کاتێ ئه‌وین به‌دیدێ

                                               بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

هه‌رچه‌ند رۆژم، ئه‌نگوسته‌ چاو،

تاریکی تیا خه‌ست بێته‌وه‌

شه‌وگاریشم، مۆته‌که‌ی خه‌م

پاڵه‌په‌ستۆی، نه‌بڕێته‌وه‌

گۆشه‌گیریی، بخزێته‌ ناو

گشت تانوپۆی ژیانه‌وه‌

به‌ ده‌سرازه‌ی هه‌راسانی

کۆرپه‌ی خۆشی و ئاسووده‌ییم

له‌ لانکی په‌ژاره‌دا

شه‌ته‌ک بدرێ و نه‌کرێته‌وه‌

به‌ چڕنووکی تیژی زووخاو

خوین بزێته‌ ناو ویستمه‌وه‌

له‌ گوڵشه‌نی په‌ژمه‌رده‌ما

جریوه‌ی مه‌ل

کپکرێت و، چیدی ده‌نگیان نه‌بیستمه‌وه‌

ده‌ من  ئاوی ئه‌و گوڵشه‌نه‌

هه‌ر ئه‌ده‌م و وشکی ناکه‌م

هه‌تا پاراو ئه‌بێته‌وه‌

هه‌تا گوڵی، راستگۆیی تیا به‌رهه‌م دێت و،

بۆ ئه‌وینی پاک و بێگه‌رد

به‌ شنه‌ی سۆز

سه‌ما ئه‌کاو ئه‌شنێته‌وه‌

 

           

 

04/07/2007