بۆ شێخ زانا و گروپه‌که‌ی به‌ ئاشکرا دادگا ناکرێن؟؟

هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین 

 

ئایا ئه‌و کارانه‌ی که‌ شێخ زانا و گروپه‌که‌ی ئه‌نجامیاندا، ته‌نانه‌ت تاوان بوون به‌رانبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ده‌ستی ئه‌م گروپه‌ تیرۆرسته‌ کوژران و گیانیان له‌ده‌ست دا؟؟ یان تاوان بوون به‌رانبه‌ر به‌ هه‌موو کۆمه‌لانی خه‌لکی کوردستان؟؟

دیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای ئاشکرا بوونی تاوانه‌کان هه‌ر هه‌موومان بینیمان چۆن هه‌ر یه‌ک له‌م تاوانبارانه‌ ئه‌هێندرانه‌ سه‌ر که‌ناله‌کانی ته‌له‌فزیون و لێکۆلینه‌وه‌یان له‌گه‌ل ئه‌کرا و ئه‌و دیمه‌نه‌ ترسناکانه‌ پیشانی خه‌لک ئه‌دران که‌ خراپترین باری ده‌رونی بۆ هه‌ر هه‌موو خه‌لکی کوردستان دروست کرد و تا ئاستێکی زۆریش له‌ میدیایه‌کانی تری جیهانیش ره‌نگی دایه‌وه‌ و روێکی شاردراوه‌ی بوونی گرۆپی تیرۆرستی به‌و ئاسته‌ ترسناکه‌ له‌ناو ملله‌تی کورد و له‌ سایه‌ی ده‌سلاتی کوردی و بوونی کوردستانێکی ئازادا خرا روو.

دیاره‌ من مه‌به‌ستم‌ نیه‌ ئه‌وه‌ بخه‌مه‌ به‌رچاو که‌ کورد میلله‌تێکه‌ جیا له‌ میلله‌تانیتر، به‌وه‌ی که‌ هیچ جۆره‌ شه‌ڕانگێزیه‌ک له‌ ناو پێکهاته‌کانی ئه‌و میلله‌ته‌دا نیه‌، بێگومان ئێمه‌ش وه‌ک میلله‌تانیتر به‌ تایبه‌ت ئه‌و ملله‌تانه‌ی که‌ به‌ سه‌دان ساڵه‌ که‌وتوونه‌ته‌ ژێر رکێفی ده‌سه‌لاته‌ ئیسلامیه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان، ئیسلام کاریگه‌ریێکی زۆری له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و که‌لتوری ئه‌و میلله‌تانه‌ کردوه‌، بۆیه‌ ناکرێ بڵێین شێخ زانا و گروپه‌که‌ی کورد نین یان ئیسلام نین . به‌لام ئه‌توانم بڵێم ئه‌وه‌ی که‌ شێخ زانا و گروپه‌که‌ی کردیان جۆره‌ شێوازێکی نوێی تاوان بوو له‌ کوردستان، ئه‌وه‌ش به‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ له‌ کوردستان تاوانی گه‌وره‌ترو ترسناکترو کوشنده‌تر نه‌بووه‌. من ناگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ له‌ کوردستان دژ به‌ خه‌لکی ئه‌نجامدراون، به‌لام ناتوانم باس له‌ شه‌ڕی نێوان پارتی یه‌کیه‌تی نه‌که‌م، چونکه‌ هه‌موومان باش ئه‌زانین که‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ی نێوان پارتی و یه‌کیه‌تی چه‌ند زه‌ره‌ری به‌ میلله‌تی کورد گه‌یاند تا ئه‌مڕۆش کورد به‌ به‌رده‌وامی باجی ئه‌م شه‌ڕه‌ ئه‌دات و هه‌موو ئه‌و گروپ و ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ تیرۆرست و خوێنرێژ و بۆگه‌ن و گه‌نده‌لانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان هه‌ن له‌ دایکبووی ئه‌و شه‌ڕه‌ی نێوان پارتی یه‌کیه‌تین، به‌داخێکی زۆره‌وه‌ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی پارتی یه‌کیه‌تی به‌رهه‌می هێنا ئێستا خۆیان [پارتی و یه‌کیه‌تی] به‌ر له‌ هه‌موو که‌س به‌ده‌ستیه‌وه‌ ئه‌نالێنن ، بۆیه‌ من پێم وایه‌ شێخ زانا و گروپه‌که‌ی و هه‌موو دیاریده‌ دزێوه‌کانیتری گه‌نده‌لی و خراپه‌کاری یان له‌ مندالدانی شه‌ڕی پارتی یه‌کیه‌تی له‌دایک بوون یان له‌ زه‌مینه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ گه‌شه‌یان کرد و په‌ره‌یان سه‌ند .

دیاره‌ هه‌موومان زانیمان که‌ گروپێکی تیرۆرستی سه‌ر به‌ شێخ زانا کۆمه‌لێک تاوانی زۆر دڕندانه‌یان ئه‌نجامدا و دوایی گیران و ئێستاش دادگا کراون و سزای سێداره‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ .

به‌لام تا ئێستا که‌س به‌ روونی نه‌یزانی ئه‌م شێخ زانایه‌ و گروپه‌که‌ی له‌ کوێ هاتن !!!!!!!!!!!!!!!

کێ ئه‌مانه‌ی دروستکرد و یارمه‌تیده‌ر و زه‌مینه‌ خۆشکه‌ریان بوون، تا بتوانن بۆ ماوه‌یه‌کی ئاوا دوور و درێژ که‌س به‌ ده‌ستی خوێناویان نه‌زانێ؟؟؟

ئایا هه‌ر شێخ زانا و ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی که‌ له‌گه‌لیا گیراون تاوانبارن به‌رانبه‌ر به‌و تیرۆره‌ی که‌ له‌لایه‌ک ده‌یان که‌س به‌ گیان بوونه‌ قوربانی و له‌لایه‌کیتر بوونه‌ مایه‌ی تۆقاندنی ملیۆنان که‌س، تیرۆر {ئیرهاب} هه‌ر ته‌نیا کوشتنی که‌س ناگه‌ینێ به‌لکو تاوانێکه‌ که‌ به‌ کوشتنی که‌سانێک خه‌لکانێکی زۆر زۆرتر ئه‌ترسێنێن و ئه‌تۆقێنێن، به‌م شێوه‌یه‌ نه‌وه‌ک هه‌ر ته‌نها که‌س و کاری کوژراوه‌کان مافی چۆنیه‌تی دادگایی کردن و‌ سزادانی ئه‌م تاوانبارانه‌یان  هه‌یه‌ به‌لکو هه‌موو خه‌لکی کوردستان ئه‌م مافه‌یان هه‌یه‌،

من نازانم بۆ دیمه‌نه‌ ترسناکاکانی تاوانی ئه‌م تاوانبارانه‌ پیشانی خه‌لک دران، به‌لام دادگاییه‌که‌یان دوور له‌ هه‌موو دام و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن بوو؟؟؟؟؟؟

بۆ ناکرێت دادگای کوردستان ئه‌م جۆره‌ دادگایانه‌ به‌ ئاشکرا و رونی له‌به‌ر چاوی هه‌موو میدیایه‌کان بکات، به‌تایبه‌ت میدیایه‌کانی کوردستان!!!؟؟؟ بۆ خه‌لک راسته‌وخۆ ئاگاداری ئه‌و دادپه‌روه‌ریه‌ نه‌بێت که‌ دادگای کوردستان په‌یڕه‌وی ئه‌کات!!؟؟ دادگای کوردستان ئه‌گه‌ر راست ئه‌کات سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ کاره‌کانی خۆی به‌ ئاشکرا ناکات و ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ که‌ ده‌رهه‌ق به‌ هه‌موو خه‌لک کراون نایخاته‌ به‌رچوای هه‌موو خه‌لک!!!؟؟؟

دادگایی کردنی ئه‌م جۆره‌ تاوانبارانه‌ و ده‌رکردنی هه‌رجۆره‌ سزایه‌ک بۆیان له ‌دادگایه‌کی داخراو و نێهێنیدا، گومانێکی زۆرتر له‌لای خه‌لک به‌جێ ده‌هێلێت و ترسی ئه‌وه‌ له‌لای خه‌لک درووست ئه‌کات که‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌لات نه‌تواندرابێت ریشه‌ی ئه‌م تاوانبارانه‌ له‌بنیه‌وه‌ هه‌ڵبکێشرێت، بۆیه‌ خه‌لک له‌ بارێکی ده‌رونی نائاسایی به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری بوونی پاشماوه‌ی ئه‌م گروپه‌ی هه‌یه‌، یان ترس له‌وه‌ ئه‌که‌ن که‌ بتواندرێت گروپی له‌م شێوه‌یه‌ دروستبکرێنه‌وه‌.

ئایا ده‌سه‌لات و دادگا ئه‌یانه‌‌وێت خه‌لک له‌مترسیه‌دا بژێ؟؟؟ بۆ؟؟؟؟ یان ئه‌یانه‌وێت خه‌لک ته‌واو دلنیا بکه‌ن و ئه‌وه‌یان پیشان بده‌ن که‌ ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ خه‌لک ئه‌کرێن، دادگای تاوانبارانیش له‌به‌ر چاوی خه‌لک ئه‌کرێت و خه‌لک هه‌ست به‌ نه‌بوونی دیواری نێوان خۆی و ده‌سه‌لات و دادگا بکات ؟؟؟ ئه‌بێ به‌راشکاوی ئه‌وه‌ بڵێین که‌ جگه‌ له‌ ده‌سه‌لاته‌ دکتاتۆریه‌کان هیچ ده‌سه‌لاتێکیتر نیه‌ ئاره‌زووی ترساندن و ناهه‌مواری باری ده‌رونی کۆمه‌ل بکات، هه‌موو ده‌سه‌لاتێکی دیمکراسی هه‌ولی ئه‌وه‌ ئه‌دات که‌ په‌یوه‌ندی به‌خه‌لک رون و ئاشکرا و دیار بێت ئه‌که‌وێته‌ روخاندنی هه‌موو ئه‌و دیوارانه‌ی که‌ خه‌لک و ده‌سه‌لات له‌یه‌کتر دائه‌بڕن.

پێویست بوو ئه‌و دادگایه‌ی شێخ زانا و گروپه‌که‌ی به‌ ئاشکرا بکرابوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لک راسته‌وخۆ ده‌نگی پڕ        دادی دادوه‌ری بیستایه‌ و شه‌رمه‌زاری و دزێوی و رسوایی تاوانبارابنی راسته‌وخۆ بدیتایه‌.

من ئێستاش زۆر به‌ پێویستی ئه‌زانم که‌ به‌ر له‌ جێبه‌جێ کردنی سزای سێداره‌ چاوپێکه‌وتنی رۆژنامه‌کان و که‌ناله‌کانی ته‌له‌فزیۆنی و رادیۆکان له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆیی و ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ل ئه‌م تاوانبارانه‌ بکرێت و بۆ خه‌لکی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان راستیه‌کان بخرێنه‌ روو  و په‌رده‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شاردراوانه‌ هه‌لبدرێته‌وه‌ که‌ ته‌واوی خه‌لک لێی بێ ئاگایه‌، به‌مه‌ش ترس و دڵه‌ڕاوکێ و گومان له‌ناو خه‌لک ته‌واو که‌م ئه‌بێته‌وه‌ و ئه‌م تاوانبارانه‌ ئه‌کرێن به‌ په‌ند بۆ هه‌موو ئه‌و عه‌قلیاتانه‌ی که‌ وه‌ک خۆیانن.

له‌ هه‌مان کاتدا هیچ نه‌یارێک ناتوانێ نه‌ ده‌سه‌لات نه‌ دادگا به‌وه‌ تۆمه‌تبار بکات که‌ بڵێن سزای سێداره‌ بۆ ئه‌م گروپه‌ به‌ مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی ئه‌و راستیانه‌ن که‌ ده‌سه‌لات نایه‌وێ خه‌لک بیزانێت، هه‌روه‌ک چۆن کۆمه‌لێک ووتار له‌لایه‌ن که‌سانێک نووسران به‌وه‌ی که‌ به‌شێکی ده‌سه‌لات ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌گه‌ل ئه‌م گروپه‌ یان که‌سانێک به‌ ناوی دانپیانان چه‌ندین شتیان له‌و باره‌وه‌ بلاوکرده‌وه‌ که‌ گوایه‌ خه‌لکانێک هه‌ن له‌ ناو ده‌سه‌لات ده‌ستیان له‌م کارانه‌ هه‌بووه‌ یان لێی بێده‌نگ بوونه‌ له‌ناو خه‌لکیش تا ئاستێکی زۆر باوڕ به‌م قسانه‌ کراوه،‌ چونکه‌ وه‌ک وتمان ئه‌م گروپه‌ ماوه‌یه‌کی درێژ کاریان کردوه‌ و تاوانه‌کانیان جۆراوجۆر بوونه‌ و له‌ شوێنی جیا و به‌به‌رده‌وامی بووه‌، ئه‌وه‌ش بۆ خه‌لک جێگای  پرسیار و سه‌رسوڕمانه‌ .

  منیش له‌ ده‌سه‌لات ئه‌پرسم بۆ خه‌لک له‌ناو گومان و پرسیار و سه‌رسوڕمان ئه‌هه‌ێلنه‌وه‌ ؟؟؟ له‌ راستیدا ئه‌بێ ئه‌وه‌ بزانین که‌ ئه‌م جۆره‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ی دادگا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌لات نیه‌، به‌لکو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی که‌سانێکی گومان لێکراوی ناو ده‌سه‌لاته‌، که‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆیان له‌ سه‌روی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانه‌، وه‌ ئه‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که‌ زه‌ره‌رمه‌نترین لایه‌ن میلله‌ته‌.

هه‌ر ده‌سه‌لاتێکیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت کار نه‌کات و خۆی چه‌واشه‌بکات به‌و ده‌سته‌ گڵاوانه‌ی که‌ به‌رده‌وام له‌ ترساندن و تۆقاندن و فریودانی خه‌لک دان، ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ ته‌مه‌نی هه‌رچه‌ند درێژ بێت رۆژێک دادێ ئه‌که‌وێته‌ به‌ر نه‌فره‌تی میلله‌ت، ئه‌و کات مێژوو به‌زه‌یی به‌که‌س ناکات............

 

                   

 ٤ی٤ی٢٠٠٦

 

 

 

 

           

 

04/07/2007