مێژووی کۆیلایه‌‌تی وجومبوشی ‌کۆیلایه‌‌تی نوێ له کوردوستاندا !!!

 بارزان شوان
uvnbas@hotmail.com

کۆیله‌ ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ که‌ به‌ بێ ویست و خواستی خۆی، هه‌موو ژیانی بۆخزمه‌تی خه‌ڵکانێکی سه‌رمایه‌دار و ده‌سته‌ڵاتدار ته‌رخان کردبێت .ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆ زۆر له‌ ڕۆژانی کۆنی سه‌ به‌رمێژووی ناسراوی مرۆڤایه‌‌تیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، واته‌ هه‌ر له‌ کاتی هاتنی فیرعه‌و‌نه‌کانی میسرو هه‌موو ئیمپرۆتاره‌ سه‌ر به‌ ناوچه‌ ناسراوه‌ کانی  میسوپۆتامیا سه‌ری هه‌ڵهێناوه‌، وه‌ک ئیمبراتوره‌ سۆمه‌ره‌کان و بابلیه‌کان وکلدانه‌کان و گۆتیه‌کان وساسانیه‌کان،  درووستکردنی ئه‌و سێ ئه‌هرامه‌ به‌رزه‌ی میسرو و باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌که‌ی بابل و دیواره‌ دوورو درێژه‌که‌ی چین، نموو‌نه‌یه‌کی زه‌قن له‌ مێژوودا که‌ به‌ ماسوولکه‌ی کۆیله‌کان هه‌ڵچنراون،  هه‌رده‌م ژماره‌ی ئه‌م کۆیلانه‌ له‌ زیاد بووندا بوون  وه‌ له‌ هه‌رشه‌ڕێکدا سه‌ده‌ها کۆیله‌ی نوێ ناونووس کراون که‌ له‌ پاشه‌ڕۆژدا ده‌بوونه‌ قوربانی بۆ جه‌نگه‌ به‌رپابواکانی نێوان ده‌وڵه‌ته‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کان، زۆربه‌ی زۆری پیاوه‌ کۆیله‌کان له‌م پێکدادانه‌دا سه‌ری خۆیان وه‌نده‌ ده‌کرد و ده‌کوژران ، هه‌رچی ژنه‌ کۆیله‌شه‌ له‌ کاتی هه‌ر تاڵانیه‌کدا به‌ دیل ده‌گیران  ، ئه‌وانه‌ ده‌بوونه‌ خزمه‌تکاری ڕۆژانه‌ی داگیرکه‌ران و له‌ نێو بازاڕه‌ به‌ربه‌ره‌ڵاکاندا ده‌کڕدران و ده‌فڕۆشران ، کیژه‌ جوانه‌ کۆیله‌کانیش شه‌وانه‌ ده‌بوون به‌ جێ گه‌رمی  خاوه‌ن پاره‌و ته‌ڵاکان، به‌ سه‌ماو شایی شه‌وگاری درێژی ده‌سته‌ڵادارانیان پێ گه‌رم وخرۆش ده‌کردن.

به‌ شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ به‌ کۆیله بوون له‌و ڕۆژه‌وه‌‌ ده‌ست نیشانکراوه که‌  داگێر که‌ران زۆربه‌ی ناوچه‌کانی ئا‌فریکایان ‌ خستۆته‌ ژێر ڕکێفی خۆوه‌، پێست سپیه‌کان به‌ هۆی پێشکه‌وتنی ته‌کنیکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و و زیره‌کی هۆشه‌وه،‌ توانیان ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌و میلله‌تانی ئه‌فریکا دا بگرن و سودیان لێ وه‌بگرن، وه‌ له‌ پاشاندا زۆربه‌ی زۆری پیاوه‌کانیان گواستونه‌ته‌‌وه ‌به‌ره‌و ئه‌مریکای باکوورو به‌کاریان بردوون وه‌ک  کرێکارێکی خه‌رج به‌ڵاش که‌وتوو، هه‌ر له‌و ڕوانگایه‌دا و له‌گه‌ڵ پێشڤه‌ چوونی باری ئابووری ڕۆژگاردا، خاوه‌ن فابریکه‌کان زیاتر پێویستیان به‌م  گرووپانه زیاتر‌ بووه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌ست کرا به‌گرتن و فڕۆشتنی ئه‌م پێست ڕه‌شانه‌ له‌ وڵاتانی ئا‌فریکادا، دوا به‌ دوای ئه‌ێیش پێست سپیه‌کان به‌ره‌و ئامریکای باشوور کشانو هیندیه‌ پێست سووره‌کانیشیان هه‌ر کردن به‌ کۆیله.

ئه‌م بازرگانیه‌ په‌ره‌ی سه‌ندوو نرخی ئه‌م کۆیڵانه‌ش رۆژبه ‌ڕۆژ له‌  به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو‌، بۆیه‌ بازرگانه‌کان بیریان له‌ گرتن و گوازتنه‌وه‌ی کچان و ژنان کرده‌وه‌ که ‌بتوانن به‌کاریان بهێنن بۆ زاوزێ کردن‌ له‌ نێوان پیاوه‌کۆیله‌ کۆنه‌کان و ئه‌م ژنه‌ تازه‌ به‌ دیل گیراوانه‌دا‌‌، جا له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م بازرگانی به‌ کۆیله‌ کردنه‌ به‌ یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ بازرگانیه‌ باشه‌کان ده‌ژمێردران بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌یه‌کی باش له‌ ماوه‌یه‌کی‌ کورتی دیاری کراودا ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی گوازتنه‌وه‌ی به‌ به‌رده‌وامی کۆیله‌ پیاوان له‌ که‌می ده‌هات و کاری هاتووچۆو گواستنه‌وه‌شیان هه‌م ترسناک بوو وه‌ هه‌م پاره‌ی رێگاو خه‌رجی زۆر تێ ده‌چوو، بازرگانان به‌ زۆری گواستنه‌وه‌ی ژنانی کۆیله‌یان لا په‌سه‌ند تر بوو.

ئه‌م تێروانین و به‌ ڕوواڵه‌ت ڕووداوه‌‌ مێژووییه‌‌ بۆ مرۆڤی هۆشمه‌ندی ئه‌مڕۆ زۆر ناپه‌سه‌ند و سه‌خته‌ بتوانێت له‌ لایه‌که‌وه‌‌ دان به‌و ڕووداوه‌ مێژوویه‌ بێنێ و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ بتوانێت هه‌ڵیسه‌نگێنێت، چونکه‌ هزری بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی، به‌ تایبه‌تی له‌ ووڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کاندا ئه‌م جۆره‌ له‌ خشته‌بردنی کۆمه‌ڵایه‌تیه و نا په‌سه‌ندیه‌ به‌ قه‌بوڵ وه‌رناگرێت. به‌ڵکو فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناتوانێت باوه‌ڕی به‌م سیسه‌ته‌مه‌ نامرۆڤایه‌تیه‌ بکات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  ئه‌مڕۆ خه‌ڵکان داوای ماف بۆ هه‌موو تاک و که‌سێک و نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ن و خواستی ئاشتی هه‌میشه‌یی بۆ هه‌موو گه‌لانی جیهان ده‌خوازن.

کاتێک مرۆڤ به‌ ووردی بیر له‌ ئایین و سرووشت ده‌کا‌ته‌وه،‌ تووشی گێژۆڵه‌یه‌کی نائومێدی ده‌بێت و ده‌پرسێت، ئه‌گه‌ر خودای گه‌وره‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێک بێت، هه‌مو که‌سێک بێت، ئه‌ی باشه‌ بۆچی ئه‌م شانۆی به‌رده‌وامی ژیانه‌‌ به‌م شیوه‌یه‌ ده‌گێڕێت. دوور نیه دوا به‌‌ دوای بڵاوبوونه‌وی ئاینه‌ ئاسمانیه‌کان،  ئه‌م گرووپانه‌ که‌ به‌ ویستی خۆیان یان به‌ زۆردی بووبێت هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ئاین و دینه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا هه‌یانبوه‌  ، وه‌ به‌ دووریش نازاندرێت که‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌یان کردبێت یان مالومه‌و قه‌شه‌و ومه‌لاکان وایان خستبنه‌ ناو مێشکیانه‌وه‌ که‌ ئه‌و کۆیلێتیه‌‌ هه‌ر له‌ کاتی له‌ دایکبوونیانه‌وه‌ به‌ سه‌ریاندا قه‌ره‌بوو کراوه‌ ، بۆیه‌ زۆر له‌م کۆیڵانه‌ هه‌تا مردوون دڵیان به‌ جیهانه‌که‌ی تر خۆشبوه‌ وه‌ بیریان له‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که گوایه‌ له‌ جیهانی ئه‌وبه‌ردا واته‌ دوای مردن وزیندووبوونه‌وه‌یان ده‌سته‌ڵاتداران ده‌بن به‌ کۆیله‌و پاداشتی  خۆشیان به‌وه‌ ده‌درێته‌وه‌ که‌ ئه‌مان به‌ خۆیان ده‌بنه‌‌ ده‌سته‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌دار، هه‌رچی سه‌رمایه‌داری ئه‌م جیهانه‌ش هه‌یه‌ له‌و جیهاندا ده‌بن به‌ دیل و کۆیله‌. ‌

وه‌ هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌‌شدا هه‌زاره‌ها به‌ڵکو ملێونه‌ها منداڵی هه‌ژار به‌ زۆری ده‌سه‌ڵاتداران یان له‌ رێگای بازرگانانی کردنی کۆیله‌تیه‌وه‌ ،یاخود به‌ ویستی دایک و باوکی ئه‌و منداڵانه‌، گه‌نجان و لاوان له‌به‌ر هۆی نا ده‌رامه‌تیو بێ ئابووریه‌وه‌ کڕاون و فڕۆشراون، ، ، که‌وتونه‌ته‌ جیهانێکی بێ بن و تاریک که‌ زۆربه‌ی جاران هیچ که‌س له‌ ئه‌ندامانی ئه‌م خێزانانه‌ یه‌کتریان هه‌رگیز نه‌دیوه‌ته‌وه‌.

ده‌‌گێرنه‌وه‌ هه‌ندێک له‌ زانایانی ئاینی، هانی پیاوه‌ پیره‌ په‌ک که‌وتوانی پێست ڕه‌شانیان داوه‌ که‌ خۆیان بکوژن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مانی ئه‌وان وه‌ک پاک کردنه‌وه‌یه‌کی ڕۆحی بۆ ره‌شانی دیکه‌ی جیهانی داهاتوو بۆ تۆمار بکرێت. وه‌ هه‌ ندێک جار ئه‌شکه‌نجه‌ی ئه‌م پێست ڕه‌شانه‌یان‌ داوه‌، به‌ شێوه‌ی به‌ داغ کردنیان به‌ ئاسنی سوره‌وکراوی له‌سه‌ر ئاگردندا، له‌ دواییدا هه‌ڵیان ده‌واسین تاکو مردن، ئه‌ویش هه‌ر به‌ ناوی ئایینو پاککردنه‌وه‌ی رۆحه‌ ڕه‌شه‌کانیان بوو، بۆیه‌  زۆر گروپی سه‌یر له‌ ئه‌مریاکی باکوور په‌یدا بوون که‌ بیروبۆچونی ته‌سک و شۆڤێنییان  هه‌بوو دژ به‌ڕه‌سه‌ن وبوونی ئه‌م پێست ڕه‌شانه‌، تا ئه‌وڕۆکه‌ش ئه‌م نه‌ریته‌ نا مرۆڤایه‌تیه‌  به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی پێست سپی دژ به‌ پێست ره‌ش و پێست سوور و پێست زه‌رد ده‌کات، ئه‌م ڕه‌وشه‌ش به‌ شێوازێکی گونجاوی تر بۆ هه‌ندێک له‌ پێست سپیه‌کان هه‌ر ماوه‌و په‌ره‌ش ده‌ستێنێت.

ئیسلام وکۆیله‌کان.

گه‌ر ئاوڕێک له‌ رۆژانی پیش ئیسلام و دوای هاتنی ئیسڵامی پیرۆزبده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین بازرگانه‌ موسوڵمانه‌کان له‌ کاتی فڕۆشتنی کۆیله‌کان، هه‌رده‌م به‌ قامچی لێیان ده‌دان و به‌ توندی ئازاریان ده‌دان، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کۆیلانه‌ ددانیان بکه‌نه‌وه‌و به‌و ڕه‌فتاره‌ش کڕیارانیان‌ دلنیا کردۆته‌وه‌ له باشیی ‌ ته‌ندروستی و هێزی خۆڕاگرتن و‌ ته‌مه‌نی لاوێتی ئه‌م کۆیلانه‌وه‌، یان زۆر جار مه‌مکی تازه‌ پێگه‌یشتو و توندی  ئافره‌تی به‌ کۆیله‌بوانیان ده‌رده‌خست بۆ ئه‌وه‌ی کڕیاران سه‌رنج ڕاکێش بن له‌ جوانی و گه‌نجی ئه‌و ژنانه‌،له‌ لایه‌کی که‌وه‌ ده‌بوایه‌ پیاوانی کۆیله‌ وه‌ک چۆن له‌ سه‌ر شانۆ یان سێرکس بن هه‌ستانایه‌ ماسوولکه‌کانیان نیشانی کڕیاران بدایه‌، ئه‌مه‌ هه‌مووی بۆ ئه‌و کۆیله‌ نه‌گبه‌تانه بوو که‌‌ به‌ خێرای و به‌ پاره‌یه‌کی باشتر له‌ بازاڕدا بفرۆشرێن،جگه‌ له‌وه‌ش وه‌ک چۆن خویاو ئاشکرایه‌ که‌ له‌ دینی ئیسڵامدا فره‌ ژنی به‌ کارێکی ڕه‌وا ده‌ژمێردرێت، وه‌ به‌ پێی شه‌رعی ئیسلام و ئاینی ئیسلامی پیرۆزه‌وه‌ له‌ کاتی  خۆیدا پیاوانی سه‌رماییه‌دارو بازرگانان باوه‌ڕیان به‌ چوار ژن و نیو هه‌بوه،‌ واته‌ ئه‌و کۆیله‌ ژنانه‌ی که‌ خاوه‌نه‌کانیان ئازادیان ده‌کردن، یاخود ئه‌و ژنه‌ به‌ لاشه‌و جه‌سه‌د وسرووشت ڕه‌شانه‌ی که‌ له‌ حه‌به‌شه‌و شوێنی بیانی دیکه‌وه‌ ده‌که‌وتنه‌ ناو تیره‌ی قوڕه‌یشه‌وه‌، بۆ خواستن و ژن هێنان به‌ نیوه‌ی  ئافره‌تی کۆمه‌ڵگا  ده‌ژمێردران و ڕه‌چاوده‌کران،ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌که‌ که‌ موسلمانانیش له‌ کۆندا باوه‌ڕیان به‌ که‌م نرخی مرۆڤ هه‌بوه‌ که‌ دیڵ کرابێت یان وه‌ک کۆیله‌ فڕۆشرابێ و کڕدرابێت، له‌ زۆربه‌ی چیرۆکی عا‌ره‌بی و ئیسلامی کۆندا به‌رگوێمان ده‌که‌وێته‌وه‌‌ که‌ به‌ سه‌ده‌ها منداڵ به‌ ناوی خزمه‌تکاری له‌ لای سه‌رمایه‌داران ڕاگیراون، که‌ ئه‌وانه‌ یان ڕفێندرابوون و له‌ خێزانه‌کانیان جیا کرابوونه‌وه‌ یانیش له‌ شه‌ڕو پێکداچووندا به‌ دیل گیرابوون،‌ مه‌گه‌ر ته‌نها  مه‌رگ له‌ ژیان و جیهانی هه‌میشه‌یی ئاینده ی نا دیار بتوانێت ئه‌م دیلانه‌‌ به‌ خزمووکه‌سوکاراکانیان شاد بکاته‌وه‌‌.

به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی تر‌ که‌ نایه‌کسانی و ناته‌بایی له‌ ناو خه‌ڵکاندا هێنابێته‌ ئاراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ ،وه‌ک چۆن له‌ کاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام باو بوه‌ که‌ په‌یام به‌ری خودا ئامۆژگاری موسڵمانانی ئسلامی به‌وه‌ کردوه که‌ له‌گه‌ڵ کۆیله‌کاندا ‌مامه‌له‌یان باش بێت، به‌ تایبه‌تی به‌ رامبه‌ر به‌وانه‌ی له‌ شه‌ڕدا ده‌ستگیر ده‌کران و وه‌ک دیل ده‌گێران،به‌ڵکو ده‌فه‌رموێت که‌ به‌ ئازاد کردنی ئه‌م کۆیلانه‌ بۆ فه‌رمووده‌ی خودای میهره‌بان له‌و دونیا بۆ خاوه‌ن کۆیله‌کان به‌ ‌ پاداشتێکی مه‌زن ده‌نووسرێت. واته ‌وه‌ک یاسا  و نووسراوه‌ی ئاسمانی به‌ کڕین و فڕۆشتنی کۆیله قه‌ده‌غه‌ نه‌کراوه‌  .

هه‌تا ئێستاس له‌ زۆربه‌ی ووڵاته‌ ئیسلامیه‌کاندا به‌ هه‌زاره‌ها خزمه‌تکارله‌ ماڵه‌کانیاندا وه‌ک کۆیله‌ ده‌ژین و به‌ڵکو بگره‌ له‌اون خراپتریش ، ئێستاکێ له هه‌ندێک ده‌ڤه‌ری‌ کوردوستانیشدا بۆ بڕه‌ک له‌ ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و هه‌ندێک لێپرسراوان و سه‌ره‌ک تیره‌کان، ڕاگرتنی به‌ ناو ئیشکه‌ری ناو ماڵ یاخود به‌ڕێوه‌به‌ری کاره‌ سه‌خته‌کانیان له‌ کنه‌ خۆ گل داوه‌ته‌وه‌و ئه‌م ڕه‌وشی به‌ دیل گرتنیه‌ش لایان‌ بوه‌ به‌ باو،‌ هه‌ر چه‌نده‌ پیاوانی سه‌ر به‌م خێزانانه‌ زۆربه‌یان له‌ ڕواڵتدا له‌ مزگه‌وته‌کاندا نوێژ ده‌که‌ن و خودا ‌ناسن، که‌چی له‌ ماڵه‌کانیشیاندا چه‌ند خژمه‌تکارێک هه‌ن  کاریان بۆ ده‌که‌ن، سه‌ره‌ڕای به‌ ئه‌نجاندانی ئه‌و کاره‌ ناپه‌سه‌نده‌ش ‌ ئه‌م سه‌رمایه‌دارانه‌  به‌م کاره‌یان ده‌نازن و به‌ سه‌ر به‌رزیه‌وه‌ بۆ ده‌وروپشتانیان باس ده‌که‌ن  که‌ خاوه‌نی چه‌نده‌ خزمه‌تکارن /// بانێکه‌و دوو هه‌وا ////.

کوردو و سیستێمی کۆیلایه‌تی

گه‌ڕاندنه‌وه‌مان‌ بۆ مێژووی دێرینی کورد، واته‌ هه‌ر له‌سه‌ر ده‌‌می زه‌رده‌شتیه‌کانه‌وه‌ ئه‌م کاره‌ ناڕه‌وایه‌ی به‌  کۆیلایه‌تی کردنی مرۆڤی به‌ یاساغ و قه‌ده‌غه‌ ناو بردوه‌. ئه‌م سیسته‌مه‌ نامرۆڤایه‌تیه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و کولتوره‌ عا‌ره‌بیه‌ قوره‌یشییه‌ کۆنانه‌ که شان به‌ شانی‌  بڵاو بوونه‌وه‌ی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بڵاوبوونه‌وه‌و به‌سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و میلله‌تانه‌دا سه‌پێندران که‌ داگیریان ده‌کردن زه‌ویو زاره‌کانیان به‌ سه‌ر شه‌ڕکه‌ره‌کاندا دابه‌ش ده‌کردن و وه‌ به‌ زه‌بری شمشێر کولتووره‌که‌ی خۆیان  به‌ سه‌ر ئه‌م گه‌له‌ داگیرکراوانه‌دا ده‌چه‌سپاند ، جا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئایین به‌ خۆی له‌ خۆێیدا په‌یوه‌ندی به‌ ڕه‌وت و کولتوره‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکو ڕێنمایشه‌کانی بریتین له‌ ناساندن و په‌یڕه‌وی یاسا و بنه‌ما نه‌گۆڕه‌کانی ووته‌ ئاسمانیه‌کان، له‌ هه‌مان کاتدا رێگه‌ نیشانده‌ر و په‌رستن و‌باوه‌ڕیه‌ به‌ بوونی ته‌نها یه‌ک خوداو په‌سه‌ند کردنی نێردراوو و نووسراوه‌و  پێغه‌مبه‌ره‌کانیه‌تی..

واته ‌به‌کاربردنی شمشێری عاره‌بی و به‌کارهێنانی هێز و زۆردی ، توانی ئه‌و کولتوره‌ بیابانیه‌ دواکه‌وتوه‌ی عا‌ره‌بی به‌سه‌رماندا فه‌رز بکات و ئێمه‌ش به‌ ڕه‌زامه‌ندی خۆمان ئه‌و ڕه‌وته‌ نامۆیانه‌ په‌سه‌ند بکه‌ین.‌ ئێستا مخابن وه‌ک پرینسیپێیکی ئاینی له‌ ناو کورداندا ته‌شه‌نه‌ی کردوه‌.

لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ چلۆن ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می میرنشینانی کورده‌وه‌ تا ئه‌مرۆش زۆربه‌ی ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵات دار و شیخ و مه‌ڵاو ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و پیاوه‌ ئاینیه‌کانه‌وه‌ بۆیان لواوه‌ که‌ خه‌ڵکانێک وه‌ک به‌ند و کۆیله‌ له‌ لای خۆیان ناونووس بکه‌ن و وه‌ک خزمه‌تکار له‌ ماڵ و ده‌ره‌وه‌ی ماڵ به‌ کاریان بێنن.وه‌ ئه‌ودیاریده‌یه‌ به‌رده‌وام ‌ له‌ ناو ئه‌و گروپه‌ پاره‌دارانه‌دا باڵکێش بوه‌و هه‌رده‌م ده‌سته‌ڵاتدارانیش  ئه‌م هه‌له‌یان بۆ خۆ گوریسکێش کردوه‌ ‌.

هه‌ژاری و بێ درامه‌تی و نه‌خوێنده‌واری  وای له‌ زۆر پیاوانی سه‌ر هه‌ندێک خێزان کردوه‌ که‌ کچه‌کانیان له‌ ماڵێکدا بکه‌نه‌ خزمه‌تکار، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماڵه‌ ده‌ستڕۆیشتوو و ده‌سته‌ڵات داره‌ نزیک بنه‌وه‌‌، به‌ڵکو به‌ یارمه‌تی ئه‌وانه‌وه‌ بتوانن  کارێک بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ که‌س سوود له‌م خه‌ڵکه‌ خۆویست و ناپه‌سه‌ندانه‌‌ وه‌رناگرێت، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م سه‌رمایه‌دارانه‌ به‌ خۆیان باوه‌ڕیان به‌ سیستێمی کۆیله‌تی و خزمه‌تکاریه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئاغاو ده‌ره‌به‌گه‌ کورده‌کان، هه‌روه‌ها شیخ و پیاوه‌ زانایانی ئیسڵامی زۆر له‌ منداڵانی دێهاته‌کانیان وه‌ک شوان و گاوان و کرێکارو، ڕه‌نجبه‌رو،جوتیاری کشتوکاڵ به‌ پاره‌یه‌کی زۆر که‌م یان به‌ زۆری ده‌سه‌ڵاته‌کانیان به‌ بێ پاره‌ش به‌کار ده‌بردن، چونکه ئه‌و تاقمانه‌ ڕاهاتبوون له‌ سه‌ر به‌ هه‌ڕه‌شه‌کردن و ده‌رکردنی ئه‌و خیزانانه‌ی که‌ به‌ پێی ده‌ستووری ئه‌و ناوچانه‌ی ماڵه‌ هه‌ژه‌ره‌کانی تیادا زینده‌گی ده‌کرد نه‌ده‌جووڵانه‌وه‌، بێگومان دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ له‌ سه‌ر زه‌ویوزاری خۆیان به‌ گه‌وره‌ترێن سزا بۆیان ده‌بڕدرایه‌وه‌، کاتی واش هه‌بوه‌ که‌  دایکو باوکی منداڵه‌ هه‌ژاره‌کانیان به‌وه‌  هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند که‌ هه‌ر کارێک بۆ ئه‌م ده‌ره‌به‌گانه‌ ئه‌نجام بدرێت خودای مه‌زن له‌ جیهانه‌که‌ی دیکه‌دا به‌ خزمه‌ت بۆیان ده‌بڕێته‌وه‌.

هه‌ر به‌ شیوه‌یه‌کی گشتی منداڵانی کورد له‌ ژیر سایه‌ی یاسای  پیاوسالاریه‌وه‌، ‌ نه‌ منداڵان و‌ نه‌ ژنان مافیان وه‌ک ئه‌و مافه‌ی پیاوێک هه‌یه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگادا پێ نابه‌خشرێت.

زۆر به‌داخه‌وه‌‌ ئه‌م ڕێباز و ڕه‌وشه‌ تا ئه‌وڕۆش زۆر به‌ شانازیه‌وه‌ له‌ نێوسه‌رمایه‌دار و هه‌ندێک لێپرسراوانی کورده‌وه‌ به‌ ڕێوه‌ ده‌چێت‌. له‌م دواییه‌دا خه‌ڵكانیک به‌ ناو خوێنده‌وارو رۆشنبیرو نووسه‌ره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شانۆو پێنووسه‌کانیان وه‌ ک قامچی لێدانێکی سه‌ر کۆیله‌یه‌ک به‌کار ده‌هێنن وبه‌ بڵندی و سه‌ربه‌رزیه‌وه‌ باس له‌ ڕه‌وشی ناڕه‌وای هه‌ندێک له‌ لێپرسراوان ده‌که‌ن که‌ ڕه‌فتاره‌کانیان هه‌رگیز  به‌ ڕه‌وشێکی فه‌رهه‌نگی سه‌ر کولتووری کوردی ناژمێردرێت، کاربه‌ده‌ست و به‌رێوه‌به‌ری هه‌ندێک له‌  ده‌سگاکان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان زۆر به‌ باشی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن،به‌ مه‌رجێک ئه‌و نووسینانه‌یان له‌ ڕاستیه‌وه‌‌ زۆر به‌ دوورن. ئه‌م  جۆره‌ کرده‌وانه‌ له‌ ووڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کاندا به‌‌ تاوان دژ به‌ سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ ڕاشکاوی ده‌توانم بڵێم که‌ هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک به‌ها به‌ بوونی مرۆڤانی ناشایه‌سته‌وه‌ بدات هه‌ر‌ خۆی ڕۆژێک دێت به‌رپرسیار بێت له‌ سه‌ر ئه‌و کرده‌وانه‌یی و بێگومان ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌روون نه‌خۆشانه‌ به‌ سزای دادی میلله‌ته‌وه ‌ده‌گه‌ن ، چونکه‌ هه‌ر که‌سێک تاوان بۆ یه‌کێکی تر بشارێته‌وه‌، خۆشی هه‌ر تاوانباره‌. شه‌ڕی برا کوژییش جۆرێک بوو له‌ سیسته‌مه‌ی کۆیلایه‌تی که‌ خه‌ڵکانێک کوێرانه‌ دژ  به‌ برایانی خۆی شه‌ڕیان ده‌کرد، وه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش‌ بوو به‌ هۆی کوشتن و بریندارکردنی هه‌زاره‌ها پێشمه‌رگه‌ی گه‌نج و لاوی کورد و گه‌لێک خه‌ڵکی سیڤیلێش بوون به‌ قوربانی و هه‌ندێکیشیان تا هه‌تایه‌ به‌ که‌م ئه‌ندامی ده‌بێت ژیان به‌ سه‌ر به‌رن .

له‌ چه‌رخه‌کانی ناوه‌ڕاستدا کۆیلایه‌تی ڕه‌نگێکی تازه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ گرتبوو، ئه‌ویش پێکهێنانی دوو چین بوون، یه‌که‌میان چینی جووتیاران بوو ، ئه‌وی دیشیان چینی خاوه‌ن زه‌ویو زار و موڵک بوو.

سه‌رهه‌ڵدان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی خۆی، هۆیه‌کانی ئه‌م ده‌ورانه‌ له‌ زگی کۆمه‌ڵگای کۆیله‌داریدا به‌ شێوه‌ی کۆیله‌ ئازادکراوه‌کان و زه‌حمه‌تکێشه‌ ئازاده‌کان که‌ کۆیله‌ نه‌بوون و چه‌ند پارچه‌ زه‌ویان به‌ پێی چه‌ند مه‌رجی دیاریکراو وه‌رده‌گرت، سه‌ریانهه‌ڵدا، زه‌ویه‌کانی خاوه‌ن موڵک، داچێنن و به‌شێکی گه‌وره‌ی داهاتی ئه‌و زه‌ویانه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ندێک باجو پیتاکی ترو بێگاری به‌ خاوه‌ن زه‌ویه‌که‌ بده‌ن، له‌ کۆتایی ده‌وره‌کانی کۆیله‌داریدا به‌م شێوه‌یه‌ داهاتێکی زۆری بۆ کۆیله‌داره‌کان دابین ده‌کرد، لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌و جووتیارانه‌ له‌ گه‌ڵ زه‌ویه‌کاندا ده‌فڕۆشران و ده‌کڕدران، له‌ ڕوانگه‌ی دا‌ڕشتنێکی ئابووریه‌وه‌، هه‌میشه‌ هۆی شۆڕشگێڕی له‌ چینی جووتیارانه‌وه‌ ده‌ستی پێ کردوه‌.

چۆن تاکی کورد له‌م سیستێمه‌ نامرۆڤایه‌تیه‌ ده‌توانێت خۆی ڕزگار بکات ؟

ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ له‌ کۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کاندا به‌ دوو چینی به‌ناو ئازاد و به‌نده‌ دابه‌ش نه‌کراون، به‌ڵکو به‌ دوو لقی سه‌ره‌کی ده‌ناسرێن ئه‌وانیش ده‌سته‌ی هه‌ژار و خاوه‌ن سامانن، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ فه‌رمانبه‌ران و سه‌ر‌ۆک هۆزو تیره‌کان چه‌ند ئه‌رکێکی تایبه‌تمه‌ندیان هه‌بوه‌، وه‌ک پاراستنی هێمنایه‌تی و دابه‌ش کردنی ئاودێری و زه‌وی و زار و  دانانی سیستێمێکی گونجاو به‌ خۆیانه‌وه، هێنده‌ی تر بوونه‌ به‌ خاوه‌ن هێز و سامان، درووست بوونی په‌ی‌وه‌ندیه‌کی به‌تین له‌ پێکهاتووی کۆی یه‌کگرتووی هۆزه‌کان و پادشاکان و ده‌سته‌ڵاتداران‌، بووبه‌ هۆی پێکهێنانی هێزێکی ناوه‌ندی ده‌سته‌ڵات له‌ یه‌ک جێگه‌دا، که‌ سیستێمێکی به‌ ته‌واوی سته‌مگه‌رانه‌ بوو، له‌ نێو بوونی یه‌م ده‌سته‌ڵاته‌دا ڕێگه‌ خۆشکرا بۆ دابینکردنی ڕژێمێکی کۆیله‌داری، که‌ به‌ یه‌کجاری توانی زاڵ بێت به‌ سه‌ر گشت تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا.

بۆ بنبڕکردنی ئه‌م جۆره‌ هێزانه‌ که‌ ده‌توانین به‌ یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ به‌ربه‌سته‌کانی دژ به‌ پێشه‌وه‌چونی کۆمه‌ڵگای دابنێین، پێویستیمان به‌ پێکهێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی سیڤیل هه‌یه‌ که‌ باوه‌ڕی به‌ خودی مرۆڤ و دیموکراتی و یه‌کسانی و مافی ژنانه‌وه‌ هه‌بێت و پابه‌ند بێت به‌ یاساکانی نێوده‌وڵه‌تی .

1-    ده‌بێت دسگایه‌کی یاسایی سه‌ربه‌خۆی به ‌ده‌سه‌ڵات بنیات بنرێت ‌که‌ بتوانێت دادگایی و سزای گه‌وره‌ترین ده‌سته‌ڵاتدار بکات، ئه‌ویش بێگومان ده‌سته‌ڵاتی په‌رله‌مانێکی ئازاده،‌ که‌ دوور بێت له‌ ده‌سته‌ڵاتی حیزبایه‌تی.

2-    ڕۆژنامه‌وپه‌یامنێر و نووسه‌ر و مێدیاکان ده‌بێت سه‌ربه‌ست بن، هه‌میشه‌ هه‌وڵیش بده‌ن له‌سه‌ر خه‌ڵکانێکی ناڕه‌وا که‌ به‌ پاره‌ی میلله‌ت سه‌رمایه‌ بۆخۆیان کۆده‌که‌نه‌وه‌ بنووسن.

3-    هاندانی کچان و ژنان  بۆ زیاتر په‌یوه‌ندی دروستکردن له‌گه‌ل کۆمه‌لگای پیاواندا بدرێت.

4-    به‌ قه‌ده‌غه‌کردنی دامه‌زراندنی منداڵان وه‌ک کرێکار له‌ کارخانه‌کانی ناوده‌وڵه‌ت و به‌ دزی و به‌ ئاشکرا بکرێت ،هه‌روه‌ها به‌ سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ منداڵان وه‌ک خزمه‌تکار له‌ ماڵاندا ڕاده‌گرن بکرێت.

5-    کردنه‌وه‌ی ده‌زگای تایبه‌تی به‌ فێرکردنی ئیش و کاربۆ گه‌نجان و لاوان که‌ خوێنده‌واریان نیه‌.

6-    یارمه‌تی ئه‌و که‌سانه که‌ کاریان نیه‌ تا وه‌کو کارێکیان بۆ ته‌رخان ده‌کرێت به‌ پوول بدرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بێکارانه‌ پێویستیان به‌ یارمه‌تی خه‌ڵکانێکی بیر ته‌سک نه‌بێت که‌ له‌به‌ر په‌رژه‌وه‌ندی خۆیان کۆمه‌لێک ده‌که‌ن به‌ کۆیله‌.

7-    کردنه‌وه‌ی زۆر له‌ یانه‌ی وه‌رزشی بۆ گه‌نجان و لاوان و هاندانیان بۆ پێکهێنانی گرۆپێک که‌ وه‌رژس ببێته‌ پیشه‌ بۆیان.

8-    کردنه‌وه‌ی ده‌زگایه‌کی پشکنین و ده‌روون ناسی بۆ چاره‌سه‌رکردنی گه‌لێک له‌ گرفتانی هاوڵاتیان. کردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ ده‌زگایه له‌ ئاینده‌دا ‌ده‌بێته‌ هۆی درووست بوونی کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشڤه‌چوو.

9-    کاره‌ جۆراوجۆره‌کانی نێو ده‌زگاکانی سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ شیوه‌یه‌کی یه‌کسان به‌ سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بکرێن، به‌ مه‌رجێک کاری شیاو بۆ کارمه‌ندی لێزان ته‌رخان بکرێت.

10- مامه‌له‌ی به‌ریوانیکردن (واسته‌) له‌ نێو سه‌رجه‌م ده‌زگاکاندا بنبڕ بکرێت .

 

 

 

 

 

           

 

04/07/2007