خۆلادان له وشهی جینۆساید و:گۆران عهبدوڵڵا
ئهو فەرامۆشکردنەی جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤ چۆن بوو پاش ئەو هەموو بەڵێنانەی دوای شەڕی جیهانی دووەم کە لە لایەن بەرەی براوەی شەڕ بەگوێی خەڵکدا دەدران؟ ئەی بۆچی تا ئێستا خەڵکانێکی زۆر کەم بەهرەمەند بوونە لە بڕیارە جیهانیەکانی کۆنگرەی دژی جینۆساید؟ یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی خۆلادان لە دانپێنانی کردەی جینۆسایددا شەڕی ساردی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەتی ئەو کاتەو هاوپەیمانەکانی بوو. دەستپێکردنی شەڕی سارد لە 1946 وە درێژەی هەبوو تا ساڵی 1991 ،ئەمە وایکرد یەکڕابوون لەسەر مافەکانی مرۆڤ تاڕادەیەکی زۆر ببێتە کارێکی مەحاڵ لە لایەن وڵاتانی بەشدار بووەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان .هۆکارێکی تریش ئەوە بوو کە جاڕی گەردوونیمافی مرۆڤ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 1947 هاتبووە دروستکردن وە لە چوارچێوەی هەمان سیاسەتدا دەخولایەوە، بۆیە ڕەچاوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی نەدەکردو لە جیاتی ئەوە جەختی دەکردەوە لە سەر پێناسەی مرۆڤ و ڕەشنووسی ڕێکەوتنە نێو دەوڵەتیەکان و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەو بارەوە . سەرەتای دەستبەکاربوونی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەستانەوە لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ساڵی 1960 بوو، وە بەدیاریکراویش کێشەی ڕەگەزپەرستی خوارووی ئەفریقا بوو. هۆکارێکی تری وەلانانی وشەی جینۆساید یان خۆپاراستن لێی لای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هەرکاتێک دانیان بە کردەی کاری جینۆسایددا بنایا لە ناوچەیەک دەبوایە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆکەن بۆ وەستانەوەی ئەو کارەساتە، جا بۆیە هەمیشە خۆیان دەپاراست لە دانپێنان بە کردەی جینۆسایدا. هیچ هەڵوێست وەرگرتنێکی تری جیهانی سەبارەت بە کردەی جینۆساید ڕووی نەدا تاکۆتایی پێهاتنی کۆمەڵ کوژێکەی (ڕوواندا) ساڵی 1994 . ئەو کۆمەڵ کوژیانەی کەلە ئاستی جیهاندا رویانداوە لەپاش شەری دووەمی جیهانیەوە تا ساڵی 1994 بەشێوەەیەکی گشتی ئەمانی لای خوارەوەن :
1- کوشتنی500 هەزار لە کەسانی بیروباوەڕ چەپ بە دەستی حکومەتی ئەندەنووسیا لە نێوان ساڵانی1965-1966 2- کوشتنی 3ملیۆن بەنگلادشی و دەستدرێژکردنی سێکسی بۆ سەر 250 هەزار لە کچ و ژن لە لایەن پاکستانەوە لە ساڵی 1961 لە کاتی شەڕ بۆ سەربەخۆیی بەنگلادش 3- کوشتنی200 -300 هەزار هۆتۆHutus لەلایەن چەکدارە (توتسی) یەکانەوە Tutsi لە بوروندی Burundi لە نێوان مانگی 5-7 ی1972 4- کوشتنی 200 هەزار لە خەڵکی مەدەنی لە تەیموری ڕۆژهەڵات لە لایەن ئەندەنوسیاوە لە سەرەتای ساڵی 1975 وە بەردەوام بوو تاهێزی ئاشتی پارێز گەیشتە ئەوێ ساڵی 1999 5- کوشتنی بەکۆمەڵی 1.7 ملیۆن کەمبۆدی بەدەستی خەمیری سوور لە نێوان ساڵانی 1975-1979 6- کوشتنی زیاتر لە 200هەزار کەس لە خەڵکی مایا لەلایەن حکومەتی گواتیمالاوە لەنێوان ساڵانی 1981-1983 7- کوشتنی 182 هەزار کەس لە خەڵکی کورد لەلایەن "حکومەتی عێراق "ەوە 8- کوشتنی 200 هەزار بۆسنی لەلایەن "سەربەکان "ەوە لە بۆسنە و هەرزگۆڤینیای پێشوو لە نێوان ساڵانی 1992-1995 کردەی جینۆساد لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە ئەو کردارە تیایدا ڕوویداوە هەتا ئێستاش دانی پێدانەنراوە تەنانەت لەلایەن ئەوانەی کە بەو کارەش هەستاون، یان ئەو حکومەتانە کە هاوکاری ئەو کردارەیان کردووە یان ڕێخۆشکەربوونە بۆ ئەو کارە. تەنانەت زۆر جاریش ئەو کوشت و کوشتارە گسک دراونەتە ژێر بەرەی مێژووەوەو بۆ ئەبەد لە بیرکراون.
---------------------------------------------------------------- * ئەم بابەتە، وەرگێڕدراوە لە کتێبی Genocide لەنووسینی Jane Springer
|
|
19/04/2015 |