سێبه‌ری فیرعه‌ونه‌کان   . .  ! !

 

 

ئه‌وه‌ چنگه‌کانی ئێمه‌ بوو‌‌ نیشتمانێکی له‌تاریکی سه‌وز ده‌کرد

ئه‌وه‌ ڕۆیشتنه‌کانی ئێمه‌ بوو‌  به‌ته‌په‌ی پێ لاوانه‌وه‌ی ئازاری ووڵاتی به‌ڕێ ده‌کرد

ئه‌وه‌ ئێمه‌ین تنۆکی باران و گووڵه‌ گه‌نمه‌کان بووین بۆ یه‌کێتی

ئه‌وه‌ ئێمه‌ بووین هه‌ژارو نه‌داری نیشتمان سینگمان ده‌نا به‌گووله‌وه‌ به‌ برسێتی

ئه‌وه‌یش ئێمه‌ین نامانناسن ، هه‌ڵئه‌رزین و شه‌ونخونی ، نانمان ده‌دا به‌پێشمه‌رگه‌

ئه‌وه‌ ئێمه‌ بووین چاوه‌کان بۆ ڕێگاکانی سه‌ربه‌ستی ، خه‌و زڕان بووین بۆشه‌وه‌کان

ئازاو نه‌به‌رد بۆ هێرش و که‌مینه‌کان

ئه‌وه‌ ئێمه‌ین فێرتان کردین خزمه‌ت کاربین

جوتیارو پاڵه‌و ڕه‌نجده‌ران ، وه‌ک و کۆیله‌ پاسه‌وان بین

ئه‌وه‌ خوێنی منداڵێکی بۆیاخچی یه‌

ئه‌ڕژێ و ئه‌بێته‌ ‌ڕوباری سه‌فای ماڵه‌کانتان

ئه‌وه‌ ئاره‌قی ڕه‌نجه‌کانه له‌‌فیڕۆدانی ته‌مه‌ندا ئه‌تکان

ئه‌وه‌ ئێمه‌ی نه‌فام کۆیله بووین و ناحاڵی ،‌ جۆگه‌ بووین بۆ ئاوه‌کانتان     ‌

ئێوه‌ش تینوێتی جه‌نگه‌ڵی ناختان پێ ئه‌شکاند

ئه‌وه‌ ده‌شتێکی خوێناوی یه جێ پێنوسی شه‌هیدێکه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی نیشتمان

جێ شه‌ڕگه‌ی پێشمه‌رگه‌و کوڕی باو بۆرانه‌‌ ، نه‌ک ترسنۆک و فایلداره‌کان

هه‌ژارو ساده‌ بوون ئه‌وانه‌ که‌ ڕۆیشتن له‌پێناوی سه‌ربه‌ستی نیشتمان

ساده‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ بۆ خاک بۆ ئازادی ماڵه‌ داخراوه‌کانی ژێرده‌ستی کوردستان

هیچێک نه‌ما نه‌یقۆزنه‌وه‌ بۆ باخه‌ڵی درۆکانتان

شاخه‌کانیشتان کۆڵه‌وار کرد وه‌ک و دڵی دایکی شه‌هیده‌کان

خوێنه‌کان مژران ،  چاوه‌کانیش ده‌رده‌هێنران

‌به‌لاشه‌شمان کۆشکه‌کانی سته‌م پێک ده‌هێنران

ئێمه‌ی کۆیله‌ وه‌ک سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست دۆش داماوین

له‌تاریکیا چیرۆکی ڕۆژ بۆ سوکنایی بینینه‌کان ئه‌ڵێینه‌وه‌

بۆ شه‌وانی به‌رپێکان باوه‌شێنی تاریکی پێ ده‌که‌ین که‌ ناشبینین

ئای ئێمه‌ چه‌ند کۆنین له‌ مێژوودا ،  ئێمه‌ چه‌ند نوێین له‌کۆنیدا

که‌س وه‌ک ئێمه‌ یه‌که‌مین قه‌وم نی یه‌ ، له‌ پێشبڕکێی زه‌لیلیدا

ئێمه‌ ڕه‌شبوون له‌تاریکیا میوانمانه‌ ، هاوڕێی شه‌مشه‌مه‌کوێرانین ‌

ئێوه‌ش سفره‌ی شه‌وتان چراخانه‌ له‌ تێریدا

تا به‌یانی هین بادانه‌ ئه‌ی پیاوچاکانی هۆزه‌که‌م

به‌ڵام تاریکن ، تاریک ،  مۆمێکی کزن له‌ چاوانی سه‌ربه‌ستیدا

ئێوه‌ی سپی ژنانیشتان سپی ،  ماڵتان سپی ، پێڵاو سپی ، قات و بۆینباغ سپیتره‌

که‌چی ڕه‌شایی  هه‌ناوی نه‌ته‌وه‌تان‌ ، له‌شه‌وانی هه‌موو دنیا تاریکتره‌

ئه‌وه‌ تاریکترین گریانه‌کانی برسێتی یه‌ بۆته‌ سیمفۆنیای ڕۆحی

مێزه‌ ڕازاوه‌کانی حه‌زتان ، ئه‌ی بۆرجواکانی سه‌رپۆشی پرۆلیتاریای درۆ

له‌وه‌ته‌ی قامچی ئێوه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ ، له‌وه‌ته‌ی شه‌قی ئێوه‌ ده‌نگی هه‌یه‌ ‌

نه‌ته‌وه‌که‌م ، ڕه‌ش و ڕووت و تینوو برسی و بێ جێگه‌یه

له‌وه‌ته‌ی هه‌ین چاوه‌ڕوانین ، عه‌یامێکه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ هه‌ر ده‌ڕوانین‌

ئه‌ی خودایا له‌وه‌ته‌ی هه‌ین سه‌یری ئاسمانی تۆ ده‌که‌ین

فرمێسکمان هه‌موو شین بووه‌ ، ئه‌ڵێین به‌ڵکو خوای هه‌موومان

بیسوتێنێ هه‌ناسه‌و ته‌خت و تاراجیان  .

 

م . حه‌مید عه‌زیز

M_Hamidaziz@hotmail.com

 

           

 

04/07/2007