نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ترس ئه‌خه‌وێ و له‌گه‌ڵ زوڵم ڕۆژئه‌کاته‌وه‌   . .   !

 

ڕێگرتن له‌ده‌ربڕینی بیروڕا یان ئازادی و کپ کردنی ووشه‌ په‌نگخواردووه‌کانی ناخ وه‌کوکوشتن و ئه‌نفال کردنی مرۆڤه‌کانه‌ له‌جه‌سته‌دا  .

چه‌ند ڕۆژێکه‌ له‌باکوری ووڵات میلله‌تی کورد گووله‌ باران ده‌کرێت و کچان و کوڕانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌قژ ڕاکێشان و لێدان و ته‌قه‌کردن و هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ی به‌رامبه‌ر ده‌کرێ  به‌تایبه‌ت پایته‌ختی کوردستان که‌ شاره‌جوانه‌که‌ی دیار به‌کره‌  .

ئه‌م شاره‌ی که‌ هه‌میشه‌ به‌ شاری که‌مالیست به‌زێن و ئازاو گووڵی جوانی باخچه‌ی سه‌ربه‌ستی باکور ناوبانگی هه‌یه‌ هه‌میشه‌ سه‌ربه‌رزو بوێرو ئازاو کۆڵنه‌ده‌ر بووه‌ هه‌ربۆیه‌ ده‌سته‌خوشکی ئازاره‌کانی دیاربه‌کر هه‌میشه‌ له‌دووای خۆی پشت و په‌نای بوون بۆیه‌ که‌ دیاربه‌کری سه‌ربڵند گڕی هه‌ناسه‌ی دوژمن سوتێنی ده‌ست پێده‌کات ده‌سته‌خوشکان و عاشقانی ڕێگای سه‌ربه‌ستی و خۆشه‌ویستی چاوو ده‌سته‌کانی تری ووڵات شه‌ماڵی ئازادی ده‌بێته‌ دنیای ماخۆلان و نه‌سره‌وتنیان و دێن به‌هانای مێژوویه‌ک که‌هه‌موو ته‌مه‌نی سه‌ربڵندی بووه‌ بۆ کوردوکوردستان که‌ دیاربه‌کره‌  هه‌ربۆیه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا که‌دیاربه‌کر ڕقی پیرۆزی ئه‌کاته‌ ڕه‌شه‌بای تۆڵه‌و دێته‌وه به‌گژ که‌مالیسته‌کاندا و دووابه‌دووای ئه‌وه‌ ده‌سته‌خوشکانی تینووی شکانی زیندانی زوڵم و سته‌م دێنه‌ وه‌ڵام وه‌ک  . .  وان ، باتمان ، موش ، سێرت ، ئه‌ده‌نه‌ ،  هه‌ندێ ناوچه‌ی تری بچوکیش ‌بۆوه‌ڵام و تؤڵه‌ی دیاربه‌کر ئه‌م ده‌ست درێژی یه‌ی که‌مالیسته‌کانیان ڕوو ڕه‌ش کردو هه‌ڵسان به‌خۆپیشاندان دژ به‌ سه‌قه‌تترین سیستمی نادیموکراتی له‌ناوچه‌که‌ و شۆڤێنی ترین ده‌وڵه‌ت که‌ تورکیایه‌ تاوانبارو مه‌حکوم کرد . بۆیه‌ ئه‌بوایه‌ باشوریش وه‌ک ئه‌ندامی له‌شی باکور ئه‌و ده‌ست و چاوه‌ بووایه‌ که‌ دیاربه‌کر پێی ببینێ و شانازی پێوه‌ بکات  .  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  . .  !

سه‌یره‌ به‌به‌رچاوی خۆمانه‌وه‌ ئاگر به‌رده‌درێ له‌ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و مافی ژیانی لێ زه‌وت ده‌کرێ و پێی ده‌وترێ مرۆڤی کێوی و ده‌ست درێژی ده‌کرێته سه‌ر ناموسی خاک و ئاوی نیشتمانه‌که‌ی و به‌به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ که‌خۆیان به‌ماف په‌روه‌رو سیکۆلارو مه‌ده‌نی ده‌زانن که‌چی وورته‌یه‌ک ناکه‌ن و ئه‌یشزانن که‌مێژووی ئه‌تاتورک و که‌مالیسته‌شۆڤێنی یه‌کان چ ڕوبارێکی خوێن بووه‌  ؟ ئێمه‌ هه‌موو ئه‌زانین که‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌باکور گه‌وره‌ترین زوڵمی نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تی له‌سه‌ره‌ وساده‌ترین مافی لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ و به‌زوڵم ڕۆژده‌کاته‌وه‌ وبه‌ترس ده‌خه‌وێ که‌ئه‌ویش له‌هه‌ناسه‌و خوێنی ئێمه‌یه‌و کوردن و ژماره‌یان پتره‌ له‌ بیست و دوو ملیۆن و که‌سێک به‌رگری لێناکات و هه‌موو مرۆڤایه‌تیش ئه‌مڕۆ به‌ناوی مرۆڤایه‌تی و دیموکراتی یه‌وه‌ ده‌په‌یڤن ، به‌ڵام به‌داخێکی زۆره‌وه‌ ئێمه‌ نه‌ک پشتگیری ناکه‌ین به‌ڵک و ناوێرین باسیشی بکه‌ین نه‌وه‌ک و خۆیشمان جێمان پێ له‌ق بێت . زۆربه‌ی کوردیش وا له‌م که‌ش و هه‌وایه‌ حاڵی بوو بوو که‌ باشور ئه‌بێته‌ هه‌وێنی ئازادی بۆ ناوچه‌کانی تر به‌ڵام دووای پانزه‌ ساڵ ناتوانێ نه‌ته‌وه‌ی باشوریش ڕازی بکات و بیبات به‌ڕێوه‌ .

 

                                         م . حه‌مید عه‌زیز

                               M_Hamidaziz@hotmail.com           

 

           

 

04/07/2007