هه‌لوێستی‌ دژ به‌ یه‌كی‌ ئامریكا و رووسیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌!

ئیبراهیم به‌رزگه‌ر

 

حكومه‌تی‌ روسیه‌ هه‌ر وه‌ك رابردوو دژی‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ئابلۆقه‌یه‌ك دژی‌ رژیمی‌ ئیسلامیه‌‌و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش وای‌ كرد كه‌ گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ وڵاته‌ رۆژئاواییه‌كان له‌مه‌ڕ شێوه‌ی‌ هه‌ڵسوكه‌وت كردن له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ ئێرانی‌ تووشی‌ ئاسته‌نگ بێت.

له‌ به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێی‌ وایه‌ رێگای‌ دیپلۆماتیك بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ كاریگه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك جاران له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگری‌ ده‌كات كه‌ مه‌به‌ستی‌ نیزامی‌ له‌ پشت به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ دایه‌.

پێداگری‌ حكومه‌تی‌ روسیه‌ له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نابێ‌ هیچ چه‌شنه‌ بایكوت كردنێك دژی‌ حكومه‌تی‌ ئێران به‌ كار بێت، بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ كه‌ به‌ كرده‌وه‌ نه‌توانرێت هه‌ڵوێستێكی‌ هاوبه‌ش دژی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ نێوان حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا‌و روسیه‌دا پێك بێت.

به‌ پێی‌ راپۆرتی‌ هه‌واڵنێری‌ رووسی‌ ئینتێر تاس، رۆژی‌ هه‌ینی‌ رێكه‌وتی‌ 21 ی‌ ئاوریل وه‌زراره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیه‌ رایگه‌یاندووه‌  كاتێك ده‌توانرێت ئێران سزا بدرێت كه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی‌ وه‌ها له‌ به‌ر ده‌ست دابێت نیشانی‌ بدات مه‌به‌ستی‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئاشتیخوازانه‌ نیه‌.

له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ رێكه‌وتی‌ 20 ی‌ ئاوریل "جان نگروپونته‌" به‌رپرسی‌ رێكخراوی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئه‌مریكا، گۆڕانكاری‌ له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئه‌م دواییانه‌ی‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ به‌ ئاژاوه‌گێری‌ وه‌سف كرد‌و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا باوه‌ری‌ وایه‌ كه‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ له‌ بارودۆخی‌ ئێستادا ناتوانێت چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ به‌رهه‌م بێنێت‌و بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پێویستی‌ به‌ چه‌ندین ساڵ‌ كات هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م رژیمه‌ به‌ نیازه‌ له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ خۆی‌ بۆ وه‌ده‌ست هێنانی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ كه‌ڵك وه‌رگرێت.

له‌م نێوه‌دا "اولی‌ هاینونن" جێگری‌  " به‌رپرسی‌ ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاژانسی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم كه‌ بڕیار بوو سه‌ردانی‌ ئێران بكات، سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. ژماره‌یه‌ك له‌ كارناسان له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌رن كه‌ چونكه‌ "محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی‌" به‌رپرسی‌ ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاژانسی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییانه‌یدا بۆ ئێران نه‌یتوانیوه‌ سه‌ره‌نجی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆ هاوكاری‌ كردن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاژانس‌و ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاسایش رابكێشێت، به‌و پێیه‌ش "هاینونن" سه‌ردانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بۆ ئێران هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌. "میخاییل كامینین" وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیه‌ سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ڵێت به‌ كار هێنانی‌ ئابلۆقه‌‌و هێرشی‌ نیزامی‌ نابێت وه‌كوو ته‌نیا رێگا چاره‌، سه‌یر بكرێت.

"عه‌لی‌ ئه‌سغه‌ری‌ سولتانیه‌" نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ ئێران له‌ ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاژانسی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆمیش رۆژی‌ هه‌ینی‌ له‌ كۆنفرانسێكی‌ ئه‌منیه‌تیی‌ له‌ مسكۆ به‌ هه‌واڵنێری‌ رووسی‌ " ریا ــ نووستی‌" راگه‌یاندووه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ حكومه‌تی‌ ئێران ده‌یانه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كی‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌ درێژه‌ به‌ هاوكارییه‌كانی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ‌ ئاژانسی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم بده‌ن. هه‌روه‌ها ناوبراو ده‌ڵێت رژیمی‌ ئیسلامی‌ ئاماده‌یه‌ ئه‌و شك‌و گومانانه‌ی‌ كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئه‌م رژیمه‌ لای‌ كۆمه‌ڵگای‌ جیهانی‌ دروست بووه‌ بره‌وێنێته‌وه‌.

به‌ پێی‌ راپۆرتی‌ هه‌واڵنێری‌ رووسی‌ "ریاــ نووستی‌"، رژیمی‌ ئێران هیچ دژایه‌تیه‌كی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ له‌ ژێر چاودێری‌ ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاژانسدا بێت.

له‌گه‌ڵ‌ پێداگری‌ كردنی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاشتیخوازانه‌ بوونی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانیان‌و هه‌روه‌ها دژایه‌تیی‌ كردنی‌ روسیه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌رچه‌شنه‌ بایكۆت كردنێكی‌ ئێران، به‌ڵام ئه‌مریكا له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌یه‌ كه‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ به‌ نیازه‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ دروست بكات.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌ پێی‌ سه‌رچاوه‌ هه‌واڵنێرییه‌كانی‌ ناوخۆی‌ ئێران، لیژنه‌یه‌ك به‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ "جه‌واد وه‌عیدی‌" پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ روسیه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ وتووێژیان كرد‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ وتووێژه‌كان سه‌ردانی‌ ئۆتریشیان كردووه‌. لیژنه‌ی‌ ئێران به‌ نیازه‌ پێش ته‌واو بوونی‌ ئه‌و مۆڵه‌ته‌ یه‌ك مانگه‌یه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاسایش به‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ داوه‌، رێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ قه‌ویرانی‌ ئه‌تۆمی‌ ئه‌م رژیمه‌ بدۆزێته‌وه‌.

بریار وایه‌ 28 ی‌ ئه‌م مانگه‌ "محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی‌"راپۆرته‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌مه‌ڕ دۆسیه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ به‌ ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاژانسی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم‌و ئه‌نجۆمه‌نی‌ ئاسایشی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بدات.

له‌و نێوه‌دا چونكه‌ رژیمی‌ ئیسلامی‌ له‌ سه‌ر به‌رێوه‌بردنی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ خۆی‌ سووره‌‌و حكومه‌تی‌ ئه‌مریكاش پێی‌ وایه‌ مه‌به‌ستی‌ نیزامی‌ له‌ پشت به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئه‌م رژیمه‌یه‌ ‌و ده‌یه‌وێت چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ دروست بكات‌و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كۆشكی‌ سپی‌ رایگه‌یاندوه‌ بۆ پێشگرتن له‌ وه‌ده‌ست هێنانی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ له‌ لایه‌ن كۆماری‌ ئیسلامیه‌وه‌ له‌ هه‌موو بژارده‌كان به‌ تایبه‌ت بژارده‌ی‌ نیزامیش كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت هه‌ربۆیه‌ كارناسانی‌ رۆژئاوایی‌ له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن كه‌ ئه‌گه‌ری‌ هێرشی‌ نیزامی‌ ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران له‌ چاو رابردوو زیاتره‌.

 

سه‌رچاوه‌: بی‌ بی‌ سی‌

 

 

 

           

 

04/07/2007