ڕامیاری درۆ و  نامۆ بوونی مرۆڤ به‌رامبه‌ر‌ ده‌سه‌ڵات . .  !

 م . حه‌مید عه‌زیز :  

 

مرۆڤ یان ده‌سه‌ڵات  بۆ ئه‌وه‌ی به‌خۆدا نه‌چێته‌وه‌و خۆی گێل نیشان بدات له‌درۆکانیدا ، هه‌میشه‌ ناشرینی یه‌کانی ژیان ئه‌خاته‌ ئه‌ستۆی یه‌کێکی تر بۆئه‌وه‌ی خۆی پاک نیشان بدات و له‌هه‌ڵه‌و ڕه‌خنه به‌دوربێت ، به‌ڵام نازانێت ئێمه‌ی مرۆڤ به‌ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه‌سازی ڕێک ده‌بینه‌وه‌و هه‌نگاوێک له‌ئاسوده‌یی بۆپێشکه‌وتن ده‌بینین و ده‌بین ،  به‌ڵام هه‌ست به‌وه‌ ناکات که‌ که‌سێک یان ده‌سه‌ڵاتێک زۆر به‌رگری له‌خۆی بکات ئه‌وه‌ نیشانه‌ی تاوانباری خۆی پیشان ده‌دا ، یان که‌ زۆر باسی شتێکی دیار یان نادیار بکات واتای ئه‌وه‌یه‌ که‌له‌خۆیدا بوونی نی یه‌ بۆ نمونه‌ مرۆڤێک که‌زۆر باسی ڕه‌وشت بکات ، خۆی لێی به‌دوره‌و نیه‌تی‌  . که‌واته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی چه‌ند ساڵه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی بۆده‌کات وه‌ک و ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ وایه‌ که‌له‌سه‌ره‌وه‌ نوسیومانه‌ . هه‌ر بۆیه پانزه‌ ساڵ سه‌نگی مه‌حه‌که‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتێک که‌بزانی چی یه‌ ؟  چونکه مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌هۆی پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ ده‌وڵه‌تێک داده‌مه‌زرێنێت به‌و ماوه‌ی پانزه‌ ساڵه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵ نه‌بێت ، به‌ڵام لای ئێمه‌ به‌داخه‌وه‌ دووای پانزه‌ ساڵ به‌ناو خه‌باتی ناو شارو کار له‌مه‌ده‌نی یه‌ت و ووتاری شارستانی وخۆهه‌ڵکێشان به‌ناوی دیموکراتی و سۆسیالیستی یه‌وه‌ مێژویه‌ک گه‌نده‌ڵیمان پێشکه‌ش به‌نه‌ته‌وه‌که‌مان کردو له‌ژیانی ڕامیاری و خه‌باتدا تاقی کردنه‌وه‌کان فێریان کردین هه‌ر درۆ بکه‌ین و فێربووین که‌ چۆن به‌شه‌ق له‌ مرۆڤ بده‌ین له‌کاتی خۆپیشاندانه‌کاندا ، به‌ڕاستی جێی شه‌رم و نه‌نگیشه‌ ده‌سه‌ڵاتێک نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی که‌ده‌نگی پێداوه‌ و خوێنی بۆ ڕشتووه‌ به‌گووله‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تاک ڕه‌وی یه دوور له‌ مرۆڤایه‌تی یه‌ دڵنیابێت‌ ‌ته‌مه‌نی درێژ نابیت . ئه‌گه‌ر له‌ چیرۆکه‌ کۆنه‌کانی شه‌وانی داپیره‌ باسی ئه‌وه‌ی بکردایه‌ که‌ ئێستا ڕوده‌دات باوه‌ڕمان نه‌ده‌کرد و ئه‌مان ووت ( براگیان له‌و درۆیه‌ ، داپیره‌ش خروف بووه‌ ) ،  به‌ڵام سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ که‌سێک یان حیزبێک تادوێنی باسی له‌دیموکراتی و ئازادی تاکه‌که‌س و مه‌ده‌نی یه‌ت بکات به‌ڵام ئه‌مرۆ خۆی ژن و منداڵ به‌ند بکات و به‌تێڵاوه‌ به‌ربێته‌ جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی شه‌که‌تی وه‌ک کوردی زوڵم لێکراو .  به‌ڕاستی سه‌یره‌ زۆر گرنگیشه‌ ئاوا به‌و شێوه‌یه‌ زیره‌ک بیت له‌ دنیای درۆ ، چونکه‌ دیکتاتۆره‌کانی دنیا ووته‌ی ئه‌مرۆیان له‌بیرده‌چێ کاتێک سبه‌ینێ که‌بۆخه‌ڵکی ده‌ئاخڤن . چونکه‌ ته‌نها له‌ کاری ڕامیاریستیانه‌یاندا ده‌یانه‌‌وێ به‌ناوی خه‌ڵکه‌وه‌ پله‌وپایه‌ به‌ده‌ست بهێنن یان درێژه‌ به‌مانه‌وه‌یان بده‌ن . که‌هه‌رکاتێکیش ئیشیان به‌میلله‌ت بێت مه‌رایی بۆده‌که‌ن و که‌ئیشه‌که‌یان مه‌یسه‌ر بوو ئیدی که‌سیان له‌بیرنامێنێ به‌تایبه‌ت چینی هه‌ژاران که‌ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و سه‌رمایه‌داره‌کان به‌دوژمنیان ده‌زانن چونکه‌ ده‌ڵێن هه‌ر ئه‌م هه‌ژارانه‌ بوون شۆڕشیان کرد و ئێمه‌یان هێنایه‌ سه‌ر کورسی ، هه‌ر ئه‌مانیشن ده‌مانڕوخێنن .

 

                         م . حه‌مید عه‌زیز

               M_Hamidaziz@hotmail.com   

           

 

04/07/2007