ڕوانی مه‌مکی بڕاوی دایکیانن

هه‌ژده‌ ساڵه‌ کچانی ده‌زگیراندار

به‌ دوای په‌نجه‌ی بڕاویانا

وێڵن

عومه‌ری خاوه‌ر گوتی:

هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ دزراومان

هه‌ڵه‌بجه‌ی خنکاومان

هه‌ڵه‌بجه‌ی کوژراومان

به‌نه‌وه‌...

 

 

16.3.2006 سویسرا

 

په‌ڕاوێزه‌کان

* له‌شیعری گه‌شتێک له‌ هه‌ورامانی مامۆستا گۆران وه‌رگیراوه‌

 

 

           

 

02/09/2015