زه‌مه‌ن له ته‌له‌ڤزیۆندا*نووسینی: حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن/ کۆبنهاون
با سه‌ره‌تا به نموونه‌یه‌کی زیندوو ده‌ست پێبکه‌ن. گزی و فزیی له هه‌ڵبژردنه‌کانی وڵاتی گورجستاندا (جۆرجیا) بۆ ماوه‌ک بووه گه‌رمه هه‌واڵ و یه‌که‌م هه‌واڵی سه‌راپا که‌ناڵه‌کانی تیڤی له دنیادا. شیرڤهرنادزهی سه‌رۆکی جۆرجیای له لایه‌ن ڕووسیاوه پشتگیری لێکراو، به‌شێوه‌یه‌کی نه‌رێنی بووه ئامانجی نزیکه‌ی هه‌موو که‌ناڵه‌کانی دنیا. چونکه ڕکابه‌ره‌که‌ی ده‌یه‌ویست گورجستان به‌ره‌و یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌رێت و دژ به هه‌ژموون و مانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته له ژێر باڵی ڕوسیادا بوو.. بۆیه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک تێکڕای ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی ڕۆژئاوا ((به تیڤییه‌کانی لای خۆشمانه‌وه، جا پێبزانن یان پێنه‌زانن)) له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا، هه‌موو ئۆباڵی دواکه‌وتن و داته‌پینی ئابووری ئه‌و وڵاته‌یان خسته ئه‌ستۆی شیڤهرنادزه. هاوکات (میخائیل سهکاشڤیلی) ی سه‌رکرده‌ی ڕکابه‌ریان کرده چه گیڤارای سه‌رده‌م. ئه‌م که‌ناڵانه تفیان کردبووه ناو ده‌می یه‌ک و دۆخه‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌کی چڕ‌و کاریگه‌ر سه‌د بارهپات ده‌کرده‌وه. ئه‌وان وه‌هایان پیشان ده‌دا ،که چاره‌نووسی گورجستان به سه‌رکه‌وتنی شه‌خسی سه‌رکرده‌ی ڕکابه‌ره‌وه به‌نده‌و ڕۆژانه وێنه‌ی ئه‌ویان له ده‌یان گرته‌ی نایابدا پیشانی دنیا ده‌دا، که چۆن بۆ داگیر کردنی په‌ڕله‌مانی گورجستان له ڕیزی پێشه‌وه‌ی هێرش بهراندایه و سڵ له زرێپۆش و هه‌ڕه‌شه‌کانی شیڤهرنادزهی پڕئه‌زموون و دنیا دیوه ناکات و وه‌ک کوڕه‌لاوێکی قۆزی قاره‌مانی فیلمه به‌ره‌نگارییه‌کان پیشانیان ده‌داو به‌رده‌وام فۆکۆسی له‌سه‌ر بوو. هاوکات شیڤهرنادزهی کۆنه سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌مان ده‌بینی کونه مشکی لێ ببوو به‌قه‌یسه‌ری و ڕه‌نگی پێنه‌مابوو. ئه‌و وێنانه به ئاشکرا، به گوێ و چاوی دنیایاندا ده‌دا و ده‌یانوت دۆڕاندن بۆ شیڤهرنادزه و سه‌رکه‌وتنیش هه‌ر بۆ میخائیل سهکاشڤیلیی ڕکابه‌ره‌که‌یه‌تی. چونکه سهکاشڤیلی، گورجستان ده‌هێنێته یه‌کێتی ئه‌وروپاوه. هه‌ر ئه‌وروپا و یه‌کێتی ئه‌وروپایه ده‌کارێ به‌ختیاری بۆ وڵاتی گورجستان دابین بکات. ئه‌و تیڤییانه هیچ گرنگییان به شیڤهرنادزه و مێژووی ئه‌و پیاوه نه‌ده‌دا. به‌ڵێ ڕاگه‌یاندنی نوێ وه‌هایه.. مه‌به‌ستێتی تۆی بینه‌ر وه‌ها لێبکات له هه‌نووکه‌ی هه‌تا سه‌ردا ژیان بگوزه‌رێنی. پشت له رابردوو بکه‌ی و بۆ ئێشتا بژی. ئیدی قیروسیا سبه‌ی چ ده‌قه‌ومێ و ڕابردوو چ ڕۆڵێکی له هاتنه کایه‌ی ئێستادا هه‌بووه. له ماوه‌یه‌کی کورتیشدا تیڤی ده‌توانێ پاڵه‌وان دروست بکات و بهدنیاشی بناسێنێ. وه‌ک سهکاشڤیلیی ناساند. له‌و ملانێ سه‌خته‌دا هه‌موو ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمان بوو. وامان ده‌هاته به‌ر زه‌ین، ئه‌گه‌ر خوانه‌که‌ران سه‌رکرده‌ی ئۆپۆزسیۆن بدۆڕێ ئه‌وه مانای وایه ئیدی چاره‌نووسی دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ له سه‌رانسه‌ری جیهاندا که‌وتوونه‌ته غه‌رغه‌ره‌وه. کاتێکیش ئه‌و کوڕه قۆزه بردییه‌وه ئیدی ئێمه هه‌موومان ئاهمان تێگه‌ڕا و هه‌مووشمان گره‌ومان برده‌وه. هه‌روه‌ک ئه‌وروپاش بردییه‌وه و ئه‌مریکاش که کوێخای دنیایه گره‌وی بردییه‌وه. له‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا هه‌موو کێشه‌کانی دیکه‌ی دنیا وه‌لانرابوون ته‌نیا کێشه‌ی جۆرجیا هاتبووه پێشی پێشه‌وه. وه‌ک هه‌رچی کێشه و گرفت و کوێره‌وه‌ری هه‌بێ له‌م دنیایه‌دا نه‌مابێ. له کاتێکدا ئه‌م پرۆسه‌یه تا ئه‌وپه‌ڕی پووچگه‌رایی بێمانایه.!! ئه‌وه چ گه‌شه‌سه‌ندن و گۆڕانکارییه‌که ئه‌گه‌ر وڵاتێک له ژێر هه‌ژموونی ڕووسیا ده‌ربچێ و بچێته ژێر هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریکاوه.؟ مه‌گه‌ر جیاوازییه‌که ته‌نیا له‌وه‌دابێ جاران کاتێ له مۆسکۆ باران بووایه ئه‌مان له (ته‌بلیسی) چه‌تریان هه‌ڵده‌دا، که‌چی له‌مه‌ودوا ئه‌گه‌ر له واشنگتۆن ببارێ ئه‌وان ده‌بێ له (ته‌بلیسی) چه‌تر هه‌ڵده‌ن.. له هه‌رکوێیه‌ک ئه‌مریکا بجه‌نگێ ئه‌وا ده‌بێ گورجستانیش سه‌ربازی خۆی بنێرێ و پشکداربێ. هه‌روه‌ک له‌بری بنکه سه‌ربازییه‌کانی ڕووسیا له گورجستان ئه‌وا له‌مه‌ودوا ئیتر نۆره‌ی په‌یمانی تهتڵهسییه، به‌که‌ماڵی ئیسراحه‌ت بنکه سه‌ربازییه‌کانی خۆی له‌و وڵاته داده‌مه‌زرێنێ.. هتد. به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاندنی سه‌رده‌می گلۆباڵیزم دنیا له‌چه‌ند گرته‌یه‌دا چڕده‌کاته‌وه. ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه‌ی، که خۆی ده‌یه‌وێ. تیڤی له‌باریدا هه‌یه بهماویهکی پێوانه‌یی، تۆی تاک ئه‌گه‌ر توانایه‌کی مامناوهندیشت له‌بواره جیاجیاکاندا هه‌بێ، بتکاته کوڕی ڕۆژو به‌جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانی دوور‌و نزیکت بناسێنێ. ئه‌ستێره‌کانی تۆپی پێ و سهپهتهو تێنس و بۆکسێن.. گۆرانیبێژو نووسه‌ره‌کان.. ئه‌مانه هه‌موویان، له‌ماوه‌یه‌کی کورت‌دا، تیڤی کردوونی به‌ئه‌ستێره. هه‌ندێ جاران هه‌واڵ له‌خۆیدا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه ناووداو بۆ که‌سی مه‌به‌ست په‌یدا بکات و بیکاته که‌ڵه پیاوی سه‌رده‌م. ڕاگه‌یاندنی نوێ گه‌ره‌کێتی تۆی تاک چێژ لهمڕۆو له‌م چرکه‌ساته ببینی، که تێیدا ده‌ژیت. ئه‌و ده‌توانێ هه‌موو دنیای ئه‌مڕۆت له چه‌ند گرته‌یه‌کدا بۆ چڕبکاتهوهو وه‌ک هێلکه‌ی پاککراو بیخاته به‌رده‌ستت. مۆدیلی کاڵاکان له گۆڕانی به‌رده‌وامدان و تۆ ده‌بێ ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌گه‌ڵیاندا ڕێبکه‌ی و فریایان بکه‌وی تاکو هه‌میشه نوێ و نوێخواز بیت و له کاروانی پێشکه‌وتن داوانهکهوی.! بۆ نموونه ده‌بێ ئاگادار بی، ته‌له‌فوونه دهستییهکهت، که هاوده‌می هه‌میشه‌ییته هه‌ر ڕۆژه و فهنگشونێک زیاد ده‌کات. ڕۆژ به‌ڕۆژ سه‌نگی که‌مترو توانای کاری زیاتر‌و فره مه‌به‌ستتر ده‌بێ. تۆ ده‌بێ فریابکهوی و بیگۆڕێ تاکو به‌رده‌وام له هه‌نووکه‌دا بژیت. هه‌تا زووه واز له ڕابردووت بهێنه با ئاو‌و ئاو بچێت و بۆ ئێسته‌کانێ بژی. ئه‌وه‌ی ڕووی دا ڕۆی، خه‌می بۆ مه‌خۆو له کووله‌که‌ی ته‌ڕیشدا باسی مه‌که‌و ناوی مه‌هێنه. تۆ به‌پێی ڕاگه‌یاندنی نوێ ده‌بێ تاکێکی بێ مێژوو و بێ ڕابردوو بیت. تۆ ده‌بێ شوێن ڕۆشنبیریی ئه‌م چرکه‌ساته بکه‌وی، که خۆی له‌و حه‌مکه کاڵا ڕیکلام بۆکراوانهدا ده‌بینێته‌وه، که به‌م ڕۆژگار و شه‌وگاره پیشان ده‌درێن و تۆش ده‌بێ له گه‌ڵیاندا بورووژێی. ئه‌مڕۆ سبه‌ینێ کۆن ده‌کات. له ده‌نگ و باسه‌کاندا ئه‌وه گرنگه، که ئه‌مڕۆ ڕوو ده‌دات. ته‌نانه‌ت ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن کاتێ دوا هه‌واڵی تیڤییهکهیانت گوێ لێ‌بوو، یه‌که‌م هه‌واڵیت له‌یاد نه‌مابێ. له مۆدیلی کاڵا بازرگانییه‌کانیشدا دیسان هه‌ر ئه‌وه‌یان گرنگ و سه‌رنج ڕاکێشه، که ئه‌مڕۆ ده‌که‌وێته بازاڕه‌وه. تۆ ده‌بێ هه‌رچی زووه واز له‌کاڵای دوێنێ به‌رهه‌م هێنراوو پیشاندراو بهێنی و به‌دوای نرت و نوێ‌دا بگه‌ڕێی و به‌کاری بهێنی. ئه‌سڵه‌ن ئامانجی هه‌واڵه‌کانی تیڤی ئه‌وه‌یه، به‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ڕووده‌دات دوێنێت له‌یاد به‌رێته‌وه و هه‌وڵ ده‌دات بتکاته تاکێکی بێ پێشینه و بێ ڕابردوو. چونکه ئامانجی هه‌ره له‌پێشی گلوبالیزم ئه‌وه‌یه پێشینه‌ت، که له مێژوو که‌له‌پووردا به هه‌موو فراوانییهکهوه، خۆی ده‌بینێته‌وه له‌یاد به‌رێته‌وه، تاکو له‌بریی ئه‌وان کلتووری خۆرئاوا‌و زۆر بهتایبهکاری کلتووری ئه‌مریکای له‌بری جێگیربکات. به‌ڵام دیاره ئه‌و گرووپ و ده‌سته‌و ئیتن و نه‌ته‌وه‌یه‌ی کلتوورو ڕابردووی ڕوونی خۆی نه‌بێ، ناشتوانێ ببێته خاوه‌نی ئاینده‌یه‌کی ڕوون. ئه‌و ده‌زگه‌یه به‌رده‌وام هه‌واڵی نوێت پێده‌به‌خشێ و به‌مه‌یش تۆ توانای شرۆڤه و بیرکردنه‌وه و تێگه‌یشتن له گێره و کێشه‌کانی، که له‌دنیادا له ئارادان نامێنێ. به‌م شێوه‌یه ڕابوردوویه‌کی زۆر نزیکی خۆت لێ ده‌که‌نه مێژوویه‌کی دێرینه‌ی زۆر کۆن. هه‌روه‌ها گرنگترین مه‌سه‌له‌ی ئینسانی ده‌بێته کۆن و ڕووداوی دیکه‌ی به‌سه‌ردا دێ. ئه‌و ده‌زگه‌یه به‌رده‌وام قسه به‌سه‌ر قسه‌کانتدا دێنێ، بابه‌ت به‌سه‌ر بابه‌ته‌کانتدا دێنێ. به‌م پێیه ڕووداوی نوێ هی کۆن دایده‌پۆشێت و دیزه به‌ده‌رخۆنه‌ی ده‌کات. ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که جه‌نگ بێ، تۆی بینه‌ر هه‌میشه چه‌ند گرته‌یه‌کی ئه‌و جه‌نگه ده‌بینی، ئه‌ویش به دابڕاوی له‌و هۆیانه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ی لێکه‌وته‌وه و له ده‌رئه‌نجامه‌کانی و هه‌موو ئه‌وکاره‌ساتانه‌ی، که جه‌نگه‌که به‌شوێن خۆیدا ده‌یانهێنێ. بۆیه هه‌ر یه‌کسه‌ر به دوای پیشاندانی ئه‌و چه‌ند گرته‌یه، له‌سه‌ر جه‌نگێکی وڵات کاولکه‌ر؛ هه‌مان تیڤی دێت له ڕێی ڕێکلامه‌وه ده‌تباته هاوینگهیهکی دڵگیرو ئارام و ساماڵ. ئه‌مجا به‌ده‌م سه‌ماوه به‌هاوکاری پارچه موسیکێک و چه‌ند کیژۆڵه‌یه‌کی جوان و قه‌دباریک ده‌تبه‌نه ئوتێلێکی پێنج ئه‌ستێره‌ی ئه‌و هاوینگهیه، که ڕیکلامه بۆ هاوینهگهکه. ئا به‌م شێوه‌یه له هه‌ناسه‌یه‌کدا جه‌نگێکی کاره‌ساتبارو هۆو ئاکامه سهختهکانیت بیرده‌باته‌وه. ئه‌و بێژه‌رانه‌ی ده‌نگوباسه‌کان پێشکه‌ش ده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ی وا به‌رنامه‌و گفتوگۆ‌و سیمیناره‌کانی تیڤی به‌ڕێوه ده‌به‌ن هه‌رده‌م په‌له‌یانه‌و ده‌ڵێی گهلهگورگیان به‌دواوه‌یه. تۆی بینه‌ر به‌سه‌دان جار گوێت لێبووه، چۆن بێژه‌ری تیڤی یان کۆڕ‌و سیمینار‌و به‌زمگێڕ له‌به‌ر که‌می کات قسه‌ی به میوانه‌کانی خۆی بڕیوه. یان چۆن میوانه‌که‌ی خۆی سه‌غڵه‌ت کردووه، به‌وه‌ی داوای لێکردووه له ماوه‌ی ته‌نیا خوله‌کێک یان نێو خوله‌کدا به چڕی بیر‌و ڕای خۆی له ههمبهرر بابه‌تێکی گرنگی هه‌ڵایساوی ڕۆژ ده‌رببڕێ، بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌وه بدات ئاخر چۆن ده‌کرێ له‌سه‌ر جه‌نگێکی وڵات کاولکه‌ر، که کێشه‌ی نێوان دوو وڵاته و ده‌رودراوسێ ده‌ستیان تێوه‌رداوه‌و له‌وه‌دایه ببێته ئقلیمگیرو به هه‌زاران که‌سی تێدا ئاواره‌و ماڵ وێران بووه، به خوله‌کێک یان به نیو خوله‌ک باس و شرۆڤه ده‌کرێ؟ تاک له‌م سه‌رده‌مه‌دا وه‌ک ئه‌و ڕێبواره‌یه، که له‌نێو شهمهندوفهرێکێ زۆر خێرادا به‌نێو وڵاتێکی فراواندا له گه‌شتدا بێ. ئه‌و ته‌نانه‌ت ناتوانێ به چاکی دیمه‌نه‌کانی هه‌ردوو به‌ری ڕێگه‌و بانه‌کانیش ببینێ. بۆیه مه‌گه‌ر هه‌ندێ ورده تێبینی گشتیی له‌لا دروست ببێ، ده‌نا دیمه‌نه‌کان هه‌تا سه‌ر به جێگیریی له یاده‌وه‌ریدا نامێننه‌وه. خێرایی هه‌موو بواره‌کانی ژیانی گرتۆته‌وه. ئه‌وه‌تا له گۆرانییه‌کانی ڤیدیۆ کلیپدا گرته‌کان هه‌ندێ جاران ئه‌وه‌نده کورت و خێران؛ نه‌چاو لێیان تێر ده‌بێ نهمێشک لێیان حاڵی ده‌بێ. تۆ ئه‌گه‌ر چه‌ند جارێکیش ئه‌و گۆرانییه ببینیته‌وه هێشتا هه‌ر لێی تێر نابی.. وێنه‌گرتنێک تا ڕاده‌ی ئه‌فسانه خێرا. هه‌ر له‌یه‌ک گۆرانیدا، گۆرانبێژ ده‌بینی له‌سه‌ر زه‌وی. باشان لهفڕۆکهدایه به‌ئاسمانه‌وه. دواتر له‌به‌له‌مێکی فڕیوداو له‌ناو ده‌ریایه‌کی پانوپۆڕدا چاوکاری لێ‌ناکات و به‌شوێن خۆیدا شه‌پۆل جێدێڵێ. جلک وبه‌رگ و هه‌موو ئێکسسوارهکان گۆڕاون. پاشتر هه‌مان گوۆرانیبێژ به ئوتومبیلێکی دوا مۆدیله‌وه شه‌قامێکی ههردوبهر بهتهلاری به‌رزی شووشهبهندو جوان ته‌یده‌کات. پاشتر به‌سه‌ر ئه‌سپێکی خۆشبه‌زی ڕه‌سه‌نه‌وه ده‌یبینی. وه‌رزه‌کانیش له‌گۆڕاندان. ته‌مه‌نی ڕاستیی گۆرانییه‌که‌ش ته‌نیا پێنج شه‌ش خوله‌که!! دیاره ئه‌و ده‌رهێنه‌ره به‌م کاره خێرایه‌ی، هیچ مه‌به‌ستی نه‌بووه تۆ وه‌ک بینه‌رێک چێژی لێ وه‌ربگری. به‌ڵکو ئه‌و ویستوویه‌تی ته‌نیا بتورووژێنێ. بێکه‌م و زیاد وه‌ک پیشاندانی چه‌ند گرته‌یه‌ک له جه‌نگه ماڵ کاولکه‌ره‌که‌ی پێشتر باسمان لێوه کرد. تۆ له هه‌موو بوارێک‌دا له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی خێراییدای. ڕاکردن به دوای هۆیه‌کانی گواستنه‌وه‌دا. په‌له‌کردن له نان خواردندا و قنیات کردن به پارووه‌کانی ماکدۆناڵد و ههمبورگهرو خواردن به هه‌ڵمه هه‌ڵم و به‌ده‌م ڕێوه. به‌په‌له گه‌یشتنه شوێنی کار. به‌په‌له کارکردن تاکو بتوانی فریای ئامێره نوێیه ئه‌لکترۆنییه‌کان بکه‌وێ. تۆ هه‌میشه له ترسی ئه‌وه‌دای به‌جێت بهێڵن. جا شمهندوفهرو میترۆ‌و پاسه‌کان بن، یان مه‌کینه‌کانی کارگه، یاخود لێشاوی زانیاری نوێ یانژی مۆدیله‌کانی پۆشاک و سه‌رتاشین. هه‌میشه شارستانییه‌تی لۆقن وا له پێشته‌وه.. تۆی تاکیش به‌غاردان وا مل ده‌نێت و به‌هه‌ناسه بڕکێوه دوای که‌وتووی و هه‌رچه‌ند ده‌کۆشی له‌گه‌ڵیدا ده‌رناچێ! فیلمه‌کانی تیڤیش هه‌مان ده‌ستوور، بریتین له‌ژماره‌یه‌کی زۆر دیمه‌نی ته‌واو خێرای دهمیهکدراو. هه‌ر دیمه‌نه‌ش بریتییه له‌چه‌ند گرته‌یه‌کی زۆر کورت و خێرای تهریبدارو. به‌م شێوه‌یه تۆ کاتێک فیلمێک ده‌بینی، ئه‌وا ژماره‌یه‌ک ساڵ و مانگ و ڕۆژی زۆر خێرای چڕکراوه‌ی به‌دوای یه‌کدا هاتووی به‌ڕووداوی کتوپێڕ ئاخنراو ده‌بینی.. ----------------------------- * ئه‌م نووسینه به‌شێکه له‌و زنجیره وتاره‌ی باس له مێدیاو ڕۆڵی به‌رچاویان له‌م سه‌رده‌مدا ده‌که‌ن. سوودیشم له گه‌لێک سه‌رچاوه، له‌کتێب و مانگنامهکان وه‌رگرتووه.
|
|
04/07/2007 |